بەناوی تۆ خوایە
بە یادی تۆ بارزانی نەمر لە بیرەوەری تۆدا ئیدریسی خۆشەویست
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
6 دقیقه
1086 مشاهده
دوورم لە تۆ ئازیز ئەوڕۆ
پەژارەی تۆ هاتن کۆکۆ
خەمخۆری من بێ خەبەرە
گەلێک تەنیام خەیاڵ وەرە
مەلی سەرلێشێواوی خەم
بێجگە لە گۆشەی دڵەکەم
کە ویستی هێلانەی دانێ
بە وێرانەی تر نازانێ
خۆزگە خەم مەودای کەم دەبوو
یان تەمەن بەقەد خەم دەبوو
زەمان لێم بە ڕقدا چووە
هەموو ڕێی لە من گرتووە
ڕۆژ لە خەڵکی هەڵدێتەوە
له من هەڵدێ، دەکشێتەوە
مانگ لە من کەوتۆتە بیرێ
کەس وەک من مانگی نەگیرێ
لێم مۆڕ دەبنەوە ئەستێرە
بە هەمووان لێم دەگرن سێرە
لە شەوی من ڕادەمێنن
لەوێ چاو لێک دەتروکێنن
هەست هەشیارە لەشم سڕە
قەڵەم دەگری زمان کڕە
نە چاو یاریم ئەدا نە دەست
نە بیر ئەداتە دەست مەبەست
یەک کەم هێزە، یەک بێ سۆیە
بیریش هێندێ جار نامۆیە
ئەوی دەستم بگرێ هەستە
ئەو بۆ سپاردەی سەربەستە
هەستە هێزی سنوور پەڕێن
یەکەسواری دوند و داوێن
گڕ تێبەربووی بێدەنگی ون
دۆستی ڕۆژی تەنگانەی من
دڵپڕی هیچ نەدرکاندوو
گەنجینەی دوڕ نەدۆڕاندوو
خەزێنەم گەلێ چوون لەدەس
ئەو داگیر نەکراوە بە کەس
هەر هەستە هۆی مانی منە
هەستە خەیاڵ ئەدا دنە
لێڵبوونی چاو کاری ئەوە
ڕێ بەردانی ئەسرین بەوە
خۆ ببنە یەک هەست و خەیاڵ
هەردووکیان بۆ من دەبنە باڵ
بۆ ئێر و ئەوێم دەڕفێنن
بە جوێ بە گوێمدا دەخوێنن
دەمبنە ڕژد و لاپاڵان
دەگەمە خێڵی هەڤاڵان
دێم هێدی هێدی دەچمە پێش
ڕێ دەبڕم بەڵام بە ئەندێش
دەگەڵ گەڕانێ دەگڕێم
ئەسرین ئاو پڕژێن دەکا ڕێم
ئەوساڵ من و کۆڕێکی تر
بەڵام لەسەر گۆڕێکی تر
ئیدریس ئەرێ کاکی ژیرم
هاوڕێ، هاوسەنگەر، هاوبیرم
گەل گریا کە دیتی تۆ نی
نازانم تۆ بێ مە چۆنی؟
گەلێک ماتە لە تۆ جیا
داخوا تۆ چۆنی بە تەنیا
ئاخۆ بانگی خۆشەویستی
لەناو گڵکۆدا دەبیستی؟
ئاواتم بوو تۆ بمێنی
سەری سەرداری هەڵێنی
نە دایکی وەتەن بشێوێ
نە ئاوارە قوڕ بپێوێ
ئاکاربەرزی پشوودرێژ
نەشێواوی بژاردەبێژ
دوێنێ بۆ گەلێ ڕێبەرێ
ئەوڕۆ بۆ مێژوو دەفتەرێ
من دەمزانی تۆ ئەو کوڕەی
زانای، بە جەرگی، به ورەی
تۆش دەتزانی من ئاوێنەم
من وێنەنوێنی بێ وێنەم
بزێک لەسەر لێوان دەمرێ
خەیاڵم وێنەی هەڵدەگرێ
مەلێک پێ لە چیمەن دەنێ
ئەو نەخشی پێی هەڵدەکەنێ
هەزار گەرای وەک نوختە و خاڵ
ڕوحیان وەبەر دێنێ خەیاڵ
بێدەنگیم هاواری دەکرد
وشەی من ئەو سواری دەکرد
هەر ڕازێ زمان دەیدرکاند
ئەو لەسەر لێوم دەیڕفاند
حەیف ڕۆیی ئەو سەردەمە
ئەو دەورانە خۆش و کەمە
ناوت بەستێکی شیرین بوو
ئەلف و بێی ئەڤینی من بوو
بێ تۆ من شووشەی شکاوم
پەڕتوکی فڕێ دراوم
نە وشەی جوانم پێ وەکۆ دێ
نە هەڵبەستی بەرزم بۆ دێ
وتەم وڕێنەی دەردانن
شیعرم لاڵن بێ ئەزمانن
واژەی بێ هەست و خوستی من
نابنە نوێنەری هەستی من
ئیتر نە پێز ماوە بۆ وان
نە وەخۆی دەکەن وێژەوان
دریای بیرم دێتە کەلاو
شیعریشم مەلی باڵ شکاو
بە تاسەی تۆوە کۆبەکۆ
هەر هەڵدەفڕێ و ناگاتە تۆ
لاوی دڵ بە برینی ماندوو
ئاوات لە دڵدا نواندوو
نەڵێی ئەو ڕچەی دامە بەر
ماوە نەبوو بیبەمە سەر
نەڵێی زوو لێتان هەڵبڕام
داخم پشتی چۆل بوو برام
نەڵێی مەتەرێز بەتاڵن
سەری کەڤران بێ هەڤاڵن
ژین ئەگەر وا بە بەرهەم بێ
قەیدی نییە با وا کەم بێ
چیرۆکی ژیان دوو دێڕە
من دێرم گوت دەنا زێڕە
یان لانی مێرانی بگرە
ئازا بژی و ئاوا بمرە
یان سەر لەگەڵ ژینێ مەسوو
شینی لەسەر شانی بدروو
فەرمانی لێڕان بۆ شێران
دنیای بسپێرە بە مێران
***
کێ ڕەمزی ژینی پێ حەل بوو
چارەنووس بەسەر کێوە چوو؟
ئەوڕۆ خۆش لەگەڵ تۆ ئەدوێم
سبەینێ نازانم لەکوێم
چونکە گەلێک شەوی وایە
سبەینەی بە دوادا نایە
ژین بە هومێد خۆ ڕادەگرێ
وەی لەو ڕۆژەی هومێد بمرێ
لە کڵۆڵیم کە تۆ ڕۆیی
لە خۆشم دەکەم نامۆیی
من مام و چاوی خەواڵوو
خەونێکی وەدی نەهاتوو
هیوای سەرتاسەری ژینم
ئەوڕۆ لە خەودا دەیبینم
پێم وابوو کورد سەربەخۆیە
کوردستان بە کەیفی تۆیە
نەماون کۆسپ و بەرهەڵست
کز و کەنەفتە هەلپەرست
چوار لای کەوشەن پارێزراون
پێشمەرگە لێی دامەزراون
کوردەواری وا خەمڵێوە
کەس جێی وا جوانی نەدیوە
کوڕ و کاڵ دێن لە باخچۆڵان
گوڵاڵەی دێنن بە کۆڵان
لێی پڕ دەکەن کۆش و داوێن
لەبەر پێی بارزانی داوێن
باران ڕەوەز دەشواتەوە
پاناوک لێی دەخواتەوە
چاڵە بەفرێک نییە بەتاڵ
شین دەچن قاقڕ و کڕاڵ
بە لوزەو دێ ئاوی خوڕێن
ماری دەپسێنێ کەف چڕێن
کێو نابڕێ دەنگی کەوی
کێوی بانگ دەکاتە کەوی
شنە پیزای ڕادەژێنێ
نێرگز پێی لە خەو دەمێنێ
هێرۆ لەچکی شۆڕ بۆتەوە
پرێسکەی خۆی کردۆتەوە
سوێسن هەڵدێنێ گەردنێ
هەڵاڵە ڕووی خۆی دەڕنێ
بەڕەزا بە شنەی دەشێوێ
هێندی پەرچەم لێ دەبزێوێ
لەبن قۆپەنی کەمایە
کارگ سەری پێ هەڵنایە
با بسکی خاو شانە دەکا
گیابەند ئێرەیی پێ دەبا
غەڵفی یاساوڵ نێو نێوە
وێژینگێ دەدا بە پێوە
دەمدی بە زمانی بلوێری
شوان بەندی داوێتە بێری:
هەی لۆلۆیە، هەی لێ لێیە
لە کوردستان خۆشتر کوێیە؟
کە دەگەییە بیری نۆرە
شوانی دەدواند بە باللۆرە:
هەر کەس لە شارە لە دێیە
پەرچەمێکی کوردی پێیە
مناڵ دەرسی کوردایەتی
دەخوێنن بە کوردی پەتی
لە دوور و نیزیک هەموو جێ
یاسای کورد بەڕێوە دەچێ
هەر کوێ دەچی، ڕادیۆ و بێ تەل
دەگێڕنەوە چیرۆکی گەل
بارزانی لە بارەگایە
دەستوور هەر وەک جاران وایە
دەستی لەسەر گوێی خەنجەرێ
جەوهەر لە هەرکان دەوەرێ
میری کوردی زۆر میوانە
ئەو وەک چرا لەناویانە
هیچ کەس نییە خۆ بلوێنێ
ملهوڕێک موو ناپسێنێ
کۆشک چەندی بڵێی تەرزە
وەک چیای شیرنێ بەرزە
دەر و ژوور و هەیوان پڕن
سەرۆک دەدوێ ئەوان کڕن:
زۆر خوێن بۆ ئەو ڕزگارییە
ڕژا لەو کوردەوارییە
ئیتر وا لەوڕۆ بەدواوە
ئێوەن و ئەو خاک و ئاوە
دەسەڵات بەدەست خۆتانە
مەیدەنەوە دەس بێگانە
بەسەرهاتی ڕۆژانی چوو
لەبیر مەکەن بۆ داهاتوو
نەیار هێشتە تیخ دەسوێ
دایدێنێ کەی بۆی بلوێ
بە هەموو ڕێیەکتان دێتێ
سەد چەشنە داوتان داوێتێ
نەکەن پشتی پێ ببەستن
ئەگەر یەک بن پێی دەوەستن
هەر چەند ڕێی زۆر لێ دەبنەوە
هێندەم دێتە دەست لەو خەوە
سەرخستنی کوردەواری
خەبات، سەروەری، سەرداری
هەستان، ڕاوەستان، نەوەستان
ڕزگارکردنی کوردستان
بارزانییەکی تری دەوێ
نازانم کەی هەڵدەکەوێ؟