چیرۆکی خۆش

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 14 دقیقه  2761 مشاهده
ئەیلوولی ساڵی شەست و یەک
هاتمە دەرێ، دەستم دا چەک
دایکم بە گریان کەوتە دووم
بەڵام من دەربەستی نەبووم
گەڕامەوە گوتم دایە
ئەو گریانە بەکار نایە
تا ئەوڕۆ من کوڕی تۆ بووم
ئەوڕۆش وا لە خەم خەلەستووم
ئیتر کوڕی کوردستانم
دایه قەزای تۆش لەگیانم
تەمەنم ببووە حەڤدە ساڵ
نە قەیرە بووم نە زۆر مناڵ
تازە چەند دنکێ گەندەموو
لە لاچاوم پەیدا ببوو
بە مووکێش هەڵم دەکەندن
گەلێ جار دەمزانی چەندن
هاتن گوتیان لەو سەرانە
شەڕ و هەڵڵا و پێک دادانە
کورد و عەرەب لێک ڕاساون
پیاو لە ماڵاندا نەماون
دەستم بۆ ئیشێ نەدەچوو
ئاگرێک هات و تێم بەربوو
هەڵگیرا سەبر و قەرارم
خوێن دەکوڵێ لەناو دەمارم
جا بۆیە هەر چەند پاڕاوە
جوابی دایکم هەر نەداوە
جلک و نان و هێندێ پەنیر
لە پارەش ئەوی کەوتە گیر
دەستم دایه بەرەو بنار
ئاوڕیشم دەداوە جار جار
هەتا ئاوا بووم لە بستوو
دایکم چاوی هەر لەمن بوو
هەست شتێک نییە بسرەوێ
منیش ئەگەر ڕاستت دەوێ
کە دیتم دایکم دامابوو
گریانم لە ئەوکێ مابوو
ملی ڕێگەم گرت و هاتم
ڕۆیشتم بەرەو ئاواتم
هەتا گەیمە لای چەکداران
لە پێ دەکەوتم ئێواران
کە چووم چەک نەبوو بم دەنێ
بێ چەک من نەبووم بەتەنێ
لەناو ئەشکەوتێ دایان نام
سارد و سڕ و چۆل و بەسام
گوتیان تۆ لێرە چای لێ نێ
یەکیش دێ ئاوت بۆ دێنێ
هێز و لق و پەل هەر نەبوو
هەرچی با مەفرەزێک دەچوو
خوا و ڕاستان وا ڕێک کەوت
قافڵە هات لە بۆسەی کەوت
جەماعەت دەستیان ڕێ خستن
وەک سڵقی رووتیان لێ کردن
ئەوجار گرتی بەختی چەوت
تفەنگ وە بەر منیش کەوت
دەتگوت خوا خەنیی کردووم
چونکە هەر چەک بوو ئارەزووم
ئەوجار لەگەڵ دوو خزمی دوور
بووینە نەفەری حەمەسوور
حەمەش چی؟ وەک شێری پرچن
ئازا، بەڵام تووڕە و تۆسن
هەر مەفرەزەیەک دەردەچوو
کاکی خۆتیان هەر لەگەڵ بوو
نە نادیم دەهێشت نە مەخفەر
خەویان نەبوو شووتی و عەسکەر
بۆ پارێزی نیوەشەوێ
کێ هەبوو وە پێش من کەوێ؟
زۆر جار لە سەنگەر هەڵ دەستام
لە پێش دەبابەی دەوەستام
ئاوا تێپەڕی چەند بە چەند
هەتا جاشەتی پەرەی سەند
ئەو دنیا بێ سەروبەرە
پڕ بوو لە سەیر و سەمەرە
هێندێ بێ کارەی هەڵمساو
لێک کۆوەبوون بۆ چاو و ڕاو
جەلە دەبوون نە یەک نە دوو
لەبەر وان ڕێگەی کەس نەبوو
گەنج دەڕۆین لەدوای پیری
خۆیان دەکوتا بۆلای میری
هەر جاش بوو لەجاش هەڵدەنگوت
هەرژیەکەی لەلایەک دەیگوت:
قوربان جا سێ چوار چەتە چن
تەنبێ کردنیان لەسەر من
لە تۆ سندوقی سەر بەمۆر
چەکی زۆر و دیناری بۆر
کورد کوشتن خەمی ئێمە بێ
قوربان خەمی هەندێت! نەبێ
هەر ئەو بەڵێنی پێ دەدان
دەبوو بە جیفڕک لێدان
لەسەرا دەهاتنە دەرێ
ئەوجار کێ بێ و باریان بەرێ؟
وێکڕا بە دەشتێ وەر دەبوون
لە مەی بێ تاوان بەر دەبوون
شەڕی وانم پێ گران بوو
دەنا عەسکەرم بە ملان بوو
تا ڕۆژێک بەری بەیانی
لە سەنگەردا هێندەم زانی
گرمەیەک هات لە لای ژوور و
لەو جێی حەمە سوری لێ بوو
هەژاندی دەوروبەری من
گڵ وەری لە پشت سەری من
دوای ویش تەقە دەستی پێ کرد
هەر چوار دەورەی گیرا بوو گرد
شەو کە پێشمەرگە خەوتبوون
جاش لە گردی سەرکەوتبوون
هجوومیان هێنا چ هجووم؟
من کەم لە شەڕی وا کەوتووم
لە پێشدا هەر بە نارنجەک
دوایی بە هەموو جۆرە چەک
شوێنی مەیان دا بەر دەستڕێژ
بە عوقدە دوو، بۆمبیان هاوێژ
تۆزی هاوەن و ئارپیچی
وابوو کەس کەسی نەدەدی
جاش دەهات و عەسکەر لەدوو
باب ئاگای لە کوڕی خۆی نەبوو
شەڕ بو هەتا نوێژی شێوان
بار نیشتبوو لەسەر لێوان
لە تینوان و لە بێ ئاوی
بۆسۆم دەهات لە هەناوی
تاریکان هیمداد گەیشتێ
جاشی داگرتن لە پشتێ
جەنگەی سێرە هەڵگیرانێ
جێی جاشان کەوتە نێوانێ
ناچار بوون کشانە دواوە
بەڵام شەڕە تۆپ هەر ماوە
شەو تاریک و ئەنگوستە چاو
جەماعەت وا پرش و بڵاو
چۆن هەواڵێکیان بزانم؟
هەر لێی گەڕێم؟ چۆن دەتوانم؟
لایەک وا ماندوو کە لەلا
لایەک نیگەرانی ئەولا
خەیاڵات نەیهێشت بخەوم
ناچار بووم هەستم سەرکەوم
لایتم هەڵگرت و چووم گەڕام
بەڵام خۆزگە هەر نەچووبام
لەوجێی نارنجەک تەقیبوو
پێ چاڵێک عەرزی دڕیبوو
ئەو تەرمانەی لە ڕێوە دیم
یەک حەمە سوور بوو، یەک سەلیم
هەردووکیان زێدە ئازا بوون
هەر پێکەوەش دەستەبرا بوون
ئیتر هێزی ئەژنۆم نەما
بە چەپۆک بەسەر خۆم دادا
هەر لێرە و کوژراو ئەوەندە
خوایە لە جێگەی تر چەندە
شەو تا سبەینێ نیوەڕۆ
هەر ئاڵۆزی بوو هاتوچۆ
لایەک قوڵکە هەڵدانەوە
لایەک تەرم هێنانەوە
٭٭٭
دەردم تا بڵێی گرانە
بەڵام هەر وەک گوتویانە:
شەم دەشسووتێ و هەر خامۆشە
زۆر گوتن هەر قورعان خۆشە
من لەدوای شەڕی ئەو شەوە
جێی حەمە سوورم گرتەوە
هەڵدەسووڕام من لەو چاتر
هەر ببوومە پارچێک ئاگر
بە ڕۆژ لەوسەر، بە شەو لەوبەر
دەچوومە سەر نادی و مەخفەر
بۆ سەر هەر نوختەیەک دەچووم
یەکەم نەفەر هەر بەخۆم بووم
کە گوللە دەهات لە پەستا
من چاکتر ڕقم هەڵدەستا
وەک گورگ بۆ خشپەی دەچووم
دەربەستی مردن هەر نەبوم
هێندەی دەسڕێژیان لێ کردم
هەر پێوەبووم و نەمردم
بەوەی کەم لە گوێن کەس نییە
نەمدەزانی ترس چییە
دەمگوت: چ ماڵ بێ، چ گیان بێ
بە قوربانی کوردستان بێ
لەو ناوچەدا هێزی دوژمن
نەترەی چووبوو لە ترسی من
لەناو قشڵە لەناو سەنگەر
خەویان نەبوو جاش و عەسکەر
ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی قاڵ دەبووم
بەسەر جەبهەیدا زاڵ دەبووم
وەرە سەیری کە لەوساوە
گوللەم لە سینگیدا ماوە
کون کونن ڕان و تەنیشتم
بوونە بێژنگ سینگ و پشتم
شەڕ درێژ بۆوە چەند بە چەند
هەر هات و شۆڕش پەرەی سەند
ئەوجار لەشکر تەنزیم کرا
هێز و بەتالێون داندرا
هەڤاڵەکانی خۆم بە گەل
ناویان لێ هێنام بۆ سەر پەل
چونکە گەلێک بۆیان چا بووم
لەگەڵیان هەر وەک برا بووم
من خزمەتی وانم دەکرد
فەرمانی هەمووانم دەبرد
پلەی سەر پەلیم پێ درا
بەڵام ئەرکیشم زیاد کرا
لە هەر چوارلام ئەبەرەوبەر
یان جاشی لێ بوو، یان عەسکەر
شەو و ڕۆژ تەقە و گرمە بو
قەت من هەدادانم نەبوو
زۆر پێ نەچوو لەدوای ئەوە
دەنگۆیان بڵاو کردەوە
دایکم بە فەتای زەردوویی
خەبەری هات بە مردوویی
پێم نەکرا بچمەوە کنی
بۆ دەرمانی، بۆ ناشتنی
گوتیان: ئاخری خەمان بێ
گوتم: فیدای کوردستان بێ
٭٭٭
هەروا چوو نە ساڵێ نە دوو
هەر هات و شەڕ گەرمتر بوو
میری لە کوێی هجووم دەکرد
شۆڕش هێزی بۆ وێ دەبرد
وا بوو لە ناوچەی جەباری
ناردیانمە هێزی ڕزگاری
پەلێک هەمووی کوڕە کوڕە
وەک هەڵۆی ئەو چیا و چڕە
تەقە بۆ وان لایی لایی
شەڕ بۆ وان گۆڤەند و شایی
حەوتێک شەڕ بوو بەڵام چ شەڕ
شەڕێکی دژوار و بەدفەڕ
میری چەندی کرد و کراند
هەر چەند گوللە تۆپی باراند
پێی نەکرا بستێ بێتە پێش
هەر کەلاکی کردن ڕاکێش
لە ڕۆژی حەوتەم بەدواوە
میری هێزی خۆی کێشاوە
بەڵام دوای ئەوەش نەسرەوت
کاتێک لەوێ سەر نەکەوت
لە ڕزگاری و لە شارباژێر
ڕووی کردەوە دەشتی هەولێر
لەوێش بەینێک بە خۆیدا هات
تا وەک وێ کرد شڕ و شاڵات
لەشکر هات وەک گورگی برسی
بێستانەی خستە مەترسی
لەو خوارە لەو دەشتە پانە
مەقەڕی هێز بوو بێستانە
ئەوجار دەبوو لێرە و لەوێ
کۆمەک بۆ وێ وەڕێ کەوێ
لە هێزەکان چ لق، چ پەل
داوایان دەکرد بەبێ تەل
بەڵام ئەویش بە زۆر نەبوو
هەر کەس داوخواز بایە دەچوو
لەوێش پەلی ئێمە یەک جێ
گوتیان ئێمە ئەچینە وێ
٭٭٭
لەدوای شووشتنی شتومەک
سازکردنی چەک و فیشەک
نەمان هێشت حەوتوو تێپەڕێ
بۆ دێگەڵە کەوتینە ڕێ
جێی ویش کەوتۆتە بناری
بەینی هەیە هەتا شاری
یەکشەممە شەڕ دەستی پێ کرد
وەک یەک دەسووتا دەشت و گرد
گوتم شەڕ بەڵام مەحشەر بوو
مردن هات و پێمان وەربوو
حەز ناکەم هیچ بشێرمەوە
بەڵام چۆنی بگێڕمەوە
لە تەنیشتێ و لە ڕووبەڕوو
گوللە دەهات و خوێن دەچوو
بۆمبا لە فڕۆکە دەترازا
تخێڵ دەبوون مێری ئازا
ڕەنگی مێرخاسان چڕژابوو
هیوای ژینێ زۆر کەم مابوو
لەبەر تۆز و دووکەڵی تانک
نە ئەستێرە دیار بوو نە مانگ
ڕۆژ لە قیڕی وەردرابوو
سێره بە ڕۆژیش نەمابوو
چوار دەورەی دەشتێ سەنگەر بوو
گوللە لە ناویان تەتەر بوو
دۆشکە دەلەرزی و دەڕشاوە
چی خواردبووی دەیهێناوە
ئەودەم کوڕان تێک دەخوڕین
گوللە تیژتر تێ دەپەڕین
ساروخ ئەو دەشتەی دەکێڵا
ئاسن گۆشتی هەڵدەشێلا
بازاری گوللە بە برەو بوو
وتەبێژی هەمووان ئەو بوو
بۆ ناو کەندی، بۆ نادیاری
نارنجەک دەبوو بە دیاری
زمان ویشک و گەروو تاڵ بوو
هەر لێ کوژراو بێ خەیاڵ بوو
ئەو جێی تانک ڕێی تێ نەدەبرد
تۆپ لەوێ سمکۆڵی دەکرد
هەموو جێ ترسی لەسەر بوو
هەر کەس خەمی خۆی لەبەر بوو
٭٭٭
پەلی ئێمە و عەلی بڕنو
دێگەڵەمان لەدەس دابوو
دێگەڵە بنارەو بنار
گوند و لە گوندی بەرەو خوار
جادەمان هەر دابێشتبوو
هێندەمان مین لێ ناشتبوو
تەقینەوە زۆر جار دەبوو
بەڵام پێشمەرگە دیار نەبوو
نەبوو عەسکەر هاتبا و چووبا
لە بۆسە ڕزگاری بووبا
پێشمەرگە ئاوا بە جەرگە
بۆیە ناویان نا پێشمەرگە
کێ بێ و لاوی وای خۆش نەوێ
یاخوا دەردی وە من کەوێ
سەنگەر دوو پێشمەرگەی بەس بوو
جێی هەرە گرینگ سێ کەس بوو
بەڵام مەڕوانە ژمارە
پێشمەرگە یەک بە هەزارە
شەڕێکی زۆر بەربڵاو بوو
بەڵام هەر چی بوو تەواو بوو
سرووشتی شەڕ هەر وا بووە
ماڵوێرانی هەر لەدووە
شەڕی ئەوجاریش هەر وابوو
خوێن بوو، تەرم بوو، بەڵا بوو
بەڵام سەرەڕای ئەوانە
دەمانگوت: بۆ کوردستانە
ئەوەندەی بوو هێزی میری
نەهاتی هات بەرەوپیری
لەوێش دیسان لووتی شکا
هێندەی تریش حەیای تکا
دەستی پێشمەرگەی گرت خوا
لەدووی هێزی غەدری نەدا
ئەوجاریش چۆل بوو جێ مۆڵی
شڕەی خستەوە سەر کۆڵی
شەل و کوتیان بۆ هێز بردن
بۆ تیمار و دەرمان کردن
هەر چەند بێ شەهیدیش نەبووین
هەر پێمان وابوو باش دەرچووین
لەناو کوڕان بوو بە شایی
بە هەڵپەڕکێ و پیرۆزبایی
٭٭٭
من وا نەخوێندەوار و گێژ
چیرۆک و چیڕەش وا درێژ
ئەگەر بەو دەمە هەراشە
تووشی هەڵەش نەبم باشە
کە وەزعی ئاغای قۆڕ بۆوە
جاش دیسان لووتی شۆڕ بۆوه
چوون لە هەر جێیە شەڕ دەبوو
پێشەنگ ئەو نەو نەبێ کەس نەبوو
ئیتر لوشکە و جووتە و خرمە
لێیان بوو بە لوشمە و پڕمە
بەو شکانە وەک کەری دێز
لای کەس نە ڕوویان ما، نە ڕێز
دەمیان لە کورتانی نابوو
کەس کاری پێیان نەمابوو
٭٭٭
شەڕێک کە شای شەڕەکان بوو
شەڕی دۆڵی خەلەکان بوو
شەڕی وا هەر نابێتەوە
یاخوا بڕوا و نەیێتەوە
ئەو شەڕە وا دەنگی داوە
ئێستەش لەناو خەڵکی قاوە
لەوێش هەر گرمه و زرمە بوو
لەوێش ئەو بەزم و ڕەزمە بوو
لەوێش ترس بە لێشاو بوو
ئەوی خۆی گرتبا پیاو بوو
ساروخ ڕووی لە هەرکەس دەکرد
نەفەسی پێ حەپس دەکرد
دەبابە ڕێگای دەماشتن
شۆڕەسواری هەڵدەداشتن
گوللە دەیکردە کڕێوە
هەر دەتگوت تەلەسمی دێوە
ڕق دنەی ئەنگێوەی دەدا
گوللە وەک مار پێوەی دەدا
ئەو شوێنەی دوورە ئاگر بوو
لە کۆشی دایک چاتر بوو
شەڕیش زانستێکی هەیە
ئەویش لەلای پێشمەرگەیە
گەلێک ساڵ بەخۆوە بووە
تا ئەو زانستەی فێر بووە
شەڕ هەموو فێڵ و دهۆیە
شەڕ بێ فێڵ بووبێ درۆیە
لە شەڕێدا دەرفەت بێنە
ڕاوەستە پارێز بستێنە
ئەگەر هەڵکەوت ناو بەناو
هێزی دوژمنی بخە داو
لەدووی خۆتی بکه ڕاکێش
ڕێی بۆ چۆل کە تا بێتە پێش
دوایی گەرووی لێ بگرەوە
دیلی بگرە ڕەوە ڕەوە
ئازا ڕۆژێک دەمرێ ناچار
ترسەنۆک ڕۆژێ هەزار جار
ترسەنۆک مانگا بەکەڵە
هەڵدێ و کەڵەگای لەگەڵە
شەرمە ڕەگەڵ هەر کەس کەوێ
تۆ ئەو شەرمەزارەت نەوێ
***
ئەو گڵۆم و ڕاوە ڕاوە
لە خەڵکانیش نەبڕاوە
لە جێیەک کە شەڕ دادەمرد
لە جێی دی دەستی پێ دەکرد
ئێمە نە جێمان بوو نە شوێن
بووینە هێزی زەربەت وەشێن
دەربەستی مردن هەر نەبووین
لە کوێ شەڕ با ئێمە دەچووین
چ لە شاخی، چ لە دەشتێ
دەستی ئێمە دەیگەیشتێ
هێزی خەبات، هێزی کاوە
باڵەک و چیای ئەو ناوە
کاروخ و زۆزگ و بێ خاڵ
حەسەن بەگ چیای بێ هەڤاڵ
گۆڕەز و داوێنی قەندیل
کەڵە چیای سەر بە مەندیل
لە بێتواتە و هێزی سەفین
جێ نەبوو ئێمەی لێ نەبین
تا ئەو ڕۆژەی شۆڕش تێک چوو
حاڵی ئێمە هەر ئەوە بوو
یان ترس بوو کوێرەوەری
یان لەلاوە و دەربەدەری
٭٭٭
خۆ من ئێستەش هەر ئەو مەردم
پەژیوان نیم لەوەی کردم
خەمی وەم نییە نەسرەوتم
هەتا لە دەست و پێ کەوتم
سوم نییە وا دەستەشکاو بووم
دامنا ڕابوردوو و داهاتووم
سوم لەوەش نییە بێ ماڵم
هەژار و ڕووت و ڕەجاڵم
بەوەش ڕازیم بێ بژیوم
من ئەوە جەرگی بڕیوم:
خزمەتی من پاک بزرن
جاش لە من بە قەدەرترن
دەچیه هەر دەزگا و دەرگایەک
ڕوو بکەیه هەر بارەگایەک
شوێنی گرینگ هەر بەوانە
هەر جاش فەرمانی ڕەوانە
دەستەو داوێنی جاش نەبی
ڕێت نادەن بۆ جێیەک بچی
چ دایرە، چ سەیتەره
هەموو جێ جاشی لەسەرە
نە کارێ بێ وان سەر دەگرێ
نە تێپەڕ بوون بێ وان دەکرێ
لە پاره و پوڵ چیان بوێ
پەکیان لەسەر هیچ ناکەوێ
ترۆمبیل و کۆشک و تەلار
پێیان داون هەزار هەزار
دەڵێن: کێ کردی و کێ خواردی
وەی ئەو وتەم چەند لەبار دی
ئەو جێی جاش خۆی لێ بادەدەن
ڕێی بێنرخی وەک من نادەن
خزمەت سووکی وای لەدوو بێ
تۆ بڵێی خەیانەت نەبووبێ؟
بڵێی جاش شەریفتر نەبن
بڵێی پیاوتر نەبن لە من؟
بڵێی من ئەقڵم تێک چووبێ
ئەوەی کردم هەڵە بووبێ؟
جاش لە کاردان، جاش مەکوکن
قارەمانی وەک من سووکن
چاکی ڕۆژێ! پاکی شەون!!
لەناوەندان دوور ناکەون
چونکە ماکەی کوردایەتین
بەر کۆژەی سەر کوردایەتین
ئێستەش ئەو خاینی جاران
کۆسپە لە ڕێگەی ڕێبواران
قاڕەمانێک دێ ڕادەبڕێ
جاش هەڵدەستێ یەخەی دەگرێ
خۆت ئەزانی جاش قاللۆرە
خۆی هەبێ ناوی کلۆرە
هەر چەندە بە ڕواڵەت زۆرن
لە زۆر برەو چاو شۆڕن
کە گوتم: کوردستان یان نەمان
من بۆیەم بۆ بیدەن بەوان؟
بۆیە دەچم سەنگەر بگرم
ئەڕۆ وا لە برسان بمرم؟
حاشان لە شەڕ و کارەسات
قەت بەزەییان بەمندا هات؟
کەی جاش دەستی لێ پاراستم؟
جاش کێهەیان مانی خواستم؟
کێ بە خوێنم تینوو نەبوو؟
کێ شەرمێک گرتی ڕووبەڕوو؟
من برسی بم خاین تێر بن
کار بەدەستیش وا بێ خێر بن
چما کوردایەتی وایە؟
دەک هەڵی نەگری خودایە
تا لەپێ کەوتم ڕەنجم برد
کەس نییە بڵێ: بۆ کێت کرد؟
سی ساڵ شەڕی پارتیزانی
لە کێ دیارە؟ کێ پێی زانی؟
چبەم ئەوڕۆ لە کوردستان
بۆتە دۆڵپا، دەستەوستان
دڵسۆز چەندی بڵێی کزە
باوباوی دەسپیس و دزە
چ هەلپەرەست، چ بەر هەڵست
هیچیان پەکی خۆیان نەخست
ڕێزیان هەیە هەتادەمرن
پاداشی گەورەش وەردەگرن
ئەگەر تۆش ئەوەت پێنەکرا
ئەگەر وەک من هەقت خورا
مەڵێ: چووم ڕزگاریم ئەستاند
بڵێ: چوم قومارم دۆڕاند