گوندی بەیرەم

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 2 دقیقه  785 مشاهده
ڕێ بە کۆسپ و تەگەرە و چاڵ و چۆڵ
ڕێیە ڕێبواری دەوێ توند و تۆڵ
قوڵ قوڵەی بەیرەمی وا لەو بەرزە
لەسەری سوکە وچانێک فەرزە
کانیە، شینکەیە، جێی زەنوێرە
تۆزی ڕێگا دەتەکێنم لێرە
دەستڕم ئارەقی نێو چاوانم
تاوێ لەو بەرزییەوە دەڕوانم
دیمەنی دڵگری دەمبزوێنێ
بێ زمانیش دەیەوێ بمدوێنێ
دەیەوێ تێی بگەڕێم سەر تا سەر
ڕێ و ڕێباز و کەلێن و کەلەبەر
دەیەوێ لێم نەشکێنم مەرجێ
دەیەوێ شەرتی وەفا بێنمە جێ
بگرم شوێنی مەلا مەحموودی
ون نەکەم خوێنی مەلا مەحموودی
دڵ کە تینووش بێ نەتینووی ئاوە
چاوی خۆم چی کەمە لەو سەرچاوە
بچمە ناو سەنگەرەکەی بڕوانم
شوێنی ڕاسانی چلۆنە بزانم
دەستێ بە برینەوە دەستێ بە تفەنگ
چۆنی جێگا بە عەجەم کردبوو تەنگ
چۆن دڵی دوژمنی هێنا ژانێ
دەست و بردی کوڕی لێقەومانێ
چەند بە میرانی پەلاماری دەبرد
چەند بە پاکی دەبەر ئەو خاکە دەمرد
ئەو کە نەیهێشت لە چەتان هیچ دەرچن
دوایە چۆن دەرفەتی هێنا دوژمن
ئەوی هات تەرمی لەوێ لابردن
چەند فڕۆکەی لە کەلاک بار کردن
کاکی! بەو زەبرە کەوا ئاڵۆزا
هات بە هاوارییەوە خاڵۆزا
بەو تەق و تۆقە دەماری هەستا
یان لەوێ دوورەپەرێز ڕاوەستا؟
کەس نەبوو پێی بڵێ جا تۆش ئیدی
مەخۆ ئەو نانە بەفیڕۆ چی دی
حەز دەکەم دەس بدەیە هەمبانە!
ئێرە جێی تۆ نییە، کوردستانە؟