کوێستانی سپی سەنگ

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  1112 مشاهده
گەرچی لەش ماندووە وەستاوە سڕە
پێشی ناگیرێ خەیاڵ بەرزەفڕە
با هەرێمی سەرێ هەڵ نەبوێرم
دڵ گڕووی گرتووە با بیگێڕم
ڕێی هەواری بگرم بچمە سەرێ
هێند بە ئەسپایی کە شەونم نەوەرێ
پشوو هێدی بێ گەڵا ڕانەژەنێ
نێرگزی نووستوو لە خەو ڕانەچەنێ
لوزەوی ئاوی ڕنوو لە کوێ بێ
هێندە پێ دانەگرم شلوێ بێ
دەبێ پارێزێ بە چاو بستێنم
دەست نەبەم گوڵ نەکەمە داوێنم
سەر لە بیزا دەم و نەیبزوێنم
بۆنی شەوبۆ کەم و نەیشەمزێنم
هەڵز و مەندۆک و هەڵاڵە و بەیبوون
تێک نەدەم چۆنی دەبەر یەک ڕاچوون
نازی شللێر بە دڵ و گیان بکڕم
تێر و پڕ چاوی دە چاوی ببڕم
دڵ دەڵێ شێت بووە لەو جەنگەیدا
ناسرەوێ لەو قەفەزە تەنگەیدا
کوشتمی هێندی پەڕی هەڵباوێ
با بەرەڵڵا بێ ئەویشم ناوێ
ڕاپەڕێ، بەربێ، قەفەز بشکێنێ
بەس لەوێدا بە کزەی دامێنێ
با لە بەند دەرکەوێ ئەو دێوانە
تێر بسووڕێتەوە لەو کێوانە
باڵی لێک دا لە سەران یەک دوو سەرێ
لەو بنارە بە دڵی خۆی بگەڕێ
سەرێ با سەیری گەدە و ئەستەڕ کا
بە هەوای باڵی گوڵان پەڕپەڕ کا
هەلە چێشتانی هەواری مێرێ
سێبەری شۆڕەبی سەر ئەستێرێ
کەم بەڵام دێرودەوێ ڕامێنێ
شەنگەبێری دڵی لێ نەستێنێ
هەڵ کشێ بێتە سپی سەنگ تاوێ
خۆی دە ئامێزی چیا و چڕ باوێ
سەرەوەی سەنگەری سەربەرزانە
گیان لەوێ چەندی بڵێی هەرزانە
هەموو جێی لاشەیە خوێنی جەرگە
لێرەیان خوێن دەستاند پێشمەرگە
لێرە تووشی چەتە هات ڕۆژی ڕەش
جارێ لێیان دەکەوت پێنج و شەش
پێکەوە لێک دەدران لەو هەردە
جەندەکی جاش و سەری سەرکردە
ئێرە جێی تۆڵەیە مەیدانی گەفە
بەڵێ ئێرەش مەتەرێزی شەرەفە
لێره بوو کەوڵی عەجەم کەوتە ڕمێن
کەوتە بەر دەستی کوڕان کورد خنکێن
سەری سەرباز دەبڕا بێ بەزەیی
خوێن لە دەم تیغی دەبانا دەمەیی
مردوو نەیمابوو پەژارەی زیندوو
زیندوو ئاواتی دەخواست بۆ مردوو
لێرە بوو خوێنمژی زۆڵی ناڕاست
سەری شۆڕ کردەوە، ئامانی خواست