شاخی حاجی کێمی
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
712 مشاهده
حاجی کێمی حەجی لێ قەوماوان
پێی غەریبانی دەنا سەر چاوان
سەری بەرزی هەیە داوێنی بڵاو
سەری ئی خۆی نەبوو بۆ لێ قەوماو
سەد کەلێن و کەڵەک و داوی بوو
پڕ بە دڵ ڕازی نەدرکاوی بوو
شوێنی پێی دەر نەدەخست داوێنی
سەری هەر تەم بوو لەبەر چاوێنی
پووشی زەردی وەکوو ئاوریشمی خاو
دایدەگرت شان و شەپیلک و سەروچاو
سەیرە وا هەڵ کەوێ ئەندام و لەش
فێسی وا زەرد لە سەروی چاوی ڕەش
داخۆ هەر داڵدەیە بۆ ئاواران
باوەشی گەرمی هەیە وەک جاران
هەر بە شانازییەوە لێی دەدوێن
باوی باڵان دەدن و بۆی دەخوشێن
دیمەنی چۆنە وەکوو خۆی ماوە؟
یان ئەویش پێ چووە تێک چڕژاوە
داخۆ ئێستەش هەموو ڕۆژێ لە نوێ
دەنگی «پیرۆت» و «عەلی»ی دێتە گوێ؟
لەو هەرێمە خەوی ئارامی شەوێ
بە تەقەی «سەید فەتاح»ی دەڕەوێ؟
داخۆ دوژمن کە بەدویدا دەکشا
خەنجەری «عەلیە گەلە»ی چۆن دەوەشا؟
بیری عوسمانی دەکا جاروبار
ئاو لە چاوانییەوە دێتە خوار؟
کوڕ ئەگەر نەیبێ گیانی تۆڵە
بۆ بژی؟ با بمرێ ئەو زۆڵە
ڕەنگ کرا سینگ و بەری خاوێنت
شەرتە ئەمنیش بگرم داوێنت
یان لەبەر پێت دەڕژێ خوێنی من
یان دەسەر سەرتی دەگێڕم دوژمن