١٣

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 5 دقیقه  1086 مشاهده

جوامێر هەر کە چاوی بە لاوە کەوت وتی:

― بەڕاست ئەوە بۆچی تۆ نە بۆت نووسیبووم و نە پێشت وتم کەوا خانووەکەم کراوە بە جێگە پیاز؟

لاوە دوای ئیستێک وتی:

― چییە چووی بۆ گەڕەکی خۆتان؟

― هەروا ڕێم کەوتە ئەو ناوە. بەڵام تۆ بۆچی پێت نەوتبووم تەخت کراوە؟

دوای ئیستێکی درێژ لاوە وتی:

― ئەبێ بیرم نەبووبێت پێت بڵێم، - نا بیرنەبوون لە ئیشەکەدا نییە، بۆچی بیرتە پارەم بۆ بنێری بڵێی کرێی خانووەکەتە و بیرت نییە کە بڵێیت خانووەکەت تەخت کراوە!

لاوە هیچ قسەی نەکرد.

جوامێر بەنیمچە تەریقییەکەوە وتی:

― ئۆی لێم ببوورە! ئەبوو بزانم کە تۆ بەرزتر و چاکتری لەوەی ئیشی وا بکەیت، ئەگەر بتنووسیایە خانووەکەم وێران کراوە مانای ئەوە بوو پارەکە هیی خۆتە و ڕەنگە نەمەوێت یا ئەوەندە لام خۆش نەبێت. ئێستا تێ گەیشتم بۆچی لێت شاردبوومەوە، لێم ببوورە!

لاوە سەری داخست و لە دڵی خۆیا وتی کابرای شاعیر چاکی ئەکرد کە خۆی بێدەنگ ئەکرد تا خەڵک مانای شیعرەکانی لێک ئەدەنەوە، ئەمجا ئەیوت هەر ئەوان لە خۆم باشتری تێ ئەگەن. ڕاست ئەمەش وا بوو.

جوامێر پرسی:

― باشە ئەوە لە کەیەکەوە وای لێ کراوە؟

لاوە بەماتییەکەوە وتی:

― گیانەکەمی جوامێر ئەوەندە گوێ مەدەرە درێژەی شت، خانوو کاول کراوە کراوە ئیتر پێویست بە کەی و کێ و چۆن و بۆ ناکات!

جوامێر سەرێکی با دا وتی:

― ڕاست ئەکەی، باشە قسەی لێ ناکەم. بەڵام نازانم قسە لە مەسەلەی هێنانەوەی هیوا و دایکیشی نەکەم یا بیکەم؟ ئەوە دە ڕۆژی پێ چوو کەچی هیچت دیار نەبوو.

لاوە دوای ئیستێک وتی:

― هەقتە، لێم ببوورە! لەم ڕۆژانەدا نەختێ سەرم قاڵ بوو، لە سبەینێوە خەریک ئەبمەوە. باشە ئێستا دونیاکەش نەختێ هێمنە.

جوامێر لەباتی ئەوەی قسە لەگەڵ لاوە بکات لە دڵی خۆیا ئەیوت: شتیکی سەیرە سەرقاڵی چی و ئیشی زۆری چی؟ من تا ئێستا نازانم تۆ ئیشت چییە!

وام لێ هاتووە بڵێم هیچ ئیشێکی دیارت نییە چونکە تۆش وەکوو من بەیانی ئەچیتە دەرێ نیوەڕۆ دێیتەوە بۆ نانخواردن. سەرخەوێک ئەشکێنیت، سات دەوری پێنج ئەچیتەوە دەرێ، لە حەوت حەوت و نیودا دێیتەوە. ئیتر سەرقاڵی چی! گوایە هیچ وەختی ئەوەت نییە کە زەلامێ پەیاکەی بینێری بەدووی کاڵێ و هیوادا؟ نازانم بۆچی وا کەمتەرخەم بوویت؟ ئەمە هەرگیز تۆ نیت! باشە با بزانین سبەینێ چی ئەکەیت!

***

نیوەڕۆ کاتی قاوەڵتی لاوە دیار نەبوو، کە جوامێر پرسی پێیان وت:

― چووە بۆ شاری «ح...» چەند ڕۆژێکی پێ ئەچێت. پەلەی بوو تۆش لێرە نەبوویت بۆیە پێی نەوتی.

پێنج ڕۆژ بەسەر ڕۆیشتنی لاوەدا تێ پەڕی. جوامێر زۆر تاقەتی چووبوو، بیری ئەکردەوە، لە خۆی سەری سوڕ ئەما چۆن توانیوێتی ئەم ماوە زۆرە ئۆقرە بگرێت بێ هیوا و دایکی. جاران بەندی بوو چارەی نەبوو، بەڵام ئەم پانزە شانزە ڕۆژەی لە ماڵی لاوەیە هیچ مانای نییە. هەر چۆنێک بوایە ئەبوو مشوورێکی هاتنەوەیان بخوات. ئەوی ڕاست بێ هیچ دەماغێکی نەسووتاندووە بۆ ئەم ئامانجەی، تەنیا مایەی خۆشیی بەربوون و ئازادبوونی بوو. وا لاوەش ڕۆیشتووە کێ ئەڵێ کەی دێتەوە! بۆچی خۆم هەوڵێک نەدەم؟ هەوڵی چی بدەم؟ کێ بە قسەی من خۆی ئەخاتە ئەو ئاگرەوە؟ وەکوو شاهۆ و ئەوان ئەیگێڕنەوە هیچ شارییەک بەبێ «پاس»ی کاربەدەستی ئاسایش و سوپا ناتوانێ لە شار بچێتە دەرێ مەگەر لە قاچاغەڕێوە، ئەویش مەترسیی کوشتنی تیا هەیە. مانگ نییە بیست سییەک بەم جۆرە نەکوژرێت. جا کە ئەمە حاڵ بێت کێم دەست ئەکەوێت بینێرم بەدوویانا. لە سەرێکیشەوە لاوە ناهەقی نییە. بەڵام هەر ئەبوو، کە ئەیزانی وەختی بەردانی من نزیک بۆتەوە، نەیهێشتایە بڕۆن بۆ لادێ!

بەتایبەتی لەم ئاخۆران و بخۆرانەدا خەڵک لە لادێوە دێتەوە بۆ شار. هەر هیچ نەبێ لە بۆردمان دوور ئەکەونەوە. ئێستاش هیچ پێویست ناکات کە ئەم بە کەس بڵێت، تەنانەت بە لاوەش. تەنیا ڕێ ئەوەیە کە خۆی بچێت.

بەڵام چۆن! بۆ مەترسیی ڕێگە ئەوە بۆ هەمووان وەکوو یەکە، بەڵام ئەم سەرباری ئەو مەترسییە ترسی دایەرەی ئاسایشیشی هەیە، کە پێیان وتووە بەبێ ئاگاداریی ئەوان شوێنی خۆی نەگۆڕێت، نەخوازەڵا چوونە لادێش. لەگەڵ ئەمەشا هەرچۆنێک بێت ئەبێ بچێت، مردن و ژیان بێت!

ڕەوای هەق نییە لەم ڕێیەدا لە خۆی بەولاوە کەسی تر تووشی ئازار و ئەرک ببێ. ئەوەی دایەرەی ئاسایشیش هەر قسەیە. ئەوان چوزانن کە ئەم لێرە ماوە یا گواستوویەتیەوە؟ ئەمە دوو هەفتە زیاترە هاتووەتەوە هەستی جاسووسێکی نەکردووە کە دووی کەوتبێت. ئەگەر بەسەلامەتی ڕۆیشت و هاتەوە ئەوا کەس پێی نازانێت، خۆ ئەگەر مردیش ئەوا زانین و نەزانینیان وەکوو یەکە، جگە لەمەش کە ئەو چوو کاڵێ و هیوای هێنایەوە، با دایەرەی ئاسایش هەر بزانێت کە ئەم بەبێ ئاگاداریی ئەوان شاری بەجێ هێشتووە. چیی لێ ئەکەن؟ خۆ نایکوژن. ئەوپەڕەکەی ئەینێرن بۆ شارێکی تر. خۆشی ئەوەی پێ خۆشترە!

دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، لە سبەینێ زووتر نییە ئەکەوێتە ڕێ‌وشوێن‌پرسینی بەدزییەوە لە شاردەرچوون. هەر لە شار ڕزگاری بوو ئیتر هەموو شتێک ئاسانە. خۆی زۆر چاک ڕێی دێیەکەی ماڵی پووری کاڵێ شارەزایە، نە ڕابەری پێویستە و نە بەڵەد!