باری چەتاڵی کوردەواری

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 2 دقیقه  460 مشاهده
داد لە دەس وەزعی زەمان، مەیلی بە کەچڕەفتارییە
چەرخی دەوران، دوونپەرستە، تەبعی گەژدوموارییە
عەکسییە دەوران هەمیشە ئارەزووی ئاشووبییە
بێ حقوق و بەد میزاجە، مایلی خونبارییە
یا ڕەبولعیززە چ قەوماوە کە عالەم سەربەسەر
لێک تەبەڕڕان بە جارێ قەوم و خوێش لێک عارییە
موڵک و میللەت وا بە جارێ ماتەمی دایگرتووە
نەفسی کافر هەر خەریکی مەسئەلەی دینارییە
سەییئاتی عالەم ئەمڕۆ بۆتە جیڤە و بوخل و کین
مەلعەنەتکاری و فەسادی پیشە و ئەتوارییە
فکری دیوانی خودا ناکا، بە دڵ ڕۆژی جەزا
وا دەزانێ هەر دەمێنێ، ئەو کەری بێگارییە
وای برا، ئەحواڵی میللەت بێ سەر و سامان بووە
حورمەتی کوردی دەکەن زایع، خودا بەردارییە؟
ڕێی شەرەف بگرن بەسە، ئەم کینەجۆیی ناحەقە
ئاخری نادم دەبێ، هەر کەس، لە کوردی لارییە
سەیری موڵکی کوردەواری کەن لە ڕووی وێرانییە
حەسرەتا بۆ ئەهلی کوردی وا نیفاق کردارییە
ئەی برای دینی ئەسەف بۆ حورمەتی کورد لازمە
ئیتحاد و دۆستی ڕەسمی نەجابەتکارییە
تێگەیشتن زەحمەتە، ئەمڕۆ لە قەومی کوردییا
عاقبەت نادم دەبێ ئەو کەس کە ڕەئسی کارییە
بی هەوا ڕەنجی هەبا شیوەی خیرەدمەندان نییە
«خاڵە میزرایەتخلص» ئەزەل هەر گیانفیدای هەمشارییە