نەورۆز

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  579 مشاهده
نەورۆزە ئیمڕۆ وەعدەی شادییە
جەژنی سەربەستی و هەم ئازادییە
نەورۆزی پیرۆز ڕێکەوتەی شەمە
ئەم نەوعە جەژنە شازە، زۆر کەمە
سروەی نەسیمی سەحەر هاتەوە
تا پشکۆی غونچە گەش بکاتەوە
موژدەی نەوبەهار بدە بە بولبول
تا وەکوو شاد بێ بە ڕوخساری گوڵ
لە فەیزی نەشئەی نەسیم وەک مەسیح
مردوانی پار زیندوو بوون سەحیح
فەسڵی وەسڵی یار لەگەڵ یارانە
سەرەڕای شادی بۆ دڵدارانە
دەبدەبەی گوڵان زەمزەمەی بولبول
نەزارەی هوزار لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
نەقارەی مینقار، مورغی سەحەرخێز
نەغمەی نەکیسا و مەجلیسی پەروێز
چریکە و چەهچەهەی بازان وەکوو عوود
وەکوو دەنگی چەنگ بە چەنگ بارە جوود
شنەی شەنگەبی بە با ئەشناوە
وەک کەسێ شاد بێ بە ئاشناوە
فڕەی قوڵنگان بە ڕووی هەواوە
قەتاری قازان قاژەی بەدواوە
قومری بە قووقووی یا کەریم ناڵان
مل بە تەوقی زەوق وەفا بۆ یاران
مەششاتەی سەبا نەشئەی بۆ گوڵشەن
زینەتی دابوو بە بووکی چەمەن
ئەرغەوان تارای سووری لەسەر مل
لەرەی لەرزانەی ئەگریجەی سونبول
شمشاد لە شادی شانەی زولفی یار
نەغمەی مورغی زار، هات لە میرغوزار
سنەوبەر بە ناز سەرویش خەرامان
عەرعەر ڕەقسان بوو یاسەمەن خەندان
بریقەی شەونم بەسەر بەرگی گوڵ
وەک عەرەق لە ڕووی مەحبووبی چ گوڵ
نەرگس پیاڵەی زێڕین بەسەر دەست
لە خەو هەڵستا خومار و چاومەست
سەحنی چەمەنیش بوو بە لالەزار
تێرئاو بە خوێنی عاشیقانی زار
لەم بەزمە هەر کەس دڵێکی هەبوو
وەک بولبول عیشوەی گوڵێکی هەبوو
جێگە و مەکانی هەردوو سارا بوو
مەزەی مەزاقی ناوی لەیلا بوو
پیشەی تێشە و شاخ هەر وەکوو فەرهاد
ناوی شیرینی کە ئەهاتە یاد
ئەمین بوو عاشیق لە وادی ئەیمەن
خاری بیابان بۆی بوو بە گوڵشەن
ئەگەر دەبینی لە مەسافەی دوور
درەختی مووسا هەڵگیرسا لە نوور
چل ساڵە «خادیمتخلص» هەر وەکوو پەرگار
دەورەی ئەم دەشتە ئەدا وەکوو هار