باب ٤

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 5 دقیقه  288 مشاهده

1) و دەستی پێ کرد دیسان بە تەعلیمدانێ لەکن بەحری و خەڵکێکی زۆر لەکن ئەوی خڕ بوونەوە وەها کە وەژوور گەمێیەکی کەوت و لەسەر بەحرێ ڕۆنیشت و هەموو خەڵکەکە لەکن بەحری لەسەر ئەرزێ بوون.

2) و ئەوانی چتانی زۆر تەعلیم دا بە مەسەلان و دە تەعلیمی خۆیدا بە وانی گوت:

3) «ببیێن، ئەوەتا تۆچێن وەدەر کەوت کە تۆی بچێنێ.

4) و بوو کە وەختێکی تۆی دەچاند هێندێک کەوتە سەر ڕێی و تەیڕان هاتن و ئەویان خوارد.

5) و هێندێک کەوتە سەر جێیەکی بەرداوی لە کوێ کە گڵی زۆری نەبوو و زوو ڕوا چونکە ئەرزی قوڵی نەبوو.

6) و کە ڕۆژ هەڵات سووتاندی و چونکە ڕەگی نەبوو، وشک بوو.

7) و هێندێک کەوتە نێو دڕوان و دڕوان هەڵچوون و ئەویان خنکاند و بەری نەدا.

8) و هێندێک کەوتە سەر ئەرزی چاک و بەری هێنا کە وەدەر کەوت و گەورە بوو و هەتا یەک و سی و یەک و شێست و یەک و سەدی بڕی.»

9) و کوتی: «هەر کەس کە گوێی بیستنی هەیە، با ببیێ.»

10) و کە بەتەنێ بوو، ئەوانەی کە لە دەوری وی بوون، دەگەڵ ئەو دوازدانە، لێیان پرسی لە مەسەلان.

11) و بە وانی گوت: «بە ئەنگۆ دراوە کە سیڕڕانی پادشایەتی خوڵای بزانن، بەڵا بۆ ئەوانەی کە لە دەرێن بە مەسەلان هەموو چت دەبێ.»

12) هەتاکوو بە دیتنی ببینن و نەناسن و بە بیستنی ببیێن و نافامن، نەبا وەرگەڕێن و ببەخشرێن.

13) و بە وانی گوت: «ئەرێ ئەو مەسەلەی نازانن؟ و چلۆن هەموو مەسەلان دەزانن؟

14) تۆچێن کەلامی دەچێنێ.

15) و ئەوانە ئەوانەن لەسەر ڕێی، جێیەکی کەلام دەچێندرێ و وەختێکی دەبیێن جێبەجێ شەیتان دێ و ئەو کەلامەی چێندراو دە دڵی واندا لا دەبا.

16) و هەر وا ئەوانە ئەوانەن کە لەسەر جێی بەرداوی چێندراون، ئەوانەی کە وەختێکی کەلامی دەبیێن، جێبەجێ بە خۆشی ئەوی قبووڵ دەکەن.

17) و هیچ ڕەگ دە خۆیاندا نییە، بەڵا دەمێکی دەمێنن. لە پاشان وەختێکی تەنگانەی یان ئەزیەت، لەبەر ئەو کەلامەی پەیدا دەبێ، جێبەجێ هەڵدەنگوێن.

18) و ئەوەی دیکە ئەوانەن کە لە نێو دڕوان چێندراون، ئەوانەی کە کەلامی دەبیێن؛

19) و خەمی ئەو دنیایەی و فریوی ماڵ و ئارەزووی چتانی دیکە وەژووری وان دەکەون و کەلامی دەخنکێنن و بێ بەر دەبێ.

20) و ئەوانە ئەوانەن کە لەسەر ئەرزی چاک چێندراون، ئەوانەی کە کەلامی دەبیێن و قبووڵی دەکەن و بەر دێنن، بە سی و بە شێست و بە سەد.»

21) و بە وانی گوت: «مەگەر چرا دێ کە لەبن کیلەی یان لەبن تەختی داندرێ؟ ئەرێ نابێ لەسەر پێچرا داندرێ؟

22) چونکە هیچ چتێک شاردراو نییە کە ئاشکرا نەبێ و چتێک بە دزی نەبووە کە نێتە دەرێ.

23) ئەگەر کەسێک گوێی بیستنی هەیە، با ببیێ.»

24) و بە وانی گوت: «تەماشا بکەن کە چی دەبیێن، بە هەر پێوانەیەکی کە دەپێون، بۆ ئەنگۆ دەپێورێ و زیاد بۆ ئەنگۆ دەکرێ.

25) چونکە هەر کەس کە هەیەتی بە وی دەدرێ و هەر کەس کە نیەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.»

26) و کوتی: «هەر وایە پادشایەتی خوڵای، وەکوو پیاوێکی کە تۆی باوێتە سەر ئەرزێ.

27) و دەنوێ و هەڵدەستێ شەو و ڕۆژ و تۆ دەڕوێ و بڵند دەبێ و ئەو نازانێ چلۆن.

28) ئەرز لە خۆیەوە بەر دێنێ، هەوەڵێ گیا، لە پاشان گوڵ، لە پاشان دەنکی تواو دە گوڵیدا.

29) و وەختێکی بەر گەیشتەوە جێبەجێ داس دەنێرێ چونکە دروێنە گەیوە.»

30) و کوتی: «پادشایەتی خوڵای چلۆن بەرانبەر بکەین؟ یان بە چی مەسەلێکی ئەوی بنوێنین؟

31) وەکوو دەنکێکی خەردەل کە وەختێکی لە ئەرزێ بچێندرێ چکۆلەترە لە هەموو تۆیان لەسەر ئەرزێ.

32) و کە چێندراوە وەدەر دەکەوێ و گەورەتر دەبێ لە هەموو شیناوەردان و لکانی گەورە دەر دەکا وەها کە تەیڕانی ئاسمان دەتوانن لەبن سێبەری وی هەڵبنیشن.»

33) و بە مەسەلانی زۆر وەکوو ئەوانە کەلامی بۆ وان قسەی دەکرد بەقەد ئەوەی کە بتوانن ببیێن.

34) و بێ مەسەلە قسەی دەگەڵ ئەوان نەدەکرد، بەڵا بەتەنێ هەمووی بۆ شاگردانی خۆی بەیان دەکرد.

35) و دەو ڕۆژەیدا، کە ئێوارێ بوو، بە وانی گوت: «با بپەڕینەوە ئەو بەری.»

36) و کە ئەو خەڵکەیان مەرەخەس کردبوو، ئەویان هەڵگرت هەر وەکوو دە گەمێدا بوو، و چەند گەمێی دیکەش دەگەڵ ئەوی بوون.

37) و گێژییەکی گەورەی بای بوو و شەپۆلان لەنێو گەمێیان دەدا وەها کە گەمێ پڕ دەبۆوە.

38) و ئەو لە دواوە لەسەر سەنیرێکی نووستبوو. و خەبەریان هێنا و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا، ئەرێ ئەتۆ دەربەند نی کە ئەمە هیلاک دەبین؟»

39) و هەڵستا و هەڕەشەی لە بای کرد و بە بەحری گوت: «بێدەنگ بە، لاڵ بە»، و با ساکن بوو و ئارامییەکی گەورە بوو.

40) و بە وانی گوت: «بۆچی وا ترسەنۆکن؟ چلۆنە کە ئیمانوو نییە؟»

41) و بە ترسێکی گەورە ترسان و بە یەکتریان گوت: «دەنا ئەوە کێیە کە با و بەحریش ئیتاعەتی وی دەکەن؟»