بێینەوە سەر قەزا و قەدەر

از کتاب:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
اثر:
هژار (1921-1991)
 24 دقیقه  795 مشاهده
بێینەوە سەر قەزا و قەدەر

لێتان ڕوون بێ قەزا و قەدەر -وەک باوک و باپیر و ئێمە و کۆلکەمەلای لێ حاڵی بوون- هەر هیچ فڕی بەسەر ئیسلامەوە نییە؛ پێچەوانەی فەرمانەکانی قورعانە. ئەگەر مانای قەزا و قەدەر وەک ئەمانە ئێژن وابێ، هەرچی لە ژیان بەسەرمان دێ، هەر کۆسپێکی دێتە بەرمان، بەرلەوە لە دایک ببین لە چارەنووسمان نووسرابێ و خۆمان بە بەرد و دار دادەین نەکرێ خۆمانی لێ لادەین، خوا پێغەمبەری بۆ ناردوون؟ بۆ پێی سپاردوون کە مەردم هانە بدەن چاکە بکا و لە خراپە بە پارێز بێت؟ بۆچە ئێژن گوناە بکەی خوا بە ئاگر داغت ئەکا و ئەگەر لە ڕاستەڕێ بڕۆی لە پاش مردن بێستان و باغت پێ ئەدا؟ ئەگەر خۆم لە دەستم نەیە ڕێبازی ڕاست هەڵبژێرم و قەزا و قەدەر خۆی بزانێ بۆ کوێ دەچم، ئیتر پەند و ئامۆژگاری و ترساندن و مزگێنی دانی بۆ چییە؟

ئەو تەرزە قەزا و قەدەرەی کە ئەمڕۆ دە مێشکی ئێمە خزێنراوە، ئەگەر سەرچاوەکەی وەدەین، دەمانباتە سەر ئەفسانەی ئایینی جوولەکەکان و چیرۆکەکانی کەونارای یۆنانیان و چلەکێشانی هیندوستان. خەلیفەکانی ئەمەوی بە هۆی مەلا کلکەکانیان خستوویانەتە کتێب و دەگەڵ دینە پاکەکەدا لێکیان داوە؛ ویستوویانە ژێردەستانیان وا نەزانن دەتوانن بە خەبات کردن لە چنگ زۆردار ڕزگار بن. قەزا و قەدەر کردوونی بە ژێرچەپۆکە و نابێ ببزوون. ئەشێ بە زەبوونی بژین. وردە-وردە ئەو هزر و بیرە بێ پیرە پەرەی سەند و لە ناو کۆمەڵگای ئیسلاما تەشەنەی کرد. زۆر کەس لەو تەوەزەلانەی لەشی کارکردنیان نەبوو، ئەم بیری هەوسار بە دەستی قەزا و قەدەر سپاردنەیان کەیف گرتی بە ناوی دین، بە ناوی سۆفیگەریەتی، لە ناویاندا بڵاوەی کرد. گوتیان هەرچی بەسەرتان دێ سووچی گەردوونی چەپگەردە! کەسیش بە بیریدا نەهات کە پێغەمبەر فەرموویەتی: «قەدەریەکان، مەجووسی ئۆمەتی منن». کەس نەیگوت خودا فەرموویە: «ڕۆژێ کە هەرکەس هەر ئەوەی دێتە بەرچاو کە کردوویە».

قورعان دەڵێ: «هەموو گیانێک بارمتەی کردەی خۆیەتی». خوا فەرموویە: «هەر گەلێک، هەر کۆمەڵگایەک کە لەمەوبەر سەرنخون بوون، هەر بۆیە بوو خۆیان زوڵمیان لە خۆ دەکرد». خوا فەرموویە: «پیاو هەرچی بۆی تێنەکۆشێ، گیری نایە». تەنانەت بە پێچەوانەی ماتریالیسمی دیالکتیک و مارکسیزم کە لای وایە: پێشکەوتن و دواکەوتن و سیسی و گەشی کۆمەڵگایان بە ئاڵوگۆڕی ئابووری و هۆی بژیوی مەردمەوە بەستراوە و دەگەڵ گۆڕانی کەرستەی بژیودەر و بەرهەمهێنانی ئابووری بیر و باوەڕیش دەگۆڕێ و بیری نوێتر دێتە گۆڕێ، قورعان دەڵێ: «خوا لە هیچ گەلێک ناگۆڕێ تا خۆیان دڵیان نەگۆڕن.» واتا گۆڕانی کۆمەڵگاش هەرکاری بە بڕوا و بیرە نەک ئابووری و ماکی ژیان.

ئێستا ئێمە لە شوێنێکین سێ ڕێگەی لێ دەبێتەوە. ئاخۆ بە کامیاندا بڕۆین؟ یەک ئەو قەزا و قەدەرەیە کە ئەمڕۆ لە ناومان باوە و ئێمەی لێ تێگەیەنراوە. هەر وەک پێشوو ئەو ڕێ خۆشکراوە بگرین و هەتا دەمرین دەستە و ئەژنۆ چاومان دە عاسمان ببڕین و دەس لە ڕەش و سپی نەدەین. لامان وابێ هەرچی بەسەرمان هاتووە و بەسەرمان دێ، زۆر لە مێژە لە چارەنووسمان نووسراوە و تەقەلامان خۆڕاییە.

یان بدەینە سەر شۆپی ئەو خوێندەوارە تازانەمان کە بە بوختان ناومان لێ ناون ڕۆشنبیر. کاروبارمان هەر ئەوە بێ بە ئاپۆرەی فریودراو بخەنین و بە کەللەی کۆنیان ناو بەرین و هەوڵیش نەدەین هۆی نەگبەتیان نیشان دەین و بەرەو ڕووناکی سەریان خەین. کە من بە بیر و بڕوای خۆم ئەو دەستەیە چەپیان دەبەر قەزا و قەدەر زەدەکاندا نییە. هەر دووک لا هیچ کارێک ناکەن کە بۆ کۆمەڵ بەهرەی هەبێ.

یان با دەینەوە سەر ڕێگەی ئیسلامە ڕاستەقینەکەی پێشینەکان و بڕوانین ئەوان چیان کرد، ئێمەش بیکەین. ئاخۆ ئەوانیش وەک ئێمە هەر چوار پەلیان بە گوڵمێخی قەزا و قەدەر داکوترابوو؟ هێز و بڕستیان بڕابوو؟ دامابوون و تووشی هەر دەردێک دەهاتن، خەتاکەیان دەخستە سەر قەزا و قەدەر؟ سەرباری بەڵا و ئازاریش، سوپاسی عاسمانیان دەکرد؟ چونکە قەزا و بەڵای بۆ ناردبوون!

کەسێک هەر تۆزێک شارەزای ڕابردووی موسوڵمانانی بەرێ بێ، دەزانێ ئەوان چلۆن بوون. بڕوایان بە قەزا و قەدەر هەر بۆ چوونە مەیدانی جەنگ دەکار دێنا. دەیانگوت لەچی بترسین؟ خودا مەودای هەودای ژیانی هەموومانی داناوە کەی بپسێ و بمرین. هەتا وەختی خۆمان نەیە، هەودای ژینمان هەر لە دوو دێ و ئەگەر وەختی مردنیش هات -با لە ناو قەڵای پتەویش خۆ وەشێرین- دەمانگاتێ. واتا هەر بۆ مەیدانی جەنگ، بۆ سڵ نەکردن لە دوژمن، قەزا و قەدەریان دەناسی. بەڵام وەکی دی لە ژیاندا بۆ لابردنی کەساسی، بۆ بەرانبەری زۆرداران، بۆ ڕزگاری و بەختەوەری لە دنیادا بە باهۆی خۆیان دەنازین. ئاگایان لە قورعان هەبوو؛ دەیانزانی تا خۆیان تەقەلا نەدەن، تێنەکۆشێن و کار نەکەن، قەزا و قەدەر هیچ کاریان بۆ ئەنجام نادا. نان دەبێ لە زەوی دەرخەی؛ لە عاسمانەوە نابارێ. بەڵێ ئەم قەزا و قەدەرەی کە ئەمڕۆ لە ناومان باوە و چینی بەستەزمانی سادەی نەخوێندەوار تەواو بڕوای پێ هێناوە، زۆر لە دوای سەرەتای ئیسلام پەیدا بووە. لە چیرۆکی یۆنان و هیندۆکانەوە ڕاگوێزراوە و بۆ پێکهێنانی ئارەزووی فەرمانڕەوایانی لاسار دەناو کتێب ئاخنراوە و ڕەنگی ئیسلامی لێدراوە. دەستەڵاتداری خوانەناس ویستوویانە گەلی ژێردەست هەستی بەربەرەکانی کردنی لانەمێنێ. بۆ بێگار و سەرانە دان بەربار بێ و مل دابنوێنێ و قەرەبەختی و نالەباری کار و باری لە قەزا و قەدەر بزانێ و گلە نەکا. وردە-وردە ئەو بڕوایە لە لایەن فەیلەسووفان و سۆفیانەوە وای پەرە ساند کە ناویان لێنا فەلسەفەی زانستی موسوڵمانەتی و کرا بە فێرگەی دینداری؛ هەرچەند کە قورعانی پیرۆز پێچەوانەی ئەم بیرەیە.

قورعان ئینسان بەرانبەر بە کردەوەی خۆی، لە خۆی لە کۆمەڵی دەوری بە لێپرسراو دەزانێ. نەک هەر ئینسان خۆی بە تەنیا بگرە ئەندامی لەشیشی دەکەونە بەر پرسینەوە. «گوێ، چاو، دڵ، هەموو ئەوانە بەرپرسیارن».

سارتر دەربارەی پەیوەندی هەرخۆیی (وجوودی) و ڕەسەنایەتی مرۆ (اصالت انسان) پێودانێکی وای داناوە کە بەڕاستی بیری وا ژیرانە و پەسند هەر لەخۆی دەوەشێتەوە. بۆ مرۆ لە کۆمەڵگادا کردەوەی چاک هەڵبژاردن یان خۆ بە کاری ناپەسند هەڵپەساردن، ڕێ و شوێنێکی هێندە ڕۆشن نیشان دەدا کە تا ئەمڕۆ هیچ فێرگەیێکی دنیایی نەیتوانیوە بە قولەقاپەشی ڕابگات.

سارتر دەڵێ: بۆ گەشەدان بە کۆمەڵگا یان بۆ کەنەفت کردنی، ئاکاری تاک لە کۆمەڵدا، لە باوەڕ بە دیار و نەدیار، لە گۆڕانی کەرستەی بەرهەمهێنان و بڵند بوونی پلەی ئابووری و کز بوونی، لە هەموو یاسا و دەستووری بە زۆر سەپاو کاریترە. ئەمجار دێتە سەر شی کرنەوەی مەبەست و پێمان ئێژێ: تاک ئازادە. هەر کارێ خۆی گەرەکی بێ ئەوە دەکا. ئەمجار ئەو تاکە ئازادە ئەگەر دڵ و دەروونپاک بێ، ئاکاری چاک دەکار دەکا و بەهرە بە کۆمەڵگا دەدا.

- چۆن بتوانین ئەو ئاکارچاکی تۆ دەڵێی لە ناپاکی جوێ کەینەوە؟

سارتر وەرام دەداتەوە: هەر بابایەک لەو کۆمەڵگا گوشادەدا کە تێدایە چاری ناچار کارێکی ڕەچاو کردووە گوزەرانی پێوە دەکا. ئەو کابرایە زۆر بە هاسانی دەتوانێ بەدی و باشی ئاکارەکەی بەر محەکی هەستی دەروونی خۆی بدا و بۆی دەرکەوێ. ئەگەر لە دڵدا حەز بکا لەو کارەدا کە ئەو دەیکا هەموو هاوپیشە و هاوکاران وەک ئەو بکەن و بە لاسا کرنەوەکەیان کەیفی ساز بێ، دەردەکەوێ ئەو مرۆیە خاوەنی ئاکاری چاکە و قازانجی بۆ کۆمەڵ هەیە. دژیشی لە دژەکەی بگرە. بۆ نموونە: قەسابێکە ئێژێ گۆشت بەرخ دەفرۆشم؛ بەڵام لە جیاتی گۆشت بەرخ، گۆشتی بزنی ڕەشۆکی و موو بە کڕیارەکان دەفرۆشێ. حەز ناکا هیچ قەسابیتر پەی بەو گەندەڵ فێڵەی بەرن و چاو لەو بکەن. واتا ئەم حەز نەکردنە نیشانەیە کە ئەو قەساوە خەراوە و بێئاکارە. بەڵام ئەگەر ئەو قەسابە گۆشتی زۆر باش لەو نرخەی کە شارەداری بۆی داناوە کەمێک هەرزانتر بفرۆشێ، حەز دەکا هەموو گۆشت فرۆشانی شار وەک ئەو بکەن. وەک ئەوەیە کە دەیەوێ ڕێ و شوێنێک بۆ هەموان دانێ و ئەو ئارەزووە پاکە و چاکەی بکاتە یاسایێک بۆ گەل.

جا ئێستا بەو پێودانە دەتوانین بێژین هەرکەسێک کردەوەیەک ڕەچاو دەکا، گەرەکە لێکی داتەوە کە ئاخۆ ئەم کردەوەیە ئەگەر لەناو ئاپۆرە تەشەنە بکا، بە قازانجی کۆمەڵگایە یان زیانە؟ ئەگەر ئەو تاکە تەنیایە وە@@@دەزانێ کەس بە ناچاری دەمەلاسکەی ناکاتەوە و لە خۆی بەدەر کەس ئاوڕی وێ ناداتەوە، ناکرێ گازندەی لێ بکرێ؛ وا پکە وا مەکەی پێناوێ. تاک ئازادە و با بە ئازادی ڕایبوێرێ. تاکێکی وایش -خراپیش بێ- زیانی بۆ کۆمەڵ زۆر کەمە. بەڵام ئەگەر تەنیا هەر خۆی بۆ خۆی نییە و سەرۆکی حەشاماتێکە و دەزانێ هەرچی ئەو بیکا، ئەوانیش دەدەنە شوێنی و لاسای سەرۆک دەکەنەوە، لە سەریەتی بۆ دۆزینەوەی کاری خۆی، بۆ ئاکاری لە کۆمەڵدا تا زۆر بە وردی و زانایی سەروبەری پێک نەهێنێ، بڕیار نەدا. ئەم تۆژینەوە و بڕیارە لە فەلسەفەی هەرخۆییدا ناو نراوە: «دڵەتەپێ»؛ چونکە ئەو تاکە دەزانێ هەرچی بیکا بۆ پەیڕەوان دەبێتە یاسا و ڕێ و شوێن و دەرس و فێرگە، نابێ ویژدانی ڕێ بدا کە جگە لە کاری چاکە و بەهرەدەر بۆ کۆمەڵگاکەی لێ ڕووبدا.

دەبڕوانن ئەم شیرینکاری سارترە دەگەڵ فەرموودەی پێغەمبەر چۆن تەواو وەک یەک دێنەوە کە فەرموویە: «هەریەک لە ئێوە شوانێکە و هەریەکەتان ئەرکی بەردەستانی خۆتان لەسەر شانە».

چەند چەل و ملێکی دیکە

وەک وتمان چارەنووسەکە لێمان کرا بە قڕنوو، گەنە و نووسەکە و چنگی لە گیانی زیندوومان گیر کرد و هەر بەرمان نادا. چەند شتێکی تریش هەیە لە ئیسلامی ئەمڕۆی ئێمە بوونە قیلی کەواسپی و بە پشت ملیەوە نووساون؛ وەکوو زوهد و قەناعەت و سەبر و تەوەکول و چەندی تریش؛ کە دەپێشوودا باش بوون و لە دواییدا لە شوێن خۆیان ترازاون. ئەمانە لە سەرەتادا لە ناو ئیسلامە ڕاستەکان ڕێشاندەری بەرزی گیانی ئادەمی بوون و بەرەو خودایان سەر دەخست؛ کەچی ئێستا وا لە مانا سەرەکیەکە هەڵتەکاون و تێکدراون و لێکدراون کە هەریەکەی بۆتە سەرمایەی بەدبەختی و هێز و پێز لە پیاو دەستێنێ و بەرەو تەنبەڵی و بێکاری دەیڕەتێنێ.

بەڵێ ئەم ڕستە و وشانە -کە ئەمڕۆ لە ناو ئێمەدا بناغەی چارەڕەشین و بوونە ئامیانی بێبەشی- لە رۆژگاری سەرەتای ئیسلامەتیدا -وەک قورعان و پێغەمبەر باسیان کردووە و وەک خەباتکەرانی ئیسلام حاڵی ببوون- دەگەڵ ئەو مانای ئێستاکە دەگوێی ئێمە ئاخنراون، نێوانیان عەرز و عاسمانە.

بەداخەوە ئەو کەسانەی کە خۆیان لێمان گۆڕیوە و بە پێشەوای دینی خۆمانیان دەزانین، لە ڕاستیشدا بوونە ئەو ئەلخەنناسانەی بە ئاشکرا و بە نهێنی دڵان دەخەنە وەسوەسە و جادووگەرن؛ گرێ لە تاڵی ژین دەدەن؛ بە دەم و دڵ فوو لە گڕی ئاگری دینسووتێن دەکەن. ئەو چەند ناوە جوانانەیان کە بۆ واتای پڕ لە بایەخ داندرابوون، لە ناوەرۆک تەکاندووە. بە ئارەزووی دڵی ڕەشیان خشت و خاڵ و پەڕۆ و پاڵیان تێ ئاخنیوە. بڕوای ڕاستی ئیسلامەتی -کە سەرمایەی گەشانەوەی ژیان و گیانە- کردوویانەتە هۆی مەرگ و بە کەساسی و دیلی ژیان. بەرگی جوان و دڵ پەسندی ئیسلامەتیان بەرەو ئاوەژوو پۆشیوە و تێکۆشیون هێندە دزێو بێتە بەرچاو کە زەندەقی خەڵکی بەرێ و هەموو کەس لەبەری هەڵێ.

دینەکانی دیکەی دنیاش وەنەبێ وەک خۆیان مابن و دەسکاریان تێدا نەکرابێ، بەڵام ئەوان هەر ئەوەندە دەستیان لە دینەکە داوە کە زۆر بە هێدی و هێمنی لە بیر خەڵکیان بردۆتەوە و لە باتی دین بە ماندوو بوون بۆ دنیا خافڵاندوویانن. کەچی -بە ناشکوری ناڵێم- فێڵباز و دەسبڕانی مە دینەکەیان بۆ بەهرەی دنیاکەی خۆیان چەرخ داوە. ئەم فێڵەش لەناو شیعەدا بەتایبەتی لە مەزەبەکانی ناشیعە! پتر برەوی ساندووە. با بزانین چۆن؟ لە بڕوای شیعەگەریدا وێڕای بڕوا بە عەداڵەت و ئیمامەت، هانا بردن، تکا کردن، پارێزگاری، تۆبە، مشت و ماڵی گیاندان (تزکیەی نفس)، شوێنەونکە کردن کە ناومان لێناوە تەقیە، بە دەربەستە خۆ بە مەلایەک سپاردن واتا: تەقلیدیش هەن کە ئەوانە زۆر هاسانە پیاوی فێڵباز بە هەوای خۆی چەرخیان بدا و بە کەیفی خۆی بامان بدا و ڕامان بدا و گوردی خۆی لە نەزان بگرێ. کە گرتیشیان هەر جار کەسێک یان کەسانێک ویستوویانە هۆی بەدبەختی بدۆزنەوە و بۆ بەربەرەکانێ کردنی دەس بەکار بن، دژایەتی و فەرق و فرووق لە ناو کۆمەڵدا نەهێڵن، ئەو بەناو گەورەی دینانە، بە ناوی تەقیە یان تەقلید یان پارێزگاری و قەناعەت و چی و چی دەستیان بە دەمدا گرتوون و نووکە و جووکەیان بڕیون.

لە لایەکی تریشەوە مێژووی شیعە زۆر ڕووداوی لێک جیای تێدا قەوماوە. ئیمامەکان هەر یەکەیان بەپێی باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ئەو ڕۆژگارەی تێدا ژیاون، ڕەوشتێکی سەربەخۆیان گرتۆتە بەر؛ کەم وایە وەکوو یەک بووبن و بە ئاکار وەکوو یەک چووبن.

بۆ نموونە: ئیمام حەسەن سوڵحێ دەکا؛ ئیمام حوسێن شۆڕشگێڕە. ئیمام سەجاد سەرگەرمی نوێژ و دوعایە؛ ئیمام سادق دەرسێ بە فەقێیان دەڵێ. ئیمام مووسا لە زیندانی هارووندا گیرۆدە بووە و تازە لێی دەرنەکەوتووە؛ ئیمام ڕەزا بە ڕواڵەت بە جێنشینی مەئموونێ ڕازی دەبێ. ئیمامەکانی دیکەمان خۆپارێزن. ڕاپەڕینی چەکدارانە و ڕامیارانەی بە ئاشکرا بە ڕەنجی بێوەر دەزانن و لایان وایە مایەی زیانن. واتا هەر یەک لە ئیمامان بەرانبەر بە زەمانی خۆی نەریت و ڕێ و شوێنێکی تایبەتی و سەربەخۆی هەڵبژاردووە؛ خۆی لە کاری ئیمامانی پێشتر لە خۆی هەڵبواردووە. لە سۆنگەی ئەم جیاوازیە لە ئاکاری ئیماماندا، ڕێگەی ئەو گزیکارانەی کە هەوساری بیر و بڕوای کۆمەڵی سادە و هەژاریان لە دەستایە و بەرەو قازانجی خۆیانی ڕادەکێشن، زۆر تەخت و خۆش و بێگرێ خۆ دەنوێنێ. دەیانکرا لە کام لاوە، لە چاولێکەری کام ئیمام پتر قازانج و سوود ئەبەن، پەیڕەوانیان بەرەو ئەولایە لێخوڕن. بۆ نموونە دەیانتوانی بڵێن: هیم و بنچینەی شیعەتی لە جێگای داد و ئیمامەت خۆپارێزی و عیبادەتە. یان لە باتی شۆڕشی کەربەلای حوسێن، ئاشتیخوازی ئیمام حەسەنیان ڕانابا و بیر و بڕوای ئاپۆرەی نەخوێندەواریان بە لای حەسەندا ڕادابا. هەموو ساڵێک لە بیرەوەری ئەو ڕۆژەی حەسەن دەستی لە خەلیفەتی بەرداوە و بەو هۆیەوە نێوان ناخۆشی نەماوە، بەزم و ئاهەنگ بگیرابا و مەلایان لە سەر بەرزەکان باسی ئەو کارە چاکەیان بکردایە و بیان بردایەتە مێشکی گەل کە ئاشتی دەگەڵ دوژمن و پێکهاتن دەگەڵ زۆردار و چاوپۆشین لە کاروباری ناڕەوای دەستەڵاتداری نالەبار و خۆپارازتن لە کێشە و هەرا و کوشتار و ئاگرەسوورە لە خۆم دوورە -کە ئیمام حەسەن کردوویە و قازانجی خۆی تێدا دیوە- زۆر ڕەوشتێکی پیرۆزە و هەرکەس شیعەی بەڕاستی بێ، گەرەکە وەک ئەو ئیمامە نەرم و نیان خۆی لە کێشە بدزێتەوە. بۆچ وایان نەکرد؟ نازانم.

ڕێبەرەکانی دینیمان ئەگەرچی تەقیە و تەقلیدیان کردە شاڕەگی شیعەتی، بەڵام بەوەندە نەوەستاون و ڕایانگەیاند کە لەنگەری شیعایەتی بەندە بە عەداڵەت و ئیمامەتەوە. وەک دەشزانین لە عەلی ڕا ئیمامەتەکە دامەزرا. لە دوای عەلی حەسەن ئیمامی دووهەمە. حوسێن لە دوای عەلی و حەسەن بۆتە ئیمام. ماوەیەکی چەندین ساڵەش لە تەمەنی گوزەراوە تا لە کەربەلا شەهید بوو. زانایانی دینی ئێمە کە دەبوایە مێژووی سەرەتای ئیمامەت بگێڕنەوە بۆ سەر عەلی، یان هیچ نەبێ ڕۆژی ئاشت بوونەوەی حەسەن بکەن بە سەرەتای مێژووی شیعە یان تەنانەت ڕۆژگاری ژیانی حوسێن بەرلە چوونی بۆ کەربەلا بکەن بە ڕوانگەی مەزەب، هاتوون ڕۆژی عاشورایان کردۆتە سەرەتای مێژووی جێگەی شانازی شیعە. واتا بناغەی مەزەبمان بوو بە سێ شت: ئیمامەت و عەداڵەت و یادی عاشورای کەربەلا. پیاو بە سەرچڵی بڕوانێ وادەزانێ کارێکی زۆر باش کراوە. مەزەبەکە زۆر لە پێشوو بە پێزتر و جێگیر بووە؛ چونکە جاران کە هەر لەسەر دوو پایەی داد و ئیمامەت دامەزرابوو، بە تێکەڵ بوونی کەربەلا دوو چوکڵە بۆتە سێ چوکڵە و بەرۆش لەسەر سێ کوچکە بێ، کەمتر دەبزوێ و دەلەرزێ.

بەڵام ئەگەر بە وردی لێی بتۆژینەوە، دەردەکەوێ کە فێڵبازان چۆن توانیویانە سەرکەون و چەند بە زیتی و زانایانە توانیویانە ئەم هەرسێ ئاگردانانە بە یەکجاری سارد کەنەوە. ئەم سێ سەرچاوە ڕۆشنەی کە ژین و دین و خەبات و ڕاپەڕینیان لێ هەڵدەقوڵێ، شلوێ کەن و ڕەنگ و چێژە و بەرامەکەی وا بگۆڕن کە نەک هەر نەخوێندەواری سادە، بگرە بەرەی ڕۆشنبیری زانا و ژیریش -کە ڕێبەری دادپەروەر و ڕاپەڕینی دژی زۆرداری و لاساری و خەڵک چەوساندنەوە و چینی هەژار پارازتنیان بە دڵ دەوێ و ئەو پەڕی ئارەزوویانە- لەو تێکەڵ بوونی سێ هیمە وەهایان سەر لێشێواوە کە مەزەبە سەرەکیەکە ناناسنەوە و لایان وایە بۆتە مایەی داکەوتن و مێشک تەزین و زەبوونی. ئۆبال بەستۆشم ڕاست دەکەن تێکیان داوە.

لە وەرگێڕان و تێکدانی دینەکەشدا زۆر کارامە و بەڕاپەڕ بوون. توانیویانە بە تێکڕایی ئیسلامەتی و بەتایبەتی شیعەگەری وا سەرەونخوون نیشاندەن کە بەو ئەندازەی لە پێشدا دنەدەر و وەکارخەر و بەهرەدار و دڵ ڕاکێشەری کۆمەڵ بوون، پتر بیکەنە گەپجاڕ و دژی کار و مایەی زەبوونی کۆمەڵگا و بڕوا و بیری ئیسلامەتی، قێزی خەڵک هەڵستێنێ و دنیا لێی بتەکێتەوە.

چاوەنۆڕی

پار لە دانشکەدەی ئابادان و چەند شەو پێشیش لە حوسێنیەی ئیرشادا لەو بارەوە وتارم دا و بەهرە لە چاوەڕێ بوونی دەرچوونی ئیمام زەمانم شی کردەوە و تێمگەیاندن کە ئەم چاوەڕێ کردنە پێچەوانەی بیر و بڕوای ئەوانەیە کە لایان وایە بێگومان ئیمام ڕۆژێک لە بەرپیواری دەرەدچێ و بە کاری دنیا ڕادەگا. پێچەوانەی خەیاڵی ئەو کەسانەشە کە دەڵێن ناگەڕێتەوە؛ چونکە هەردووک لا (چ بێباوەڕ، چ بەباوەڕ) وا دەزانن ئەم چاوەنۆڕی کردنە چاری ناچار سەردەکێشێ بۆ بێکاری و تەوەزەلی.

زۆر لەوانەی کە باوەڕیان بەو گەڕانەوەی ئیمامی نەدیو هێناوە، لایان وایە کۆشش و هەوڵدانی پیاو بۆ لە تەنگانە ڕزگار بوون، بۆ بەرەو ئاسوودەیی چوون، ئاو لە ئاونگدا کوتانە. دەبێ ڕاوەستێ تا ئیمام خۆی دێ و کاری بۆ پێک دێنێ. کە بێگومان ئەم تەرزە بیر و باوڕە، گیان سیس دەکا و پیاو دەکاتە کۆلکەدارێک کە هەر بۆ سووتان دەست ئەدا.

تۆ دەستەوستان دانیشی و دەست لەبان دەست چاو ببڕیە ئاسۆی خەیاڵ و لات وابێ بۆ خۆت هیچت لە دەست نایە و بەتەما بی کەسێک ڕۆژێک پەیدا دەبێ و چیت گەرەکە ئەو بۆت دەکا، هەرگیز ناگەیتە مراد و بەو پەڕی هەناسەساردی و دەم لە پووشی دەژی و دەمری.

چاوەنۆڕی ئیمام کردن -بەراوەژووی بڕوای ئەم جۆرە کەسانە- نابێ مایەی داهێزان و تەنبەڵی بێ. دەبێ هۆی چوست و چالاکی و نەبەزین و پڕکاری بێ.

بزانین چۆن؟

گەلێک، کۆمەڵێک، یان تاکێک کە دەبینێ دنیا پڕە لە زوڵم و کاری ناڕەوا، دەستەڵاتدارانی لاسار هەژاران دەکرووسێننەوە، بێچاران هەر لە ناڕەوا ئازار دەدەن، تاریکی زوڵم و زۆرداری دنیای کردۆتە شەوەزەنگ، بەڵام دیسان داوێنی هومێد بەرنادا و بڕوای وایە ئەو زوڵمە هەتا سەر نابێ و ڕۆژێک هەر دێ کە دنیا بە ئارەزووی ئەو بە ئارەزووی لێقەوماوانی ئاواڵی بوخلێتەوە. ڕووناکایی دادپەروەری و ڕەواکاری لە ئاسۆی نادیارەوە پەیدا ببێ و خوا ڕێبەرێک بۆ هەژاران بەڕێ بکا کە بتوانێ پێشیان کەوێ و بە گژ زۆرداریاندا بکا و ڕزگار ببن. جا دەبێ بەو چاوەنۆڕی کردنە خۆسازدانی بۆ ئەو ڕۆژە -کە ڕێبەر دێ و بە گژ زاڵمیدا دەکا- لەبیر نەچێ؛ تەواو ئامادە و تەیار بێ؛ زۆر وشیار بێ لە تەنبەڵی و خەو بێزار بێ؛ ئەوەندە چوست و بەکار بێ کە لە ژێر بەیداخی ئیمامدا -هەر کاتێ هات- خۆی بنوێنێ و بە شانازی بە سەربازێکی زۆر ئازا وەربگیرێ و لە تێکدانی دەزگای زوڵم و لە دامەزرانی عەداڵەت لە سەرزەمین، وەک پاڵەی چاک، کەرخی دروێنەی دیاری بێ.

لە مێژوو دەخوێنینەوە کە لە ڕۆژگارانی پێشین لە زۆر شوێنان سەرەڕای خەڵکی ڕەمەکی، تەنانەت پیاوانی دینیش هەموو پاش نیوەڕۆی هەینی دەچوونە گرێوەغار و تیرئەندازی و خۆیان فێری هەنگێوەیی و چاپکسواری دەکرد. گەمە و یاری لەسەر دراو، کە لە ئیسلامدا حەرامە، بۆ گرێوە غاری ئەسپ و تیرئەندازی ڕێ دراوە. زاناکانی موسوڵمانان، موسوڵمانیان دنە دەدان کە سوارچاک و ئەنگێوە بن. خۆشیان -وێڕای خەڵکی دیکە- توندوتۆڵ و بە گورد و گورجوگۆڵ دەکرد کە بتوانن لە بەرانبەر دوژمناندا دەستەوەکەری بکەن و لەش خاو و خلیسک نەبن.

ئەوساکە ئەگەر بیانگوتا چاوەنۆڕین ئیمامی زەمان پەیدابێ و پێشمان کەوێ و لە ژێر سەرکردەیی ئەوا مەردانە خەبات بکەین و توخم و تۆوی زوڵم و زەڵاڵەت نەهێڵین و هێندە عەداڵەت دامەزرێ کە گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو بخۆنەوە، دەمانگوت ڕێگەی تێ دەچێ کە بتوانن. بەڵام ئێستا بەرانبەر بەو ڕێبەرانەی کە دینداری لە تەنبەڵیدا دەبینن دەبێ چۆن بین؟

زۆر لەو ڕێبەرانەی دینی -با بە گورد و تاقەتیش بن- لایان وایە دەبێ خەڵک وا نەزانن هیچ تین و تابشتیان هەیە. با وا بزانن مام مەلا لەبەر کەمخۆری و کەم خەوتن و نوێژ و ڕۆژووی فرە و زۆری، ئەو هێز و گوردەی نەماوە لە ڕێ ڕۆیشتن، لە سواری، لە ڕاپەڕین و داپەڕین بارتەقای هەرزەکاران بێت.

مەلام دیوە خەپە و قەڵەو، لاڕوومەتی دوو کولێرە چەور دەکا. لە ژەمێکیش بە دەئەستورکان خورێنە. مست لە ورچ بدا دەیخا. بەڵام کاتێ لە دەرگای ماڵ دەچێتە دەر، بە هەنگاوی ورد و بچووک، بە نرکە و ناڵە و نووکەنووک، بە حاڵ پێ لە زەوی دەنێ. دەبێ دوو کەس دەس دەبن هەنگڵی بگرن نەوەک سەرەنگرێ بەرێ! ئەگەر لە گوندێک بۆ گوندێک سەفەر بکا و سواری کەر بێ، دەبێ یەکێک لینگی بەرز بکاتەوە و یەکێک پاڵ بە پاشڵیەوە نێ تا سەرکەوێ. ئەو خۆ بێهێز نیشاندانەی ناوی ویقار و هەیبەتی پیاوانی خودای لێ نراوە. جا چۆن پیاوی هێندە پارێزگار و دیندار وەکوو لاوێکی هەرزەکار خۆی هەڵداتە سەر پشتی ئەسپ و بارەبەر؟

ئەم تەرزە مفتەخۆرانە کە وەک زەروو لەسەر خوێنی مەردم ژیاون و دەژین و دەیانەوێ هەر پاڵکەون و پاروویان بە دەمەوە کەن، ڕەنگی دین و چاوەنۆڕی هاتنی ئیمامی زەمانیان دەو تەوەزلیە هەڵسووە و پینەیان پێدا گرتووە. دەڵێن ئێمە گومانمان لەوەدا نییە کە ڕۆژی خۆی ئیمامی نەدیار دێتەوە و هەر کارێکی هەمانە ئەو بۆمان دەکا و هەرچی ئارەزووی دڵمانە پێکی دێنێ. تا ئەویش تەشریف نەهێنێ هیچ کارێک لەدەس مە نایە. باش هەروایە ڕاوەستین و چاوەنۆڕ بین.

ئەمجۆرە فەرمایشانە کارێکی کردۆتە سەر گەل کە لای وایە نابێ بە گژ زۆرداری لاساردا بچێ. نابێ لەسەر ماڵی تاڵانکراوی خۆی هەرا بکا. با بە ژیانی تاڵ بساچێ و لە ژێر چەپۆکی دوژمنا بناڵێنێ و هومێدی بە خۆشی نەبێ و تەنیا چاوی هەرلەوە بێ کە کەی ئیمامی نادیاری پەیدا دەبێ و دەفریای دێ.

نەخێر هەرکەس بڕوای وابێ کە دەبێ بە تەمای ئیمام دەستە و ئەژنۆ دابنیشێ و بە ژیانی حیز و سڵامەت قنیات بکا و بە ئاواتی چاوەنۆڕی ئیمامەوە هەموو ژینی بە نزا و گریان ببوورێ، هەڵەکارە و هیچی لە هیچ نەزانیوە.

سەرچاوەی ئەو چاوەنۆڕیە بڕوا بە ڕەوتی تاریخە و هومێدە بە دادپەروەری خودای مەزن. خوا فەرمووویە: «لە زەبووردا نووسیومانە ئەم زەمینە کەلەپوورە بۆ پیاوچاکان.» عەلی لەم بارەوە دەڵێ: «ئەگەر پتر لە یەک ڕۆژیش تەمەنی دنیا نەمابێ، خوا هێندەی مەودا دەداتێ کە ئەم ئاواتە بێتە جێ».

چاوەنۆڕی و هومێد بە ئایندەی خۆشتر، جگە لەوەی کە لە هەموو ئاینە عاسمانییەکاندا -بەتایبەتی لە قورعاندا- باس کراوە، لە ناو غەیرە دینانیشدا، لە ناو دین دوژمنانیشدا، باوی هەبووە و باوی هەیە.

ماک پەرستانی کمۆنیست لایان وایە مێژوو بیەوێ و نەیەوێ ئەوە ڕەوتی ڕۆژگارە: چینی چەوساوەی کرێکار سەرمایەدار لە ناو دەبا و خۆی ئەبێتە فەرمانڕەوا لەسەر زەمین. بەڵام ئایا هەر بە هومێدی ئەو ڕۆژە هیچ کار ناکەن و چاوەنۆڕن بێ ماندوو بوون ئەم ئاواتەیان بێتە دی؟ نەخێر. دەزانن بەربەرەکانی و خەباتی بێپسانەوە و ڕەنج کێشانی خۆیان نەبێ هەرگیز بەو ئاواتە ناگەن.

خوشکم! برام!

وەک زانیمان چاوەنۆڕی بۆ دواڕۆژێکی ڕووناکترە، هانەدەری چالاکیە. بەو مەرجە فێڵباز و دەسبڕ تێکی نەدەن. تەوەکول، حەج، قەناعەت و سەبریش لەو بابەتەن. حەج بێجگە لە کۆبوونەوەی موسوڵمانان لە شوێنێکدا و ئاگاداری لە بەسەرهاتی یەکتری سێ پەندی زۆر پڕبایەخمان دەخاتە بیر: با زۆر لە تەنگانەشدا بین، دڵسارد و ناهومێد نەبین؛ دەس لە تەقەلا و کۆشش و داواکاریمان بەرنەدەین؛ چاومان لە بەزەی خوداش بێ و لامان وابێ خودا کەسی بێکەسانە و فریاڕەسی بێدەسانە. هاتوچۆی هاجەر لە نێوان سەفا و مەروا کە هەڵوەدا بوو لە شوێن ئاو، شەش جار ئەو ناوەی پشکنی، هیچی نەدی. دیسان هەر ناهومێد نەبوو؛ لە کۆشش وچانی نەدا. هەوساری چارەنووسی خۆی، ڕۆڵەی ساوای بەجێهێشتووی، بە بەزەی خوا سپاردبوو. کۆششی بێپسانەوە، هیوای بەهێز، ئەوسا تەوەکول بە خودا هەموو ئاواتی پێکهێنا و لە حەوتەمین هاتوچۆدا هەم ئاو، هەم ئاوەدانی پەیدا کرد.

عەلی لە گەرمەی شەڕیدا پەندی ڕۆڵەی خۆی دائەدا: «کێویش ببزوون، ئەتۆ مەبزوو! ددان بەسەر یەکدا بێنە! سەرت بە خودا بسپێرە! پێت لە زەوی بچەقێنە! چاو ببڕە ئەوپەڕی شەڕگە! هیچ بیر لە خۆت مەکەرەوە! سەرکەوتن لە خوا بزانە!».

لەم ئامۆژگاریەی عەلیدا کۆشش و سەبر و تەوەکول -وەک بۆ موسوڵمان پێویستە- خۆ دەنوێنن. تەوەکول مانای وا نییە تۆ هیچ مەکە و هەموو کارت بە خوا بسپێرە و پاڵدەوە. عارەبێک لە لای پێغەمبەر گوتی: من وشترەکەی خۆم بە تەمای خوا بەرهەڵدای بیابان دەکەم. فەرمووی نا. ئەژنۆی ببەستە و ئەوسا بە خودای بسپێرە!

سەبرەکەش -هەر وەک تەوەکول- لە واتا بە بەهرەکەی خۆی لادراوە. زۆر هەڵەین کە پێمان وابێ ئەگەر زوڵمیشمان لێ بکرێ، ئازادیمان لە ناو ببرێ، مافی ڕەوای خواپێداومان بەرپێ بدرێ، لەسەرمانە سەبر بکەین؛ بۆ ڕزگار بوون هەوڵ نەدەین. خوا کە فەرمووی سەبرتان بێ، نیازی تەواو پێچەوانەی ئەم فکرەیە. قورعان دەڵێ: «ئەی ئەوانەی باوەڕیتان بە ئیسلامە! سەبرتان بێ و لە یەکتری جوێ مەبنەوە!». ئەم ئایەتە بۆ خەزاکەران هاتووە کە لە مەیدانا بچەقن و هاریکاری یەکتر بکەن. لە شوێنێکیتر فەرموویە: «ئەی پێغەمبەر! هانەی موسوڵمانان بدە با شەڕ بکەن. بیست لە ئێوەی خاوەن سەبر بەسەر دووسەتا زاڵ دەبن. سەت لە ئێوە هەزار لەوانە دەشکێنێ کە باوەڕیان بە خوا نییە؛ چونکە ئەوان دەهیچ ناگەن. ئێستا خودا کە دەزانێ سستیتان دەناو دەکەوێ، ئەرکی سەرشانتان سووک دەکا. ئەگەر سەتی پشوو لەسەر خۆتان هەبێ، بە سەر دووسەتا زاڵ دەبن. هەزاریشتان بەرەنگاری دووهەزار بن، بە ئیزنی خوا سەردەکەون. خوا دەگەڵ خاوەن سەبرانە».

ئەم ئامۆژگاری و فەرمانە خودا لە جەنگی بەدردا بۆ پێغەمبەری ناردووە. ئەو سەبرەی خودا ویستوویە واتا: لە شەڕ پێداگرتن، واتا بەرەنگاری کردن، واتا کەمیش -کە هەقخواز بێ- نابێ لەبەر زۆری ناڕەواخواز و خوانەناس دەست دانەوێنێ و ببەزێ.