ناو

از کتاب:
دەستووری زمانی کوردی
اثر:
توفیق وهبی (1891-1984)
 9 دقیقه  1048 مشاهده

101

ناو کەلیمەیێکە کە بۆ ناولێنانی کەسێ یان شتێک بە کەڵک ئەهێنرێ.

سنفەکانی ناو

102

ناو دوو سنفی هەیە:

1- ناوی تایبەتی

2- ناوی هەموو

103

ناوی تایبەتی ناوی کەسێ یان شتێکی تایبەتییە؛ وەکو،

حەمە گۆیژە هەڵەبجە حاجی قادر سەرشەقام

بە هەموو پیاوێ نابێژرێ «حەمە»، بە هەموو شاخێ نابێژرێ «گۆیژە»، بە هەموو شارێ نابێژرێ «هەڵەبجە»، بە هەموو کەسێ نابێژرێ «حاجی قادر» وە بە هەموو گەڕەکێ نابێژرێ «سەرشەقام».

104

ناوی هەموو ئەوەیە کە بە هەموو ئەو کەس و شتانە کە جنسیان یەکە ئەبێژرێ، وەکو:

پیاو خانوو بارەدار

بە هەموو پیاوێک ئەبێژرێ «پیاو»، بە هەموو شێرێک ئەبێژرێ «شێر»، بە هەموو خانوویێک ئەبێژرێ «خانوو» وە بە هەموو بارەدارێک ئەبێژرێ «بارەدار».

ناو ئەتوانرێ لەسەر هەندێ سنفی کەش جوێ بکرێتەوە

105

ناوی مەعنەوی، ناوی خاسییەتێک یان بیرێکی هەموویی بەیان ئەکا؛ وەکو،

ترس تا لەرز زەردی ئازایی

106

ناوی مەسدەر ناوی کارێ یان حاڵێکە؛ وەکو،

هەلووکێن فێڵبازی کرێکاری ڕەشی زەردی هاتن نووسین بوون

107

ناوی کۆمەڵ بە ناوێک ئەڵێن کە هەرچەندە شکڵەکەی تاک بێ، بەڵام کۆمەڵێکی کەس یان شت ئەهێنێتە بیر؛ وەکو،

لەشکرەکە گەییشتە جێ. ڕانەکە گەڕانەوە ناو دێ.

لێرەدا «لەشکر» گەلێ سوپایی، «ڕان» گەلێ مەڕ و بزن یێنێتە بیر.

جنسی ناو

108

مەعنای ناوی گیاندار دوو جنسی هەیە: جنسی نێر، جنسی مێ؛ وەکو،

ئەسکەندەر پیاو باوک ئەسپ

لە جنسی نێرن.

خونچە پوور خوشک مایین ماکەو

لە جنسی مێن.

109

لە کوردییا ناو بەپێی مەعنایەوە بێجگە لە §114 و §115 حاڵی بانگکراوی تووشی هیچ موعامەلەیێکی تایبەتی نابێ و نێر و مێیی مەعنای ناو تەئسیر لەسەر پارچەکانی تری قسە ناکا . بەڵام لە گەلێ زمانەکانی ترا جنس تەئسیر لەسەر ناو، بۆناو، سفەت، فیعل وە زەرف ئەکا.

ئەداتی تەعریف

110

ئەداتی تەعریف ئەوەیە کە ئەخرێتە دوای ناوەوە بۆ جوێکردنەوەی مەعنای ناوێک لەناو هاوچەشنی خۆیا؛ وەکو، ئەگەر بڵێین:

پیاو ڕیشی هەیە.

ناوی پیاو تەعیرفنەکراو ئەبێ، چونکە لە مەعناکەی هەموو پیاوی دنیا یێتە بیر، بەڵام ئەگەر بڵێن:

پیاوەکە ڕیشی هەیە.

ناوی «پیاو» تەعریفکراو ئەبێ، چونکە لە مەعناکەی هەموو پیاوی دنیا نایێتە بیر؛ هەر ئەو پیاوە یێتە بیر کە لامان مەعلوومە. وە ئەگەر بڵێین:

پیاوێ ڕیشی هەبوو.

دیسانەوە ناوی «پیاو» تەعریفکراو ئەبێ، چونکە لە مەعناکەی هەموو پیاوی دنیا نایێتە بیر، بەڵام ئەم تەعریفە بە جۆرێکی نامەعیەنە. وە وا ئەبینرێ کە ناو بە دوو چەشن تەعریف ئەکرێ و لەبەر ئەوە دوو چەشن ئەداتی تەعریف هەیە.

1- ئەداتی تەعریفی مەعیەن

2- ئەداتی تەعریفی نامەعیەن

111

ئەداتی تەعریفی مەعیەن «ەکە»یە وە وەکو لەژێرەوە پیشان دراوە ئەخرێتە دوای ناوەوە.

112

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە دەنگی بێ یان حەرەکەی «وو، ی» بێ ڕاستەوخۆ ئەداتی «ەکە» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

بەرد: بەردەکە باخ: باخەکە کاهوو: کاهووەکە ماسی: ماسییەکە

113

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە حەرەکە بێ؛

1- حەرەکەی «ە» بێ یەکێ لە «ە»کان هەڵئەگیرێ؛ وەکو،

کوندە: کوندەکە هیزە: هیزەکە

2- حەرەکەی «ا، ێ، ۆ» بێ:

ا- ناوەکە یەک هیجا بێ

«ی»یێک ئەخرێتە پێش «ەکە»وە؛ وەکو،

گا: گایەکە دێ: دێیەکە دۆ: دۆیەکە

ب- ناوەکە دوو هیجایی بێ:

«ە»ی «ەکە» فڕێ ئەدرێ؛ وەکو،

کابرا: کابراکە هەرمێ: هەرمێکە پەڕۆ: پەڕۆکە

3- حەرەکەی «وێ، ۊ» بێ، «ی»یێک ئەخرێتە پێش «ەکە»وە، وەکو،

گوێ: گوێیەکە دەزۊ: دەزۊیەکە

114

هەندێ جار بەتەنیا حەرفێکی «ە» بۆ نێر و حەرفێکی «ێ» بۆ مێ وەکو حەرفێکی تەعریفی مەعیەن بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

کوڕە تاسایەوە؛ کوڕەکە تاسایەوە. پوورێ هاتەوە؛ پوورەکە هاتەوە.

ئەمانە زۆر کەم بە کەڵک ئەهێنرێن، بەڵام لە دوای ئەو سفەتانەوە کە وەکو ناو بە کەڵک ئەهێنرێن زۆرتر ئەبینرێن؛ وەکو،

سەوزە سەوزێ چل گەز ڕیشە چاوبەخومارێ

ئەداتی تەعریفی نامەعیەن

115

ئەداتی تەعریفی نامەعیەن «ێ» یان «ێک»ە، و بە چەشنێ کە لەژێرەوە پیشاندراوە ئەخرێتە دوای ناوەوە.

116

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە حەرەکە بێ «ی»یێک ئەخرێتە مەیانی ناوەکە و ئەداتی تەعریفی نامەعیەنەوە، وەکو:

برا: برایێ، برایێک کوندە: کوندەیێ، کوندەیێک هەرمێ: هەرمێیێ، هەرمێیێک پەڕۆ: پەڕۆیێ، پەڕۆیێک گەروو: گەروویێ، گەروویێک گوێ: گوێیێ، گوێیێک دەزۊ: دەزۊیێ، دەزۊیێک

117

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە «ی» بێ «ی»یێکی کەی لێ زیاد ناکرێ؛ وەکو،

ماسیماسىى: ماسییێماسىىێ، ماسییێکماسىىێک

118

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە دەنگی بێ هەر «ێ» یان «ێک» بە کەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

پیاو: پیاوێ، پیاوێک مریشک: مریشکێ، مریشکێک

119

ئەگەر لەدوای ناوەکە یەکێ لە بۆناوە پێوەنووساوەکانی «م، ت، ی، مان، تان، یان» گەرەک بێ، هەر ئەداتی «ێک» بە کەڵک ئەهێنرێ و بەپێی حەرفی دوایی ناوەکە بە وێنەی دوو مادەکەی پێشەوە موعامەلەی لەگەڵ ئەکرێ؛ وەکو،

پیاوێکم کوندەیێکی پەڕۆیێکمان مەڕێکتان

120

ئەگەر لە دوای ناوەکە ئەداتی تەواویی «ی» یان ئەداتی یەکخەری «و» ببێ وەکو ٪119 موعامەلەی لەگەڵ ئەکرێ؛ وەکو،

پیاوێکی چاک بزنێک و مەڕێ هەرمێیێکی گەنیو

ژمارەی ناو

121

ژمارە خاسییەتێکی ناوە کە تاکی و گەلی پیشان ئەدا.

122

لە کوردییا ناو دوو ژمارەی هەیە:

1- ژمارەی تاک

2- ژمارەی گەل

123

ژمارەی تاک هەر تەنیا کەسێ یان شتێک پیشان ئەدا؛ وەکو،

پیاوەکە، پشیلەکە پیاوێک، پشیلەیێ

124

ژمارەی گەل لە یەکێ پتر کەس یان شت پیشان ئەدا؛ وەکو،

پیاوەکان، پشیلەکان ئەم پیاوانە، ئەم پشیلانە

125

ئەو ناوانەی ژمارەیان تاکە پێیان ئەڵێن ناوی تاک و ئەو ناوانەی ژمارەیان گەلە پێیان ئەڵێن ناوی گەل.

گەلکردنەوەی ناو

126

جاران لە شێوەی سلێمانیشا وەکو ئێستا کە لە گەلێ شێوەکانی ترا ئەبینرێ ناو ڕاستەوخۆ ئەداتی گەلی ئەخرایە دواوە و گەل ئەکرایەوە. بەڵام ئێستا لە شێوەی سلێمانییا بۆ گەلکردنەوەی ناوێ ئەبێ ئەداتی تەعریفی مەعیەنی لەگەڵ بێ یان سفەتی ئیشارەتی «ئەم ... ە» یان «ئەو ... ە»، وەکو ئەگەر بڵێن-

باخەوانەکە دار ئەبڕێتەوە.

لە ناوی «دار» دارێک و گەلێ داریش یێتە بیر، چونکە لە §110دا وتوبوومان کە ناوێکی بێ حەرفی تەعریف دەلالەت لە جنسی خۆی ئەکا. لێرەدا «دار» خۆی و چەندی مەعلووم نییە. لەبەر ئەوە بۆ گەلی پێویست نییە بڵێن:

باخەوانەکە داران ئەبڕێتەوە.

127

لە کوردییا ئەداتی گەل «ان»ە وە وەکو لە خوارەوە نووسراوە ئەخرێتە دوای ناوەوە.

128

ئەگەر ناوەکە ئەداتی تەعریفی مەعیەنی لەسەر بێ ئەداتی گەل ئەخرێتە دوای ئەمەوە؛ وەکو،

کەوشەکە: کەوشەکان

129

ئەگەر ناوەکە سفەتی ئیشارەتی لەگەڵا بێ لە پێشا گەل ئەکرێتەوە و ئنجا سفەتە ئیشارەتییەکەی ئەخرێتە پاڵ؛ وەکو،

ئەم کەوشە: ئەم کەوشانە ئەم کەندووە: ئەم کەندووانە

130

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە دەنگی بێ ڕاستەوخۆ «ان» بە کەڵک ئەهێنرێ. وەکو:

ئەم پیاوە: ئەم پیاوانە ئەم بەردە: ئەم بەردانە

131

ئەگەر حەرفی دوای ناوەکە حەرەکە بێ:

1- حەرەکەی «وو، ی» بێ؛ دیسانەوە ڕاستەوخۆ «ان» بەکەڵک ئەهێنرێ؛ وەکو،

ئەم کەندووە: ئەم کەندووانە ئەم تانجییە: ئەم تانجییانە

2- حەرەکەی «ە» بێ ئەم حەرەکەیە فڕێ ئەدرێ؛ وەکو،

کەوشەکە: کەوشەکان کوندە: ئەم کوندانە

3- ئەگەر حەرەکەکانی تر بن، «ی»یێک ئەخرێتە دوایانەوە؛ وەکو،

برا: ئەم برایانە هەرمێ: ئەم هەرمێیانە پەڕۆ: ئەم پەڕۆیانە ئەسکوێ: ئەم ئەسکوێیانە

132

ناوێ سفەتی ژمارە و سفەتی موبهەم و سفەتی پرسی لەسەر بێ، گەل ناکرێتەوە؛ وەکو،

چوار پیاو هەندێ مناڵ چەند کارەکەر؟