نەورۆز
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
3 دقیقه
1268 مشاهده
جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری هاتەوە
هاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە
هاتەوە جوانتر لە جاران، جێژنی کاوەی قارەمان
شوێنەواری میدیا، باپیرەگەورەی کوردەکان
هاتەوە بگرێتە باوەش کوردەواری سەرلەبەر
هاتەوە نەورۆز و بۆ زستانە ئیتر چارەسەر
جێژنی نەورۆزە وەتەن! وا کاتی پیرۆزبایییە
جێژنی لاو و کیژوکاڵی تۆیە، ڕۆژی شایییە
هەر هەڵاڵەی زەردە بۆنی دێ لە ڕێگەی دوورەوە
هەر چڵووکی دارە زەردەی دێ بە خونچەی سوورەوە
ئەو گوڵاڵە ئاڵ و سوورە بولبولی سەرخۆش دەکا
چەپڵەڕێزانێ لە زستان و قەلی ڕووڕەش دەکا
تا شنەی هێدیی بەیان هات و هەناسەی کردەوە
بەفری لاپاڵ و ترۆپکی شاخەکانی بردەوە
زێوی ئاونگ بۆتە ملوانکەی ملی گیابەند و خاو
هەر ترووسکەی دێ و دەلەرزێ، بای لە سەر بێ یا هەتاو
بەرگی زستانی لە بەر خۆی داڕنی ئەوڕۆ زەوی
نزم و بەرز و شیو و دۆڵ و ڕژد و هەوراز و نەوی
تا لە نەورۆزدا خەڵاتی ساڵی تازە وەرگرێ
ژەنگی داماوی و هەژاری و مەینەتی خۆی لابەرێ
پەرچەمی شۆڕش خەڵاتی ئێمەیە هێناویە
پەرچەمێک بۆ ناحەزی ئەو خاکە چقڵی چاویە
پەرچەمێک تا تۆ بڵێی ڕەنگین و بەرز و ڕێکوپێک
پەرچەمێکی وا کە قوربانی نەبێ شەرمە گەلێک
چەرم و داری کاوەیە دەستی سروشت گێڕایەوە
بەیرەقی پاراستنی ئەو خاکەیە هەر ماویە
ڕەنگی سووری بیرەوەریە بۆ شەهیدانی وەتەن
چاوی هیوایان لە هاوڕێیانە تانەی لێ دەدەن
هەوڵ و تێکۆشانی ڕابردوو وەبیر دێنێتەوە
خوێنی شێخ مەحموودە لەو سەر دارە دەزروقێتەوە
من بەڵێنت پێ ئەدەم ئەوڕۆ لە دەنگی کوردەوە
ئەو کوڕەی زنجیری یەخسیری لە ئەستۆ کردەوە
کۆمەڵە پیشمەرگەکەی دڵسۆزی تۆڵەستێنی تۆ
جێژنە پیرۆزەی لە سەنگەردا دەکەن بۆ خوێنی تۆ
دڵ کە ڕۆژ و شەو دەسووتێ، ئاگری تۆی تێبەربووە
بۆیە پیاوانە لەگەڵتا مەرجی خوێنی بەستووە
باسی خوێنی پاکی تۆیە و شۆڕشی ڕزگارییە
یان بە سەربەستی ژیان یان مردنی یەکجارییە
گەر تۆ ئەوڕۆ نی لە نێومانا کوڕی دڵسۆزی تۆ
هەڵگری ئاڵای خەبات و شۆڕشی پیرۆزی تۆ
قاڕەمانی کوردی ئازا ماوە کاوەی بارزان
ئەو کوڕە کوردەی بناغەی دوژمنی تۆی هەڵوەشان
دڵنیا بە جێژنە پیرۆزەی دوای نەورۆزی من
جێژنی ئازادی گەلە و سەرکەوتنی پیرۆزی من