قەناعەت

از کتاب:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
اثر:
هژار (1921-1991)
 18 دقیقه  2397 مشاهده
قەناعەت

لە مانای ئەم وشەیەشدا بە هەڵە چووین؛ وا حاڵی بووین کە قەناعەت واتا: نەداری و هەژاری. ئەگەر پێخۆرێک شک نابەی، ئەگەر دەستت بە نانی گەنم ڕاناگا، بە نانی وشکی جۆ و هەرزن بساچێنە و مەبۆڵێنە و کۆشش مەکە و ماندوو مەبە لە ڕێگای ژینی خۆشتردا و بە بەشی خودا ڕازی بە! ئەگەر دەبینی زگ زلی پارووڕفێنی مرۆخۆر دەتچەوسێنن، هەرچی هەتە لێت دەستێنن، نقەت نەیە! کاری خوایە و ئەشێ شوکرانەبژێر بی!

زۆربەی زۆرمان لامان وایە ئیمانداری ڕاست کەسێکە بە پێنج سیر نانی تافتوونی و پەرداخێک ئاو، دەمەژەمی دەرباز بکا و ئەوپەڕی بەختەوەریشیان لەوەدایە نانێک دە شۆرباوێک بوکشن. پاش تێر خواردن دەبن لێفەکورسی خزێن؛ سوپاسیشیان لەبیر نەچێ. سوپاس بۆخوا کە ڕۆزی و ددانی داوە. سوپاس بۆ ئەو ئاغایانەی کە لە سایەی ئەوانەوە پەنا و پێخۆری دەسکەوت.

ڕاستت دەوێ ئەو قەناعەت و ساچانە تەواو ژیانی سەگانەیە و لێی لانادات. هەستیارێکی لاوەکی هەڵبەستەیەکی پاراوی لەو بارەوە هۆندۆتەوە کە ئەمە ماناکەیەتی:

شەوێکە تۆف و سەرما. سێ سەگ لە کۆختەیەکان. شەوچەلەی شەونشینییەکە، گێڕانەوەی بەسەرهاتی ڕۆژانەیە:

دەمەتەقەی سەگانە

ورچە:

چەند خۆشە خەوتن لە دەوەڵانێ

گورزە:

چزەی گۆشت بیستن لە ئاشپەزخانێ

شێرە:

کوریژگەی ئاغا کلکت بکێشێ
بەناز بمڕێنی یانێ ها دێشێ

ورچە:

دەنگی کوچ کوچی کەیبانوو لە گوێم
خۆم لێ دەگۆڕێ، نازانم من کێم

گورزە:

سەولەی کەپەکی لەسەر سێڵ برژاو

شێرە:

بەرماوی میوان، نانی تێ گووشراو

ورچە:

ئێسکم بۆ هەڵدەن، هەڵی قۆزمەوە
چەورایی بلکێ بەسەر پۆزمەوە
ڕاستی زۆر خۆشە ژیانی سەگانە

گورزە:

ئاخ لە دەست قەمچی، چەندە بەژانە!

شێرە:

ناشکوری مەکە! سپڵە باش نییە
سەولە و ئێسک و نان خۆ بەلاش نییە
جاروبارەیەک دار لێدانیش هەس
لەگەڵ هەنگوینا پێوەدانیش هەس

ورچە:

ئای کە هەر جارێ لە پاش لێدانم
دەبەژن و باڵای ئاغام دەڕوانم
وە قرووسکەی من بەزەی دێتەوە
گش زامی لەشم دەبرژێتەوە

ئەگەر ئێمە ئەم گفتوگۆ سەگانەیە بە وردی لێک بدەینەوە و دەگەڵ ژینی نەمرنەژی هاووڵاتیانی خۆماندا لەبەر یەکتریان ڕاگرین، تێدەگەین ئەوەی پێی دەڵێن قەناعەت و بێنیازی و سەبر و شوکرانەبژێری، دەگەڵ سەبر و لە ئێش و ئازاری قامچی و دڵخۆشی بە دەوەڵان و شانازی بە بەزەی ئاغا و بەرماو خواردنی سەگانە بەرانبەرن.

نەخێر گیانە! ئەو قەناعەت و شوکرانەی بە خەیاڵی بەتاڵی خۆت لات وایە خوداپەسندە، دەگەڵ ئەوەی کە پێغەمبەر فەرموویەتی و عەلی لێ تێگەیاندووە، زۆر جیاوازن. وا ئێستا ئەمڕۆ لە دنیا ڕۆشنبیرانی کۆمەڵناس -کە شارەزای پێچ و پڵووچی هەزارلای بەڕێچوون و گوزەرانن- لە ئێمەی باشتر دەزانن.

کۆمەڵناسە پسپۆڕەکانی لاوەکی لەو باوەڕەن ئەوەی ئێمە ناومان ناوە شارستانییەتی گەشەدار، وەکوو بەردە تراویلکە لە دوور وەکوو ئاو دەبرووسکێ؛ بەڵام تینوەتی ناشکێنێ. هەر کەسێکی تۆ دەیبینی ڕۆژ و شەوی لەبەر نییە، تێدەکۆشێ بەرهەم زۆر کا تا بتوانێ زۆر خەرج کا. بەرهەمی زۆر -کە ڕەنجی لە ڕێدا ئەدەی- بە چی ئەدەی؟ بە کەلوپەل و کەرستەی تازە داهاتووی پیشەسازانی هەندەران.

سەتا نەوەدی ئەو خەڵکە دەستیان بە دەمیان ڕاناگا. هەر ئەوەندە پێ ڕادەگەن پووڵ پەیدا کەن و بەختی کەن. هەرکەس ڕادیۆ دەکاتەوە یان تەلەفزیۆن دەبینێ یان لە ڕۆژنامە دەڕوانێ، سەر و بن و پوخت و پاراوی مەبەستان باسی شتی تازەداهاتووی سەمەر و دراو قووتدەری پیاوڕووتکەرە. دەچێ دەکڕێ. نەغدەکەی پێشەکی دەدا، ساڵ و دوو ساڵ لە قیست و سفتە دەرناچێ. هێشتا لە وامێک دەرنەچووە، شەشی تری هاتۆتە سەر. پەیداکردن لە ڕێی خەرج، خەرج کردن بۆ پەیدا بوون، هەودایەکە دوایی نایە و بنەتاکەی لە بەردی گۆڕیچە بەندە. بە دەردی گای کۆل¬وبیر چوون. لە هەرکوێوە دەسپێدەکەن تا ئێوارە هەر لەو شوێنەن. ماندووبوونەکەشیان سەربار.

کتێبە هێژاکەی سارتر لە ژێر ناوی ڕشانەوە لە داستانی سزیفدا ئەم ژینە دەخاتە بەرچاو: «زئوس خودای خوداکانی یۆنان لە خێوێک بە ناوی «سزیف» ڕقی هەستا؛ بێگارێکی بۆ بڕیەوە. سزێف دەبوو هەموو ڕۆژێ بەرەبەیان، گابەردێک لەسەرشان دانێ، لە کێوێکی بەرزی سەرخا، تا ئێوارە بە نیخەنیخ گابەردی دەبردە سەر کێو. هەر دایدەنا گاشەی لێ خلۆر دەبۆوە و دەهاتەوە شوێنی دوێنێ. دیسان دەبوو بیباتەوە سەر ترۆپک و دیسان لێی گلۆر بێتەوە هەتا... هەتا».

ئەو کەسەی بە قەرز و قۆڵە خۆی ساز دەکا، واتا تەمەنی ئایندەی دەگرەو دەنێ. بۆچی دەبێ پیاو تەمەنی هێشتا نەهاتووی بفرۆشێ؟ فرۆشتوویە چی کڕیوە؟

ئەو شتانەی سەرمایەداری دنیاخۆر بۆ گیرفان داتەکاندنی حەشاماتی بەستەزمانی ئەرکدەری خاکەسەری بە خۆنەزانیان ساز داوە، بە شاتوشوت و چاپ و گوپ وایان لە بەرچاو ڕەنگاندوون کە بێچارە لایان وایە تا ئەو شتانەیان نەبێ نابن بە ماڵ؛ نابن بە پیاوی نەجیمی شارستانی. کەچی ئەگەر باش بڕوانی لە سەد یەکیان لەوانە نین پەکیان لەسەری کەوتبێ و نەیانبێ نەتوانن بژین.

زۆربەیان ئەو کەلوپەلەن کە ناویان لێناون لۆکس و تەنیا دیمەن و دیکۆرن. هەر بەینابەینێکی کەمیش ئەمانە لە داب دەکەون؛ ئەشێ سەرلەنوێ بیگۆڕن. تازە هات کۆنە خەڵاتن! ئەم لۆکسبازی و گۆڕینە، پووڵ و پارەی زۆری دەوێ. کابرا ناچارە وێکەوێ، لێرولەوێ خۆی دەگرەوی شیرکەت و سوتخۆران بنێ. سوتیش بە دەردی دەبەگلوو، هەتادێ هەر زۆرتر دەبێ. ئیتر تا بەخۆی دەزانێ لە سونگەی خەرجی بێهوودە، بووەتە کۆیلەی ئاڵقەبەگوێ.

پێشوو کۆیلەیان دەفرۆشتن. ئەوانەی بەدیل دەگیران لە بازاڕان دەفرۆشران؛ دەبوونە ماڵی کڕیاران. کاریان دەکرد بەرهەمی کار بۆ ئاغا بوو. ئاغاش نان و ئەنوا و دەرمان و بەرگی لەسەر بوو کە بیانداتێ.

ئێستا دڵمان بەوە خۆشە کۆیلەفرۆشی نەماوە و هەموو کەس وەک یەک ئازادە و بەو ئازادبوونە دڵشادین. کەچی ئەگەر هەروا تۆزێک بیر لە خۆمان بکەینەوە، دەزانین ئێمە لەو کۆیلەی پێشوو هەبوون کڵۆڵترین.

کار دەکەین و ڕەنجەکەمان دەچێتە گیرفانی ئاغا و کەسیش ئاوڕمان وێ نادا مایەی ژیانمان دابین کا. ئەگەر کۆیلەکانی بەرێ بە زۆرداری دەخرانە سارد و سەوداوە و لە ناچاری ملیان دەدا، ئێمە هەر بە خۆشی خۆمان خۆ دەفرۆشین! بە پاڕانەوە و تکاکار تێ دەکۆشین خاوەن شرکەت بمانکڕن! نرخەکەمان بڕکە-بڕکە و بە سووتەوە لێ وەستێنن.

ئێمەش لە ژێر باری وامیان بچەمین و ماندوو بین و هەموو ڕۆژیش تازە داهاتوویێکی لە نوێ گزوفتی چاومان بدا. لە جیاتی سووکبوونی بارمان دەقات کارمان لێ زیاد ببێ و بە دەردی سزێفەکە چین کە سارتر بۆمان باس دەکا، هەر سەروکەوین و داکەوین. ئایندە و تەمەن فرۆشتن ئازادی بیر و باوەڕیش لەناو دەبا. ئەو کەسەی لە ڕای دیمەنی زەرق و بەرقی سواغی خانووی، لە پێناو شیوی ناو قوتووی -بە گفتی خۆی نەجیمانە- کەوتۆتە ژێر باری قەرز و بە هیچ تەرزێ ڕزگار نابێ، چ خوا بەردارە لای وابێ ئازادی لە دەست نەداوە. ئەو بابایەی کە شەو و ڕۆژی بۆ نییە و نازانێ سانەوە چییە و هۆش و گۆشی بە دەربەستە دەبەردەستی ورگی ناوە و لەبەر سفتە ئیمزاکردن پێ ڕاناگا سەر بوخرێنێ، کوا هەلی ئەوەی دەمێنێ ئاوڕ وەسەر دڵ و دەروون بداتەوە و پلە و پیاوەتی خۆی وەک مرۆ بەسەر کاتەوە. بە گفتی برادەر «جەلال» ئەو کەسانە لە پیاوەتی داتەکاون و ئامپای ئاژەڵی خەساون.

جا ئەو جۆرە خۆفرۆشانە بە دنیا، لە سۆنگەی گەندەخۆریەوە -کە هەرچی بەردەستیان کەوێ دە ورگەبۆری داخنن- زۆر پێ ناچێ دەبنە مالۆسی دابەستە: ملێکی قوڵە و ئەستوور و لووت وەک چەوەندەری سوور و چەنەکورت و بەرچێڵە بە گنج و شۆڕ و تووکەپێشەسەروەریوی ورگ و پاشڵ دەرپەڕیوی گەد و گیپاڵی شل و ول، هەمیشە پشووسوار و فل. تل دەدەن، گەڵاوگەڵ دەڕۆن. لە جووڵانەوە دەوەستن؛ بە نەوسی خۆیان ناوەستن. هەر هێندە دەزانن بخۆن؛ تا دەتوانن چاوچنۆک بن. بە فێڵ بە تەڵەکەبازی، بە مەرایی و خوازەڵۆکی پەیدا کەن و لە زگبازی و لە تۆڵازی بەخت کەن و هیچ وەختێک چاویان تێر نابێ. ئەمانە گەر ڕاستت دەوێ بەدبەختی دنیا و قیامەتن.

جا لێرەدا قەناعەتی ئیسلامەتی ئەو قەناعەتەی قورعان و خودای قورعان فەرموویانە -نەک ئەوەی بە ئێمەیان گوت- دەردەکەوێ چەند هێژایە.

ئیسلام دەڵێ: تۆ بەو بەشەی خودا دەتداتێ ڕازی بە. چاوت لە ئەم و ئەو نەبێ. چاولێکەری و چاوچنۆکی و ئێرەیی بە خەڵک بردن لە مێشک و هۆشت دەراوێ. نەیفەرموو دەبێ نەدار بیت. دەڵێ دارا یان هەژار بیت، پێ بەقەد بەڕەی خۆت ڕابکێشە. خۆت خێوی پیاوەتی خۆت بە. هەوساری خۆت مەدە دەستی ئارەزووی نەوسی چنۆکت. تۆ بە ئازادی خوڵقاوی؛ خۆت بە ورگی هەڵمساو و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ مەفرۆشە. بە پێی توانا بخۆ! بنۆشە! بپۆشە! بە هەژارانیش ببەخشە! ئەندازەش دەبەرچاو گرە! خودا لە زمان لوقمانەوە بە پێغەمبەری فەرمووە: «دەستەکانت مەکە بە تۆقی گەردنت! تەواویش پانیان مەکەوە، بکەویە بەر تیر و تانە و بە خەمانەوە دامێنی.» واتا نە ڕژد و چرووک بە لۆمەت بکەن؛ نە ئەوەندە دەسبڵاو بە بتخاتە سەرساجی عەلی و چیت نەمێنێ.

خوا فەرموویە وەکوو خوا بەشی تۆی داوە تۆش بەشی خەڵکی لێ بدە! بەشی خۆشت لە دنیادا لەبیر مەکە! واتا هەر وەک ژینی خۆشی خۆت لەبیرە، کۆمەڵگاکەشت لەبیر بێ! هەر وەک قازانجی خۆت دەوێ، قازانجی خەڵکیشت بوێ! هەروەک ناتەوێ فێڵبازان دەستت ببڕن، لە دەسبڕینی بێنازان تێمەکۆشە! بە شوکرانەی ئەو هێزەی خودا داویە پێت، بۆ بەهێزبوونی لاوازان خەبات بکە! ئیسلامەتی دوو ڕێگەی بۆ دیاری کردووین ئەگەر بێتوو بەریان نەدەین بەختەوەری دنیا و دینمانی تێدایە. یەکەم: دەڵێ هێندە زێڕ و نەغدینە وەسەریەک مەنێ و مەیشێرەوە کە هەر بە پاس لێکردن و بژاردنییەوە خەریک بی و بیر لە چیتر نەکەیتەوە. دووهەمینیش لە چاونەزێری و چنۆکی و خوازەڵۆکی بتەکیەوە. چونکە چنۆک و خوازەڵۆک چاری ناچار بۆ نامەردان مل شۆڕ دەکا و سەر بۆ پیاوی خۆڕی و تۆڕی دەچەمێنێ و پیاوەتی و قەدر و حورمەتی بۆ نامێنێ و بە کورتی خۆی دەدۆڕێنێ.

ئەم قەناعەتەی ئیسلامی ڕاستەقینە، ئەمڕۆش لە کن ڕۆشنبیرانی جیهانی شارستانییەتی گەشەدار زۆر پەسندە. ئەم جۆرە قەناعەتەیان ناو ناوە سۆفیەتی شۆڕشگێرانە (زُهد انقلابیفارسی)! ئامۆژگاری مرۆ دەکەن کە ناشێ بۆ زێدەخەرجی و لووکسبازی و زگ زلکردن خۆت و دواڕۆژت بفرۆشی و ئاوڕووت لە ڕێی پارە و پاروودا بڕێژی و پیاوەتی و ئازادی ژیانت لە کیس بدەی.

بەڵێ برام! ئیسلامیش هەر ئەوەی دەویست کە ئەمڕۆش لەلای زانایان زۆر بەنرخە. بەداخەوە فێڵبازان و بەڕواڵەت زانای نەزانمان واتای قەناعەتیان گۆڕی. گوتیان قەناعەت ئەمەسە بێنان و بەرگ و بێپێڵاو بژی و شوکرانەبژێر بی! تەنانەت هەر قەناعەتیان بە هەژاری و بێئەنوایی مانا دەکرد. لایان وابوو هەرکەس ڕووت و برسی نەبێ، خوا ناناسێ. پرودون و مارکس، هەقیان بوو کە ئەم زڕە قەناعەتە ناو بنێن: بێدەرەتانی فەلسەفە و فەلسەفەی بێدەرەتانی.

بەڵێ ئەو هەڵەکارانەی بە خاپاندن خۆیان کردە ڕێشاندەرمان و لەسەرمان بوونە کەیخودا، هەر بەوەندەوە نەوێستان کە برسیەتی و نەداریمان لێ بکەن بە بناغەی ئیمان؛ گوتیان هەرکەس دوور لە خۆمان، لە دنیا خۆشی ببینێ، لە بەزەی خودا بێبەشە!

بۆ قەناعەتی ئیسلامی سەرەتایی، ڕووداوێکتان بۆ باس دەکەم: لە ڕۆژگاری خەلیفایەتی عەلیدا، عاسم ناوێک کوڕی زیادی حارسی ببوو بە گۆشەنشین و دەستی لە دنیا بەردابوو. کسپ و کارێکی نەدەکرد هەر خەریکی نوێژ دابەستن و دۆعا بوو. عەلی ڕۆژێک بە تووڕەیەوە تێیخوڕی: تۆ شەیتان فریوی داوی کراوی بە دوژمنی خۆت! تۆق و کۆتی لە ملی ژن و منداڵتدا. ئەگەر بەزەت هیچ بە خۆتا نایەتەوە، بەزەت بە منداڵتدا بێ! بڕۆ ڕەنج بدە! پەیدا کە! تۆ چۆن ئەوەی خودای گەورە ڕەوای دیوە، لەدەم خۆتی دەگریەوە؟ مام عاسمی سەرسۆفیلکە کە بە خەیاڵ وایدەزانی موسوڵمانی ڕاست ئەوەیە وەک ڕەبەنانی خاچپەرست گۆشەگیر بێ و هەرگیز دنیای لەبیر نەبێ، لە وەرامی عەلی دەڵێ: تۆ بۆچی باسی خۆت ناکەی؟ جلک و بەرگت کۆنە و زورە؛ خۆراکت هەژارانەیە. وا منیش چاو لە تۆ دەکەم! عەلی زۆر بە ڕقهەستاوی بەر دەبێتە سەر و گوێلاکی مام عاسم؛ پێی دەڵێ: هەی نەفامی گێژ! من بۆ وەک تۆم؟ ئەگەر دەبەر ناکەم، ناخۆم، من فەرمانڕەوای ئەو خەڵکەم. دەمەوێ دەردی هەژاران هەست پێ بکەم؛ بزانم برسی و ڕووت چۆنن، بە دەرد و مەرگیان ڕابگەم. ئەگینا من نە تەنبەڵم، نە لە کار خۆم دەدزمەوە، نە لام وایە تێری و تەسەلی و پۆشتە بوون پێچەوانەی دینەکەمە.

براکەم! کەس و کارەکەم!

ئەو خودایەی من دەیناسم بەرتیل ناخوا. کاری بە تکاکار و کوێخا و گزیر و کاردار و باجگر و باج ئەستێن نییە. نە بە دیاری بۆ پیر بردن نەرم ئەوێ و نە ئەگەر تکاکار نەوێ، ڕێگەت نادا. تۆش و پیرت لە لای خودا وەکوو یەکن؛ وەکوو یەک دەنگتان دەیگاتێ. خوا ماڵی خۆی بە ماڵی خەڵک ناو دەبا: «هەوەڵ ماڵێکە بۆ مەردم دامەزراوە».

خودا یاری ئەوانەیە کە یاریدەی چینی بێدەستەڵات دەدەن؛ لە سەر هەژاران دێنە جواو؛ دەگژ زۆرداران ڕادەچن. پێغەمبەری ڕادەسپێرێ خوار و بێبار و بەدکاران بە دمە شمشێر ڕاست کاتەوە. بە دەردی رۆدنسۆن دەڵێ: پێغەمبەری بەچەکەوە! جا ئەگەر ئەو فەلەزلە بە تانەوە ئەمە دەڵێ، من شانازی پێوە دەکەم. چونکە پێغەمبەری ئیسلام وەک مەسیحی کاتۆلیکی ڕۆمی نییە بەینی کۆلەدار و کۆیلە، زۆردار و ناهەقی لێکراو، داگیرکەرانی ڕۆمانی و زێد لێ داگیرکراوانی فەلەستینی نەکا و بێژێ: گەرەک گشتان یەکترتان خۆشبوێ. ماڵی قەیسەر بۆ قەیسەر و ماڵی خودا بۆ خودایە. کەس نابێ وە کەس بکەوێ. هەرکەسێ ئازارت ئەدا دۆعای بەخێری بۆ بکە تا سەرەنجام کاری دەگاتە ڕادەیەک دوو جەندرمەی ڕۆمی بێن و دڕکەزی دەسەر بپێچن و ڕەپێچی کەن بۆ پای سێدارەی داگیرکار.

پێغەمبەری موسوڵمانان دەسەر دوژمنیەوە ناچێ؛ سزای غەیان دەداتەوە. لەسەر غەدرێک، جوولەکەی بەنووقورەیزەی قەڵاچۆ کرد. پێنجسەت کەسی سەر بڕین و لاشەکانی هەڵداشتە ناو کەنداڵەوە. وا ئێستاکێ کە ئەو شیرە لە کالاندا ژەنگاوی بوو، دوژمنانمان ئێمە بەو دەردە دەبەن و پێنسەد- پێنسەد دەناو بودڕمان داوێژن.

ویل دۆرانت لە نووسراوێکیا دەربارەی پێغەمبەر دەڵێ: «هیچ کەسێک لە پێغەمبەران پەیڕەوانی بۆ بەهێز بوون و ئازایی وەک موحەمەد ڕانەهێنا و هیچ پێغەمبەرێک جگە لەو نەیتوانیوە لەم مەبەستەدا سەرکەوێ».

پێغەمبەری موسوڵمانان بۆ ژیانی پڕ بەختەوەری و دادپەروەری لەسەر زەمین تێدەکۆشا. کاری زۆر و بەرهەمهێنانی ڕادەسپارد. لە ماڵی گڵیندا دەژیا و گوێی نەئەدا بە زەرق و بەرقی بێهوودە. هەموو ژیانی تەرخانی خزمەت بە خەڵک و لابردنی بێئاکاری و زۆرداری بوو. پەیڕەوانی گوێ بە فەرمانی پێغەمبەر -وەک مێژوو شایەتی دەدا- زۆربەی زۆریان لە بەربەرەکانێ زۆرداران نەوێستاون و گیانی خۆیان لەو ڕێگەیەدا بەخشیوە؛ کە عەلیش و ڕۆڵەی عەلیش لەوانە بوون.

بەڵام قسە بۆ کێ دەکەی؟

ئەو بەرەی لە ئایین تەرە لە ناوماندا -کە چینێکی خوێندەوارە- بۆ پەرەدانی بڕوای خۆی ڕۆژنامەی هەس؛ گۆڤاری هەس؛ نووسەری باش، کتێب وەرگێڕی کارامە، خاوەنی زمانی پاراو، دیوانە شێعری چاپکراو، چیرۆک و نومایشنامە و فیلم و سەتان لەو بابەتەی دەبەردەستا، لە پەستا هێرش دەکەنە سەر دینەکە. ئەم کەرستە دژەدین و ڕەنگینانە بە نرخێکی کەم و هەرزان لە بازاڕدا دەس دەکەوێ. کوڕ و کچمان بە هاسانی دەیخوێننەوە و هێدی- هێدی لە مەزەب دەتەکێنەوە.

لەولایشەوە ئەوانەی خۆیان ناو ناوە موسوڵمانی خاوەن ئیمان، وەک مێشیشیان میوان نەبێ وایە. هەر تەقەشیان لەسەر نایە. خەمی چیانە؟ هەزاران تەکیە و مزگەوت و بەرزەک و مینبەریان هەیە. چیان گەرەکە و چۆنیان دەوێ، کەرستە لەبەر دەستایە.

لەم ناوەدا کەسانێکی کە دەگەڵ مندا هاوبیرن، تێگیراون. نە ئەنوایە کە بیچنێ نە دەتوانن ئەوی لە دڵیاندایە دەری خەن. بێدەرەتان و سەرگەردان!

بە هەزار دەرد و مەخسەرە و چەرمەسەرە، سیپارەیەک، نامیلکەیەک لە چاپ بدەم. لە گش لاوە بەرتانە و شاڵاو دەکەوم و تاڵاوم بە دەمدا دەکەن. لاوان دەڵێن لەم ڕۆژگارە -کە لە چەرخی بیستەمین داین- دیسان باسی ئایین دەکەی؟ دیسان چیرۆکی ئەبووزەر؟! کۆنەکانیش تیژتر بە گژمدا دێن: چۆن ناوی پێغەمبەر نووسین سەڵواتی نەبێ ڕەوایە؟ کوا ئەو کەسەی سڵاوەتی تەواوی بۆ نەنووسیوە؟ تا وەبەر داری حەدی دەین!

ئێمەی کە بە خۆمان ئێژین ڕۆشنبیری خاوەن ئایین، ئەبێ چی بکەین؟ ئێمە بووینە دەنکە گەنم لە نێوان دوو بەرداشاندا قەتیس ماوین؛ هەر ببزووینەوە هاڕاوین. نە هاوارمان بە کەس دەگا نە کەسیش دەهاوارمان دێ. هەر بنووسین، بنووسەکەمان دەشکێنن. هاوار بکەین، دەم و قوڕگمان دەدڕێنن. بچینە بەر هەر ئەنوایەک دەیڕووخێنن. عاسمان دوور و زەوی سەخت! چنجڕووکمان لەچی گیر کەین؟

دایە! باوە! براکەم! هاووڵاتیەکەم!

هەوڵدەن دە قورعان بگەن! تا تێبگەن کە ئەوەی ئێستە لاتانە و لاتان وایە ئیمانە بە خوا و بە قورعان، درووس نییە. عەلی ئامۆزای پێغەمبەر نە قارەمانی چیرۆکە نە بتیشە بۆ پەرستن. نایناسین و دەیپەرستین! عەلی موسوڵمانی ڕاست و خواپەرستێکی بێخەش بوو. دژی گەلخۆر و زاڵم بوو. بۆ ڕزگاری چینی چەوساو تێدەکۆشا.

جا بۆ ئەوە کە نەیاران پێتان نەڵێن شیعەگەری دەسکاری ئێرانییەکانە و دایان هێنا تا ئیسلامی پێ لابەرن، کارێک بکەن کە شیعەتی -بێ زیاد و کەم- دەگەڵ مانای قورعانەکە بەرانبەر بێ. دەگەڵ پێشداچوونی دنیا گەشە بکا و لە هەموو دەور و زەمانێک بەهرەی بۆ گەل و کۆمەڵ بێ. زانستی تازەبابەتی مایەی پێشکەوتن بخوێنن و مناڵانتان بۆ پیشە و هونەری باش و بەهرەدەر بۆ گەل ڕابێنن. لە دین و ئایینەکەشیان تێ بگەیەنن. کە مەبەستم لە دینەکە، فەرموودەی دەقی قورعانە؛ نەک هەر شیوەن و گریانە و لە خۆدانە و هیچی تر نا.

پیاوی چابن! تۆزێک لە خۆتان وریا بن! ژیرانە بیر بکەنەوە! ئەوەی ئێستا ئێمە لێرە ناومان ناوە خواپەرستی، فڕی بەسەر خواوە نییە؛ بۆیە تازەلاوەکانمان پێتان دەڵێن: کۆنەپەرستی بێکارە و گەمە و گاڵتەتان پێدەکەن. لاشتان وانەبێ ئەوانەی هەر چونکە چوونە ئورووپا و گەڕاونەوە و بە خۆیان دەڵێن ڕۆشنبیر، ڕووناکبیرن. نەخێر، بەشی زۆر لەوانیش -وەک نەخوێندەوارەکانمان- چاوبەستە و کوێرانە دەژین. هەر ئەوەندەی لێ دەزانن دەمەلاسکەی ڕۆژاوایی بکەنەوە و خۆیان وەک ئەوان نیشان دەن. لە بابەت زانستیشەوە، هیچیان دەباراندا نییە. واتا -بە ناشکوری ناڵێم- نە کەونەکانمان بەکار دێن نە تازەکان. ئێمە فێرگەیەکمان دەوێ کە باری ئێستا بگۆڕێ. خوێندەوارمان زیتانەتر لە کۆمەڵگاکەی بنۆڕێ. هەم دینەکەی -وەک لە قورعاندا هاتووە- ئاگا لێبێ، هەم لە زانست و هونەری خەڵکی دنیا خەبەردار بێ.

ئێمە دەبێ ئازاد بیرکرنەوە، ئازاد ژیان بخەینە مێشکی خەڵکەوە. کارێک بکەین لاوەکانمان وێرای کاروانی شارستانییەتی گەشەداری ئەم زەمانە بخەینە ڕێ و نەشهێڵین دینە ڕاستەکەی -کە خوا و قورعان فەرموویانە- لەدەس بدەن. قورعانەکەش نەکەینە تەلیسمی دێوان؛ لامان وابێ هیچ کەسێک ناشێ بیزانێ.

باوە! دایە!

ئەم دنیایە -کە ئێوە لێی بێخەبەرن- زۆر گۆڕیاوە. دوژمنانمان زۆر بەهێزن. ئەگەر ئێمەش بە بیر و بڕوای تازەوە خۆ نەنوێنین بەرگەی لێشاوی ڕۆژاوای زانا و چاوچنۆک ناگرین.

با ڕاپەڕین. ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕ. بە خوێندن و بیری ئازاد، ئێمەش خۆمان وەک دوژمنەکان بەهێز کەین. تا هەل ماوە ئەو تۆزە دینە و ژینەمان -کە لاماوە- بپارێزین. ئەگینا هێندەی پێ ناچێ ئەوەی ئێستا ناومان ناوە دین و ئایین دەتوێتەوە و شوێنیشی کوێر دەبێتەوە. ئەوسا هەزار حەیف و پەکوو بە پوولێکە و پەشیمانی بەهرە نادا.