قەسیدەی تەوحید

بەندی یەکەم
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 5 دقیقه  512 مشاهده
بە ناوی خودای زەمین و زەمان
پەناهی بە زاتی ئەمین و ئەمان
بەبێ واسیتە خالیقی ئینس و جان
بەبێ کۆڵەکە ڕاگری ئاسمان
بە کاف و بە نوونێ بوو کافی ڕەشاد
دەلیل کاف، ها، یا و هەم عەین و صادعربی
زەمانێ زەمانە کە نەیبوو ئەسەر
لە عیلم و عەیان زاتی خۆی بوو بەدەر
بە چەندین نەزەر نازیری حوسنی خۆی
بە چەندین تەڵەب تاڵبی ڕووی خۆی
هەتا سڕڕی مەعنا بکا ئاشکار
خەرامان لە پەردەی خەفا بوو دیار
کە ویستی بە مەجمەع بدا فەسڵی شەوق
لە بۆ زاتی خۆی ئیسمی دانا بە زەوق
لە ئیسمی عەیان بوو هەزاران سیفات
سیفاتی حەمیدە لە ئەسمایی زات
لە کافێ نومایان بوو کەون و مەکان
بە نوونێ بوو پەیدا زەمین و زەمان
بە گەردۆش بوو چەرخی فەلەک هاتە کار
بە جونبوش بوو دەریا لە مەوجی کەنار
موحیتی کە خۆی پێ دەپۆشی نیهان
لە هەر قەترەیێ مەوجێ بوو عەیان
لە یەک زەڕڕەی جیلوەی ئافتاب
نومایان ئەبێ جونبوشی پێچ و تاب
لە غیرەت نەوایی بڵند ساز ئەکا
لە خوابی عەدەم خەڵق بێدار ئەکا
لە پەردە سەدایێ کە ئیزهار ئەکا
لە یەک پەردەی پەردە دەمساز ئەکا
لە عەینی سەدا عالەمی جیلوەگەر
لە ئەم جیلوە بوو هەرچی شۆر و شەرەر
هەموو زەڕڕە، هەر یەک بە نەوعێکی ڕەنگ
لە بێڕەنگیی ئەم جیلوەیە بوو بە ڕەنگ
یەکێ ڕەنگی وەرگرت لە بێ ڕەنگەوە
یەکێ ڕەنگی وەرگرت لە نەیڕەنگەوە
یەکێ مات و حەیران و یەک هوشیار
یەکێ بەرقەرار و یەکێ بێ قەرار
یەکێ مەستی هەستی و هەم کیسرەتە
یەکێ مەستی مەیخانەی وەحدەتە
یەکێ عاشیقی سانیعی سینعەتە
یەکێ مائیلی ئالەت و عیللەتە
یەکێ تالیبی غەیرە بێ چون و چەند
یەکێ عاشیقی شاهی بێ چون و چەند
حیجابێکی زوڵماتی ئیمکان لە ڕوو
نیقابێکە بۆ ڕوویی ئەعیان لە توو
هەموو حەپسی مەحسووسی ڕێگا غەڵەت
لە عیلم و لە عیرفان سەراپا غەڵەت
مەگەر خۆی کەسێکی بە لوتفی ئەزەل
لە دەست و لە پێ، هەڵگری قەید و غەل
نەجاتی لە تاریکی موڵکی عەدەم
بدا خۆی بە بەرقی لە نووری قیدەم
بە دەریایەکی قەترە واسیل ئەکا
لە یەک قەترە دەریایی حاسیل ئەکا
ئەکا زەڕڕە قابیلی ئافتاب
ئەکا ئافتابیش لەوا نوور تاب
ئەکا موتتەسیل جوزئی ئینسان بە کول
ئەکا خاری ڕێگا سەراسەر بە گوڵ
لە دڵ ئاگری عەشقی پەنهان ئەکا
بینای هەستی زاتی وێران ئەکا
پەیاپەی خەڵاتی ئەکا دەم بە دەم
بە ڕەنج و عەزاب و بە دەرد و بە غەم
غەم و شادی و وەسڵ و دووری نیگار
هەموو نەشئەی عەشقە وا دێتە کار
لە نەی ناڵە و هەم لە مەی شۆرە عەشق
میسلی شێری مردا فگەنی زۆرە عەشق
قەڵەم هەم زوبان عاجزی شەرحی عەشق
خەجاڵەت ئەبم گەر بکەم مەدحی عەشق
ئەکا قەترە ئاوی بە عەینی گەوهەر
لە یەک قەترەی تر بۆ خەلقی بەشەر
بە بۆنەی سەبا و بە هەوری سەتیر
ئەکا ڕووی گوڵشەن بە میشک و عەبیر
بە مەششاتەی دەستی بادی یەمەن
ئەکا شانە زولفی عرووسی چەمەن
ئەگەر پەنجەی قودرەتی خستە کار
لە بەرگی خەزان دەردەکا سەد بەهار
لە ئاو و گڵی ئادەمی سنعەتی
ئەکا خۆی بەبێ ئالەت و عیللەتی
لە ئەجزایی زاهیر لە پێ تاکوو سەر
ئەزانی کە چۆن خەلقە جنسی بەشەر
وەلی حیسی مەعنا ئەزانێ چییە
بە عەقل و بە مەنتیق سوراغی نییە
لە زاتی بەشەر چەندە حیسی کەمال
موحەڕیک بە نووری سیفاتی جەلال
بە زانینی ئەشیا ڕەئیسێکە دڵ
دڵی مەعنەوی نا و دڵی ئاو و گڵ
ئەدا بەم دڵە هەر یەکێ یەک خەبەر
لە لەمس و لە دین و لە سەمع و بەسەر
لە یەک پارچە گۆشتی زوبانت تەمام
لە ئەسدافی تەحریکە دوڕی کەلام
لە دوو پارچە پێوەی دوو چاوانی تۆ
لە پەردە لەسەر پەردەیە تۆ بە تۆ
ئەوا خەڵقە یەک زەڕڕە ئەجزای نوور
کەوا پێی ئەبینی هەموو شت لە دوور
سەدایی لە هەر کوێت کەوا دێتە گوێ
وەکوو وەحییە نازانی تۆ دێ لە کوێ
ئەچێژی مەزاقت بە زەوقی تەمام
هەموو شیرین و تاڵ و سوێری تەعام
بە لەمسی کە دەستت لە هەرچی ئەدەی
لە نەرم و ڕەق و وشک و تەڕ تێ دەگەی
ئەمانەی وتم حیسی لەفزن هەموو
کە مەعلوومە زاهیر بە زاهیر لە تو
وەلی حیسسی مەعنا شتێکی ترە
لە عەقڵ و لە عیلمی تۆ باڵاترە
لە ئیقلیمی جاندا ئەزانی خەبەر
لە کەون و مەکاندا ئەبینی ئەسەر
بە سەرڕشتەیی عەقڵەوە موتتەسیل
لە هەرچی هەیە ماسیوا مونفەسیل
لە بازاڕی کیسرەت کە کردی ویداع
لە دوکانی وەحدەت نییە بێ مەتاع
ئەکا سەر بە زانۆ لە خەڵوەت سەفەر
بە مەنزڵ ئەگا لەمحەی بێ خەتەر
ئیشارەی عورف نەفسە بۆ ئەمە
کەسێ حیسسی ئاگا بێ لەم دەم دەمە
بناسێ کەسێ نەفسی خۆی پڕ سەفا
ئەناسێ وەها زاتی پاکی خودا
لە بەحری ئەحەد غەرقی مەوجێکە دڵ
لە گوڵزاری ئەحمەد ئەکەم بۆنی گوڵ
لە بەحری فەنا دامەنی تەڕ ئەکەم
تڵووعی لە یەک مەتڵەعی تر ئەکەم