باب ١٨

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 5 دقیقه  432 مشاهده

1) دەو سەعاتەیدا شاگردان هاتنە کن یەسووع دەیانگوت: «دەنا کێ گەورەترە دە پادشایەتی ئاسماندا.»

2) و منداڵێکی بانگ کردە کن خۆی و لەنێو وان ڕایگرت.

3) و کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر وەرنەگەڕێن و وەکوو منداڵان نەبن قەت وەژوور پادشایەتی ئاسمان ناکەون.

4) دەنا هەر کەس کە خۆی وەکوو ئەو منداڵە نوێ بکا، ئەو گەورەترە دە پادشایەتی ئاسماندا.

5) و هەر کەس کە منداڵێکی وەکوو ئەوەی بە نێوی من قەبووڵ بکا، ئەمن قەبووڵ دەکا.

6) بەڵا هەر کەس کە یەکێک لەو چکۆلانەی کە بە من ئیمان بێنن هەڵبنگوێنێ، بۆ وی چاتر دەبوو کە بەرداشێک دە ئەستۆی وی بخرابایە و دە قوڵایی بەحریدا قم بایە.

7) وای بۆ دنیای لەبەر هەڵ ئەنگوتنان، چونکە لازمە کە هەڵ ئەنگوتنان بێن، بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە بە سەبەبی وی هەڵ ئەنگوتن دێ.

8) و ئەگەر دەستی تۆ یان پێی تۆ هەڵت بنگوێنێ بیبڕە و لە خۆت فڕێی بدە، چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوێ بە شەلی یان بە کۆڵی لە وەی کە دوو دەست یان دوو پێت هەبێ و دە ئاوری ئەبەدی باوێژرێی.

9) و ئەگەر چاوی تۆ هەڵت بنگوێنێ دەرییێنە و لە خۆت فڕێی بدە، چاترە بۆ تۆ کە وەژوور ژیانێ بکەوی بە یەک چاو لە وەی کە دوو چاوت هەبێ و دە ئاوری جەهەننەمێ باوێژرێی.

10) هۆشیار بن کە یەکێک لەو چکۆلانە بە سووکی حیساب نەکەن، چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە مەلایکەتانی وان دە ئاسماندا هەمیشە ڕووی بابی من کە دە ئاسماندایە دەبینن.

11) چونکە کوڕی ئینسانی هات کە ونبووی خەڵاس بکا.

12) ئەنگۆ چی فکر دەکەن؟ ئەگەر کەسێک سەد مەڕی هەبێ و یەکێک لە وان ون ببێ، ئەرێ ئەو نەوەت و نۆی دە کێواندا بەجێ نایەڵێ و ناچێ و حەولی ئەو ونبووەی بدا؟

13) و ئەگەر وا بێ کە ئەوی پەیدا بکا، ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: لەسەر ئەوی زیاتر خۆشحاڵ دەبێ لە لەسەر ئەو نەوەت و نۆی کە ون نەبوون.

14) هەر واش بابی ئەنگۆ کە دە ئاسماندایە ئیرادەی نییە کە یەکێک لەو چکۆلانە هیلاک ببێ.

15) و ئەگەر برای تۆ گوناح بکا، بڕۆ و ئەوی نەسیحەت بدە مابەینی خۆت و ئەوی بەتەنێ. ئەگەر گوێ لە تۆ بگرێ برای خۆت قازانجت کردووە.

16) بەڵا ئەگەر گوێ ناگرێ، یەک یان دوو کەسی دیکە دەگەڵ خۆت هەڵگرە هەتاکوو هەر قسەیەکی بە زاری دوو یان سێ شایەدان سابت بکرێ.

17) بەڵا ئەگەر گوێ لە وانیش ناگرێ، بە کلێسا بڵێ، بەڵا ئەگەر گوێ لە کلێساش ناگرێ با بۆ تۆ بێ وەکوو بتپەرست و ڕادار.

18) ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە ئەنگۆ لەسەر ئەرزێ ببەستن دە ئاسماندا دەبەسترێ و هەر چی کە لەسەر ئەرزێ بکەنەوە دە ئاسماندا دەکرێتەوە.

19) دیسان بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر دوو کەس لە ئەنگۆ لەسەر ئەرزێ لەسەر چتێکی یەک ببن، هەر چی کە تەڵەب بکەن لە بابی من کە دە ئاسماندایە بۆ وان دەبێ.

20) چونکە هەر جێیەکی کە دوو یان سێ کەس بە نێوی من خڕ ببنەوە ئەمن لەوێ لەنێو ئەوانم.»

21) ئەو وەختی پیترۆس هاتە پێشێ و بە وی گوت: «یا ڕەب ئەرێ برای من چەند جار لەسەر ئەمن گوناح بکا و ئەوی ببەخشم؟ مەگەر هەتا حەوت جاران؟»

22) یەسووع بە وی گوت: «بە تۆ ناڵێم هەتا حەوت جاران، بەڵا هەتا حەفتا جار حەوت.»

23) لەبەر ئەوەی پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە پادشایەکی کە دەگەڵ خزمەتکارانی خۆی ویستی کە حیساب بکا.

24) و کە ئەو دەستی پێ کرد کە حیساب بکا یەکێک بۆ کن ئەوی هێندرا کە دە هەزار قەنتار بە وی قەرزدار بوو.

25) و کە ئەو هیچی نەبوو کە ئەدا بکا، ئاغا ئەمری کرد کە ئەو بفرۆشێ و ژنی و منداڵانی و هەموو چتی کە هەیبوو و ئەدا بکرێ.

26) ئەو وەختی ئەو خزمەتکارە کەوتە خوارێ و سجدەی لێ کرد، دەیگوت: «سەبر لە من بکە و هەمووی بە تۆ ئەدا دەکەم.»

27) و ئاغای ئەو خزمەتکارەی ڕەحمی کرد و ئەوی بەرەڵا کرد و قەرزەکەی بە وی بەخشی.

28) بەڵا وەختێکی ئەو خزمەتکارە وەدەر کەوت، یەکێک لە هاواڵخزمەتکارانی خۆی پەیدا کرد کە سەد دینار بە وی قەرزدار بوو، ئەوی گرت و دەیخنکاند دەیگوت: «ئەدا بکە ئەگەر قەرزداری.»

29) ئەو وەختی هاواڵخزمەتکاری وی کەوتە خوارێ و لێی پاڕاوە دەیگوت: «سەبر لە من بکە و بە تۆ ئەدا دەکەم.»

30) ئەمما ئەو قەبوڵی نەکرد بەڵا چوو و ئەوی دە بەندیخانەی هاویشت هەتا قەرزەکەی ئەدا بکا.

31) دەنا وەختێکی هاواڵخزمەتکارانی وی دیتیان ئەو چتانەی کە ببوون، زۆر خەمناک بوون و چوون و بە ئاغای خۆیان خەبەریان دا لە هەموو ئەو چتانەی کە ببوون.

32) ئەو وەختی ئاغای وی ئەوی بانگ کرد و بە وی گوت: «ئەی خزمەتکاری خراپ! هەموو ئەو قەرزەم بە تۆ بەخشی چونکە لە من پاڕایەوە.

33) ئەرێ بۆ تۆش لازم نەبوو کە بە هاواڵخزمەتکاری خۆت ڕەحمێ بکەی چلۆنێکی ئەمنیش بە تۆ ڕەحمم کرد؟»

34) و ئاغای وی ڕقی هەڵستا و ئەوی بە ئەزیەتکەرانی تەسلیم کرد هەتا هەموو قەرزی وی ئەدا بکا.

35) هەر واش بابی ئاسمانیی من دەگەڵ ئەنگۆ دەکا ئەگەر لە دڵی خۆتان نەبەخشن هەر کەسێ برای خۆی.