ئەگەر شەو ڕۆشنایی بێ، لەبەر نووری قەمەر زاهیر

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  694 مشاهده
ئەگەر شەو ڕۆشنایی بێ، لەبەر نووری قەمەر زاهیر
دەکا پێشانییی یارم لە دەیجوورا سەحەر زاهیر
بە سەهلی تێ مەگەن یاران! غوباری مەقدەمی دڵبەر
بە مادەرزادی ئەعما، گەر بکا نووری بەسەر زاهیر
نیشانەی کەوسەر و خولدە، زەمانی وەسڵی دڵدارم
لە ئەوزاعی فیراقا، هەر مەکان، شێوەی سەقەر زاهیر
بڵێن ڕەحمێ بە دڵ کا، مونقەتیع بێ عیشوەیی چاوی
لە پەیکانی نیگاهی، هەر تەرەف، ڕێگەی گوزەر زاهیر
موهەییایە مەکانی نەونیهالی قامەتی سەروی
لە دیدەی ئینتیزاری، ڕۆژ و شەو عەینی سەمەر زاهیر
دەڵێن: حاشا لە سۆزی دڵ دەکەی، ئەی زاهیدی کەودەن!
شیکاف کەم پەردەیی سینەم، ببێ شەمعی فەنەر زاهیر
نیگاهی ئیسمی خۆی هەڵکەند بە چالاکی لەناو دڵما
لە ئەڵماسی موژەی بۆ نیکتە کاووشی هونەر زاهیر
ئیحاتەی سەروی داوە ئەژدەها، یاران تەماشا کەن
بە حەلقەی خۆی دروستی کرد، لە قامەتیا کەمەر زاهیر
لەبەر تیری نیگەهـ سالمتخلص! چلۆن ماوە دڵی زارت؟!
دەکا ئیمایی دڵبەر خوێن لەناو قەلبی حەجەر زاهیر