وەزیفەی ناو

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 10 دقیقه  554 مشاهده

133

وەزیفەی ناو ئەو کارە جوێ جوێیانەیە کە ئەیانبینی لە ناو جوملەدا. ناو شەش وەزیفەی هەیە:

1. باسلێکراوی

2. تەواوکەری سەربەخۆ

3. تەواوکەری بەیاریە

4. تەواوکەری باسی ناتەواو

5. تەواوکەری ناو

6. نیدایی

134

بێجگە لە کاری نیداییدا ناو لە هیچی تریانا بەپێی وەزیفەیەوە تووشی هیچ گۆڕانێ نابێ

وەزیفەی باسلێکراوی

135

باسلێکراو §52 ناوی ئەو کەسە یان ئەو شتەیە کە فیعل یان باس خەبەر لە کار و حاڵی ئەدا §54، §55: وەکو،

پشیلە گۆشتەکەی خوارد. بەفر ئەبارێ. شارباژێر خۆشە. مەجۆل باوکی مردووە.

لە جوملەی 1 تا 3دا «پشیلە، بەفر، شارباژێر» باسلێکراون. لە جوملەی چوارەما «باوکی» باسلێکراوی فیعلی «مردووە»یەوە، «مەجۆل» باسلێکراوی باسی «باوکی مردووە»یە.

بۆ تێگەییشتنی وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ، تەواوکەری بەیاریە، تەواوکەری باسی ناتەواو ئەبێ لێرەدا سنفەکانی فیعل بەیان بکەین.

فیعلی موتەعەددی و لازم

136

فیعل دوو سنفی هەیە:

1. فیعلی موتەعەددی کارێ بەیان ئەکا کە لە باسلێکراوەوە تەجاوەزی کەسێ یان شتێکی تر بکا؛ وەکو،

پیاو گۆشت ئەخوا.

لەم جوملەیەدا ناوی «پیاو» باسلێکراوە، «ئەخوا» فیعلە وە ئەم کارە لە «پیاو»ەوە تەجاوزی «گۆشت»ی کردووە. لەبەر ئەوە پێی ئەڵێن فیعلی موتەعەددی.

2. فیعلی لازم کارێ یان حالێ بەیان ئەکا کە لە باسلێکراوە وە ڕاستەوخۆ تەجاوەزی کەسێ یان شتێکی تر نەکا: وەکو،

قەل ئەفڕێ.

لەم جوملەیەدا باسلێکراو «قەل»ە وە «ئەفڕێ» فیعلە وە ئەم کارە لە باسلێکراوا ئەمێنێتەوە وە لێوە ڕاستەوخۆ تەجاوەزی کەسێ یان شتێکی تر ناکا. لەبەر ئەوە پێی ئەڵێن فیعلی لازم.

وەزیفەی تەواوکەری سەربەخۆ

137

تەواوکەری سەربەخۆ §78 ناوی ئەو کەسە یان ئەو شتەیە کە کاری فیعلی موتەعەددی ڕاستەوخۆ تەجاوەزی ئەکا؛ وەکو،

پیاو گۆشت ئەخوا.

لێرەدا «گۆشت» تەواوکەری سەربەخۆی فیعلی «ئەخوا»یە. چونکە ئەم فیعلە موتەعەددی یە لە باسلێکراوی «پیاو»ەوە ڕاستەوخۆ تەجاوەزی کردووە.

138

فیعلی لازم تەواوکەری سەربەخۆی نییە وە نابێ.

وەزیفەی تەواکەری بەیاریە

139

تەواوکەری بەیاریە §78 ناوی ئەو کەسە یان ئەو شتەیە کە کاری فیعلێک بەیاریەی ئەداتێکی تەواوییەوە تەجاوەزی کردووە وە بەم چەشنە مەعنای فیعلەکەی تەواو کردووە؛ وەکو،

من کاغەزێکم بە پۆستەدا نارد. مناڵەکە لە هەیوان نوست.

لەم جوملانەدا ناوی «پۆستە» و «هەیوان» مەعنای فیعلی موتەعەددیی «ناردی» و فیعلی لازمی «نوست»یان بە یاریەی ئەداتی تەواویی «بە» و «لە»وە تەواو کردووە؛ لەبەر ئەمە تەواوکەری بەیاریەیان پێ ئەڵێن.

140

هەموو تەواوکەرێکی بەیاریە بە خۆی و ئەداتی تەواوییەکەیەوە وەکو گرێیێکی زەرفییە §95، §96-6. لە دوو وێنەکەی سەرەوەدا گرێی تەواویی «بە پۆستەدا» و «لە هەیوان» گرێی زەرفیشن.

فیعلی بوون

141

1- فیعلی بوون فیعلێکی لازمە وە ئەتوانێ بوونی کەسێ یان شتێک بەیان بکا لەم کارەیا مەعناکەی وەکو فیعلێکی لازم تەواوە؛ وەکو،

کاڵەک لە بێستان ئەبێ.

لێرەدا «کاڵەک» باسلێکراوە، «لە بێستان ئەبێ» باسە، ئەبێ فیعلی لازمە، «لە بێستان» تەواوکەری بەیاریەتی.

2- یاریەی وتنی شتێک ئەدا لەحەق کەسێ یان شتێکا. لەم کارەیا مەعناکەی ناتەواوە؛ پێی ئەڵێن باسی ناتەواو §95، §67، §77: وەکو،

پاوانەکە زێڕە. پیرۆز نەخۆش بوو.

وەزیفەی تەواوکەری باسی ناتەواو

142

ناوی کەسێک یان شتێک کە مەعنای باسی ناتەواو بەبێ یاریەی ئەداتێکی تەواوی تەواو بکا پێی ئەڵێن تەواوکەری باسی ناتەواو. ئەوانەی بەیاریەی ئەداتی تەواوییەوە مەعنای باسی ناتەواو تەواو ئەکەن، تەواوکەری بەیارییەن §139. وەکو،

عەربەت شار بوو. شوان لەگەڵ ئێمەیە.

لە وێنە یەکەما «شار» تەواوکەری باسی ناتەواوی «بوو»وە لە دووەمە «لەگەڵ ئێمە» تەواوکەری بەیاریەی باسی ناتەواوی «ە»یە.

143

نابێ تەواوکەری باسی ناتەواو لەگەڵ تەواوکەری سەربەخۆ تێکەڵ بکرێن؛ وەکو،

قەل گۆشت ئەخوا. عەربەت شار بووە.

لە جوملەی یەکەما «قەل» باسلێکراوە، «گۆشت» ئەخوا» باسە، «ئەخوا» فیعلی موتەعەدییە «گۆشت» تەواوکەری سەربەخۆیەتی. لە جوملەی دووەما «عەربەت» باسلێکراوە، «شار بووە» باسە، «بووە» باسی ناتەواو، «شار» تەواوکەریەتی. «گۆشت» فیعلی «ئەخوا» تەجاوەزی کردووە، «شار» فیعلی «بووە» تەجاوەزی نەکردووە و هەردووکیشیان بەبێ یاریە مەعنای فیعلەکانیان تەواو کردووە.

وەزیفەی تەواوکەری ناو.

ناوی تەواوکەری ناو.

143

ناوی تەواوکەری ناو ناوی کەسێ یان شتێکە کە بۆ تەواوکردنی مەعنای ناوێکی تر ئەهێنرێتە لایەوە §72-§75. ناوێک ئەتوانرێ بە ناوێک، بە دوو، بە سێ ناو ... هتد. تەواو بکرێ؛ وەکو،

داردەستی زیو ئارەزووی خۆندن کلکی ئەسپی ئاغا

144

ناوی تەواوکەر بە یاریەی ئەداتی تەواویی «ی»یەوە ئەنووسی بە ناوە تەواوکراوەکەوە §76؛ وەکو،

دەفتەری مامۆستا. بای باران. سێوی سەردەشت. مووەی سەر.

145

ئەگەر دوا حەرفی ناوی تەواوکراو «ی» بێ «ی»یێکی کەی لێ زیاد ناکرێ؛ وەکو،

تانجییتانجىى ئەحمەدپاشا

ئەداتی تەعریف لەگەڵ ناوی بەناو تەواوکراو.

146

لە تەواوکراو و تەواوکەر هەر کامێکیان بوەسترێ تەعریف کرێ ئەداتی تەعریف ئەخرێتە پاش ئەوەیان ئەگەر بوەسترێ هەر لووتیان تەعریف بکرێن ئەداتی تەعریف ئەخرێتە پاش هەردووتیان وەکو،

کلیلی دەرگا:

هیچیان تەعریف نەکراون.

کلیلەکەی دەرگا: کلیلێکی دەرگا:

«کلیل» تەعریف کراوە.

کلیلی دەرگاکە: کلیلی دەرگایێک:

«دەرگا» تەعریف کراوە.

کلیلەکەی دەرگاکە: کلیلی دەرگایێک:

هەردووکیان تەعریف کراون.

147

هەندێ جار تەعریفکردنی ناوی تەواوکەر بۆ تەواوکراوەکەش بەسە؛ وەکو،

لەباتی بڵێین:

کلیلەکەی دەرگاکە، کلیلێکی دەرگایێک

ئەتوانین بڵێین:

کلیلی دەرگاکە، کلیلی دەرگایێک

گەلکردنەوەی ناوی بەناو تەواوکراو.

148

ئێمە ئەزانین کە بۆ گەلکردنەوەی ناوێک ئەبێ لە پێشا بە ئەداتی تەعریفی مەعیەن تەعریف بکرێ §126. بەپێی ئەم قاعیدەیە لە تەواوکراو و تەواوکەر گەلکردنەوەی کامیان گەرەک بێ ئەداتی تەعریفی مەعیەنی ئەخرێتە سەر و گەل ئەکرێتەوە §127؛ وەکوو،

کلیلەکانی دەرگا، کلیلەکانی دەرگایێ:

ناوی تەواوکراو گەل کراوەتەوە.

کلیلی دەرگاکان: کلیلێکی دەرگاکان:

ناوی تەواوکەر گەل کراوەتەوە

کلیلەکانی دەرگاکان:

ھەردووکیان گەل کراونەوە

149

هەندێ جار گەلکردنەوەی ناوی تەواوکەر بۆ تەاوکراوەکەش بەسە؛ وەکو،

لەباتی بڵێین:

کلیلەکانی دەرگاکان.

ئەتوانین بڵێین:

کلیلی دەرگاکان.

بەدەڵ

150

بەدەڵ ناوکە کە خرابێتە دوای ناوێکی کەوە بۆ ئیزاحکردنی مەعنای. بەدەڵ هەرچەندە ناوێکە و ناوێکی کەی تەواو کردووە §143، لە مەیانی تەواوکەر و تەواوکراوەکەدا §144 هیچ ئەداتێ نابێ. ناوی بەدەڵدار وزیفەی چ بێ بەدەڵەکەشی ئەو وەزیفەیە ئەبینێ؛ وەکو،

کوێخای دێ مام رەسوڵ هات. تۆ مامۆستام مەلاحمەدت دیوە؟ پوورم لەگەڵ ئاغاژن گێلاس خان بوو.

لەم جوملانەدا «مام ڕەسووڵ» بەدەڵێ «کوێخادێ»یە، «مەلاحمەد» بەدەڵی «مامۆستام»ە، «گێلاس خان» بەدەڵی «ئاغاژن»ە.

151

لە کوردییا ئەو ناوەی بەدەڵی ببێ ئەبێ یان ناوێکی تەواوکراو بێ یان ناوێکی لێکدراو بێ.

وەزیفەی نیدایی

152

ناوی کەسێ یان شتێ کە هەر بۆ بانگکردن و ڕووتێکردن بە کەڵک بهێنرێ و لەگەڵ هیچ فیعلێکا لاقەیێکی نەبێ پێی ئەڵێن نیداکراو؛ وەکو،

کوڕە، تۆ بۆ چی ناچیتە مەکتەب؟ ئەمجارە نۆرەی تۆیە، پشکۆ.

لەم جوملانەدا «کوڕە»، «پشکۆ» نیداکراون.

دوروستکردنی ناوی نیداکراو.

153

1- لە ناوی تاکا:

ء- حەرفێکی «ە» ئەخرێتە دوای ئەو ناوانە کە دوا حەرفیان دەنگییە، ئەو ناوانەی دوا حەرفیان حەرەکەیە هیچ ناخرێتە دوایانەوە؛ وەکو،

کوڕە جووتیارە ئاغا میرزا

ب- هەندێ جار ئەداتی تەعریفی «ەکە» ئەخرێتە دوای ناوەوە؛ ئەمە بۆ نەزاکەت و دۆستی و پاڕانەوە بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

مارفەکە کوڕەکە براکە

ج- هەندێ جار ئەداتی «ئەی» ئەخرێتە پێش ناوەوە؛ وەکو،

ئەی حوکمدار، چی بێ و لە تۆ نەهێنی بێ؟

د- ئەتوانرێ ناو بەبێ ئەدات و حەرفی زیادیش نیدا بکرێ؛ وەکو،

شوان، ئەم ڕێیە بۆ کوێ ئەچێ؟ خەسوو، تۆ بۆچ لەگەڵم ناڕێکی؟ خورشید، دایکم بانگت ئەکا. نەریمان، لە کوێ بووی؟

2- لە ناوی گەلا-

ئەبێ لە پێشا ناوەکە بەبێ ئەداتی تەعریف گەل بکرێتەوە، لە پاشا «ا»ی ئەداتی گەل بگۆڕرێ بە «ی» و حەرفێکی «ە» لەدوای «ن»ی گەلەوە دابنرێ؛ وەکو،

ناوی تاکناوی گەلناوی نیداکراو
شاگردشاگردانشاگردینە
پیاوپیاوانپیاوینە
ئاغائاغایانئاغایینە

لەگەڵ ئەمەشا ئەتوانرێ ئەداتێکی «ئەی»یان بخرێتە پێش؛ وەکو،

ئەی شاگردینە، دەمی تێکۆشینە.