٨

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 17 دقیقه  1320 مشاهده

کە ئاسۆ و جوامێر چوونە ماڵی کاوە، هەر هێمن هاتبوو، کە کوڕێکی هەرزەکار بوو. کاوە لەگەڵ جوامێر هەردووکیانی بە یەکتری ناساند، هەردووکیان زۆر ڕێز و شادییان نیشان دا بەتایبەتی کاوە.

ئەوەندەی نەخایاند لە دەرگا درا، بەرلەوەی کاوە بچێ دەرگاکە بکاتەوە ئاسۆ پێی وت: بە لێدانەکەیا لە خۆمان نییە ڕەنگە شاهۆ بێت، من پێم وتووە بێت، زۆری حەز ئەکرد جوامێر ببینێت، هەلی لەمە باشتریشی دەست نەئەکەوت بۆیە هیوام هەیە هەردووکتان تۆش و کاکە جوامێریش لێم ببوورن، شاهۆ کوڕێکی چاکە. جوامێر و شاهۆ هەرچەندە ناسیاوی کۆنیش بوون و چاوەڕوانی یەکتریشیان ئەکرد، کەچی بەسەرسوڕمانێکەوە تەماشای یەکترییان کرد.

شاهۆ لەگەڵ ئەوەشا کە هێشتا لە تەمەنی سی و پێنج، سی و شەش ساڵیدا بوو، تاک و تەرا مووی ڕەش لە تووکە چڕەکەی سەریا مابووەوە و ئەو تاک تەراتەش مووی سپی وا گەمارۆیان دابوو، ئەوانیش ڕەنگ هەڵبزرکاو و ورەبەرداو و چاوەڕوانیی دواڕۆژی خراپی ئاشکرای خۆیان ئەکرد، سمێڵێکی زلی ماش و برنج لەژێر لووتە قنجەکەیا بەسەر لچێکی ئەستوورا ڕێک کشابوو، جگە لەمە خڕوپڕ و گەشیی چارەی و تێکسمڕاوی و داڕێژراوییی لەشی نیمچە باڵای، دژی مووە سپێکانی سەری ئەیاننەڕاند، خۆ چاوە ڕەشە بچووکە پڕ تریقەکانی ئەتوت چاوی مناڵن لە ڕوونی و پاکژیا و خۆشی و هیوایان لێ هەڵئەقوڵا. لەپاش چاو پیاگێڕانێکی داخاوی، بە جوامێری وت:

― ئەرێ تۆ جوامێرەکەی جارانیت؟ بێگومان ئەگەر لە ڕێبازا پێت بگەیشتمایە و هەموو ئەقڵیشم میوانم بوایە، نەمئەتوانی بتناسمەوە، وای بەندیخانە بەختت سووتێ چی بە پیاو ئەکەیت!

ئاسۆ هەڵیدایە وتی:

― بەندیخانەی بەسەزمان گوناهی چییە؟ تاوان تاوانی زۆردارە کە بەندیخانە دروست ئەکات!

― جوامێر بە زەردەخەنەیەکی پەژاراوی تفتەوە وتی:

― باشە ئەوا من زیندان، یا وەکوو ئاسۆ ئەڵێت ڕاستتر زۆردار گۆڕیومی ئەی تۆ بۆچ سەرت سپی بوو؟

شاهۆ بە دڵیکی کراوە و دەنگێکی زوڵاڵ وتی:

― وا دیارە حەز ئەکەیت بڵێم منیش داخی دنیا، واتە بەندیخانە گەورەکە گۆڕیومی. نە گیانە ئێمە هەر بە تایەفە زوو سەرمان سپی ئەبێت، ئەوە مامە مارفم عومری لە هەشتا تێپەڕ بووە و سەری ئەڵێی شەوەیە!

هەموو دەستیان کرد بە پێکەنین. لێرەدا سامان و بێباک، مەریوان کردیان بە ژوورا. کاوە هەڵی دایە وتی:

― بە لای منەوە گۆڕانی لەش هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بە هەفتەیە دوو هەفتە حەسانەوە پیاو ئەچێتەوە دۆخی جارانی ...

(ئیستێکی کرد و چاوێکی بە ژوورەکەدا گێڕا)، نازانم بۆچی هاوڕێکانی کەمان دواکەوتن. هەمووی چارەکێکی ماوە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ؟

هێمن وتی:

― ماڵەکانیان نزیکە پێش قەدەغەکردن ئەگەن، بەڵام تۆ ئەزانی کاوە من لەگەڵت نیم لەوەدا کە ئەڵێیت بە هەفتەیە دوو هەفتە حەسانەوە پیاو ئەچێتەوە دۆخی جارانی. ڕاست ئەوەیە کە هەرگیزاوهەرگیز و هەتاهەتایە بە هیچ شتێک و بە هیچ جۆرێک، بە موعجیزەش، بە ئەکسیری ژیانیش، بە دەرمانی هەمیشە لاویش پیاو ناچێتەوە دۆخیانی جارانی، نەک هی جارانی دووری، بگرە دەردی کابرای شاعیر وتەنی هی دوێنێشی:

بشگەڕێتەوە یاری کۆچکردوو نایبینێتەوە ژینی ڕابوردوو

نە تۆ ئەو تۆیەی جارانی، نە یار نە دوێکە ئیمڕۆ نەئیمساڵیش پار

خەڵک بەخۆڕایی نەیانوتووە: «مرۆڤ دوو جار لە ئاوی زێیەکا مەلە ناکات».

کاوە، زۆرتری بە نیازی بڕاندنەوەی باسەکە وتی:

― هەرچۆنێک بێ گۆڕینی لەش بایەخێکی ئەوتۆی نییە، گرنگ گۆڕانی گیانە!

سامان کە کوڕێکی کەڵەگەتی گەنمڕەنگی مووڕەشی تەنگەتیلکەی دەنگ‌زل بوو هەڵی دایە وتی:

― ئەوە تۆ چی ئەڵێیت کاوە، ئەڵێیت تێک چوویت گیانی چی و لەشی چی؟ دەتۆ با لەشت لەژێر دارا بناڵێنێت، بزانم چۆن گیانت پێ نازانێت. با هەفتەیە نان نەخۆیت، بزانە گیانت چیی بەسەر دێت؟ هەتا ئێستە هیچ سنوورێکی وا نەدۆزراوەتەوە لە بەینی گیان و لەشا، کە لە یەکیان جوێ بکاتەوە بەو ئەندازەیەی تۆ ئەڵێیت هیچ گۆڕینێک نییە کە بەسەر لەشا بێت و کار نەکاتە گیان، نەک هەر ئەمە کار و ئەنجامی هەموو ئەو گۆڕانانەی بەسەر لەشا دێن، گشتیان بەهۆی مێشکەوە لەشیان لێ ئاگادار ئەکرێت، ئەگینا لەش ئاگای لە ... خۆشی نییە؛ جگە لەمە هەموو ئەو چالاکییانەی کە ئەدرێنە پاڵ گیان دیمەنی مێشک و فەرمانەکانین، واتە گیان لە مێشک و چالاکییەکانی بەو لاوە شتێکی تر نییە، مێشکیش ئەندامێکی هەرە گەشەکردوو و خەمڵیو و پێگەیشتووی لەشە.

ئاسۆ، کەوا لەمێژ بوو سامانی ئەناسی، لە دڵی خۆیا وتی:

― وا دیارە لەم ڕۆژانەدا سامان خەریکی دایەلێکتیک‌خوێندنەوەیە!

پێویستە جڵەوی بۆ شل نەکەین و ماوەی نەدەین، ئەگینا هەموو کتێبەکەمان بۆ ئەخوێنێتەوە، بۆیە وتی: هەرچۆنێک بێت ئەمە باسێکی ئاڵۆزە با شەوەکەمان پێوە نەکوژین، خوا خۆی نەیویستووە زۆر لەسەر ئەم باسە بڕوا ئەوەتا بە پێغەمبەری وتووە:

«لە بابەت گیانەوە پرسیارت لێ ئەکەن، پێیان بڵێ گیان کاری خوایە»!

بێباک بێ ئەوەی گوێ بداتە قسەکەی ئاسۆ وتی:

― لام وایە نیازی کاوە لە بایەخداریی گۆڕانی گیان و بێبایەخیی لەش ئەوەیە کە نەهێڵین زەبروزەنگ و زۆرداریی دوژمن دڵمان بگۆڕێت و بیروباوەڕمان بلەقێنێ. بگرە ئەبێ خراپە و ستەمە جانەوەرەکانی، خەباتمان توندوتیژتر کەن لە ڕێگەی ڕماندنی ڕێژیمی بۆگەنیا، بەم جۆرە ئەتوانین نەک هەر هەقی گەل و وڵاتمان بەڵکوو هەقی تایبەتی خۆشمان لە دوژمن بکەینەوە، ئەوسا واتە دوای تۆڵەسەندن ئەتوانین بڵێین، ئەگەر نەشگەڕابینەوە تافی جوانی، تافی جوانیمان بەفیڕۆ نەچووە!

کاوە بە ئیشێک چووە دەری ژوورەکە. جوامێریش بیری لە قسەکانی بێباک ئەکردەوە، لە دڵی خۆیا ئەیوت تۆ بڵێیت ئەم قسانە کردەوەشیان لەگەڵ بێت. لەپڕ بێباک ڕووی تێ کرد و لێی پرسی:

― بیرتە کاک جوامێر کەی بوو یەکەم جار تۆم تیا ناسی؟

جوامێر بەدەم بیرکردنەوەوە وتی:

― لام وایە چواردە، پانزە ساڵ لەمەوبەر بوو لە دوکانی وەستا ئەحمەدی خەیات. شاسواری شاگردی کوڕێکی چاک بوو، چالاکییەکی باشیشی هەبوو لە ڕیزی لاوانا، دوکانی وەستاکەی کردبوو بە بارەگای لاوان.

کابراش ئەوەندە پیاوی باش بوو قسەی نەئەکرد.

بێباک بەپێکەنینەوە وتی:

― نەء، وا بزانم باش بیرت نەماوە، ئەوە دووەم جار بوو، یەکەم جار نزیکەی ساڵێک لەوەبەر من و میران قادری جوانەمەرگ لە شاری «......» بووین ئەمانخوێند. هەموو ڕۆژێکی هەینی بەزۆر ئەیبردم لەگەڵ خۆی بە کتێبفرۆشەکانەوە ئەگەڕا، بە دیار هەڕاجەکانیانەوە ڕائەوەستا، بە دەستی بوایە هەموو کتێبی بازاڕەکەی ئەکڕی، کتێببازێکی وا بوو. لە یەکێ لەو ڕۆژە هەینییانەدا تۆمان پێ گەیشتی، میران بە یەکی ناساندین زۆر چاک لەبیرمە دەستێ جلی سپی میل میلت لەبەرا بوو، سەرێکی قۆتین، قژێکی ڕەش، ئەوسا سەری قۆتین لای خەڵک سەیر بوو بۆیە زۆر چاک شێوەتم لە مێشکا چەسپی. ئێمە باسی شێعر و ئەدەبیاتمان ئەکرد تۆش بێدەنگ لەگەڵمان کەوتیتە ڕێ. وەکوو ئەزانن میران خۆی ئەدیب بوو. شێعری جوانیشی هەبوو بەڵام بەگشتی هەر لە جوانیی ژن و شیرینیی تەبیعەت ئەدوا و ئینجا کە باس هاتە سەر شێعری کوردی، تۆش هەڵت دایە و ڕەخنەی ئەوەت لێ گرت کەوا ئەگەرچی ژن و جوانی و سروشت زۆر شایانی سروودپیاهەڵدانن بەڵام نابێ زەمینی شێعری شاعیرێکی گەورەی هەڵکەوتوو هەر چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ بێت، پێویستە ئاسۆی لێکدانەوە و مەیدانی شاعیرێکی ڕاستەقینە گەلێک لەوە فراوانتر بێت، ئەبێ هەموو ژیان و خەڵک و تەبیعەت بگرێتەوە، جا قەی ناکات کەم و زۆری و چەند و چۆنی!

منیش لەم ڕەئییەدا هاوبیریی تۆم ئەکرد، بەڵام ئەو نەیئەسەلماند و ئەیوت ...

لەم کاتەدا بەپەلە بەژووراکردنی دیاری و ڕێبوار قسەکەی پێ بڕی و ئیتر نەهاتنەوە سەری چونکە کاوە وەکوو مژدەی بۆ هاتبێ قیڕانی:

― کوڕینە ئیتر ئەم قسانە بەسن، کەسی ترمان نەماوە چاوەڕێی کەین، کۆڕمان تەواوە. هەستن با بچینە ژوورەکەی ئەودیو، ئێرە لەسەر کۆڵانە، نەختێکی کە ئەیکەین بە گەڕەلاوژە، لە هەزار ئاش ئەکەین. لەوانەش کە بکەوینە بای خۆمان، دەنگیشی لێ بەرز بکەینەوە، بەڵام ئەودیو کپە پڕبەدەم کاکە سامان بقیڕێنێ دەنگی ناگاتە دەرێ!

هەموو دایانە پێکەنین. سامان خەریک بوو وەرامی بداتەوە، ئاسۆ توند دەستی گرت بە دەمیەوە و وتی:

― بەو خوایە کەمە نایەڵم ورتەی لە دەمەوە بێت، خۆ کفر نییە جارێک بێدەنگ بیت.

هەموو بەدووی کاوەدا چوونە ژوورەکەی پشتەوە کەوا جگە لە چەند قەنەفەیەکی دانیشتنی ئاسایی، مێزێکی خڕیش لە ناوەڕاستیا دانرابوو، شەش کورسیی حەیزەرانی لە دەور بوو، لە قوژبنێکا دوو قاپ ئارەق و هەشت نۆ پەرداخ و دوو سێ دەوریی بچووک لەبلەبی و تۆوکوولەکە و تۆوگوڵەبەڕۆژەش لەسەر مێزێک دانرابوو لەگەڵ سوراحییەک ئاو. کاوە دەرگای ژووری بەینەکەی داخست و پەنجەرە گەورەی سەر حەوشەکەیانی کردەوە و وتی:

― هەرچەندە گەرماشە و پانکەشمان نییە بەڵام هەرچۆنێک بێ لە کونی بەندیخانە فێنکترە، مەترسن بەفرم بۆ پەیا کردوون بەڵام بەفرێکی پاک نییە، هەر ئەوەش هەبوو لە بازاڕ، ئیتر ئارەزووی خۆتانە وا ئەچم بۆتانی ئەهێنم، وتوومە بۆمانی بشۆنەوە. ئینجا بۆ خواردنیش سی و جگەرمان بۆ ئەبرژێنن لەباتی چێشت بەڵام بۆ مەزە نییە، چونکە حسابمان لێ تێک ئەچێت، دەی فەرموون هەرکەسە پەرداخی خۆی هەڵگرێت.

وای وت و یەکێ لە قاپە ئارەقەکانی هەڵگرت، لە پێشا بە نینۆک لۆکەکەی لێ کردەوە ئینجا بە لەپی دەست ماڵیی بە بنەکەیا سەرەکەی دەرپەڕی، ویستی لە جوامێر دەست پێ بکات پێکیان بۆ تێ کات، بێ ئەوەی تەماشای جوامێر بکات وتی:

― من هەر یەکەم پێکتان بۆ تێ ئەکەم لەوە پاش ئارەزووی خۆتانە.

ئاوڕی دایەوە سەر جوامێر، کە دی پەرداخی پێ نییە بەسەرسوڕمانێکەوە وتی:

― ئەوە چییە پەرداخت بەر نەکەوت؟

― نە بە خوا، هەر ناخۆمەوە!

― چۆن؟ تۆ بیت و نەخۆیتەوە!

― بەڵێ لە گیرانەکەمەوە ئاهم کردووە، لە جەژنی ڕزگاریدا نەبێ دەمی بۆ نەبەم.

لە پێشا هەموویان بەرامبەر بەم قسەیە دەمیان بوو بە تەڵەی تەقیو، لەپاشان بەرە بەرە هاتنەوە سەر خۆیان. هەندێ لەگەڵی خەریک بوون کە هەر قومێک بخواتەوە لەگەڵیان، کە دییان کەڵکی نییە کاوە بەنەختێ ساردییەوە وتی:

― بابە کەواتە هیچ، زۆرمان حەز ئەکرد کە لەگەڵمان بخۆیتەوە بەڵام کە ئەوەندە سووریت لەسەر نەخواردنەوە ئارەزووی خۆتە ئێمەش ئەوەمان لا خۆشە کە تۆ خۆت لەلات خۆشە.

لەو گواستیەوە، یەکە یەکە پێکی بۆ تێ کردن تا گەیشتە سەر هێمن، پێی وت:

― تۆ قەرزاریت هێمن، ئەمە سێ جارە دیار نیت بۆیە ئەبێ بەشی ئەم سێ شەوە بخۆیتەوە.

هێمنیش زۆر لەسەرخۆ و بەپێکەنینەوە وتی:

― دەسا بە سەری هەردووکمان منیش تەرکم کردووە.

― ئەترسم تۆ لە پانزە ساڵ لەمەوبەرەوە تەرکت کردبێ!

― نا من وام نەوتووە، تەنانەت ناشڵێم ئیتر ئارەق ناخۆمەوە، هەروەها خواردنەوەکەشم بە مەرجی قورسەوە نابەستمەوە وەکوو کاکە جوامێر! تەنیا ئەوەندە هەیە ئەمە بەینێکە کەوتوومە بیرکردنەوە لە حاڵی خۆم، هەرچەندە سەر ئەهێنم و سەر ئەبەم خواردنەوە لەگەڵ کار و حاڵی من و ئەم ڕۆژگارە نالەبارە ناگونجێت.

دیاری کە لاوێکی بیست و پێنج ساڵەی کورتەبنەی ڕەشکاری چاونەرمی لووت‌پان بوو، مامۆستا بوو لە قوتابخانەی ناونجی، بەتەوسێکەوە لە هێمنی پرسی:

― ئەرێ پێم ناڵێی ئەو کارە گرنگەی تۆ چییە کە لەگەڵ خواردنەوە ناگونجێت؟ بۆمبای ئەتۆم دروست ئەکەیت یا هی هایدرۆجین! لە مانگێکا پانزە ڕۆژی بێ ئیشیت.

یەکێکی کەیان هەڵی دایە وتی:

― کار هەقی چییە بەسەر خواردنەوەوە، هەر شتە کاتی خۆی هەیە دەردی کابرا وتەنی: «ساتێ بۆ خوات و ساتێ بۆ خۆت»، لێ دە گوێ مەدەرێ کاکی خۆم، ئەم ڕۆژگارە نالەبارەی تۆ ئەڵێیت خواردنەوە نەبێت چی چارەی ئەکات؟

هێمن زۆر لەسەرخۆ و دۆستانە هەر وەکوو شێوەی تەوساویی دیاریشی هەست پێ نەکردبێت وتی:

― ئەوی ڕاست بێت لەو شەوەوە کە نەهاتووم بڕیاری نەخواردنەوەم داوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە نەئەهاتم. بەڵام کە بیرم لێ کردەوە دیم ڕێگاکەم خەباتکەرانە نییە بگرە ترسنۆکانە و گۆشەگیرانە و خۆپەرستانەیە چونکە جارێ ئەوە هیچ هونەرێکی تیا نییە لە کوورەوە خۆت دوور خەیتەوە و خۆشت هەڵکێشیت بڵێیت لە پڕیشک ناترسم، هونەر ئەوەیە لە نزیک کوورەوە بوەستیت و لە پڕیشک باکت نەبێ واتە لە بەزما بیت و نەخۆیتەوە. دووەم خۆپەرستییە پیاو تەنیا بە دەربەس ڕزگارکردنی خۆیەوە بێت و گوێ نەداتە کەسی تر. بۆیە دامنا بێمەوە ناو جەرگەی بەزمەکەتان و نەشخۆمەوە هەروەها خەباتیش بکەم بۆ ئەوەی خواردنەوە بە ئێوەش تەرک بکەم. جا لەبەر ئەوە ... یەکێکیان بەپەرۆشێکەوە قسەکە پێ بڕی وتی:

― باشە تۆ جارێ پێمان بڵێ هۆی ئەم دوژمنایەتی و ڕقە ئەستوورە کتوپڕەت چییە بەرامبەر بە خواردنەوە؟ تۆیە کە تا دووشەمووی ڕابوردوو ئارەقت بە چاوی خەیام تەماشا ئەکرد؟

هێمن لەسەرخۆ وتی:

― مەسەلە ئەوەندە پەیوەندی بە دوژمنایەتی و خۆشەویستیی خواردنەوەوە نییە.

― ئەی پەیوەندی بە چییەوە هەیە گوایا؟!

هێمن بەگەرمی وتی:

― بە خۆمان و نامووس و شەرەفمان و نیشتمانەوە ...

یەکێکان بەتوندی وتی:

― هیچ تێ ناگەم، خواردنەوە پەیوەندی چییە بەم شتانەوە کە تۆ ئەڵێیت؟ خۆ ئێمە نەبووین بە «ئیسکولسی» ئارەق بخۆینەوە و مناڵەوردکەمان دوو کەوێت!

― ها زۆر باشە بەسەر چاو پێتان بڵێم بۆچی خواردنەوەی ئێمە پەیوەندی هەیە بە نامووس و شەرەفی خۆمان و نیشتمانیشمانەوە. ئا ئێستا کە دانیشتبووین ژەندرمە کردی بە ژوورا و هەموومانی ڕاپێچ کرد بۆ گیراوخانە ئابڕووی هەزار ساڵمان ئەچێت لە کاتێکا کە گەلەکەمان لە شەڕی ژیان و مردنایە، ئافرەت و مناڵی بە دەست دوژمنەوە زاکەی دێت، هاونیشتمانی ئێمە دەستی لە ناز و نیعمەت و بەرگی چاک و خواردنی خۆش و خواردنەوە هەڵگرتووە و کەژی گرتۆتە بەر لەپێناوی پاراستنی خاک و ئازادی و نامووس و شەرەفی گەلەکەمان و لەپێناوی ڕزگاریی نیشتمانیدا. ئێمەش خەریکی ئارەقخواردنەوە بین! جا سەرەڕای کڵۆڵی، دوژمن ئەشمانکات بە داخی نەنگی بە ناوچەوانی گەلەکەمانەوە، وە هەوڵ ئەدەن بە ئێمەوە هەموو بزووتنەوەی نیشتمانی بەدناو بکەن و لەبەر چاوی گەلی بخەن، وە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گڵاوە دوور نییە ناوی گەورە گەورەشمان لێ بنێن، جا من بەش‌بەحاڵی خۆم هیچ بەجوامێری نازانم کە بۆ ڕابواردنی سەرخۆشیی ساتێکی خۆمان هەلی زیان ەیاندنێکی زۆر بەناوبانگی بزووتنەوەکەمان بۆ دوژمن هەڵبخەین، کە چاکەمان بۆی نەبێ با خراپەشمان نەبێت.

ماوەیەک هەموو بێدەنگ بوون، ئەوسا یەکێک هەڵی دایە:

― بابە ئێمە چیمان داوە لە بزووتنەوەی نیشتمانی و شۆڕش؟ ئەوانەی پەیوەندییان بەو شتانەوە هەیە جێ و شوێنیان دیارە، کەسیش نییە نەزانێ ئێمە لە چ بەرێکین! ئیتر بۆ بەخۆڕایی خۆمان لە خۆمان بگۆڕین!

دیاری کە لەم چەشنە قسانە زۆر بێزار ئەبوو و ئەترسا لەوەش کە ببێ بە دەمقاڵ و شەوەکەی لێ تێک چێت، ناوبژیکەرانە وتی:

― بابە ئەم موحاکەمە و موحاکەمەکارییەی پێ ناوێت، کێ ئەخواتەوە بخواتەوە کێ ناخواتەوە نەخواتەوە، قابیلە لەمەشا سەربەستیمان نەبێت!

دە فەرموون دەی کێ ئەخواتەوە بفەرموێت! من خۆم لە پارتیی خواردنەوەم.

هێمن وتی:

― ڕاست ئەکەیت سەربەستیی خواردنەوەمان هەیە و هەرگیز ئیمپریالیزم ئەم سەربەستییەشمان لێ قەدەغە ناکات، بگرە بە هەموو هێزی خۆی ئەشیپارێزێت! ئەوە نەبوو لە چین شەڕیان هەڵگیرساند لەپێناوی پاراستنی سەربەستیی تلیاکخواردندا لە کاتێکا کە یارمەتیی کۆنەپەرستیی چینیان ئەدا بۆ قەدەغەکردنی هەموو سەربەستییەکی ڕاستەقینە لە گەلی چین!

ئەگەر بە دوژمن بێت ئەوەندە ئەم سەربەستییە بەکار بهێنین تا مناڵی سەر بێشکەشمان لەباتی شیر و شەکر ئارەق و شەرابی بۆ بکرێتە مەمەکەیەوە!

یەکێک بە دەنگێکی نەختێ بەرز وتی:

― وا دیارە هێمن ئەم چەند ڕۆژەی کە دیار نەبووە دەرسی دژی خواردنەوەیان داداوە، با شەوەکەمان بەم چەشنە قسانە نەبەینە سەر، براینە فەرموون دەی هەر کەسێ خۆی و ڕەئی خۆی.

دیاری سەری لە ڕێبوار بردە پێشەوە وتی:

― لام وایە عامیلی ئابووریش دەستێکی زۆری هەیە لەم بڕیارە گرنگەی کاکە هێمندا!

هێمن بە جوانی نەزانی لەوە زیاتر لەسەر باسەکە بڕوا بۆیە بێدەنگ بوو.

ئینجا جگە لە جوامێر و ئاسۆ و شاهۆ و هێمن شەشەکەی کەیان لە دەوری مێزە خڕەکە دانیشتن و کەوتنە کۆنکەنکردن. ئەمانی کەش لەلاوە سەریان نا بە یەکەوە و کەوتنە قسەکردن. لە پاش چەند باسێک گەڕانەوە سەر باسی خواردنەوە. ئاسۆ وتی:

― زۆر کەس خواردنەوە بە چاکترین خەمڕەوێن و داخ‌بەبادەری دنیا دائەنێن و ئەڵێن گەورەترین یاریەدەرە لە هەڵگرتنی خەم و خەفەت و باری گرانی ژیانی نالەباردا. ئەم قسانە زۆر کاری کردۆتە سەر مێشکی خەڵک تا ڕادەیەک کەوا هەندێ کەس خواردنەوە بە سەرچاوەیەکی خۆشی و کامەرانی دائەنێن بۆ ئەوانەی هەموو دەروویەکی تری خۆشی و کامەرانیی دنیایان خڕ لێ داخراوە. خواردنەوە نەبوایە زۆر کەس ئەمردن بەبێ ئەوەی لەم ژیانەدا تامی خۆشی، شادی بکەن!

جوامێر بۆ یەکەم جار هاتە قسە وتی:

― لام وایە ئەمەی باست کرد پیسترین خراپیی گشتیی خواردنەوەیە نەک چاکەی چونکە سەرخۆش بەو بێهۆشی و خۆشییە درۆزنەیەی پێی ئەگات ئیتر بە یەکجاری خۆشیی ڕاستەقینەی لەبیر ئەچێتەوە. ئیتر گوێ ناداتە هۆی بنچینەییی حاڵی خراپ و ماڵی وێران و ژیانی پڕ ناخۆشیی خۆی و گەلی و دەست هەڵئەگرێت لە خەباتکردن لەپێناوی بنەبڕکردن و نەهێشتنیدا. هەروەک ئەو نەخۆشەی لەباتی ئەوە بچێتە لای دوکتۆر بۆ زانینی جۆری نەخۆشییەکەی و چارکردنی ڕاست و دروستی، خوو بداتە دەرمانی بێهۆشکەر و سڕکەری وەکوو ئەسپرین و تەنانەت مۆرفین و شتی واش کە ئەمانە نەک هەر چارەی دەردی ناکەن ماوەی لێ پیسکردنیشی ئەدەنێ. هەروەها ئەو کەسانەش کە ئەیانەوێ چارەی نەبوونی و کوێرەوەری و هەژاری و گیرۆدەییی خۆیان بە خواردنەوە بکەن کە دێنەوە سەر خۆیان ئەبینن نەک هەر دەردەکەیان لەکۆڵ نەبۆتەوە سەرباریشی هاتۆتە سەر.

ئاسۆ پێکەکەی خۆی گرت بە دەستەوە و بە نیوەتەریقییەکەوە پرسی:

― باشە ئەی ئەوروپایی بۆچی هەموویان بە هیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە ئەوەندە ئەخۆنەوە؟

جوامێر بەدەم بیرکردنەوەوە وتی:

― وا بزانم زۆری ڕاهاتنە. جگە لەوەش لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و سۆڤیەتستانا یەکێکە لە پاشماوەی ڕەوشتە خراپەکانی سەردەمی سەرمایەداری. هەرچۆنێک بێت وا بزانم لەوێش بە گژیا ئەچن.