باب ٢

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 4 دقیقه  293 مشاهده

1) و لە پاش چەند ڕۆژان دیسان هاتە کەفەرناحومی و بیسترا کە دە ماڵێدایە.

2) و زۆران خڕ بوونەوە وەها کە ئیدی لە بەر دەرکەش جێ نەما، و کەلامی بۆ وان قسەی دەکرد.

3) و هاتن و ئیفلیجێکیان دەهێنا کن ئەوی کە بە چوار کەس هەڵگیرابوو.

4) و کە نەیانتوانی نیزیکی وی بن لەبەر خەڵکی بانیان هەڵدڕی لە جێیەکی کە ئەو لێی بوو. و کە کونیان کردبوو دۆشەگی کە ئەو ئیفلیجەی تێدا کەوتبوو دایانهێشتە خوارێ.

5) و کە یەسووع باوەڕی وانی دی بەو ئیفلیجەی گوت: «ڕۆڵە گوناحانی تۆ بەخشراون.»

6) بەڵا چەند کەس لە خوێندەواران لەوێ ڕۆنیشتبوون و دە دڵی خۆیاندا فکریان دەکرد.

7) «بۆچی ئەوە وا قسان دەکا؟ کفر دەڵێ. کێ دەتوانێ گوناحان ببەخشێ بێجگە لە یەکێکی یەعنی خوڵا؟»

8) و یەسووع جێبەجێ دە ڕوحی خۆیدا زانی کە ئەوان دە خۆیاندا وا فکریان دەکرد و بە وانی گوت: «بۆچی ئەوەی دە دڵی خۆتاندا فکر دەکەن؟

9) کێهە هاسانترە کە بە ئیفلیجی بڵێی: «گوناحانی تۆ بەخشراون» یان کە بڵێی: «هەڵستە و دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بگەڕێ.»

10) بەڵا هەتاکوو ئەنگۆ بزانن کە کوڕی ئینسانی حیکماتی هەیە لەسەر ئەرزی کە گوناحان ببەخشێ، بەو ئیفلیجەی گوت:

11) «بە تۆ دەڵێم هەڵستە دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی خۆت.»

12) و هەڵستا و جێبەجێ دۆشەگی هەڵگرت و وەدەر کەوت لە پێش هەمووان، وەها کە هەموو واق مان و شوکری خوڵایان کرد، دەیانگوت: «چتی وەهامان قەت نەدیوە.»

13) و دیسان وەدەر کەوتە کن بەحرێ و هەموو خەڵکی هاتنە کن ئەوی و ئەوانی تەعلیم دەدا.

14) و کە ڕادەبرد، لیویشخص کوڕی حەلفی دی دە گومڕوگیدا، ڕۆنیشتبوو و بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.» و هەڵستا و وەدوای وی کەوت.

15) و بوو کە دە ماڵی ویدا ڕۆنیشتبوو و زۆر لە ڕاداران و گوناحکاران دەگەڵ یەسووع و شاگردانی وی ڕۆنیشتبوون، چونکە زۆر بوون و وەدوای وی کەوتبوون.

16) و خوێندەواران و فەریسیان وەختێکی دیتیان کە دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخوا، بە شاگردانی وییان گوت کە دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخوا و دەخواتەوە.

17) و کە یەسووع ئەوەی بیست بە وانی گوت: «ساغان ئیحتیاجی حەکیمیان نییە، بەڵا نەخۆشان. نەهاتووم کە سادقان بانگ بکەم، بەڵا گوناحکاران.»

18) و شاگردانی یوحەننا و فەریسیان بە ڕۆژوو دەبوون و هاتن و بە وییان گوت: «لەبەر چی شاگردانی یوحەننا و شاگردانی فەریسیان بە ڕۆژوو دەبن؟ بەڵا شاگردانی تۆ بە ڕۆژوو نابن؟»

19) و یەسووع بە وانی گوت: «ئەرێ دەتوانن خەڵکی داوەتێ بە ڕۆژوو ببن وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە؟ وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە ناتوانن بە ڕۆژوو ببن.

20) بەڵا ڕۆژان دێن کە زاوا لە وان دەستێندرێ و ئەو وەختی، دەو ڕۆژەیدا بە ڕۆژوو دەبن.

21) هیچکەس پەڕۆیێکی تازە لە جلێکی کۆن نادا، ئەگەر نە پینەی تازە لە کۆنەی دەبێتەوە و دڕاوەکە خراپتر دەبێ.

22) و هیچکەس شەڕاپی تازە دە مەشکانی کۆن تێ ناکا، ئەگەر نە ئەو شەڕاپە مەشکان دەقەڵەشێنێ و شەڕاپ و مەشکان زایە دەبن. بەڵا شەڕاپی تازە دە مەشکانی تازە تێ دەکرێ.»

23) و بوو کە دە شەمۆیدا بە نێو زەوییاندا ڕادەبرد و شاگردانی وی دەستیان پێ کرد بە گوڵچنینێ کە دەڕۆیین.

24) و فەریسیان بە وییان گوت: «ئەوەتا بۆچی دەکەن ئەوەی کە دە شەمۆیدا دروست نییە؟»

25) و بە وانی گوت: «ئەرێ قەت نەتان خوێندووە داوود چی کرد، وەختێکی موحتاج و برسی بوو؛ ئەو و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون.

26) چلۆن وەژوور ماڵی خوڵای کەوت دە زەمانی ئابیتار، کاهینی گەورەدا، و نانی ڕابواردنێی خوارد ئەوەی کە حەڵاڵ نییە کە بخوا، مەگەر بۆ کاهینان، و داشی بە ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون؟»

27) و بە وانی گوت: «شەمۆ بۆ خاتری ئینسانی بووە و نە ئینسان بۆ خاتری شەمۆی.»

28) وەهایە کە کوڕی ئینسانی ڕەببی شەمۆیشە.