دڵبەندیی بە غەوسی گەیلانییەوە
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
2 دقیقه
585 مشاهده
موسوڵمانان، عیلاجم کەن، دڵم مەهجوور و موشتاقە
لە داخی فیرقەتی جانان حەواس و تاقەتم تاقە
ڕەواقی دیدەیی نوورە، لە داخی فیرقەت و دووری
لە وادیی میحنەتا، وێڵ و پەرێشان گەردی ئافاقە
لە بازاری خەما؛ تاکم، دەناڵێنم بە شەو تا ڕۆژ
لە دەستم دەرچووە سەیدی، لە وادی ئەیمەنا تاقە
بە نیمە غەمزەیی چاوی، پسا ڕوشتەی قەرار و هۆش
بە زایع ڕۆیوە عومرم لە سەودای ئەو، «کەوا تاقە»
لە گوڵزاری ئیرەم ناکەم، تەمەننایی گوڵ و ڕێحان
کە بۆ من کافییە و بەسمە، شەمیمی ئەو کە وا «تاق»ە
بە شێتم تێ مەگەن یاران، مەڵێن: بێهوودە عەوداڵە
لە ئەمر و نەهی و حوکمیدام، لە هەر دوو عالەما تاقە
لە سەودای، گەر سەریشم چێ، بەشارەتمە بە وەڵڵاهی
شەهیدی وا؛ بە کەس نادا، بە لوتفی خۆی کەوا «تاق»ە
تەمامە خۆم بە قوربانی سەگی دەرگای «محێددین» کەم
کە ئەو نیسبەت بە شاهێکە، لە جەمعی ئەولیا، «تاق»ە
چ باکم عالەمی دونیایە؟ دڵ مەستی جەماڵێکە
قیامەت کەی بە خاتر دێ، لە تەسویری کەوا «تاق»ە
خەیاڵم ناگرێ فەوتانی ماڵ و عومری شیرینم
ئەگەر بێ تۆ قوبووڵم کا، بە عەبدی خۆی کەوا «تاق»ە
دەزانم پێم دەڵێن: «میرزاتخلص» بە پیری فیکری گۆڕاوە
خودا! بمکەی بە قوربانی سەگی ئەو شاهی عوششاقە