دایه باوه! کێ خراوە؟

از کتاب:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
اثر:
هژار (1921-1991)
 25 دقیقه  1356 مشاهده

لە وتاربێژی وەڕەزم؛ حەزم لێیە مامۆستا بم. لە سەر ئەم بیر و بڕوایە، دوێشەوێ بڕیاری خۆم دا: چیتر نەکەومە ناو کۆڕی حەشامات بۆ وتاربێژی؛ هەر چییەکیش لەم دواییانەدا لێیان دواوم و ئەوەندەی لە بیرم ماوە، کۆی کەمەوە و سەروبەری لێک دەمەوە و چەوت و لاری ڕاست کەمەوە و بیخەمە سەر چەند لاپەڕێک، ئیتر چیتر زانست لە بەر با شەن نەکەم!

بەڵام ئێوە، ئێوەی بەڕێز، ئەوەندە بە دەورەما هاتن و پتر لەوەی کە هەڵدەگرم خۆشەویستیتان دەربڕی، لە ڕووم نەهات لە ڕووتان وەرگەڕێمەوە. وا ناچارم بۆ جارێتر لە بڕیارەکەم واز بێنم و دڵی ئێوەی تینووی دەنگ و ڕەنگی خۆم نەشکێنم.

بەر لەوە بێم لە دڵما بوو لە بارەی عەلیەوە بدوێم. بڵێم عەلی تاکێک و هەزار هونەر بوو. بەڵام وە بیرم هاتەوە: پارەکەش هەر لەم بارەوە لە ژێر ناوی «عەلی وەک قارەمانی چیرۆکان» وتارم دا و دووپاتە کرنەوەی ناوێ. وا ئێستا لە نیازمدایە لەم پێچی ماڵاواییەدا، دەربارەی مەبەستێک بدوێم کە مەودای هەودای ژیانی ئەمڕۆمانی پێوە بەندە؛ نەکا تازە هەلێکی وام بۆ نەڕەخسێ کە ئەم ئامۆژگاری و پەندە بە هاوڕەوشتەکانی خۆم ڕابگەیەنم.

جیهانێک لە ناو کۆڵانێک

ئێمەی ئەمڕۆ -کە خۆمان ناو ناوە دیندار- سوور دەزانین چینی خوێندەواری تازە، بە تاوانبارمان دەزانن؛ تیز و تەشەرمان تێ دەگرن. لایان وایە ئاوەزمان پارسەنگی دەوێ و ئایینداری، کۆمەڵی پێ پاش دەکەوێ.

جا با بزانین هۆی ئەو کارە کارەساتە و چاری ئەم دەرد و ئازارە و دەرچوون لەم تووشی و نەهاتە، چییە و چۆنە و برینەکەمان چەند کۆنە و ئەو هەودایە لە کوێوە سەری هەڵدایە و چەرمەسەرە و کێشە و گێرە پێسیری کێ دەگرێتەوە؟

ئێرانی چین؟

بەشی زۆربەی هەرەزۆری ئاپۆرەی وڵاتەکەمان موسوڵمانە؛ ئەویش چتۆ موسوڵمانێک؟ لە کوێرەدێی چەپەک و پەرەوە بگرە تا دەگاتە گوند و شارەدێ و شارۆکە و گەلێک لە باژێری قەوغاش، هەر هێندە لە دین دەزانن: نوێژان بکەن، ڕۆژووان بگرن، ببنە پەیڕەوی ئاخوندێک هەست و نست و شل و خەستیان بەو بسپێرن؛ هەرچی فەرمووی گفتی خوایە و بە موو لادان لە فەرمانی، بۆ دین و دنیا بەڵایە.

ئاخوندی خێوی ئەو خەڵکەش کاروباری بوێتە ئەوە لە سەر مینبەر قوت بێتەوە، دنەی ئەم ڕەمەکیانە دات کە هەتا زۆر بگرین کەمە. با بە گەل بچنە کەربەلا. کێ دەوڵەمەندە بچێتە حەج. زەکات و سەدەقە بدەن. پێنج یەکی داهاتی ساڵیان بۆ سەیدان بێ؛ دەیەکیش بۆ ناگوزوران بەخت بکەن. واز لە باسی دنیا بێنن؛ هەر باسی قیامەت بخوێنن؛ جیا لە بەهشتی دوای مردن، دەهیچ شتێک ڕانەمێنن.

ئەوانەی بێ ئاخوندیشن دەبن بە دەروێش و سۆفی لای پیرانی سەرشین و بەڕیش و بێئیش. نەغد و پوختی دنیاکەیان دەنێنە ناو لەپی شێخ و ئەویش گفتی بەهەشتی مفتی پاش مەرگیان ئەنێتە مشت.

دیارە لە کۆمەڵگای وادا، بیر و بڕوای تێکڕای ئاپۆرە وەک یەکە. لاوان، پیران، هاوسا و جیران، ئاوماڵ لە گوند، لە هەواران، لە هەموو ئاوایی و شاران، خوێش و غەوارە و ڕەمەکی، دوکاندار، جووتکار، دەشتەکی، کەس کاری دەربارەی باری دینداری بە کەم ناگرێ. کەس پلار و تەوس و توانج لە سەر ئەم شوێن و ئاکارە هەموانییە دەکەس ناگرێ. بە تەواوی بیر و هزریان ئاسوودەیە.

لایان وایە ئەم دنیایە گشتی هەر ئەوەی تێدایە کە ئەوان پێوەی خەریکن. واتا لە ئاوەز و فکرا هەموو پێکەوە شەریکن. لە دنیای بەدەر لە خۆیان، لە بیر و بڕوای نامۆیان، دوور و بێ ئاگا و تەریکن. هەزار ساڵە و بگرە پتریش بەو بێخەبەریە دەژین و کەشکەک سڵاوەتیان دەوێ.

هەزار و ئەوەندە ساڵە ئەم حەشامات و ئاپۆرە زۆر و بۆرە، وان لەم حاڵە و وان لەو چاڵە و لەو سەرپەت و سنگە ماون و بەم گوڵمێخە داکوتراون. تا مردوون و لە ناو چوون و لە ژێر پەردەی خاکا ون بوون، هەروا ژیون و بە موو چییە نەگۆڕاون. بە تەماشن هەر وەهاش بن؛ گۆڕانیان بە سەردا نەیە.

جا ئەم پێگە کە لە پێشدا کوێرەڕێ بوو، هێندەی پێدا هاتوون و چوون، بۆتە کاروانەڕێی هەراو. نە کۆسپێکە، نە کەندێکە، نە گیرێکە، نە بەندێکە، هەر زیپکیشیان وەبەر نایە؛ هیچ سڵ مەبە بڕۆ دەشتە و دوامین قۆناغت بەهەشتە!

ئەگەر لە پرسەی حوسێندا چەند فرمێسکێک هەڵوەرێنی، ئاخوند لە خۆت نەڕەنجێنی، لە پیتاکدان نەبۆڵێنی، ئەوا چەند کۆشکێک دەستێنی گشتی یاقووت و زمرووتە. ئەگەر شێخ و خەلیفە و دێوانە تێر کەی، ئەگەر نەوسی چنۆکی مفتەخۆر کوێرکەی، هەر لەم دیوەی بستووی ژیان چووی بەو دیوا، ڕووباری هەنگوین و شیرە و باغی هەنار و هەنجیرە و حۆری زۆرە و کەیف و ڕابواردن مشەیە. ئەگەر لە شەقام کلا بی و لە فەرمایشتی شێخ لا بی! لە دنیا بەختەوەر نابی و لەولاش جێگەت جەهەندەمە!

ڕاستت دەوێ هەر کەس، هەر تیرە، هەر کۆمەڵ، ئاوەها بێچەقە و گێچەڵ وەکوو کیسەڵ لە ناو قاپێکی قەپاتدا بێخەم بژی و بیر و مژی بە گاڵە و هەرا تاڵ نەکا و سەری بە پرس و پەرسڤی لاپرەسەن و دژەبڕوایان قاڵ نەکا، هێند ڕەحەت و ئاسوودەیە دەبێ ئێرەیی پێ بەری و بێژی: ئای خۆزگە بە خۆی کات.

بەڵام بۆ من، بۆ کەسانی هاودەردی من کە خواناخوا لەم جەغزۆکە کلابووە، بەرەو دنیای پڕ لە هەرای ئورووپا، ڕۆژاوا چووە، هەستی بەوەندە کردووە ئەمڕۆ سەدەی بیستەمینە، گوێ ئاخنین و چاوپۆشین و خۆپەرگرتن لە باری وێژە و زانستی بە دانستەی دژەدین و پڕایی خەڵکی سەرزەمین، کارێ دژوار و حەستەمە، دەبێ چی بکا؟ دەبێ دەردی چەند گران بێ؟...

بابایەکی خۆم ئاسایی کە بۆ خوێندن چووبێتە ناو کۆمەڵگای نوێی ئورووپایی، هەموو ڕۆژێ، هەموو شەوێ، بگرە هەموو کات و سات و ژەم و دەمان، دەگەڵ زانایانی نامۆ، دەگەڵ کتێب و نووسراوی پیاوی خاوەنبیری بێپیر ڕووبەڕوو بێ؛ باسی کفر و خوانەناسی کاسی بکا. ئەویش بە نیاز بێ کە دینی باب و کاڵی بپارێزێ؛ بکەوێتە مشتومڕ و دملەدمنانی ئەم و ئەو، جوابی هەموو پرسیارکارێک ئامادە کا. پرس و پرسیاریش بەبار بێ؛ یەک نالەبار، یەک لەبار بێ. بچتە هەر کوێ بێتە بەر گوێ. قسەی بێتام گفتی بەتوێ. هێندێک زۆر سوێر، زۆری بێخوێ. منێک یاخۆ من ئاسایی لەم ناوەدا چۆن گیر دەخوا و ئەشێ چی بکا؟ چۆن شان و پیلی کاکیلە و زمان و چەناگەی نەسوێ؟ دەی سا لە کوێ دەتوانێ بێژێ ئاسوودەم؟ چۆن بووز دەخوات و بۆی دەلوێ وەک ئەو پیاوە ساویلکە بێ کە سەر و بەری ژیانی لە ناو پەڕاوی پەڕزەردی بە پیوازاو ڕەنگکراوی نووسراوی ئاخوندا دەژی؟ لای وابێ دنیای ئەمڕۆکەش هین هەزار ساڵ لەمەوبەرە و سەر و بەری هەر وەکوو خۆی سەرمۆر ماوە و جۆرێک مۆمیایی کراوە کە نە بۆن دەگرێ نە دەپوێ و نە تەڕایی دادەچۆرێ، نە ڕەنگ و بۆنی دەگۆڕێ. هەموو ئەرکی گرانی هەر ئەوەندە بێ: بە لۆرینەوەی ڕەوزەخوان دەست بکا بە شین و گریان؛ جنێو بدا بە ئەبووبەکر و عومەر و زۆر کەسیتر لە ئەسحابان. ئیتر ئاسوودە دانیشێ و پاڵداتەوە تا بە پاڵەپەستۆ و ملە ئەیخەنە ناو بەهەشتەوە!

نەخێر ئەرک و دەرد و مەرگی ئێمەی خوێندەواری ئەم ڕۆژگارە زۆر بەژان و گرانترە لەوەی کە بیری لێوەکەن. دەردەکەشمان دوو سەریە: هەم بێدین لێمان تووڕەیە، هەم دیندارە ئاسوودەکەش...

بەشی زۆر لەو ساویلکانەی کە لە تەهی دڵ دیندارن، ئەوانەش کە خاپینۆکن و ڕەنگی دین دەخۆ هەڵدەسوون، تانە لە من، لە خوێندەواری من ئاسا دەدەن کە فڵانی! بۆ نازانێ ڕێ و شوێنی موسوڵمان چییە؟ بۆ هیچ ئاگات لە دین نییە؟

چیتە کراوات دەبەستی؟ بۆچ دەربەستی ڕیشتاشینی؟ بۆچ لە کاتی وتاری ئایینی داندا کەمتر سڵاوات لێ دەدەی؟ بۆ جارێکیان ناوی ئیمام عەلیت گوت و «عَلَيْه السّلامعربی»ت نەگوت؟ بۆ ئەگەر ناوی زڕاوی ئەبووبەکر و عومەر دەڵێی، جوێنی نامووسیان پێ نادەی؟! تەنانەت هێندێک پێم دەڵێن: لە کاتی وتار وتندا ئاو خواردنت -بەرامبەر بە فەرمایشتی فڵان ئاخوند- نامەکرووفە و لە ناو کتێبدا نووسراوە. دەوەرە ئەو بار و کەرە لەو چەق و زەلکاوە دەرکە! ئەم کارە پووک و سووکانەی لای ئەوانە نیشانەی لەڕێ لادانە و لەڕێی دین و دینداریدا تەگەرەی هەرە گرانە کە هاتۆتە بەر دینەکە. ڕایەڵ و پۆی شەریعەتیان بەم نەختانە ئاڵۆزاوە؛ بە کراواتەکەی ملی من تەواو سەریان لێ شێواوە. دەبڕوانە!

کورد گوتەنی: کەر لە کام جێ هەڵدێراوە و کوندە لە کوێوە دڕاوە!

من تاوانی نەخوێندەوارەکان ناگرم؛ بەستەزمانن؛ هەر ئەوەندەی لێ دەزانن کە مام مەلاگیان پێی گوتوون کە ئەوانە لە کتێبی کۆندا نووسراوە و دانەری کتێبەکانیش موجتەهید و ئایەتوڵڵای پایەبەرز و بەناوبانگن! بەڵێ بە گوێرەی کتێبی پەڕزەردی چاپخانەی بەردی، ڕیش تاشین و بۆ جل پۆشین لاسای دین دوژمن کردنەوە، سەلام بۆ عەلی نەنووسین، جوێن بە ئەبووبەکر نەدان، گوناهی گەورە و گرانن.

ئەو ئاخوندەش کە ئەم جۆرە کتێبانە بۆ خەڵک دەخوێنێتەوە، خوا خۆی هێندە ساویلکە بێ تەواو بڕوای پێ هێنابن، یاخۆ دەسبڕ و فێڵباز بێ و نیازی وا بێ فریویان دات، دیسان ناشێ لۆمەی بکرێ؛ چونکە بێچارە دووکان و کونی نانەکەی ئەمەیە. کەسپ و کاری لە سەر نەزانی و سادەیی ئاپۆرەی نەخوێندەواری بەربار بڕەوێکی هەیە. پارەی کفن دەس ئەو کەوێ، مردوو سەد جار گۆڕبەگۆڕ چێ! با بیشزانێ ئەوی ئەو دەیڵێ ڕاست نییە، هەر نایەوێ ناندەرە بێ ئاگایەکەی خەبەردار کا و خوانەخواستە ڕۆژێک دابێ باری لار کا و هەڵتۆزێنێ. کەس نایەوێ ئاژەڵە گوان بە شیرەکەی بازەڵە بێ و لووشک باوێ و شیر دانەدا.

هەر کەسی خاوەن بیر و ژیر، زوو تێدەگا کە ئەو شیوەن و گریانەی مەلا دەڵێن بۆ حوسێنە و لە ڕای دینە، لە ڕاستیدا بۆ بەرژەوەندی خۆیانە و بۆ ئاو و گۆشت و تێکوشینە و بەرلەوە لە ڕای خودا بێ، بۆ خورمایە. جا ئەو نەغدینە و سەرمایە بۆیە نابێ بە خۆڕایی لەکیس خۆی دەن.

ناڵێم هیچی بۆ خوا نییە و گشتی فێڵە، بەڵام ئەگەر ورد بینەوە، باری دنیا و ئابووریەکە زۆر لە کۆتەرەی دینداری و قیامەتەکەیان زلتر و ئەستوورترە. دراوە، پڵاوی ڕەوزە، دەلەدووی داهات و زەکات، خەرجی سەفەری عەتەبات، نەزری تەکیە، هەقی نوشتە و دۆعا خوێندن، قوربانی و سەدەقە و خێرات، میرات بەش کردن و ئیسقات و هەزاران جڕوجۆنگی وا، چۆن هاسان لە دەستی بدەن؟

هەتا وابێ و دنیاکە لە گۆڕیان لابێ، کاری ئاخوند و مەلاکان -کە وەک داڵاش لە شوێن کەلاکان هەڵوەدان- ساز و تەیار و لەبارە و هەر بە لەباریش دەچتە پێش. دڵی دەروێش لە خەیاڵی حۆری بەهەشت و بەریکی شێخ و خەلیفە و مەلا و ئاخوند، لە سەرانەی ئەوان پڕە و گش لا بێئەندێشە دەژین و بە دەردی کاورا گوتەنی: مێشەکڕە و بێمۆز و مێش دەلەوەڕێن. بەڵام بۆ ئێمەی کڵۆڵی تازە خوێندەوار دەڵێن چی کە هەزاران کێشە و هەرا وەک مێشەنگوینی هارووژاو ڕژاونەتە سەر و چاومان؟

لاوەکانمان کە دەچنە لاوە بۆ خوێندن، واتا بە فەرموودەی ئاخوند ڕوو دەکەنە کافرستانی، یان ئەو کەسانەی لە ئێران دەرسی لاوەکی دەخوێنن و لایان وایە خۆ لە کوێران هەڵداوێرن، دەبێ کام خاک بە سەردا کەن؟

کتێبە غەیرە دینەکە پڕیە لە شتی جۆربەجۆر: بەرهەڵدایی بیر و باوەڕ، تۆژینەوە لە ماکی ژیان و مردن، وێژە و مێژووی کۆن و درەنگ، کر و هونەری هەمەڕەنگ، بێ بڕوایی بە خوا، بە دین بە پێغەمبەر، گاڵتە کردن، بە زیندوو بوونەوە و مەحشەر، بێهەستی و مادەپەرستی و هەزار شتی وەهایتریش کە دەگەڵ ڕەوشی هەزار ساڵ لەمەوبەرمان ناخوێننەوە.

جا ئەو لاوەی لەو ناوەدا قەتیس ماوە و هەوڵ ئەدا ئیمانەکەی بەر ئەو لافاوە نەکەوێ و دەگەڵ فێربوونی زانستی تازەبابەت لە دینەکەیشی بنەوێ و بیەوێ ڕزگاری بکات، ناچار دەبێ مەلە فێر بێ؛ تا لەو چۆمە وەیپەڕێنێ و نەهێڵێ گۆم بیخنکێنێ.

ئەو لاوانە لە کن پیاوی کۆنەپەرست دەرس خوێندنیان تاوانە. لای تازە پێگەیشتووەکانی تەواو لە ژیان نەگەیشتووش، پارێزگاریەکەیان لە دین، نەنگە و تانەی سەرچاوانە. ئیتر بە هەموو باراندا نامۆن لە جەرگەی یاراندا و بوونە گەپچاڕی ڕواڵ و مناڵی ڕیشسپی و ساوا، لە هەموو گوند و شاراندا. بەڕاستی لێیان قەوماوە.

کێ تاوانبارە؟

براکانم! لەبەرتان دەپاڕێمەوە. ئەگەر ئەمشەو قسەکانم تامیان تۆزێک تفت و تاڵ بێ، لێمی مەگرن! چونکە گەرەکمە بەڕاستی ئامۆژگاری دڵسۆزتان بم. بۆ ئەم دڵسۆزیەش ناچارم زمانم بە حەق بگەڕێ. پێشینانیش گوتوویانە: هەرچی هەقە تاڵە و ڕەقە. ئەوانەی لە وتارداندا هەر بە نیازن دڵخۆشتان کەن و تامی دەمی دڵ و حاڵتان بە فیشاڵ و درۆ خۆش کەن، لێتان ڕوون بێ زمانلووس و قەستەسەری چارەنووس و دواڕۆژتانن. ئەوانە دۆست نین، دوژمنن؛ کاڵەکخۆر و بێستان ڕنن. بە لای من ئامۆژگاری ڕاست، وەک بژیشک و حەتار وایە بۆ نەخۆشان. ئەو بژیشکەی کە دەزانێ نەخۆشینەکە گرانە و کەوتۆسە ناو قەیرانەوە، ئەگەر بە نەخۆشەکەی خۆی بێژێ: گوێ مەدەرێ! هیچت نییە و تەنانەت پارێزیش مەکە و تەنیا دراوی من نەبێ هەرچی دەخۆی نۆشی گیانت، ئەو بژیشکە پیاوکوژێکە نەخۆشەکەی بەرەو گۆڕ شۆڕ دەکاتەوە. بژیشکی باش ئەشێ بڵێ: ڕۆڵە! تۆ زۆر پەریشانی و ئەگەر زوو فریا نەکەوی و لە نەخۆشگادا نەخەوی و دەرمان و هەتوان و تۆزێ بۆت دەنووسم دەکار نەکەی و زوو نەخۆشیەکەت چار نەکەی، لەوانەیە لەکیس بچی.

من کە ئێستا لەم سەر بەرزەکە وێستاوم و ناوم لە خۆم ناوە پەندبێژ، ئەگەر ڕاستی ڕادەی دەردەکەتان نەڵێم، ویژدانم ئازارم ئەدا.

بەڵێ ئەی هاووڵاتیەکەم! بابە! دایە! دادە! کاکە! بە ناشکوری خودا نەبێ بە داخەوە دەبێ بێژم زۆر نەخۆشی و ژانت گران و هیلاکە. شێرپەنجە مێشکی تەنیوی؛ پەنجەی لە بنج و بنچینەی پنجی بیردانت هاڵاوە. تا هەل ماوە و ترووسکایی هومێدێک بە چابوونەوەت دەئارادا، دەرفەت لە دەستە خۆت مەدە و گوێ بۆ پەند و ئامۆژگاریم شل کە و خۆت لە دادۆشی دەم و پل پەلی زۆربێژی کاوێژکەری کای کۆن کل کە! با لەو ئازارە ڕزگار بی. ڕەنگە پەندی ڕەق و تاڵم بتئێشێنێ و وەک برینبڕ بە نەشتەر ئازارت بدەم؛ بەڵام ئەگەر گەرەکت بێ دەردت چابێ، دەبێ وابێ و نابێ بڵێی بێئێش و ئۆف چارم بکە. دەزانم لێم تووڕە دەبی؛ بەڵام ویژدانم پێم دەڵێ ڕاستی دەردەکەت پێبڵێم و من سەرپێچی لە ویژدانم لە ڕقی تۆ زۆر بە دژوارتر دەزانم.

جا بۆ ئەوەی باش بزانی من نیازم لەم قسانە تەنیا خۆشەویستی تۆیە و تەنانەت بەرژەوەندی خۆم لە ڕای تۆدا بەخت ئەکەم، دەبا هێندێک لە چیرۆکی دێرۆکی خۆمت بۆ بێژم.

بە منداڵی لە لادێ بووم. تا بوومە لاو، لە ناو کۆمەڵی دەشتەکی دڵپاک و بێگەڕدا ژیاوم. تێگەیوم ئەوان چۆن دەژین؛ دەربارەی دین چەند خاوەنبیر و باوەڕن و چەند خاوێنن؛ چەندیان ئیمان بە خوا و قورعان و ئیمامان توند و بەهێز و پتەوە. دەگەڵ بەچکە مسکێنانی وەک خۆم، هەژار، نۆرسکێن و گوریس پسکێنەم کردووە. پێکەوە چووینە لای مەلا، ئەلف و بێتکە و سیپارەمان بە حینجە و سایە خوێندووە. لە فێرگەی سەرەتاییشدا لە پەنای ئەوان ڕۆنیشتووم.

واتا زۆر باش لە چۆنییەتی حاڵ و باڵی چینی هەژار تێگەیشتووم؛ بەرە- بەرە پێگەیشتووم. لە دانشسەرای بەرایی دامەزراوم. بوومە هاوڕاز و هاوکاری ئەو بنیچە هەژارانەی بە نەداری لە شارۆکە و دێهاتەوە -هەڵوەدا بە شوێن خوێندندا- هاتوونەتە گەورەشاران. لە تەمەنی هەژدە ساڵیم بوومە فێرکار. چوومەتە قوم. لە حەوزەی عیلمیەی قومیش دەرسخوێن بووم. زانستە ئایینییەکانم بە دەرس

خوێند. ئەوسا بەرهەڵدای دنیا بووم؛ ئورووپا چووم. پاش چەند ساڵێک خوێندنی خۆم تەواو کرد و هاتمەوە و بوومە مامۆستا. واتا من هەر لە ڕۆژگاری کاڵیمەوە تا کوڵاوم، لەوساوە کە منداڵێک بووم تا ئێستا کە پاتاڵێکم، بە بێوچان و پشوودان لە ناو ڕووداوی جۆربەجۆر لای هێندێک گەلی بێهێز و هێندێک دێوی بنیادەمخۆر، ڕام بواردووە.

زانستی ڕۆژئاواییانم لە کەو داوە و لە پەناوە باری ئابووری و ئازادی و بیر کردنەوەیانم دیوە و بە وردی لێی ورد بوومەوە. زانیومە لە پیشەسازی، لە هونەردا، لە وێژە و مێژووی کۆن و نوێ، چەند شارەزان. تێگەیوم کە دەربارەی دین، دینە کۆنەکەی خۆیان و دینی ئێمە و هەموو ئایینی سەرزەمین، بیریان چۆنە؛ چۆن ئایینداری لە لایان کەللەی کۆنە و نابێ تازە بژیتەوە.

هێز و پێزیشیان دەزانم هەتا کوێیە. دەشزانم لە سەر ئەو هێزە جەهەندەمیەش چەند بە گزی و چاوچنۆکن و لە سەر نیازی قووتدانی گەلانی لاواز، شەو و ڕۆژیان دەرباز دەبێ. لێ بڕاون تا گشتی ئەم سەرزەمینە –خوا لەبارەی بیر و بڕوا، خوا لەباری ئابووریەوە- نەخەنە ژێر چۆکی خۆیان واز نەهێنن.

سوور دەشزانم ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ناومان ناوە دین و ڕەوشت و ڕێگەی ڕاست، هێندە لاواز و بێهێزە کە نەک لەبەر ئەم لێشاوە بە پڕتاوەی ڕۆژاواییانە خۆ ناگرێت، بگرە لەبەر چۆڕەچۆڕی گوێسوانەی کاتی بارانەش، دائەتلیسێ و تێک ئەتەپێ و بە تۆزەهەڵمێکی کەم تین -وەک بەفری پار- دەتوێتەوە.

- بۆچی؟

- چونکە بە ناشکوری ناڵێم، بەرلەوەی ئەوان تێی ڕۆبێن خۆمان دینمان لە دەست داوە. ئەوەی ئێمە ئێستەکانێ ناومان ناوە دین و بڕوای ئیسلامەتی، دەگەڵ ئیسلامی ڕاستیدا بە سەد هەزاران گوریسیش ناگەنە یەک. ئێمە ئەگەر وە دەم خۆمان ئێژین وەخێر موسوڵمانین، لە سەر شوێن و ڕای قورعانین، بوختان ئەکەین. وەک باسم کرد، من قورعانیشم خوێندووە؛ لە ماناکەشی تێدەگەم. دەزانم قورعان دەڵێ چی. دەزانم ئیسلامی بەڕاست ئەبێ چۆن بێ؛ ئەشێ چ بکا. دەزانم کە پێغەمبەر و یارانی ئەو چۆن ژیاون و چۆن دواون؛ ڕەوشت و ئاکاریان چ بووە.

جا ئەم دینە وەکوو لە سەرەتا هەبووە، ئەگەر دەگەڵ ئەمەی ئێستامان –کە خۆمان دەڵێین ئیسلامە -بەرانبەر کەین، تێدەگەین ئەم جووتە یەک نین و بگرە هەر بۆرەخزمیش نین. ئەوسا باش ڕوون دەبێتەوە ئەم دینەی ئێستا هەمانە لە ڕاست ئەویان گوریسە لە ناو هەمانە و میراتێکی میراتی شڕ و شڕۆڵە کە لە باپیرەوە بۆ باب، لە بابانەوە بۆ ڕۆڵە بەجێ ماوە و هێندەی بوزگوڕ وێخراوە و هێند پینەی پێدا گیراوە، کرووک و بنچینەکەی خۆی ئاسەواریشی نەماوە. هیچ بیر لەوە ناکەینەوە دین بۆ چییە؟ چەند پەیوەندی دەگەڵ ژیانی دنیا هەیە؟

بەرلە ئیسلام، لە زەمانی نەزانیدا، دنیایەکی هەرچی و پەرچی، یەکێ تێر هەزاران برچی، ترس و ئاژاوە و پشێوی، بەرهەڵدایی و سەربزێوی، یەکتر کوشتن و خوێن ڕشتن، زۆر کەس فرزەندی خۆی دەکوشت کە نەوەک لە برسان بمرێ؛ کیژیان زیندە بە چاڵ دەکرد تا نەبێتە کەبانووی ماڵی غەوارە و ئابڕووی سووریان کاڵ کاتەوە؛ سەدەنەی بتخانە و کاهین، پاپ، ئەسقەف، موبید و موغ، بێکار، تەنبەڵ و تەوەزەل، دەژیان بە ژیانی شاهانە؛ چونکە دۆعاگۆی شاهان بوون. دام و دەزگای بەرەی قەیسەری ڕۆمانی و شاهەنشاکانی ساسانی، شیشابوونە خوێن و ماڵی گەلی ژێردەست و پێپەست و هیچ کەس جگە لە خۆیان و لەوانەی بۆیان ببوونە ڕاوکەر لە هەژار گرتندا، بەشی لە ژیانی خۆش نەبوو.

پێغەمبەر هات؛ قورعانی بۆ هات بە خەڵات. خوا ڕایسپارد کە باری دنیا بگۆڕێ؛ زوڵم و زەڵالەت نەهێڵێ. جیاوازی لە ناو چیناندا لەناو بەرێ. بتی بەردینە و گۆشتینە تێکشکێنێ. کرووسانەوەی کەس بۆ کەس، هەر توخم و تۆشی نەمێنێ. جگە لە خوای تاک و تەنیا و پاک و بێباک نەپەرستن. ڕەش و بۆر و زەرد و سوور و سپی پێست و گەنمڕەنگ و خانزاد و بەچکە گاوان و دارا و هەژار وەکوو یەک تواشا بکرێ. کێ بەهرەی بۆ گەل زۆرترە، کێ لە خراپە لاترە، بەڕێزتر و لەسەرتر بێ. پێغەمبەری خوا فەرموویە: «بۆیە هاتووم ئاکاری چاک نیشانی خەڵکی دنیا دەم».

خوا فەرموویە: «ئەی موحەممەد! بە ئۆمەتەکەی خۆت بڵێ: منیش کەسێکم وەک ئێوە بنیادەمم؛ فەرمانی خوا لە منەوە بە ئێوە دەگا». پێغەمبەر قەت نەیفەرمووگە من لە خەڵکی تر زیاترم. نەیفەرمووگە کوڕ و نەوەم هەڵبژاردەی بنیادەمن.

پێغەمبەر و هاوڕێکانی بۆ گەشەدان بە ئایینی ئیسلامەتی و بۆ ڕێ نیشاندان بە مەردم، دایم لە ڕێزی پێشەوە دەبیندران؛ سنگیان بۆ بەڵا سپەر بوو. تەنبەڵ باشی و خۆ پەنادەر، مفتەخۆری بێسوودە و بەر، خان و ئاغا و میر و بەگلەر، مەلا و ئاخوندی بە مێزەر و جبەلەبەر و کارنەکەر و هەروەها گەلی هەژاری خاکەسەری هەمیشە چەوساوە و نۆکەریان لە ناو نەبوو.

سا لە سایەی ئەو چوونیەکی و یەکدڵیەوە توانیان دنیای پڕ لە تاریکی و بێباری وەرگەڕێنن؛ هەزاران لەمپەری دژوار بپەڕێنن. بەشی زۆربەی دنیای ئاوای ئەو ڕۆژگارە لە ژێر ئاڵای خواوەندی تاک پەرستنا و برایەتی و بەرامبەری بەرەی مرۆ، پەنا بدەن.

خوا فەرمووی موسوڵمان بران. خوا فەرمووی ئیمام قورعانە و لێی لامەدەن. پێغەمبەری خوا فەرموویە: «موسوڵمانان وەک شورەی بەردی داڕێژراو لە ڕووی دین دوژمنانیاندا سەف دەبەستن».

دەبا بزانین ئەمەی ئێمە ناومان ناوە ئیسلامەتی، دەگەڵ ئەوەی موسوڵمانان لە پێشوودا پەیڕەوی بوون، لە چی دا وەکوو یەک دەچن؟ ئێمە ئێژین موسوڵمانین؛ بەڵام هەر هێندە دەزانین کە باوک و باپیرەی ئێمە چەیان کرد ئێمەش وا بکەین. ئەوان محەرڕەم ئەگریان؛ ئێمەش ئەگرین. ئەوان بێ ئەوەی لە قورعان -کە ئیمامە و فەرموودەی خودای تەنیایە- حاڵی ببن، هاتوون و چوون؛ ئێمەش با وەک ئەوان بژین و بێئاگا لە قورعان بمرین. بەراستی ئیمانی ئێمە دەمەلاسکەی باپیرانە و هیچی تر نا. ئەم ئیمانە بە بڕوای من وەک سیمانە دەقاپێلکی سەر و کەللەمان کراوە و بە خەرافات ئاو دراوە تا بۆتە بەرد. ئیتر جێگەی بیر کردنەوەی لە هیچ لاوە بۆ نەهێشتووین. تۆ بڕوانە لەم جیهانە هەراوەدا چەندسەد ملیۆن مرۆ هەیە ناوی خۆیان ناوە موسوڵمان. بەڵام لە شادە و ئیماندا نەبێ -کە وەکوو یەکتری دەڵێن- لە سەر هیچ شت پێک نەهاتوون. گوڕە و هەرایە و چەققەیە؛ شەڕە، لێکدانە تەققەیە؛ جنێو و چنگەپرچەیە؛ گازگری و لوشک و لەققەیە. خۆبەخۆ دەگژ یەک ڕاچووین؛ بێئەوەی دەخۆمان بگەین یان هەست بکەین بێبەش لە دین و دنیا بووین. دیندوژمنانی ڕۆژاواش وا بەهێز و گوڕ و هەراش، وا دڵقرپۆک و چاوچنۆک، بەو هەموو کەرستە زۆرەی بەری هونەر و زانستە، بە دانستە و بە بێوچان و پشوودان، هەر خەریکن خۆمان و ئایینەکەمان ڕادەماڵن و تەواو بە سەرماندا زاڵن.

جا ئەگەر خەڵکی ڕەمەکی نەخوێندەوار، یان ئاخوندی ئاپۆرەخۆر، ئەو هێرشە دڕندانەیان لەلا بایە و هیچ مچوڕکیان پێدا نایە، منێک یا خۆ منئاسایی کە لە دینە پاکەکەی خۆی شارەزایە و لە گزی دین دوژمنانیشی بە ئاگایە و نیازی وایە خەوخەوان وە خەبەر بێنێ و لەمەڕ دینی ئیسلامی ڕاستەقینەوە بیاندوێنێ و بۆ بەرگری لە بەڵا و دەردی دوژمنان بیانجووڵێنێ، چۆن دەربەرێ؟ کەسێکی وا لە لایەن خۆیی و هاوماڵان، بەر پلار و جوێن ئەکەوێ و دڵسارد و ناهومێد دەژی هەتا دەمرێ.

دەردی سێ سەرە

ئەمڕۆ لە ناو ئەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا کەسانێکی منئاسایی کە زانستی تازەبابەتیان خوێندووە و لێش بڕاون پارێزگاری ئیسلامەتیەکەی خۆیان بن، تا ملان دەقوڕ گیراون! چون ئەو چینەی بە خۆ دەڵێن ڕۆشنبیری دنیای تازە و لە ئەورووپا هاتوونەوە، یان ئەوانەی کە لێرەوە دەرسی ڕۆژاوایی فێر بوون، وەها شەیدای زەرق و بەرقی ڕواڵەتی تەرزی ژیانی شارستانی ڕۆژاوا بوون، لایان وایە هەرچییەک لە ناو ئەواندایە بەجێ و باشە و هەر کەس وەک ئەوان بیر نەبا، لە ژیانیدا سەرناکەوێ و ئاوەزی پارسەنگی دەوێ. واتا ئەمانیش هەر وەکوو سۆفیلکەی ساویلکەی خۆمان، دەمەلاسکە دەکەنەوە و ئاوڕ لەخۆ نادەنەوە. لە تێکوڵ کڕە-کڕیانە و کاکڵ بەسەر ناکەنەوە. ئەو ئورووپا گەڕاوانە هەر کە دێنەوە ناو خۆمان، بۆ ئەوەی خۆ هەڵاوێرن و بە خۆیان بڵێن ڕۆشنبیر، باسی دینداری و خواناسی لە بیر دەکەن. خۆ ئەگەر لە توێی دڵیاندا هێشتا ئیمانێکیان مابێ، دەربڕینەکەی ناوێرن و خۆدەبوێرن.

کابرای نووسەر، کابرای وەرگێڕ، فڵان زانا، فڵان دوکتور -بۆ قەدر و ڕێز پەیدا کردن- نووسراوێکی ئورووپایی وەردەگێڕێتە سەر فارسی و ناو دەردەکا؛ هەموو کەس بە زانا و دانا ناوی دەبا و بەحام پێی ئەڵێن مامۆستا. خۆ ئەگەر ئەم پیاگە خاسە زمانە زگماکەکەی خۆی پڕ کات لە وشەی بێگانەی ڕۆژاوایی و وا نیشاندا کە زوانی دایک و باوکی خۆی لەبیر کردووە، ئەوە هەر مەپرسە تا کوێ پایەی

بەرزی باڵا دەچێ! بەڵام گەر خوێندەوارێکی دیکە، کە ئەورووپاشی دیتبێ و لەو تازە ڕۆشنبیرانەش پتر زانستان فێر بووبێ، هەر ئەوەندە لە تێکوڵ وازی هێنابێ و شارستانی ئورووپایی وەبەر مەحەکی بیر دابێ و هونەر و پیشە و کارچاکی و بێفەڕی و فێڵ و ناپاکی لە یەکتر جیا کردبێتەوە و بنژیلی لێ تووڕ هەڵدابێ و ساغەکەی بەلاوە چابێ، ئەوسا لە دینی ئیسلامی ڕاستەقانیش بە وردی بتۆژێتەوە و لە مانای بە نرخی قورعان شارەزابێ و نیازی وابێ خەڵکیشی لێ شارەزا کات، بێنێ کتێبێک بنووسێ و ئامۆژگاری خوا و پێغەمبەر دەگەڵ ئاکاری بە کاری ڕۆژاوایی بەرانبەر کا و هەرکان لەبەر یەکتر ڕانێ، بە کەللەی کۆنی دەزانن و بە نامۆیی لێی دەڕوانن. دەڵێن بە خوا حەیفێ فڵان چوبووە ئورووپا شت فێر بێ، کەچی هەر وەک خۆی نەزانە. لاوەکان گاڵتەی پێدەکەن؛ مامۆستای فەرەنگی مەعاب، وەبەر تیر و تانەی دەدەن؛ وەکوو بەسەر خۆمیان هێنا. لەم بەینانە یەکێک لەو ڕۆشنبیرانەی -کە هەواڵی چەند ساڵەم بوو- لە ڕۆژنامەی ئایندەگان دەربارەی منی نووسیبوو: «فڵانەکەس ئەگەرچی زانا و داناشە و پیاوێ باشە، بەڵام -بە ناشکوری ناڵێم- پووش و پەڵاشی خەرافات، خشت و خاڵی ئایینداری -کە لە باب و کاڵیەوە بۆی بەجێماوە- ئەوەندە مێشکی تەنیوە پرزەی بیری ڕووناکبیرانەی بڕیوە، خەون و خەیاڵی بێهوودە کە بە تڵفی فێری بووە، وای چاوی دڵ دادووریوە کە بە داخەوە کوێر بووە و هیچ نادینێ!».

گازندەی ئەم ڕۆشنبیرە هەر بۆیە بوو کە من ناچم نووسراوی سارتر و مارکس وەربگێڕم؛ چووم کتێبم دەربارەی ئیسلام نووسیوە یان لە سەر بەرزەک وێستاوم و دەربارەی ئیسلام دواوم.

هێندێکی دیش لەو کەسانەی کە مامۆستای بەناوبانگ و لە زانستی لاوەکیاندا تژە و دارماڵ و شەشدانگن، کاتێ دەمبینن وا سوورم لە سەر دین و لە سەر پێکهێنانی ئەمر و فەرمانی قورعانی و خۆم بە موسوڵمان دەزانم، بزێکی تاڵ گۆشەی لێویان دەبزوێنێ و لایان وایە منیش هەر خۆیانئاسایی ڕۆشنبیری بێئیمانم؛ بەڵام بۆ ماستاو کردن و کلکەسووتەی مەلا دەستەڵاتدارەکان ئەم ڕواڵەتسازیە دەکەم و ڕەنگی ئایین لە خۆم دەدەم و دەمەوێ لەسای ڕووبینی، نان و دراوم دەسکەوێ. واتا بە دووڕووم دەزانن.

ئەمجار با بزانین مەلاکان چیم پێ دەڵێن؟

«ئەم کاورا سمێڵ تاشراوەی شەپکە لەسەرەی بێفەڕەی مل بە پەتی کافرانە پێچراوە کێیە؟ کێ ڕێی داوە دەست دەکاری ئێمە وەردا؟ چۆن پیاو کەوای شۆڕی نەبێ و بە لانیکەم ناوی حوججەتول ئیسلامی لێ نەنرابێ، ڕای دەکەوێ بێخود وەسەر مینبەر کەوێ و ئەوەی ئێمە ئەبێ بیکەین، ئەم هەروا سەربەخۆ بیکات؟ ئەم تازەگی لە کافرستان هاتۆتەوە؛ ئیمانەکەی دۆڕاندووە. گەرەکیەتی باجدەرە مسکێنەکانمان فریو بدا و لە ڕێ دەر کا و نەهێڵێ بە گوێمان بکەن. ئەم ئاژاوەچییە کافرە، فرەشووی لێ هەڵکێشاوە؛ پێویستە لە ناوی بەرین».

لێم ڕوونە خۆشتان دەزانن کە من لە سۆنگەی ئەم ڕێگەی بۆ خۆمم هەڵبژاردووە، چەندم پەتپەتی پێ کراوە و چەند جوێن و تەوسم خواردووە. هەم ڕۆشنبیرانی بەناو، هەم تازە پێگەیوانی لاو، هەم پیرانی مێشکپواو، منیان ناوێ و لە کۆمەڵگا دەرم داوێن. بە قسەی ئەوان وەک جووی هەژار لە هەردوو دونیا بێبەشم.