وەڵام
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
4 دقیقه
1075 مشاهده
برای جنوبی پەیامەکەی تۆ
گەیشت و لە دڵم، هەڵستا بۆسۆ
کاتێ کە دیتم زۆر بێ قەراری
لەدەس دوژمنتە گریان و زاری
بە ئاگری مەیلت کوڵی دڵەکەم
سیس بۆوە دیسان گەڵای گوڵەکەم
چونکە من خۆشم ئەزانم دیلی
ژێردەستی و کزی و ماتی و زەلیلی
دەردی گرانە خوێناو خواردنە
گەلێک لەو وەزعە خۆشتر مردنە
بۆت گریام برام نەمکرد خودداری
فرمێسکی سوورم لەچاو ئەباری
ڕاستە کاکە گیان، ئەتۆش هەر کوردی
ئەتۆش وەک کوردان هەر شێرمەردی
لە ڕابردووەکان تۆش یادگاری
تۆش ڕۆلەی کوردان، هەڵۆی شکاری
لەڕێی نیشتمان خۆت ئەکەی فیدا
بۆ سەربەخۆیی سەر و ماڵ وێکڕا
بۆ ڕزگاربوونی زەوی و خاک و ئاو
وردە و یەخسیرت ئەنێیتە پێناو
خۆ من ئەزانم پێویستە بۆمان
تاکوو ئەتوانین هەوڵ دەین بۆتان
ئەتۆش دەزانی برایەک لە بەندا
برای دی نیەتی گیان لە بەدەندا
ئێمە هەردووک لا ڕۆڵەی کوردانین
خەڵکی کوردستان، شێری ژیانین
لە شیری دایکێک گرتومانە هێز
لە ئاوی شەوی کردوویە پارێز
هەردووک لا وەک یەک بۆ مردن و ژینین
یەک نەفس و ئامانج یەک دڵ یەک دینین
تۆوی یەک زەوی گوڵی باخێکین
جەرگ هەڵقرچاوی شیشە و داخێکین
پەروەردەی داوێن ئەو دایکەمانین
کە بۆ ڕزگاری ئەو سەرگەردانین
ئەڕژێتە بەدەن لە یەک ڕەگ خوێنمان
سەرچاوە یەک جێ بۆ ڕێ و شوێنمان
ئەمن گەر چاو بم، ئەتۆ ڕووناکی
من مێشکی سەر بم ئەتۆم زانایی
لە دڵم دەرناچێ ئاهـ و ناڵەکەت
شکان بە تیری دوژمن باڵەکەت
زامێکت خستە جەرگی بە ئێشم
نەتهێشت هۆش و دڵ نە کەم نە بێشم
شەو خەوم بۆتە خەیاڵاتی تۆ
لە دەورەی ئیش و بەسەرهاتی تۆ
ڕێبەندان بەردا ڕێی هاتوچۆیە
جێگە ڕاگوێزێ لەو هەرد و بۆیە
بەفرانبار زریان لەگەڵ خۆی بەرێ
بە جووتە یارە بچنە سەفەرێ
ئەوجار ڕەشەمە ڕنووی بەفرەکان
مرواریی سەهۆڵ لەسەر بەردەکان
یاخۆ گۆمیلکەی ئاوی کوێستانێ
کە بوونە بەندی بەبای زستانێ
بە تیشکی تاوێ بتوێنێتەوە
دیسان بەهارێک بنوێنێتەوە
خاکەلێوە بێ بە تەپڵی شادی
بەڕوێکی خەندان لوتفێکی زیادی
پڕ کا لە لالە داوێنی سەحرا
سەرخۆش بێ قومری لە گەشتی مەزرا
هەڵاڵە زەرد کا دوندی کێوەکان
خۆ سەوزەپۆش کەن ڕێزی مێوەکان
بولبول بۆ خونچە ببێتە چاوەش
زەوی خاش خاشک بگرێتە باوەش
کەوباڕ و کۆتر لەبن ڕەوەزدا
لەژێر لوتکەکان کێوی بەرزدا
قاقا بخوێنن بەدەم یارەوە
عەتری گوڵ بۆ کەن لە گوڵزارەوە
بە یاری خوای بەرزی بێ هاوتا
بۆ لای براکەی گیراو لە داودا
پێشمەرگە تیپ تیپ پیادە و سوارمان
فەرماندە و گەورە و خاوەن کارمان
لاوی شێرهەڵدڕ، لە مردن بێ باک
پیرەمێردەکان بۆ تەکبیری چاک
پاک نوکی خەنجەر ژەهری مار پێوە
ڕادەبرین هەر یەک لەدووی یەکێوە
شمشیر حەمایەڵ وەلای چەپمانە
هەر چی چەپ بڕوا بێ شک بزانە
ئەستۆی کەچ دەکەم بە زەبری شمشێر
جەرگی کون دەکەم بە پەیکانی تیر
دوژمن لەژێر ئەو پەنجانەی مەدا
ناچارە تەپڵی ئەمان لێ دەدا
گەڵباخی و بانە و مەریوانییەکان
سوارەی تیلەکۆ و هەورامانییەکان
سنجاب و پاوەند ڕۆڵە شێرەکان
پڵینگی ئازا بەبر هەڵدێرەکان
خۆیان ساز بکەن بۆ هاوکاریی من
دوژمن بڵاو کەین وەک تۆوی هەرزن
تاوێ پەلامار دەبەینە هێزیان
دەگرین فەرماندەی بە قەدر و ڕێزیان
جارێ سەرنێزە حەواڵەی جەرگیان
دایک دروست کا کۆتەڵ لە بەرگیان
ئەوان گەڵای دار ئێمە بای زریان
زریان دەڕفێنێ گەڵای پاییزان
ڕێوی ڕووبەڕووی شێری ڕق هەستاو
لەسەر سینگیەتی دوو دەستی وەستاو
ئاڵای سەربەستی لە هەموو لایە
هەر کوێ بڵیند و بەرز و چیایە
هەڵ دەکەم دەگرم جێژنی ئازادی
با دوژمن بمرێ بە بێ مرادی
سەرشێواوییەکەت ببێتە جێژن
دوژمن تاڵاوی مەرگ بچێژن