ئازادی

از کتاب:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
اثر:
هژار (1921-1991)
 32 دقیقه  1046 مشاهده

ئادیخوای چەرخی نۆزدە لایان وابوو هەر کە دین لە کەل ئاوا بوو، ڕژیمی سوسیالیستی هاتە سەرکار، پیاو لە بەنی تاک پەرستی و ماک پەرستی ڕزگار دەبێ. دژایەتی چینایەتی پڕمەترسی، یەکی تێر هەزاری برسی، لە ناو دەچێ. هەرگا کەس مافی کەس نەخوا، شەڕ نامێنێ؛ گەڕ نامێنێ. مرۆ تێکڕا دەس دەدەنێ و پلەی زانیاری و تەیاری هەڵدەبڕن و چڵک و کڕێژ لە دڵ و دەروون دەردەخەن و بەرەو ڕووناکی هەڵدەفڕن. بە داخەوە ئەو خەیاڵاتە خەونێک بوو تەواو بەراوەژوو دەرچوو! ڕژیمی هاوبەشی پێکهات؛ بەڵام تۆقی کۆیلایەتی ڕژیم و حیزب و ڕێبەری بۆ مرۆ بە خەڵات هێنا! پرۆدون - کە بەر لە مارکس پێشەنگی سوسیالیستان بوو - قاقەزێکی دۆستانەی بۆ مارکس نووسیوە؛ دەڵێ: ئێمە ئەگەر بە تەما بین کارێکی باش ڕەچاو بکەین، دەبێ خۆمان لە بیر نەبێ. تەنیا بۆ خزمەتی خەڵک ببزوینەوە. دیسانەوە پێغەمبەربازی ساز نەکەین. ئامۆژگاریەکەی من و تۆ نەّبێتە دینێکی تازە. قسەی خۆمان بە سەر خەڵکا نەسەپێنین. زۆر دەترسم ئەم بیرەی تۆ لە دواڕۆژدا ببێتە یاسای دەوڵەت و ئەوساکە دەوڵەت پەرستی جێگەی خوداپەرستیەکە بگرێتەوە. وا دیتیشمان کە هەرچۆنی ئەو لێی ترسابوو وا دەرچوو!

ڕاپەڕینی کرێکاران بۆ ئازادی سەری گرت و بوون بە دەوڵەت. بەڵام تا بە خۆیان زانی ئەوەندووسکە ئازادیەکەی لە ژێر دەستی سەرمایەداردا هەیانبوو، ئەویشیان چوو! پێشدان گوتیان ئێمە ئازادیمان دەوێ؛ کۆیلەییمان فڕێ داوە؛ سەرمان بۆ خوداش نانەوێ؛ چونکە تاکە و تاک پەرستی دەگەڵ هەستی ئازادیخوا ڕێک ناکەوێ. کەچی ئێستە بە سێ سەرە بوونە کۆیلە و بەنی دەربەست. بێ چرپە و هەست کۆیلەی دەوڵەت؛ کۆیلەی ئەو هەزارە زیلەی کار ڕاپەڕێنی دەوڵەتن؛ کۆیلەی ڕابەر.

ئەم زنجیرە سێ فڵیقانەی سەرتاپای گیانی پێچاون. هەزار گەوە و بە سەر یەکدا جۆش دراوە و هەیهاتە هەڵوەشاندنی. سەیرە خۆشەکە لێرەیە هەر ئەوانەی بە دەم دەڵێن: تاکە کەسێک - هەر کەسێک بێ - کار ناکاتە سەر ڕەوتی مێژووی عادەمی و تەنیا هەر کۆمەڵ حەساوە و کێ تاکپەرست بێ گڵاوە، بۆ خۆیان تاک پەرستێکن هەزار فاشیستیان بۆڕداوە!

تەنانەت مەزهەبەکەشیان بە ناو تاکەوە ناو ناوە: مارکسیزم، لینینیزم، تیتەویزم، کاسترویزم، تروتیزم، مائوئیزو و...

هێشتان هەودا هەر لە دوو دێ و بە یەکجاری هەڵنەکراوە، هەر بینا دیت کیل سونگیزم، ئەنوەر خۆجیزمیش پەیدا بوون! واتا ئێستا تاکی خاکی بوونە ڕووگە، بوونە خودا، چوونە جێی پێغەمبەران و تەنانەت لە پاش مردنیش جێی پەرستن!

وێستێ ئەگەر موسوڵمانێک حانێک زمانی بسووتێ و بڵێ حەمەدیزم و عەلیزم، شتێکی باشە ئەگەر وە بەر خرکە و سندە و گاشەی نەدەن. هیچ نەبێ گاڵتەی پێ دەکەن ئێژن گێژە. خودا و پێغەمبەر پەرستن تاک خوازیە؛ فەلسەفە لێی ناڕازیە. شیاوی ئیزم و میزم نییە کەسیش ناشێ پێیان بێژێ: مامی سمێڵ سوور! لە کێوی، لۆچ وە دوو ڕبان دەپێوی؟ لۆ تاک پەرستی خۆت باشە و تاک پەرستی من بەلاشە؟ کەچی ئەگەر شارەزا بن، بێ لایەن لێکی دەنەوە، دەردەکەوێ خودا و پێغەمبەر پەرستن دەگەڵ لینین پەرستنا زۆر جیاوازە. با جارێ واز لە چۆنیەتی ئەو جیاوازیەمان بهێنین دوایە بۆی با دەدەینەوە.

جەنگی دووهەمی جیهانی، هەر چەندە زۆر شەیتانیش بوو، بەڵام دیسان چەند کاری نرخداری کرد: باسی خواناسی و ئایینی ڕاستی پەرستی ژیاندەوە؛ ڕادەی زانستی مرۆڤی لە فڕوفیشاڵی داماڵی؛ دەری خست کە مارکسیزمیش گرێ کوێرەی ئابووری و مرۆڤایەتی - وەک پێویستە - ناکاتەوە.

ئەنجا ئەگەر ڕەوشتی خوداناسانە و سوسیالیزمی مارکسانە نەیانتوانی ئازادی بۆ بەرەی مرۆ دابین بکەن، ڕۆشنبیران لەو بارەوە کەوتنە بیر و لێکدانەوە: بە کام ڕێدا ئازاد بین و بۆمان بکرێ ئازاد بژین؟ پێویستە دارێک شین بکرێ، دووبەر بگرێ: هەم ڕزگار بوون لە پێوەندی کۆیلایەتی، هەم ژیانی وەشاوەی مرۆڤایەتی. نەمامیان ناشت، ناویشیان لێ نا: هەر خۆیی. عارب گوتەنی: وجوودی. وجوودیەکان بە پیاوی دیندار دەبێژن: تۆ تا کەنگێ چاو لە حەوای؟ چاوت کسکەی دێ و لە خەوای؟ بڕوانە خۆت! بڕوانە کۆت و پێوەندی پاوپلت! بڕوانە نیری سەر ملت! بڕوانە دەسبەندی دەستت! بڕوانە چاوبەستی هەستت! لە مێژە هەی! لەوەتا هەی بۆ تاوێکیش خۆت نەدیوە. هەر بۆ دوور لە خۆت ڕوانیوە. چاوت لە نەدیار بڕیوە. تۆ ئافەریدەی زەمینی! بە تەمای عاسمانی شینی! دەتەوێ خوا و خێو و دێو و جنۆکە و شەیتان ببینی، کە هەر نین و هەر نەبوون و گیانت دەرچێ نایان بینی! بەرەو خۆبێنی بادەوە!

ئەمجار ئەوانەی کە لە دین تەکیونەوە و تەکیان داوە بە دنیاوە، دێننە بەر تەوس و پلار و پێیان دەڵێن: تۆ کە لە نەدیو خۆبوێر بووی، بەرەو زەمین سەرەوژێر بووی، هەڵدێراوی! تەم و دوومان لە بەر چاوی! بۆ خۆت ناناسیت چ کارەی؟ لە کۆیلەیی خوا بوویتەوە؛ شەرم ناکەی کۆیلەی پارەی؟ بە لرفە و هەڵپە خەریکی تژە کردنی بەریکی و هەر ئاگات لە خۆت بڕاوە. دۆڵی ئاوەزت دراوە و بە حەو جێ، ملت شکاوە. بۆت ناکرێ دەخۆت ڕامێنی. پێت ناکرێ هەر خۆش بوخورێنی. ئای کە بێکارە و بێچارەی! گەر خواپەرستیت هیچ نەبووە، دراوپەرستیشت هیچە. دەس بەردە لەم قیچەڵ فیچە و وەرە بیرێک لە خۆت کەوە! تۆ مرۆی! تۆ تۆی! بوونت بە خۆتەوە بەندە. خۆت نازانی نرخی ئەم بوونەی تۆ چەندە! هۆشت ئەمەندە بڵاوە، سایە و سەرمایەت دۆڕاوە؛ پیاوەتی خۆت لە دەس داوە. لە مەیموونی کۆنە خزمت نزمتری. هەڵگەڕێوە ڕێکی عەرزی. خۆت بدۆزە تا بزانی تۆ چەند بەرزی! پلەی مرۆ لە هەوران و باڵاتریش تێ دەپەڕێ و باڵاترە.

ئەم خۆدین و خۆناسینە - کە ناوی نوێی هەرخۆیی یان وجوودیە - ڕاستت بوێ تازە نییە و بگرە زۆر لە مێژینەشە. لە عیرفانی کەوناراشدا شەنگەدارێکی هەراش بوو؛ پڕ لک و پۆپ و گەڵاش بوو. هێندە هەیە ئەم کۆنە شمەک تازەیە، دەگەڵ عیرفان تا ئەندازەیەک جیاوازە.

عیرفان دەڵێ سەرەتای هەموو شت خوایە؛ هەرچی لەم دنیایەدایە، سەربەخوایە. کەوابوو مرۆ وەکوو سێبەرێکە دەگەڵ سایەدەر دەبزوێ. کەوابوو هەرگا پیاو سابوو، سایە دەرەکەش خودا بوو، واتا لە خوا جودا نییە؛ خواش گەوریە. جا کەوابوو پایەی مرۆش - کە ‌سایەیە - دەبێ هێند بەرز و گەورە بێ، شان و پیل لە هەوران بسوێ و لە پای تەختی خوادا بلوێ و بڕوێ و بنوێ.

عینسان لای عیرفانی ڕاستی زۆر بەڕێز و نرخدارە؛ لای وایە پیاو ئاوێنەیە لە خۆی بڕوانێ خوا دیارە.

گوتمان عیرفانی بە ڕاستی نەک ئەم عیرفانە پووچەڵەی خوار و پڕ لە هەڵە و پەڵەی خۆی خزاندۆتە ناو چینی - بە ناو دینی - تەڵەکەبازانی ئەمڕۆ؛ کە لە ئازادی و خۆناسین خۆیان کردۆتە مڵۆزم. عیرفان و دینێ من دەڵێم ئەوە نییە کە دەگوێی خاچپەرستان و موسوڵمانانی ساویلکە ئاخندراوە کە پیاو لە بارەگای خوادا، سەری سیر و قونچکی پیوازیش ناهێنێ. هەر کە گۆڕا گوناحبارە. دایکەوا سێوی دزیوە، دەبێ تۆ تاوانی بدەی! دەبێ تا دەمری هەر بگری و خۆت سووک و چروک بزانی و نەخەڵەتێی بڵێی هیچم. بڵێ هیچ نیم!

کارمان گەیشتۆتە بارێک لە بەر خودا و ئیمامان دەپاڕێینەوە قەرزەکانمان بۆ بداتەوە؛ ڕێبەندانی خەیابانمان بۆ بکاتەوە؛ منداڵمان خەو بیباتەوە. ئەمە مرۆ لە پیاوەتی دەتەکێنێ؛ هێندەی بە گوێدا دەخوێنێ تا ڕایدێنێ کە هەر وەکوو نەبێ وایە و بۆ خۆی هیچی لە دەس نایە!

ئاخر کەی عیرفانی ڕاستی ئاوێتەی ئیسلامی بە ڕاست ئەمە دەڵێ؟ ئایینی ئیسلام پێت دەڵێ تۆ لە بەرانبەر خودادا هەژاری و ئەو دەوڵەمەندە. هیچت نەبووە؛ ئەو هەموو شتی داوە پێت: گوێت بۆ بیستن، دڵ بۆ نیاز و دڵخواز ویستن، مژی تژی بۆ بیر کردن، دوو دەست دوو لاق بۆ بزووتن، چاو بۆ دین و هەڵنەنگووتن، بۆ ڕێگەی ڕاست بەدی کردن، زۆر شتی پێداویستی دیش. واتا تۆ هەژاری ئەوی، پەنابەری، پەنای داوی. ئامرازی خۆشی ژیان و بەختەوەری خڕوپڕ دەبەردەست ناوی. ئەگەر پیاوی دە بیسمیلا! ئەوە گۆ و شەق ئەوە مەیدان! نان پەیدا کە! چاکە بکە! پیاوی چاک بە! دەگەڵ خەڵک و خودا پاک بە! کێ دەستی وە بەر هێناوی؟ ئەگەر تەنبەڵ و خۆبوێر و خوێڕی و دڵ کوێر و بێ خێری و لات وایە چیت لە دەس نایە، ئۆباڵت بە ئەستۆی خۆتە؛ هەر خۆت لە خۆت بوویە مۆتە؛ خۆت هەستت لە خۆت بڕیوە؛ مەنوزێوە! گلەیی لە گەردوون مەکە! لە بەر خودا مەکرووزێوە! خۆت کراسی چارەنووست لە تەنبەڵخانە کڕیوە. نەت کڕیایە.

ئەو خودایە کە فەرموویە: هیچت نەبوو، هەر بۆیە بوو نەوەکا لە خۆت بایی بی؛ چەنەوەری خۆڕایی بی. کە فەرمووشیە: هەموو شتێکم پێداوی، یان گوتوویە: «مرۆمان لە هەموو شتێک بەدەوتر دروس کردووە»، مانای وایە زۆر دەستی قەدری لێ ناوی.

دینی ڕاست پێت دەڵێ تۆ، تۆی! ڕاستەڕێ یان لاڕێ دەڕۆی، تۆ سەربەخۆی. جگە لە خوا باڵادەستی تۆ کەس نییە. بو ئامانچی بەرز بوونت ڕێگەی کادزیش بەس نییە. ئەوی بە ناوی دینەوە پێت دەڵێ پیاو لە بڵقی ئاو، لە پەلەپووشێک کەمترە، ئەو بۆ خۆی لە کەر کەرترە! ئەوی دەڵێ: بە گریان و دڵ لە خۆچوون و جەزم بوون، دەستە و دامێنی ئیمام بوون نەبێ. کامت ڕەوا نابێ، یان دینە یان درۆ دەکا؛ بە فێل تۆ دەسخەڕۆ دەکا. دژی تۆشە و دژی خواشە. هەروا باشە گوێ نەگری لەو دەم هەراشەی ڕەزاقورسە. با لە پرسەی خۆی دانیشێ؛ هەر خۆی بێ و تەزبیح و ڕیشێ و ببڕێتەوە.

جا تا ئێرە بۆت ڕوون بۆوە هەرچی مرۆن بە سەر سێ ڕێگەدا دەڕۆن:

یەکەم وا وتمان عیرفانە و بە شوێن ڕاستیدا گەڕانە. ڕووناک بوونەوەی دەروونە؛ لە خۆ، لە خوا، لە خۆکردەوە ڕامانە.

دووهەم دۆزی بەرانبەری تاینچە و ڕەشکە و یەکسەری کە ناوە ڕۆژاواییەکەی سوسیالیزمە. چەند لاییش بێ بە تێکڕایی ئامپایی نێوان ڕەشایی و جووت بەندەی خاوەن دارایی و کرێکار و زۆر زێڕداری گەرەکە و کاری بە ‌دیوی ئاوەژووی نەدیوی بەرپیوار نییە.

سێهەم بڕوا بە هەرخۆیی (وجوودی) ە. بڕوای بە دووی پێشوو نییە. هەر بۆ ئازادی توونیە. دەڵێ مرۆ ئیللا دەبێ سەربەخۆ بێ؛ واز لە بووک و پەردوو بێنێ. چونکە هەر دوو، بەر لە خۆناسینت ئەگرن. پیاو گەرەکە هەرچی دەوێ، پەنا بە خۆی، وەدووی کەوێ. ئازادی و خۆناسینی ڕاست، ڕاست دەتباتە سەر ترۆپکی هەڵەمووتی هەموو ئاوات و ئارەزووت.

دەوڵەتی هاوبەشایەتی ڕێ نادا من دەربارەی خۆم بڕیار بدەم کە چی ناکەم و چی دەکەم؛ خۆی بیرم بۆ دەکاتەوە. بەرهەم و مایەی بژیو و چارەنووسم بە دەس ئەوە؛ ئەوی بە هیچ حەساو نەکرێ منم. ئەم ڕێ و شوێنەش تۆقێکە بۆ گەردنم.

دینیش دژی ئازادیمە؛ هەرچی خوا نەمداتێ، نیمە. نرخی خۆناسینم تووڕ ئەدا و دەمکاتە پارسەک و گەدا لەڕای خودا. خواش نە مرۆیە، نامۆیە. ناشێ پیاو نامۆ بناسێ. دوای وەی لە هەر سێکان دواین، با بزانین هەر یەک لەمانە لە کوێدا باریکە و لە پسان نزیکە؟

١- دین: ئەوەی کە ئێستا هەمانە و پێی دەڵێن دین، ئەگەر ورد لێی وردەوە بین، گوریسە لە ناو هەمانە و لە هەمان چەوت و لارترە. دەردی هەرخۆیی (وجوودی) گوتەنی: مرۆ لە پیاوەتی دەخا و دەیکاتە گەدای سەر ڕێگا. کۆیلەیە لە سەرزەمینێ بۆ ئەو شتەی کە نایبینێ. وەک قانگەلاشکی بەربایە؛ پووشێکە چی لە دەس نایە؛ هەر ئاگاشی لە خۆ نییە! خۆی نییە و بە تەمای خوایە. بە دەردی حافزشخص گوتەنی:

دین ئەگەر هەر ئەوە بێ حافیزی خۆمان هەیەتی
داخەکەم ژین گوزەراوە بە خوت و خۆڕایی!

٢-هاوبەشی (سوسیالیزم) کە بە ماددەوە بەسراوە و خوا و ئازادی وەلا ناوە. ئەگەر باش سەرنجی بدەن، پیاو کراوە بە پەرستندەی ڕژیم و دەستندەخۆری دەستەیەک کە بە سەر ڕژیم ڕادەگرن. دەوڵەتیش - بە خڕی و پڕی - لە ناو لەپی زەق و ڕەپی سەرۆک دایە. ئەگەر سەرۆک کرێکارێکی ملهوڕی سادەی ستالین ئاساش بێ، دەبێ هەموو بڕوای خۆمان دەربارەی ژیان، تەنانەت زمانەکەشمان لەو وەرگرین. هەرچی گوتی - بیلاتەژبی - قورعانە و نابێ لێی لادەین!

٣- هەرخۆیی (وجوودی) لاوازیەکەی لەمەدایە کە هەر چەندە نرخی مرۆی زۆر لە لایە و گەرەکیەتی ئازاد بژی، بەڵام کاتێ خوا و پەیوەندی هاوبەشیەتی خەت دەکێشێ، پیاو لە ناو بۆشایی دەخا و دەیکاتە هینی پەت پساو!

ئەگەر من بە هەموو مانا ئازاد و بەر بەرهەڵدا بم، بە بێز لە دین و یاسا بم، ئەم پرسیارە دێتە سەر زار: «بۆ هەر دەبێ لە سەر چاکە کردن سوور بم؟ لۆچی لە بەدفەڕی دوور بم؟».

هەرخۆیی هیچ وەرامێکی بۆ ئەو پرسیارەی من نییە. وا من ئێستا لە سەر چەقی دووڕێیانم کە دەتوانم خۆم بە قوربانی گەل بکەم، یان گەل بە قوربانی خۆم کەم. بە هەر کامیاندا ڕێبوار بم، لۆمەی ناوێ. وەکوو مام ڕێویەکەی چۆمە، کەیفی دنیایە لۆ خۆمە. کەس ناتوانێ ئازادیم لێ بەربەست بکا. دینم نییە کە لە تینی گڕی جەحەندەم بترسم. یاسای هاوبەشیشم نەویست کە پێودانی ژینی خۆمی لێ بپرسم. هەر خۆم یاسام؛ هەر خۆم خودام؛ ئازاد و شاد و بەرهەڵدام.

جا کە پیاو وا پەت پساو بوو، لەوانەیە ڕێگەی چاکە بگرێتە بەر؛ بیباتە سەر. بۆ فێر بوونی زۆر بە کەڵک کۆشش بکات و ناو بکا. لەوانەشە بە کراسی ڕەنگاوڕەنگەوە، بە دەرەلنگی تەنگەوە، کیپی لە سەر، بازنە لە دەست، بەرموور لە مل، بە ناز و نیمناز شل و ول، خۆمان لێ بکا بە هیپی - کە کورد پێی دەڵێن قالۆنجە - هەر چی پیسی و بەدکاریە ڕەچاو بکا.

ئەگەر ئازادی ماناکەی پەت بڕی بێ، پیاو بۆی هەیە لە تەندووری هاوساش بڕی. ئەگەر واش بووی، نە پیاوی نە کوڕی! زڕی!

با بادەینەوە سەر عیرفان (عیرفانی ڕاست) کە من زۆرم پێ پەسندە و لاشم وایە دین و بەرامبەری ژین و خۆناسینیشی تێدایە. بە بیری من هەر کەس بۆ بنچینەی ژین و بوون و نەمان ڕانەمێنێ و دڵی لە دووی نەکورکێنێ، عینسان نییە. زمانی خۆش، بگرە هۆشیش، نابنە درۆشمی پیاوەتی. وێستێ بەڵگە هاتوونە دەست کە ئەو قسانەی دەیانگوت: جانەوەران بە هەستێکی خودادادی (غەریزە) نەک بە فێر بوون دەبزوونەوە و هەر مرۆ ئاوەزی هەیە، قسەی قۆڕن. جانەوەر هەن ئەمەندە زیت و سەهەندەن کە فیلتاحون و عارەسووش دەسک و گوڵیان لە دوو ناکەن. بۆ گەیشتن بە چێشتە یان بۆ خۆپارازتن لە ڕاوکەر سەد فێڵ دەکەن؛ بە چەندین ڕەنگ خۆ دەگۆڕن کە ناشێ بێژین فێر نەبوون. ئەگەر درۆشمی پیاوەتی وزەی وشە دەربڕینە، ئەوا تووتیش زمان زانە و ناشکرێ بێژین عینسانە. سەعدیشخص دەڵێ:

بێ و پیاوەتی ڕەچاو کە! مەلیش قسان دەزانن
بایی مەبە بەوەندەی تۆزێک زمان دەزانی

بە بڕوای من ئەوی عینسان لە ناو خەویان هاوێر دەکا، هەر ئەو دڵخورتی و ئەوینەس کە بۆ دینەوەی نهێنی دوورەدیدە تووشی دڵ دێ. بیری مرۆ لە ژینی خۆکردی بۆژۆ کارێک دەکا پەل باوێژێ بۆ ئەو شتەی کە بە خەیاڵ پێی لەوەکەی خۆی باشترە. هەر ئەم پەل هاوێژیەی دڵە بۆتە هۆی ڕۆشن بوونەوەی دەروون و هەڵچوونی عینسان.

دڵخورتی عیرفان ئەوینە. ئەوین هێزێکی بەتینە. لە خۆراکی گەرم و نەرم و قەڵەوایی ناچێتە لەَش. سەرچاوەکەشی نازانم لە کوێوەیە؛ بەڵام ئەوەندە دەزانم گڵپەیە، بەرز ئەبێتەوە؛ ئاورینگی لێ دەبێتەوە، سەرتاپام دەتەنێتەوە؛ خەریکە بمتوێنێتەوە. دڵخۆشی من بەو ئەوینە پتر لە هەموو گەنجینەی سەرزەمینە. کەسێ ئەوینی نەدیوە، نەیچەشیوە، لەوانەیە پێی بڵێن زانا و دانایە، ئەندازیارە، یان بژیشکە. بەڵام ئەو مێشک و دڵ وشکە بۆ ئامرازی کارگاکانی پیشەسازی نەبێ، نابێ.

ئەوین ئەو ورە و نەترەیە کە لە درێژایی مێژوودا لە دەورانی تازە و زوودا زۆر پیاوی ڕەنێو هێناوە و دنەداوە کە دەستیان لە خۆ بەرداوە و سەریان دەپێناو گەل ناوە؛ شۆڕشی وایان گێڕاوە، باری دنیای پێ گۆڕاوە.

پیاو کاتێ پیاوە، دڵدار بێ. دەنا هەر مەیموونەکەیە کلک و کوڵکەی لە دەست داوە.

ڕۆژێ لە حوسێنیەی ئیرشاد پرسیارێکم خستە گۆڕێ، هێندێک پەرسڤیان دامەوە. گوتم: هەڵەن! بەڵام بۆشم هەڵنەهێنان. نیازم وابوو گێرە و نێرە بنێمەوە. یەکێ لە خاوەن باوەڕان خۆی تووڕە کرد. یەکێکی دی گوتی: دەبەسیە بینمان تەنگ مەکە! زووبە بۆمان شی کەوە تا ئاسوودە بین. گوتم: گیانە! من نەهاتووم ببمە مایەی ئاسوودەیی. من گەرەکمە ئاسوودەکان وەڕەز بکەم. من تریاک و هیرۆئین نیم هەوێنی ئۆقرە گرتن بم. لەوانەش نیم کە جوابیان دەباخەڵیاندا.

ئەگەر کەسێ نیازی خزمەت بە کۆمەڵ بێ، دەبێ ڕەحەت، بێ سەحەت کا. ئارام بۆ ئارام نەهێڵێ. جووتیاری باش کۆدە و بە ‌یاران دەکێڵێ. دەبێ خەڵکی فێری شەڕەچەنە و دم بەدمانێ و پرسیار و پەرسڤدان بکەین تا تێک بگەین؛ دەخۆ بگەین. قەستەم بە خوا دوودڵی هاویتنە دڵان، لە بڕوا بە زۆر پێ هێنان هێژاترە.

ئەو بڕوایەی چەلومل دەسەپێندرێ، تەزێنەرە و پڕخەتەرە. حەوسەد ملیۆن موسوڵمانی خاوەن باوەڕیمان هەیە کە پوولە سووتاوێک ناژین. هەر ئەو ئیمانە بە کار دێ کە پاش شک و گومان پەیدا دەبێ؛ ئیمان هێنان دوای کافر بوون. بەڵێ ئیمانی دوای کفرە نرخی هەیە. ئەگینا بە درێژی مێژوو باوەڕی تەواو هەر بووە و قەتیش هیچی نەهێناوە.

ئەو ئایەتەی کە فەرموویە: «مەردم هەموو یەک ئۆمەت بوو» شاڵاوە بۆ سەر باوەڕکەر. پێغەمبەران ڕاسپێراون کێشەکێش و چەقە و هەرای تۆژینەوە بنێنەوە؛ ئەینا تاوێستاش بنیادەم بە ئارامی لە کەریەتی و بێ خەبەریدا دەگەوزین.

با دیسان تێ هەڵچینەوە و لە سێ بڕوا سەرەکیەکان ورد بینەوە. داخۆ کامی لەوەکەی تر بەتامترە؟ کام گەیشتوو کامە خامترە؟ لە کامە لاوە ئەستوورن؟ بەکێهەباردا زڕاون؟ ئەگەر گشتیان لێک بهاڵێن، چی لێ دەردێ؟ ئەگەر بە تاک بمێننەوە، چیان بە سەر دی؟

١- عیرفان کە بنچینەی دینە؛ هەوێنی گەشەی دەروونە؛ پەیژەی بەرەو کامڵ بوونە. دامانە لە ناو خۆکردا؛ ڕامانە لە خێوی خۆکرد. نیشانەی بەرزەتی گیانە. بەڵام هەر عیرفان بە تەنیا و هیچی تر نا، کەڵکی خەڵکی پێوە نییە. وەکوو چقڵی دڕکەزیە؛ بێ میوە و بەر، ڕەزی خێوی دەپارێزێ و ناشێ کەس توخنی بکەوێ. بۆ نموونە کابرایەک هەیە دەروێشە، چلەکێشە. بۆ ئەندێشە لە مەرگ و دواڕۆژ و سزا، دەم بە نزا خزاوەتە غارێکەوە. چاوی دڵی دە ‌عاسمانە و بێ ئاگایە لەم جیهانە. لەو دەمەشدا لە پشت دیواری ئەو غارە، کوشتارە، هات و هاوارە؛ نووزە و ناڵەی بریندارە؛ گوڕە و هەڕەشەی زۆردارە. هەزاران بێگوناح دەگرن؛ هەژاران لە برسان دەمرن؛ ئابڕووی ئابڕووداران دەبرێ؛ هەرچی ناشێ بکرێ، دەکرێ. کەچی کابرای کروشمەکەر، گوێی نابزوێ؛ نایەتە دەر. دەرگا لە سەر خۆی دادەخا؛ دوو گردە بۆری ڕادەخا. گزنەی بەهەشتی گرتووە، خەریکە بارگە تێک دەنێ. بە خەڵکی دەوری ئەشکەوتیش - کە لە سەر دنیا شەڕیانە - پێدەکەنێ.

بە بڕوای من - ڕەنگە هی تۆش - ئەو کابرایە نەک هەستی پیاوەتی نییە، بگرە لە هەموو دەعبایەک زەرندەتر و پەست ترە. مەیموون، ورچ، سەگ، بەراز، زۆر تیرەی جانەوەری دیش بەزەیان بە داماوانی هاوڕەگەزی خۆیاندا دێ. کەچی ئەو حۆری پەرستە - کە هەر خۆشی خۆی مەبەستە - هەست ناکا کە لە دڕندان دڵڕەقترە. وا گریمان بۆ بەهەشت چوو. دەیسا چ بوو؟ کەرەکەی نەبی عوزێریش لە بەهەشتە! هەوەڵ پیاو بوون، ئەوسا بەهەشت. گەر بەهەشەت بۆ ناپیاوانە، چوونی بۆ پیاوان تاوانە.

ئێستا من خۆم زۆر یاقیدەم بە شەمسی تەورێزی هەیە؛ مەولانام لەلا گەورەیە. شەمس ڕۆژی بە تیرێژی دوورە تەمە. پەسنی مەولەوی چەند بێژی، هێشتا کەمە. بەڵام ئافەرین لە چی کەم؟ مەولانایەک لە بەلخ یان لە قوونییە یان لە وڵاتێکی تر ژیاوە، خۆی وا لە ناو لێفەی ئەستووری عیرفانەوە پێچاوە، بە کوشت و کوشتاری مغول، بە شاڵاوی خاچپەرستان، نەحەساوە. دەیسا من ناڵێم تۆ بڵێ! بوون و نەبوونی ئەو پیاوە بە بێچارە و هەژاران چی؟ بە بریندار و دەردەداری ئیمانداری موسوڵمان چی؟

دەڵێی: «گوتیەشخص» ی فەڕانسەویش چۆتە سەر بڕوای مەولەوی کە لە جەنگەی جەنگدا دەڵێ: «باشتر وایە وەر بکەوم نەک دانیشم. نیازم وایە ئەگەر وێستابم ڕۆنیشم. چاک ئەوەیە نەچمە کۆڵان، دەرکە داخەم. نوێنم ڕاخەم، تا لەو شەڕی کە دەڵێن دنیا دادەگرێ، بێ ئاگا بم. جا مەگین گوللەیەکی وێڵ شووشەی پەنجەرەم بشکێنێ دەنا ناشێ لە خەو ڕابم!».

ئاخر ئەمانە کەی پیاون؟ کەی دەبنە پیاو؟ چۆن چاویان لە بەر خوا هەڵدێ کە لە دیمەنی بریندار دڵیان تێکەڵ بێ و هێڵنج دەن؟ ئەگەر عیرفان هەر ئەوە بێ، با نێوانمان سەد گەوە بێ.

جا هەر کەسێ ئەم تەرزە عیرفانەی دیوە، ناچار هەموو عیرفانێکی بە مێشک و دڵ تەزێنەر و پیاوکەرکەر و ئیشکەڵی بێ بەر زانیوە.

سا با ئێمە هەر دوو دیوی ئەم دراوە تماشا کەین. لەو بارەوە کە لە شوێن ڕاستی گەڕانە و ئەوینی خودا ناسینە، شێریشە و شێرپەروەریشە. عیرفانی ڕاست زۆر پیاوی وای پێ گەیاندوون بێ وێنە بوون. بەهەشتیان بە شیر کڕیوە و دەستی زۆریان لە سەر هەژاران بڕیوە. لە ڕێگەی خزمەت بە گەلا لەخۆبوردوون. مێر ژیاون و مێرانە مردوون.

بە باری ئاوەژووشیدا لە هێندێکان ورد بینەوە. خەتێکی هێندە ناخۆشە ئێژی شەرەپشیلەیە. لە چێژەی شیرنایی گەڕێ، سەد خۆزگەت بە بەرسیلەیە. ئیتر هەرچی سمێڵ سوورە نابێ پێی بڵێن هەمزاغا! ئەم هێندێکانەی من دەڵێم دەگەڵ ئەوانەی شێر هاتن ناکرێ بڵێم خواشیان یەکە! بە هەزار بوز و چرێشیش ئەو دووە پێکەوە نانووسێن؛ لە ناو ئاوێکدا ناخووسێن. بە گشتەکی مێو لە سەر و تەبەنەی ئاسن کونکەریش لێک نادرێن و بە دێویش جووت باقیە ناکرێن.

ئەگەر عیرفانە ڕاستەکە شێرپەروەر بووە، ئەم عیرفانە یەک لایەنە، فسۆسگرە. خۆری و تۆری وای سازداون کە بۆ زۆردار و پیاوگوژ و کۆلەدار و کۆنەپەرست و بێ هەستان، هێژاتر لە سۆمای چاون. فەرمانڕەوایانی ملهوڕ لە درێژایی مێژوودا، قەرزاری ئەو پیاوە زلە خوێڕیانەن کە بەرانبەر بە ناڕەوا چاوی دەروونیان قووچاوە. لە خرمەی دەنگی شکانی دڵی هەژار و داماوان، هەرگیز گوێشیان نەزرینگاوە. بەڵێ وایە عیرفانی ڕووت بە کار نایە و هەر وەک دۆخەوایەک دەچێ نە دۆ نە گیای تیایە.

٢- ئامپایەتی (سوسیالیزم)، ئەویش هەر هەتا یەکلایە، کای بەربایە. بۆ نموونە: لاوە خۆی لەلا زۆر پیاوە؛ لە سەر هەژاران بە جواوە. ئامادەیە لە سەر زەیفێک کە خاوەن کار لە کرێکارەکەی خۆی ئەکا، هەرا بکا؛ تەنانەت خۆش بە کوشت بدا. دیارە کارەکەی زۆر چاکە و هیچ گومان لە پاکی نییە. بەلامەوە زۆر حەیفە کوڕی هێندە باش، هێندە زرینگ، تەنیا باسی ماددە و دراو، مێشک و دڵی وا بتەنێ کە لای وابێ جگە لە جلک و خۆراکی کرێکاران نابێ لە هیچ بیر کاتەوە. مێژووی کۆن، کتێبی دینی - کە پڕیانە لە ئامۆژگاری و زانیاری پڕ لە کەڵک و بەر بۆ خەڵک - بە کەللەی کۆن و ڕێ و شوێنی کۆنەپەرستی بزانێ و لە خوێندنەوەیان واز بێنێ. کەچی هەر ئەو لاوە پیاوە کە دەبینێ فڵان ڕامیاری هاوبیری فڵان قسەی لە ڕۆژنامەدا نووسراوە، بێ هیچ سێ و دوو لێ کردن، بە بێ ئەوە بزانێ باشە یان بۆشە، وەری دەگرێ و وەکوو نوشتەی دەستی شێخان لای پیرۆزە؛ جا با قسەکەش بێ تام بێ؛ جا با قسەی ئەویش نەبێ و هەڵبەستە بێ. هەر ئەو لاوە لە حیزبەکەی خۆی بەولاوە چیتری لە بەرچاو نییە. ئەگەر یەکێ لە حیزبەکەی ئەو لاوەکی سەد قاتی خۆی و حیزبەکەی چاکە بکا لە سەر هەژاران بە جواب بێ و لە مەیدانی شەڕ بەرانبەر بە زۆردار و داگیرکەران هەزار جار لەو ئازاتر بێ، بۆ یارمەتی دانی کاری حیزبەکەی ئەویش حازر بێ، نایەوێ و لە سەری ناکا. هەر حیزب نەبێ، دوژمنە.

- بۆچی؟

- چونکە هاتووە داری پڕلکی ژیانی هەڵپاچیوە. تەنیا لکێکی هێشتووە کە ماددەپەرستیەکەیە. ئەو لکەیشی هێند ئاوداوە تا لە کۆتەرە عەسڵیەکە زلتر بووە. هێند هەڵچووە و هێندەی چرۆ دەرکردووە کە بەرچاوی داپۆشیوە و جگە لە ماددەپەرستن تەنانەت خۆشی نەدیوە. ڕاست بە دەردی عیرفانەکەی خۆمان چووە. جیاوازیان هەر لەوەندەدا: عیرفان بۆ گەشەی دەروونە و ئەم بۆ لەوەڕی بژوونە. لەوەڕە و گەشەی دەروونیش مینا شەنگڵە بەرەکەتەن؛ ئەگەر نێوانیان بپسێنی هەر دووک بێ بەرەکەت دەبن.

وشکەسۆفی کە هەر داوێنی دین دەگرێ و هەتا دەمرێ ئاگای لە دنیا و ژین نییە و خۆی لە بیر خۆشی چۆتەوە، زۆر چرووکە و هەر وەکوو نەبووبێ وایە. کاکە سوسیالیستەکەشمان لە سنووری دیکتاتوری هاوبیرە زەرد و سوورەکەی دەرناکەوێ و هەتا ملان نوقمی حیسابی ئابووری و لێکدانەوەی نرخی هێز و بایی سەرمایە و دراوە. بە بێ ئەوە های لە خۆی بێ، چۆتە ناو گەرووی پووڵەوە و قووت دراوە و لە باسی لەوەڕان پێوە هیچ کەڵکی پێوە نەماوە و لە باری لەبیر چوونەوەی عینسانەتی، دەگەڵ سۆفی دەستەملانە.

٣-کابرای هەرخۆیی دەبینێ عیرفانی ڕووت بە حاستەم سەری لووتی خۆی نەبێ چی نەدیوە و مرۆی بێ نرخ زانیوە، ماشێن و سەرمایەداری و لاساری حوکمی کرێکار، تەنگەیان بە ژینی ئازاد هەڵچنیوە، وازی لە هەرکان هانیوە. دەڵێ بنیادەم لەوە زیاترە خۆی بە پڕ و پووچی غەیبی و دەوڵەت و سەرۆک پەرستی عەیبدار کا؟ ئازاد هاتوویتە دنیاوە ئازاد بژی! لەبری ڕوانین بۆ نەدیار و لە جیات کۆیلەیی ماڵدار و پرۆلیتار، ئاغای خۆت بە!

بەڵێ ئەم بیری خۆناسی و ئازادژینە زۆر بەنرخە؛ بەڵام ئەویش بە تەنیایی دەردی ژیان دەرمان ناکا. وا گریمان خۆم لە دین و یاسای سەرزەمین ڕزگار کرد، ئەوسا چ بکەم؟ گرتووم لە زیندان دێمە دەر؛ بە چی بژیم؟ چۆن بژیوی خۆم پەیدا کەم؟ بچمە لای کێ؟ لای دینداران؟ دەبێ لە نەدیاران بدوێم. واتا: دەبمە کۆیلەی خودا. ببمە ئامپای کرێکاران؟ ئازادیم کوا؟ گەرەکە کۆیلەی ڕابەر بم. دەچمە لای سەرمایەداران. دەبم بە کەری بێگاران و کۆیلەی ماشین. دەی چار چییە؟ مامۆستاکانی هەرخۆیی پەرسڤێکیان بۆ ئەو پرسیارانە نییە. تەنیا دەڵێن: ئازاد بژی و ئاوێ بێنە دەستان بشۆ. ئیتر ناڵێن ئازاد ژیان بێ بەرنامە، سەرگەردانی سەرەنجامە. وا دەبینین زۆر لەوانە بەتاڵ - حەتاڵ، لە نیپاڵ و دۆڵی خەیبەر، لە پنجە بەنگان دەگەڕێن. لە جیاتی خۆناسینەکە، خۆیان لە بیر بردۆتەوە و هەر دەڵێی لە سەر دنیا نین!

ئەگەر سەرەنجامی کارمان هەر خۆ لەبیر چوونەوە بێ، چ ئەمە بێ و چ ئەوە بێ، فەرقی چییە؟

ئەنجا ڕەنگە لە من پرسی چارە چییە؟

بە بڕوای من دەبێ ئێمە لە عیرفانی دوور لە کزی و لە سوسیالیستی بێ گەزی و ئازادیخوازی زانایان بەهرە بەرین؛ هەر سێکیان تێکەڵاو بکەین. چوارچێوەی بەرنامەی ژینمان لەو تێکەڵاوە لێک بدەین. چونکە هەرسێک زۆر پێویستن؛ بەو مەرجە دەگەڵ یەکتر بن.

ئەوینی بۆ ڕاستی گەڕان - کە عیرفانە ڕاستەکەیە - بزوێنەری مێشک و دڵە؛ کە بیر لە خۆ، لە خوا و خۆکرد بکەیتەوە. مافی خۆت لە بەرانبەری و ئازادیدا - کە لە لای خوداش پەسندە و پێت ڕەوایە - بخەینە دەست. بەرانبەری کە ڕۆژاوایی پێی دەڵێن سوسیالیزم - کە لاگیری هەژارانە و دژی بەرەی زۆردارانە - تا بڵێی باشە و لە چەرخی نۆزدە و بیستەما بۆتە هۆی زۆر ڕاپەڕینان کە ئیستعماری ڕاوناوە و بەشی بێ بەشانی داوە؛ کە عیرفانە بێ خەوشەکەش لای پەسندە. هەرخۆیی کە ناوە ئورووپایەکەی «ئیگزیستانسیالیزمە» کە لای وایە ئازادی مافی مرۆڤە، بیرێکی ڕاست و دروستە و عیرفان و یەکسانی ژیانیش بێ ئازادی بیر و باوەڕ ناتەواون. ئەگەر هەرسێک پێکەوە بن، هەریەک لەوان هەم ئامپایی، هەم ئازادی، هەم عیرفانە. هەرگا ئەو سێیە یەک بگرن، گەندەڵی پڕ لە تەنبەڵی و سوسیالیزمی سەرزارەکی و پڕ لە گزی و ئازادی قالۆنچەبازی و بەنگ کێشی و لە ژیان وەڕەزی، پێدزە دەکەن، کووزوو دەبن و بۆی دەردەچن. ئەم سێ چوکڵە ڕاست و تیژە بە دادراوی، هەر یەکەیان بۆ ئەویدی دەبنە پەرژینی چوقڵاوی و پاسداری لە یەکتر دەکەن.

جا ڕەنگە هێندێ کەس بڵێن: پەکوو لەوێ حەلامەتێ! جاکوو ئەو سێ دۆزە قۆزەت لۆ لێک دەدرێ؟ کێ ئەو ماشەرە ئاڵۆزەی یەکلا دەکا و پساوەکەی بۆ تێک دەخرێ.

من بۆ وەرامی ئەوانەی ئەم چون و پەکووانە دەڵێن، دەڵێم:

هەرسێک ڕۆژێک لە ئیسلامی ڕاستەقینەکەی پێشوودا لێک کۆ ببوون. لێت تێک نەچێ! گوتم ئیسلامەکەی پێشوو نەمگوت ئێستا. نیازم ئیسلامی قورعانە؛ نەک ئەوەی ئێمە هەمانە. کە نێوانیان عاسمان و ڕێسمانە. هەر کەس وەک ئیسلامی پێشین بڵێ هەر قورعان ئیمامە و کەسی تر نا، زڕە موسوڵمانی ئەمڕۆ بێ شک بە کافری دەزانن. ئیسلامی ڕاست نە ئەوەیە کە باوکە خوالێخۆشبووەکان فێریان کردین ببین بە شیعە، بە سوننی و دەسەر و گوێی یەکتر بەربین. دەتوانم بڵێم تاوێستا کەسی وامان تێدا نەبووە، خوا - وەک لە قورعاندا هەیە - بە مەردمی بناسێنێ.

عیرفانی قورعانێ دەڵێ: «ئەم زەمین و بەرزاییانەی لە سەرتانە، ڕۆژی ڕووناک، شەوی تاریک، بەڵگەی خاوەن ئاوەزانن کە بە پێوە یان لە جێوە لە سەر پشت یان لە سەر تەنشت پاڵ دەکەون و داناکەون. بیر لەو کردە سەرسووڕێنە لە وەستا واق وڕمێنەکەی دەکەنەوە و دەڵێن: خوایە! تۆ ئەمانەت لە هیچێ نەخستۆتە ڕوو».

عیرفانە وشکەکەش دەڵی نابێ دەس دەکاری خوا دەی. نابێ بڵێی ئەم بایە لە کام کون ڕا دێ؟ ئەو بارانە چۆن دەبارێ؟ بیر کرنەوە لەو شتانە بۆ دین و دنیات زیانە و بەهەشتەکەت لە کیس دەچێ. دەشڵێن دنیا هیچە و پووچییەکەی وەک بڵقی ئاوە و بیر لێ کرنەوەی بڵاوە.

قورعان دەڵێ: «عاسمان و زەوین و هەر چی لە ناو ئەو دووانەدان هیچمان لە پووچێ ساز نەدا. ئەوی بە پووچی دەزانن کافرەکانن. » ئێستا بەو پێودانە بێ، وشکەمەلا - وەک جووی فەقیر - هەر دوولایان لە دەس چووە.

خوای فەرموویە: «ئێمە ڕێزمان لە تۆرەمەی ئادەم ناوە». بزانە دەڵێ: ئادەمی، ناڵێ مەرجە سپی پێست یان موسوڵمان بێ. ئەم ئایەتە هەموو توخمی مرۆ، لە ڕەش و بۆر و زەرد و سوور و گەنم ڕەنگ و کاڵ و چاوشین دەگرێتەوە. گاور و گاوپەرست و جوولەکە و بابی و بەهایی و عەلیەڵڵاییش بەر دەکەون.

خوا فەرموویە: «کەسێ گیانێک بێ سوچ و تاوان بکوژێ، وەک هەموو مەردمی کوشتبێ وایە. یەک لە مردن ڕزگار کردن، وەک نەجات دانی گش مەردم لە مردنە»؛ «ئەی مەردم! ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێوێک خستەوە. کردیشمانن بە چەندین ڕەگەز و تیرە، بۆ ئەوە یەکتر بناسن. کێ لە کاری ناڕەوا بە پارێزترە لە کن خودا بەڕێزترە.»

پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: «مەردم وەک ددانەی شانە وانە. ئەگەر چەن دانە لەوانە نزمتر یان زێدە زەق بن، وە ‌شانە حەساو ناکریە». خوا و پێغەمبەر هەر فەرموویانە مەردم. نەیان فەرموو ئەشێ سوننی یان شیعە بێ؛ نایژن دانەی سپی شانە لە دگانەی ڕەش خاسترن. پێغەمبەر نەیوت عەولادم لە خەڵکی دی لە پێشترن. سا با بزانین داخۆ کام زانای زەمانە دەربارەی لێ تۆژینەوەی ئەم زەمین و عاسمانانە، دەربارەی بەرانبەریەتی تیرە و چینان، ئازادی بۆ بیر کرنەوە، هێژاتر لەمانەی هەبووە؟

بەڵام با لە بیرمان نەچێ، گوتمان قورعان و پێغەمبەر، نەمانگوت مەلا و موشتەهید، ئاخوند، مفتی، شێخ، کتێبی پیوازی و پەڕ زەرد. نەمانگوت مێزەر بەسەرێ کە بە تۆزێ زێڕ و کوتاڵ، ئوباڵ بۆ زاڵم دەکێشێ، هەقی هەژاران پاماڵ کا.

ئەگەر ئێمە موسوڵمانی بەڕاستین و جیا لە خودا ناپەرستین، دەبێ وەک سوێندەکە بێژین: خودا یەکە و نابێ بە دوو. باش دە ‌ماناکەشی بگەین، نە سوژدە بۆ بتی بەردین، یان بە ڕدێن و جبە و مێزەر دەبەین، نە بۆ شا و میر و وەزیر و نە بۆ ئاغا و کوێخا و گزیر کڕنۆش دەکەین. لە خوا نەبێ لە هیچ کەسی تر ناترسین. لە ڕێی فێر بوونی زانستا، لە سووچی حوجرە واز دێنین؛ دەچینە چین؛ وەکوو پێغەمبەر فەرموویە. بۆ سەربەستی چینی بن دەست، بە گژ داگیر کەردا دەچین. بۆ ئازادی بیر و باوەڕ، ناڵێین چونکە ستالین و ئەنوەر خۆجە، مەلای چاوڕەش، شێخی سەرشین بڕیویانە، بێدەنگ دەبین.

هێندێک دەڵێن موسوڵمان بەرانبەر یەزدان، هێندە خۆی بێ نرخ دەکا، کە بۆ پایەی مرۆ ناشێ. خواشیان هێندە لا بەهێزە کە نیشانی داماوی خۆیان دەردەخەن.

واتا: «فویرباخ» گوتەنی: «خوای لاوازان لە خوای سازان بەهێزترە؛ چونکە ئەوان زەبوونترن. بۆ خۆیان دەستیان ناچتە کار. ناچار یەخەی خودا دەگرن. ئەوی لە ‌زەوی پێی ناگەن، لە خوای عاسمانی دەخوازن»

ئەم دەستە ڕەخنەگرانە لە سەرێکەوە هەقیانە؛ چونکە ئێمەی ئیسلامی ئێستایان دیوە کە وەک مەیموون لاسای هەڵپەڕێنەکەمان، چەشنی تووتی قسەی فێرکار دەکەینەوە. فێرکار و هەڵپەڕێنەکەش یان زۆر ساویلکە و نەزانن، دە هیچ ناگەن؛ یان فێڵەباز و دەسبڕن؛ نایانەوێ بۆرەپیاگ تێگەیشتوو بێ. ئەگەر ئەو توانج دەرانە تەواو شارەزای ئیسلام بن، تێدەگەن بە هەڵەدا چوون.

بەڵێ ئیسلام خودا بە گەورە دەزانێ و لە بەرانبەر بەرزی ئەودا خۆی زۆر بە نزم دەزانێ؛ بەڵام بەرانبەر بە خەڵکی هەتا بڵێی سەرفەراز و بێ نیازە. بۆ خوا سەر دەنێتە سەر خاک؛ بەڵام بۆ کەس لە سەر زەوی نەوی نابێ. دەڵێ خوایە! بە بەزەی خۆتم بسپێرە؛ بەڵام لە ڕووی بێ بەزەییان مێرە، شاڵاوبەرە، شێرە. دەکرێ بڵێین ئەوانەی خوداپەرستن، پایەبەرزیشن؛ نەویشن. خۆیان بە هیچ حەساو ناکەن؛ هەر خۆشیان هەموو شتیشن. لە دەمێکا خۆ لە خۆ جودا دەزانن. هەر ئەو کاتەش خۆیان بە خودا دەزانن. ئەم نەریتە تایبەتیە هەر بۆ خواناسی ڕاستە و بەڕاستی جێی سەرسوڕمانە. ئەگەر نەڵێن شەریعەتی لایەنگری مەزهەبێکە - هەر چەندە وەکوو بیستوومە تاوانی لایەن نەگیریم وەپاڵ دەدەن! - عەلی کە ئەو باش دەناسم بۆ نمونە دەهێنمەوە:

عەلی هەرسێک ئاکارە لە بارەکانی باسمان کردن تێدا هەبوو. ڕامان بۆ خودا و کرگاری هێندە کاری لێکردبوو کە زۆر جاران دەچووە چۆڵان، دەیگاڵاند و دەیناڵاند و لەخۆ دەچوو. ئێمەی نەزان لامان وایە گلەی لەو ئازارە بووە کە مەدینەیی داویانە. یان بۆ گوندی فەدەک بووە. بە ڕاستی لە ڕاستی دوورین! تینی ئاگری ئەوینی بە خواگەیین تینی داوە و بەرەو سارای ڕەتاندووە و تا نزیک خودای بردووە. ئەمە باری عیرفانەکەی. بۆ هاوبەشی و بڕوای ئازادی چۆن بووە؟ ئیمام عەلی فەرمانڕەوا لە سەر هەتیوی زۆر لێکراو، لە سەر ژنێکی جوولەکەی ئازار دراو، وا دێتە جواو کە سوسیالیستان بۆڕ دەدا. هاوار دەکا: من ئەمیر بم و فەقیرێک زوڵم و ناهەقی لێ کرابێ. ئەگەر بەو داخەوە بمرم، کەس نابێ سەرکۆنەم بکا. ئەو دەردە هێندە بەژانە پیاو دەکوژێ. بۆ ئازادی بیر و باوەڕ، لە فەرمانی خودا بەدەر، گوێی بە واتەی کەس نەداوە. تەنانەت لە سەر ئەم هەقە، برای خۆشی لێ ڕەنجاوە.

من دەمەوێ وەک عەلی بین. هاوبەشی و ئازادی و عیرفان لێک وەکۆ کەین. بیکەینە بەردی بناغە و کۆمەڵگامان وەکوو پێشوو لەسەر ئەو هیمە هەڵچنین. ئەوسا دەکرێ بڵێین خزمەتمان بە گەل کردووە و ئەرکی خۆمان پێک هێناوە.