پەیام

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  1101 مشاهده
وریا بن لەو دەور و بەرە، دیسان دەنگێکی بەسام دێ
بۆنی مەی دێ، دەنگی قاقای سەرخۆش دێ، زرینگەی جام دێ
هیوای بەختەوەری ئەهات زیاد بێ بەڵام دێوەزمەی شەڕ
بە چوار ناڵە ئەوە وەک ئەسپی سەرکێشی بێ بلام دێ
غەڵفی تەڕی نەونەمامان بە داسی شەڕ دەدروونەوە
لەبن بەردان بۆنی باڕووت، بۆنی خوێن لەسەر شەقام دێ
ڕووتی و هەژاری و نەگبەتی و ماڵوێرانی بۆ ئەو گەلە
لەگەڵ شەڕی براکوژی و لەدووی کێشەی نافەرجام دێ
تا پەیامی خۆشەویستی دەهۆنمەوە، دەتوێمەوە
بەڵام لەلای کورسی پەرست گوللە لەجیاتی وەڵام دێ
لەو دەشتەدا زیڕەی هەتیو شینی بێوەژنە
لە کۆشکی سەرکردەکانیش بۆنی کەبابی حەرام دێ
نازەنینم ئەو بەینانە وەک پەریی هەڵبەست لێم زیزە
نەسیمیش وەک خۆی نەماوە، یان نایەیان بێ پەیام دێ
سروشت ئاڵۆزە، شار ئاڵۆزە، ژین ئاڵۆزە، گەل ئاڵۆز
ئیتر بۆ سەیرە گەر بەستەی منیش ئاڵۆز و سەرسام دێ
کە ڕێت لە کوردستان کەوت هێدی وەرە و هێدی بڕۆ
لێرە کێوی کەوی دەکەن، دڕندە ڕام و ئارام دێ
لەو کوردستانە شەڕفرۆش جێگەی نابێ پەل ببزێوێ
وتەی «هێدیتخلص» وتەی گەلە، کە هات وەک خەتمی کەلام دێ