بە یادی تۆ بارزانی

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  536 مشاهده
من دەمگوت: پێشمەرگەی چاکم
دەمگوت لە مردن بێباکم
دەمگوت: من کوردێکی ئازام
نابەزم، ناکەوم بەزام
دەمگوت: سەر با لەسەر دار بێ
بەڵام کوردستان ڕزگار بێ
دەمگوت: جا من بۆ بمێنم
گەر سەر بۆ دوژمن دانوێنم
دەمگوت: بۆ کۆیلەی تۆ نابێ
کەسێک هیوای بە ژین مابێ
من دەمگوت: خرمەی شەست تێران
ناهێڵن زڕەی زنجێران
من دەمگوت: خڕەی چەخماغان
ڕەواندیان خەوی وەتاغان
من دەمگوت: ژەنگی خەنجەران
بسڕن بە خوێنی بەدفەڕان
دەمگوت: تۆ هەر لەوساوە بووی
پشتی گەلی چەوساوە بووی
دەمگوت: سایەت باوییە کوێ
لەوێ نرخی هوما دەشکێ
من دەمگوت: گەل دەگەل ڕێبەر
پەیمانێکە و دەیباتە سەر
من دەمگوت: وەک وێژەوانان
بە وشە ڕادێنم زوانان
ئاڵقەی وا داوێمەوە گوێیان
سەر و دەس بشکێن لە سوێیان
لە کردەوەی قارەمانان
پڕ دەکەم زار و زمانان
وابێ کورد گۆچی پێ بگرن
نەیار لە داخانی بمرن
ئاگ دەڕژێنمە هەناوان
دێنمە خوار ئەسرینی چاوان
گەرم دابێ کۆڕی کوڕان
کۆڕی خوێنپاک و دڵ پڕان
بەزمی خاوەنبیر و هەستان
کۆڕی کوردستان پەرستان
ئەو کۆڕانەی وا شەش ساڵە
جێی تۆیان تێدا بەتاڵە
تا دەمویست ناوی تۆ بێنم
دەتگوت شمشیر دەوەشێنم
لە پیتم، لە وشەم، لە ڕستەم
لە شیعری گەرمم، لە بەستەم
کوێستان ئەوتۆ گەرم دەبوو
گەرمێن هاڵاوی بۆ دەچوو
دەمگوت چی ئەمدی چی ئەمبیست
دەمگوت هەرچی دڵم دەیویست
من تۆم ئەدی و پڕ بە باڵام
لە باڵای خەیاڵ دەهاڵام
بەرەو ئامانج بیری وردم
باڵی دەگرت و دەیبردم
بۆ لوتکان پەڕی هەڵداویشت
کوێ بەرز بوو لەوێ دەنیشت
تینی هەبوو وتە و وەڵام
بارزانی تا تۆم بوو، بەڵام
کۆچی تۆ وای کرد لە هەستم
سۆز نەما لەناو هەڵبەستم
دەینووسم و لەبەر خۆمەوە
بە فرمێسک دەیشۆمەوە
بێ تۆ گەرچی لە کوڵ پڕن
هەناسێکی سارد و سڕن
تۆ هێزی هەست بزوێنەر بووی
بۆیەش هەر ئەودەم کە تۆ چووی
تەڕی و تێرئاوی هۆنراوان
جێیان گۆڕی هاتنە چاوان
دەبوو چاو لە دڵ بتۆرێ
خوێنی ئەو دێ لەو دەچۆڕێ
هەر دڵ دەستی کرد بە شینی
چاو لێڵ دەکا تۆ نابینی
نانا، چم گوت؟ تۆ نەمری
نەمدی کەس بۆ نەمر بگری