٧

از کتاب:
ژانی گەل
اثر:
ابراهیم احمد (1914-2000)
 11 دقیقه  1106 مشاهده

بەیانی دوای بەرچایی کردن لاوە بە جوامێری وت:

― ئەوە چییە ئەڵێیت نیازت نییە ئیمڕۆش بچیتە دەرەوە. نەء گیانە وا نابێت هەستە بچۆ خۆت بگۆڕە. دەستێ جلی خۆمم بۆ داناویت ڕەنگە بە بەریشت زل بێت بەڵام هەر لەمەی ئێستەت چاترە تا ئەچیتە لای ...

بەرگدروو دەستێ جل ئەکەیت.

جوامێر نەختێ بەتووڕەیی وتی:

― جلم ناوێت جلەکانی خۆم باشە، خۆ ناچم بۆ شایی ... ئەگەر چوومە دەرەوە هەر بەم جلانەوە ئەچم جلی تازەش ناکەم هەتا پارەم نەبێ.

لاوە سەیرێکی دەموچاوی ئازاراویی جوامێری کرد سەرێکی با دا و هیچ قسەی نەکرد، لێی دا ڕۆیی بەپێی کاری خۆیەوە ...

دوای ڕۆینی لاوە جوامێر ئەوەندە خۆی لە ماڵەوە پێ نەگیرا. جلە کۆنەکانی خۆی لەبەر کرد و هاتە دەرەوە. لە پێشا وەکوو شتێ ئەتوت شەرم ئەکات، هەروا بێ ئامانج لەم کۆڵانەوە ئەچوو بۆ ئەو کۆڵان. لە پاشا کەوتە سووڕانەوە بە شەقامەکانا بەڵام وەکوو لادێییەکی یەکەم جار شاردیتوو چاوی ئەگێڕا بە جامخانەی کۆگا و دووکانەکان و سەروچاوی ڕێبوارەکانا. ئەوی لە هەموو شتێک پتر سەرنجی ڕائەکێشا سووڕانەوەی سەربازی چەکداربوو دوو دوو بە شەقامەکانا لەگەڵ ڕاوەستانی ئۆتمۆبێلی شەستیر لەسەری پڕ لە سەرباز لە سەری کۆڵان و چەقی چوارڕێیانەکانا کە ئەمە لە ڕۆژی بەربوونیا سەرنجی ڕانەکێشابوو.

لەپڕ لە دوور ئاسۆ مەمەندی بەدی کرد کە یەکێ بوو لە هاوڕێ هەرە خۆشەویستەکانی. بە زەردەخەنەیەکی شیرینەوە بەرەوپیری چوو. بەڵام ئاسۆ لەگەڵ زۆر تێوردبوونەوەشیا پێش ئەوەی بگەن بە یەک ڕووی لێ هەڵکرد. جوامێر وەکوو شووڵکێ بدەن لە سەری لووتی وای پێ هات. دوای چەند هەنگاوێکی تەریقی بیری کەوتەوە کەوا خۆی چەند گۆڕاوە، ئەوسا کەوا ئەم ئاسۆی بەجێ هێشتووە خۆی لاوێکی باریکەلەی باشپۆش و ڕووگەش و قیت و قنج بوو ئێستا پیاوێکی ڕووتەڵەی سیسی تێکشکاوە.

خۆ ئاسۆی بەسەزمان غەیبی پێ نییە. ئاوڕی دایەوە کە بانگی کات دی ئەویش ئاوڕی داوەتەوە لە پشتەوە سەرنجی لێ ئەدا و وەکوو بڵێ شێوەی ئەم کابرایە ئەکات، بەڵام کێیە و لەکوێ دیوێتی یا لە کێ ئەچێ؟

نازانێت! لە بیرەوەری یاخی بووە و خۆی نادات بە دەستەوە! هێشتا جوامێر ناوەکەی تەواو نەکردبوو ئاسۆ خێرا گەڕایەوە سەری چارەی بە خۆشییەکی کتوپڕ گەشایەوە بە گەشەیەکی تەواوەوە وتی:

― ئەوە تۆی جوامێر؟ من بم و تۆ نەناسمەوە. با هەزار ئەوەندەش بگۆڕدرێت! ئەمە! یا نیشانەی گەوجییە یا هی پیری.

جوامێر بەپێکەنینەوە وتی:

― بۆ پیری بڵێیت هیچ پێتەوە دیار نییە، دوا جار چۆنم بەجێ هێشتووی هەروای. بەڵام بۆ گەوجی ئەوە خۆت لە من باشتر خۆت ئەناسی.

ئاسۆ بەپێکەنینەوە وتی:

― باشە شوکر لە قسە خۆشەکانت نەکەوتووی.

دەستیان کردە ملی یەک و ئەولاوئەملای یەکتریان ماچ کرد، بە تاسە و ئارەزوویەکی زۆرەوە ئاسۆ پرسی:

― ئەوە کەی بەربوویت؟ کەی هاتوویتەوە؟ یا خوا بەخێر بێیتەوە. کوڕە بە خوا دەمێکە لەناومانا نیت، چەندە؟ دە ساڵ، بە دەم خۆشە. ئێی ئێستە بۆکوێ ئەچی، خۆ چایخانەی عەبەش نەماوە تا بڵێم ئەچیت بۆ ئەوێ. بیرتە چۆن کۆنکەنت لێ ئەکردین، ڕۆیشتین دەستەکەمان تەفر و توونا بوو ...

هەر یەکەیان کەوتە شوێنێ، مەریوان کوژرا، عەلی گیراوە، ئەمین دەست بەسەرە لەو خوارانە... شەوکەتیش گوێزرایەوە نازانم چی بەسەر هات، ئەوانی کەش پرشوبڵاوبوونەوە.

― ئەی عەبەی چایچی چیی لێ هات؟

― هەر زوو چایخانەکەیان پێ هەڵگرت ئیتر خۆی نەگرتەوە حاڵی خراپ بوو لەم دوایییەدا لەسەر سووچی دوکانەکەی سەرماوەر و قۆرییەکی دانابوو دۆست و ناسیاو چایان لا ئەخواردەوە. پار زستانێ لە شەقامی ...دا خائینێک کوژرا سەربازیش کەوتنە دەستڕێژی کوێرانە، عەبەی لە پەنجا گوللە زیاتری بەر کەوتبوو بەڵام وتیان مەردایەتییەکی گەورەی کردبوو کە ئەبینێ سەربازێ لەلای ئەوەوە ژنێک ئەکوژێت هیچی پێ ناکرێت سەماوەرە لە کوڵەکەی پیا ئەماڵێت، کابرا هەموو سەروچاوی ئەسووتێت و کوێر ئەبێت، ئەوسا سەربازەکانی تر ئەیدەنە بەر دەسڕێژ. جارێ با ئەمە بەس بێت. ئەو زەلامانە هاتن، تاقەتی بەندیخانەمان نییە. ئێی ئێستە بۆکوێ ئەچی؟

جوامێر وتی:

― هیچ ئامانجێکم نییە، هەروا بۆخۆم ئەسووڕێمەوە.

― کەواتە وەرە لەگەڵم تا ئەولایە ئەچم. نەختێ ئیشم هەیە، بەڕێوە هەندێ قسەش ئەکەین ... ئێ، لەکوێ دابەزیویت؟ بۆ نەهاتیتە لای من؟

هەر لە کەلاوەکەی جاراناین. وا دیارە لە ماڵی لاوەی ئامۆزاتی؟ فەرقی نییە ئەوێت چاترە مشەیە، بە خراپەی ناڵێم لاوەم خۆش ئەوێ، ئەگەرچی ئەو هاوڕێیەتی ئێمەش ناکات. بەینێکە خۆی کەلا خستووە هەر خەریکی کاسبییە، ئێستە بێگومان پارەی چاکی هەیە.

بۆ ئەوەی بە کەمتەرخەمی نەزانێ بەرامبەر بە قسەکانی، جوامێر لێی پرسی:

― لە چیدا لاوە هاوکاریتان ناکات؟

― لە هەموو شتێکا. وەکوو وتم خۆی کەلا خستووە تا ئێوارە خەریکی کار و کاسبییە و کە ئێوارەشی لێ هات ئەخزێتە ماڵێ کەس چاوی پێی ناکەوێت.

جوامێر بەسەرسامییەکەوە وتی:

― دوای ئێوارە خەڵک چاوی چییی پێ بکەوێت، ئەی شەوان لە سەعات هەشتەوە تا شەشی بەیانی گەڕان و هاتوچۆ قەدەغە نییە؟

ئاسۆ بەپێکەنینەوە وتی:

― ئەوەی تۆ ئەیڵێیت بۆ خەڵکی بێکارە وەهایە، ئێمە چەند هاوڕێیەکین تڕی قەدەغەی میریمان بڕیوە، کردوومانە بە پیشە هەر شەوە ناشەوێ لە ماڵی یەکێکمانین. لە ئێوارەوە ئەچین شەو لەوێ ڕائەبوێرین و ئەنووین و بەیانی دوای بڕانەوەی قەدەغە دێینە دەرێ، بەم جۆرە توانیمانە لەم ئاخۆران و بخورانەشا بۆخۆمان بەخۆشی ڕابوێرین. کوڕە ئەی چی بکەین، دنیا مردنە هەر ئەوەمان بۆ ئەمێنێتەوە.

جوامێر وتی:

― وا دیارە کەستان ژنتان نەهێناوە و هەمووش حاڵتان باشە.

― بەرێ وەڵڵا، هەموویان ژنیان هەیە من نەبم. بۆ حاڵی باشیش زۆرمان سپڵی لاورگین.

― ئەی تۆ بۆچی وا ماویتەوە بە ڕەبەنی!

― بەلای منەوە پیاو لە وڵاتی ئێمەدا کە خۆی لە خۆیا ئەوەندە سەربەستیی نییە، ئەگەر ژنیش بهێنێت و ئەویش کوتێ لە سەربەستییەکەی بکاتەوە، ئیتر هەر بەتەواوی ئەبێ بە دیلی ڕاستەقینە.

بیرتە کە سالار پیرۆت تازە ژنی هێنابوو، نەیئەوێرا بڵێ ژنهێنان خراپە، ئەیوت ژنهێنان بەختیارییە، بەڵام بە مەرجێ کەوا لەو شوێنە نەبی کە ژنەکەی لێیە!

― چی؟ ژن لە سەربەستیی پیاو کەل ئەکات! بە خوا باشی لێ کەل نەکردووە! ئەوە نییە هاوڕێ ژندارەکانی تۆ لەم ئاخۆران و بخۆرانەشا سەر ناکەن بە ماڵی خۆیانا، بەپێی قسەی خۆت؟

― ها بیرم چووبووەوە کە تۆ لایەنگری ژنیت. بەڵام هەرچەند ئەکەم نازانم لەمە زیاتر ئەتانەوێ ژن سەربەستیی چیی هەبێت؟

جوامێر سەرێکی با دا و بەداخەوە وتی:

― هەی کڵۆڵ و بەشخوراو خۆت ژن! سەربەستیی خۆڕازاندنەوە و خۆ جوانکردن و خۆنواندن و نازکردنت ئەدەینێ بۆ ئەوەی خۆشتر پێت ڕابوێرین، کەچی تۆش ئەوەندەی پێ خەڕۆ ئەبی و وا ئەجووڵێیتەوە و پیاویش وەهات تێ ئەگەیەنێت وەکوو نەک هەموو سەربەستیی خۆتت بەتەواوی وەرگرتبێتەوە جڵەوی پیاوەتیشت گرتبێتە دەست خۆت، ئەوەندە بایی ئەبی ئێمە خۆشمان لێمان تێک ئەچێت کە چیمان داویتێ و بۆچی داومانیتێ! نە کاکە ئاسۆ، نە ترست هەبێ و نە خەم ئافرەتی لای ئێمە و زۆر جێگەی کەی دنیا زۆر دوورن لە سەربەستیی ڕاستەقینە، وە هەتا پیاو خاوەنی کیسە و باخەڵ بێت قسەی دواییش هەر هیی ئەو ئەبێت لە هەموو کارێکا.

― هیچ بابە ناماقووڵیم کرد، نەمزانی هەر بەتەواوی بووی بە ئەوقاتی ژن، ئەڵێی وەردیانەکانی بەندیخانەکەتان ئافرەت بوون!

― دەی با واز لەم قسانە بهێنین، لەوای دنیاوە خەڵک خەریکی ئەم چەشنە قسانەن و هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام. یا ڕاسترەکەی ئەوەیە کە نایانەوێت بگەنە ئەنجام! ئێستە ئەمبەی بۆ کوێ؟

― من ئەچم بۆ لای نەریمان حەسەن لە کازینۆی بەختیاری، ئیمڕۆ هاتووە، جاران کە ئەهات لە ماڵی پووری میوان ئەبوو.

ئێستە مێردەکەی پووری لەسەر تەقوتۆقی دوێنێ شەو گیڕاوە گوایا دەنگی گوللە لای گەڕەکی ئەوانەوە هاتووە. جا بێگومان ماڵەکەشیان خراوەتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە. ئەوی هاتوچۆیان بکات بێ ئارەق دەرناچێت، نەخوازەڵا یەکێکی سەر بە گۆبەندی وەکوو نەریمانیش کە هەمیشە میری بە چرای ڕۆن گەرچەکەوە بۆی ئەگەڕێت. ئینجا لەبەر ئەمەوە لەبەر شەبەیخوونی ناوبەناویش کە ژەندرمە لەناکاو ئەیکەنە سەر ئوتێلەکان و پادار و بێ پای تیا پێکەوە ڕاپێچ ئەکەن بۆ گیراوخانە و لەوێ بە کاوخۆ بژارێکی پووش لە کایان ئەکەن، ئەبێ نەریمان نەبچێتە ماڵی پووری و نەئوتێلیش، ئینجا ئیشی بەوە باش بووە کە کامەران باپیر بە ڕێکەوت لە ڕێ چاوی پێی کەوتووە و لە حاڵەکەی ئاگادار کردووە و ناردوویەتییە ئەو کازینۆیە، وا منیش ئەچم بەدوویا کە بیبەمە ماڵی خۆمان.

جوامێر تەماشایەکی ماناداری کرد و وتی:

― لەپێش هەموو شتێکا تۆ وا قسەم بۆ ئەکەی وەکوو من هەر دوێنێ و پێرێ لەگەڵ ئێوە نەبووبم، بیرت چووە کە من دە ساڵ لە ئێوە دوور کەوتوومەوە و ئاگاداری هیچ شتێکتان نیم و زۆری ئەو کەسانەی تۆ ناویان ئەبەی من هەر ناشیانناسم، بۆ وێنە هەر نازانم نەریمان حەسەن کێیە، جگە لەمە هەموو باسەکەم لا سەیرە چونکە ئەم کارە تۆ بۆی هاتوویت نە لەگەڵ ئارەقخۆری و بەزمی ڕابواردنی شەوانتان وە نە لەگەڵ بیروباوەڕی جارانیشت ڕێک ئەکەوێت. جاران تۆ ئەتوت دەستم گرتووە بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات، کەچی ئێستە وا خەریکی ئەیخەیتە بەر با.

― یەکجار ئەوەندەش نا، بەڵام کە هەموو هاریکاریی ئێمەمانان لە بزووتنەوەی نیشتمانیدا هاتبێتە سەر یارمەتییەکی وەها نەبایەخی و چەند قرۆشێک پیتاک، شەرمەزاری و نامەردییە کە خۆمانی لێ بدزینەوە.

بەتایبەتی لە کاتێکا کە خەڵکی تر، هاونیشتمانانی لە ئێمە ئازاتر و دڵسۆزتر گیانیان خستۆتە سەر لەپی دەست و بە سەر و ماڵ و دوواڕۆژی خۆیان و ژن و مناڵیانەوە خۆیان هاویشتۆتە ناو جەرگەی خەباتەوە!

ئەمەی ئێمە هەزرانترین فیداکارییە، یا دەردی ئەڵێن «بێهێزترین باوەڕە!». وتت نەریمان ناناسیت، هەقتە. نەریمان برای حەمە چاوشینی خوا لێخۆشبووە کە لە خۆپیشاندانەکەی لەمەڕ تۆدا شەهید کرا. کوڕێکی ژیر و بەجەرگە لەنێوان «ل. ج. ن» و ڕێکخراوی شارا پۆستە ئەهێنێت و ئەبا، ئێستە ئەیبینیت، لە پێشا لە قوتابخانە بوو تا پۆلی شەشی خوێند، لەبەر نەبوونی وازی لە خوێندن هێنا بوو بە شاگردی نانەوا، نەختێ دەستی سەرسەرێتیشی هەبوو بەڵام بۆتەی خەبات وا قاڵی کردووە ئێستاکە لە زێڕ ساخترە، کوڕێکی تێگەیشتووی لەسەرخۆ و بێ فیز و باشی وای لێ دەرچووە بە دڵی تۆ. وا نزیکیش بووینەوە، تۆ هەر ئەوەندە دانیشە تا بە یەکتریتان ئەناسێنم ئیتر هەستە بڕۆ.

بەڵام بۆ شەو ئەبێ پێکەوە بین، زۆرت بیر ئەکەم. هەموومان گشت دۆست و برادەران بیرت ئەکەن، لەوانەیە تا بەیانی خەو نەچێتە چاویان لە خۆشیانا. ئیمشەو لە ماڵی کاوە برایمین، ڕەنگە ماڵەکەیان نەزانی گواستوویانەتەوە.

جوامێر قسەکەی پێ بڕی وتی:

― ئەوی ڕاست بێ من حەز ناکەم بێم، کاوە برایمیش ناناسم.

― نەناسینی تیا نییە تۆ لەگەڵ من دێیت، جگە لەوە هەمووشیان تۆ ئەناسن، نەء. نایەیت نییە. من لەژێر زەمین بۆ تۆ ئەگەڕام ئێستە تۆ بۆم هاتوویتە سەر زەمین ... چۆن، هەتا تێر تێرت لێ نەخۆم، وا بەئاسانی وازت لێ دێنم. هاوڕێکانم هەموو کوڕی چاکن و هەموو کوڕێکی چاکیشیان خۆش ئەوێت.

― ئاخر!

― ئاخر و ئۆخری پێ ناوێت، سات حەوتی ئێوارە لای دەرگای دووەمی باغی گشتی چاوەڕێم بکە، دێم پێکەوە ئەچین بۆ ماڵەکەیان، لەوێوە زۆر نزیکە، ئەمەمان وا، ئینجا با بڕۆین بۆ لای نەریمان، ئەوەتە لەو قوژبنەدا دانیشتووە چاوەڕێ ئەکات. جوامێر خەریک بوو منجەمنج بکات، ئاسۆ گوێی نەدایە پەلکێشی کرد و چوونە گازینۆکە.

کە جوامێر لە گازینۆکە هاتە دەرێ بڕواتەوە ماڵێ چارەی لە جاران ڕووناکتر بووبووەوە وەکوو ئەوەی بینینی ئاسۆی هاوڕێی مناڵی و کوڕی گەڕەک و ئەو قسە پاراوە گەرمانەی لە کانگای دڵی ئەهاتنە دەرێ و ئەو خۆشەویستی و باشییەی بەسەر خەڵک و دەوروبەریا ئەباران، بارێکی کەی ژیانیان هێنابێتەوە بیر، بۆیە لە سێ ڕۆژا یەکەم جار بوو چەند دەقیقەیەک باس و ناوی هیوا و دایکی لەسەر پەردەی مێشک و لەسەر زمانی نەبوون.