قالوێ گەورکان

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  494 مشاهده
چادر و چیغ هەڵدەوە ژێرم لە هەوار
وردە وردە لە هەوار دێمە خوار
ناتەنێ ڕێگەم ئیتر شیناوەرد
پێ و پێڵاوی منە و هەرد و بەرد
سوکێ پەنجەم لە زەوی دادەگرم
شاخ و کێوان دەبڕم ڕادەبڕم
گوندی قالوێ دەکەوێتە سەر ڕێم
هێشتە لێم دوورە خەیاڵ ئەدزێ لێم
ئەبێ چۆن بێ، چ دە گۆڕێدا بێ؟
ئەبێ ناو گوندەکە کێی لێ مابێ؟
باری ئەو ناوە چلۆنە ئەوساڵ؟
چۆن بکەم دیتنی دۆست و ئاواڵ؟
دەوری ئاوایی ئەدەم جاروبار
لاپەڕان دادەگرم هێندێ جار
فکرم ئاڵۆزە دەگەڵ هاتوچۆ
هێندی تێک باوێ وەکوو ڕایەڵ و پۆ
نە لە جێگایەکی ئۆقرە دەگرێ
نە ڕەقەی ڕێ دەگرێ و ڕادەبڕێ
هەست ئەکەم لێره لە دەوروبەری دێ
جێی هەڤاڵانی تری پێ شک دێ
مەتەرێزێکی ترە لەو ناوە
لەو گل و دۆرە ئەوێی هەڵناوە
دەگەڕێ جار لە سەری جار لە بەری
هەڵی پێچاوم و دەمباتە سەری
پشتی دڕکاوییە پێشی لێژە
تەم و مژ لێ گەڕێ جێی دەسڕێژە
چۆلگەیە، زور کەنە، شوێنی چاڵە
باوەشی ماوەتەوە ئاواڵە
سەنگەری مینە شەم و عەوڵایە
داخەکەم دەنگی کەسی لێ نایە
لەسەری بۆیە خەیاڵ شێوابوو
ببووە هەودایەک و تێک هاڵابوو
وا نە ئارامی هەبوو نە سرەوتن
زۆرتریش زۆری ئەهێنا بۆ من
بێم و ئاوڕ لە بەسەرهات دەمەوە
یادی لاوانی نەمر نوێ کەمەوە
یادی ئەودەم کە شەوێش خەو لێرە
ڕێی نەبوو بێتەوە چاوی سێرە
بە هەموو هێزەوە دوژمن دەبزووت
دەکەوت هێند دە سەران هەڵ دەنگوت
ژەنگی خەنجەر دەسڕان لە خوێنا
خوێن کەلاک و سەری وەک یەک دێنا
تیغ کە بێزی نەدەهات نەیدەبڕی
دۆشکە دەڕشایەوە گوللە دەفڕی
بۆیە هەر بەرزە سەری ئەو کێوە
شوێنەوارێکی ئەوانی پێوە
جا خەیاڵ تۆش پەڕ و باڵت دانێ
کەس ئیتر وەک من و تۆ نازانێ
کێ سەری وای هەیە بۆ کەس نەنەوێ
قاڕەمان چۆنە ئەگەر هەڵدەکەوێ