گەورەی زۆردار
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
465 مشاهده
پادشاهێ تێپەڕی ڕۆژێ بە کیبر و ئیفتیخار
شوعلەوەر تاجی موکەللەل بوو بە دوڕڕی شاهەوار
ئیزدیحامی عالەمی بوو هاتوچۆ لەم ڕێگەیە
پیرەزاڵێک و هەتیوێ بوون لە ڕێگا ڕێبوار
ئەم هەتیوە چاوی گەر پێ کەوت بە تاجی پادشا
پێی دەوت ئەی دایەپیرەی پشت خەمیدەی زارزار
شوعلەی ئەم تاجی شایە پێم بڵێ ئاخۆ چییە؟
وا لە تاریکی شەوا شوعلەی وەکوو ڕۆژ ئاشکار
زوو جەوابی دایەوە ئەم دایەپیرە پێی دەگوت
ئەی تۆ هاودەردی منی غەمگین و عاجز لێو بەبار
گەوهەری ئەشکی منە و خوێنی دڵی مەزڵوومی تۆ
وا بە تاجی پادشاهی بۆتە دوڕڕی شاهەوار
وا من و تۆی تەفرە داوە یەک شوان و یەک سەپان
خۆشی بۆ ئەم مەڕگەلە بۆتە سەگ و هەم گورگی هار
تۆ تەماشای قەترەیی ئەشکی هەتیوان گەر بکەی
تێ دەگەی شوعلەی میسالی ئاگرێکە پڕ شەرار
پادشا گەر موڵک و ماڵی بێ حەقیقەت ڕێگرە
بێ عەداڵەت بێ ئەگەر هەر وەک گەدای بێ شەرم و عار
واجیباتی پادشاهان هەروەکوو شوان و مەڕە
پاسەوانی ڕەعیە بێ ئەو هەر وەکوو قەلعە و حەسار
بۆ مەڕان پەیدا بکا هەروەک شوان دایم لەوەڕ
نەک وەکوو گورگی دڕندە بۆ مەڕ و بزنی هەژار