شەو لە خەودا من چرا بووم دڵ چرا بوو جان چراغ
از کتاب:
دیوانی وەفایی
اثر:
وفایی (1844-1902)
2 دقیقه
5685 مشاهده
شەو لە خەودا من چرا بووم دڵ چرا بوو جان چراغ
ئەی لەبەر عەیشی شەوی دی جان چرا جانان چراغ
گەهـ فریشتە، گەهـ پەری، گەهـ حۆری عین گاهێ مەلەک
گەهـ قەمەر، گەهـ موشتەری، گەهـ ڕۆژ، گەهێ ڕەخشان چراغ
ڕەنگ بە ڕەنگ زولفی درەوشان دەم بەدەم ڕووی خۆی نواند
چلچرا یا شەو چرا بوو؟ یا بە سەد ڕەنگان چراغ؟
ڕووی لە تاتا زولفی دەرخست هاتە سەر ڕووی مەرحەمەت
نەوبەهار بوو، شەو بەهار بوو، وا کە داییسان چراغ
ڕوو لە حەلقەی تاری زولفان، دەم لە فرقەی پێکەنین
وەک لە کن کانی حەیاتێ، شەو هەزار تابان چراغ
ڕەونەقی حەوت ئاسمان و زینەتی ڕوویی زەمین
هەر وەکوو بۆ شانشین و مەنزڵی شاهان چراغ
تابی سونبوڵ، تابشی گوڵ، نیم نیگاهی چاو خومار
نەشئە بەخشا، جان فەزا، وەک شەو لە مەیخانان چراغ
عەکسی ڕووی ئارایشی زولف و خەت و خاڵان دەدا
وەک لە گوڵشەن گوڵ چرا بێ، سونبول و ڕەیحان چراغ
شەوقی دامێ ڕووی دە من کرد، دیم شەوم لێ بۆتە ڕۆژ
من دەسووتام، من عەجەب مام! من چرا بووم یان چراغ؟!
دڵ لە لایێ، تەن لە لایێ وەک نەیستان ئاوری گرت
مەسجید و دەیر و کلیسا ماوە پڕ تابان چراغ
دار و بەرد وەک من دەسووتا، دەر نەما، ئەیوان نەما
زاهیر و باتین چرا بوو، دەر چرا ئەیوان چراغ
زولفی تۆ و ڕوخساری تۆیە؟ یا شەوم ڕۆژی ویسال؟
ڕوویی تۆ و باڵایی تۆیە؟ یا لە سەروستان چراغ
من ئەوا مەست و نەزان بووم، بۆ لە داغی باغی ڕووت:
گوڵ وەکوو بولبول دەسووتا تەرزی پەروانان چراغ
ناگەهان دڵبەر نەهان بوو، بوو بە ڕۆژی ڕەستەخێز
کەف زەنان مەیخوارە، وێران مەیکەدە، گریان چراغ
شەعشەعەی خورشید نیهان بوو، لاڵ و کەڕ بوو نیلوفەڕ
مات و خامۆش ما وەفاییتخلص وەک سەحەرگاهان چراغ