گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم
از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
2 دقیقه
5442 مشاهده
گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم
ئاخ لەبەر بەختی سیا! نازانم ئەز بۆچ نامرم؟
هەر کە دەتبینم دەڵێی تۆ شەم و منیش پەروانەتم
تا سەراپا نەبمە کۆی زووخاڵ قەد ئارام ناگرم
هەر ڕەگم تارێکە ناڵەی دێ لە شەوقی ڕوویی تۆ
عەندەلیبم، موتریبم، خۆشخوانی گوڵ ڕامشگەرم
زولف و ڕوو، باڵا و ئەبرۆ و خەتت و خاڵ و چاوی کاڵ
لەو تەلیسمی حەوت خوان زۆر موشکیلە ڕۆح دەربەرم
عەکسی زولف و ڕووتە مایەی جۆششی گریانی من
چ بکەم ئاخر چاو پڕاوی دوودی عوودی مەجمەرم
حەقمە خوێن بگریم لە بێدادی خەت و جەوری نیگا
من کە گیرۆدەی فەڕەنگ، یەخسیری دەستی کافرم
پێکەنینت جەزبی کردم بۆ سەر و زولفی سیاهـ
تووتیی شیرین کەلام پابەندی داوی شەککەرم
گاهـ پەرێشانی ڕوخ و گا دڵشکستەی قامەتم
هەر وە زولفی تۆ دەچم سەرگەشتە و سەوداسەرم
گەر بە ناز هەر دەمکوژی با تێر ببینم چاوەکەت
لێم گەڕێ جارێ بە کووچەی مەیفرۆشان ڕابرم
دوور لە تۆ زۆر بێقەرار بووم تا بە لوتفی چاوەکان
زەحمەتت دا بەر تەبیبان هاتی ئەمڕۆ چاترم
حاسڵی سەیر و سلووکم بوو بە خەندەی زاری تۆ
گەهـ بەقا، گاهێ فەنا، گەهـ غائیب و گەهـ حازرم
زاهید ئینسافت هەبێ، تۆ چت لە ڕەندی بادەخوار؟
تۆ و بەهەشت، تۆ و حوور و غیلمان، ئەمن و چاوی دڵبەرم
وەک وەفاییتخلص دڵ بدە دین دانێ بۆ ساحیب دڵێک
دا بزانی بۆ چی من عاشق بە حوسنی مەزهەرم