ژوان
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
2 دقیقه
1473 مشاهده
ناڕژێ ئەسرینی من هێندە، ئەگەر دڵ داکەوێ
ماڵی دڵ وێران بێ، ماڵوێرانی کردم، ناسرەوێ
هێندە بێزارم، دەڵێم دڵ هەر لە سینە بێنمە دەر
تا بزانێ من نەبێ، ئەو ئاگرە کەس نایەوێ
باشە چاو تێبینە دەیڕێژێتە داوێنم، دەنا
گەنجی فرمێسکم هەموو تێدا دەچوو لێرە و لەوێ
بەژنی تۆ گەر سەروە، سایەی خۆت لەسەر من کەم مەکە
ڕووت ئەگەر ڕۆژە عەزیزم مەیگرە، با دەرکەوێ
دەفتەرم پڕ کردەوە ئێستەش دەلیلی وام نییە
فەرقی پێ دانێم لە بەینی خاڵی تۆ و خاڵی کەوێ
گەر پەرەنگی گوارەکەت ئاوا نەلەرزێ لەو سەرە
دەرفەتێ بۆ ماچ و کوڵمە گەزتنێ دەست ناکەوێ
من دەڵێم دڵ کۆرپەیە، با لای لایی بۆ بکەم
ئەو بە شیعری من کوڵی هەڵدەستێ، ئیتر ناخەوێ
هەر دەبوو ڕۆژی هەوەڵ من دوو دڵم بێ و یەک زمان
تا لە ماڵێکدا ئەڤین و ئاوەزم نەبنە هەوێ
بسکەکانی تۆ گوڵم! لاجانگی تۆیان گرتووە
بەو هەناسە ساردە خۆ من ئەو تەمەم پێ ناڕەوێ
من بە یادی تۆوە گۆشێک و خەیاڵێکم بەسە
سووڕی ئەو چەرخە ئەگەر نەمخاتە گێژی گێژەوێ
دوور لە خەڵکی دەس لە ئەستۆی یەک دەکەین ئەمن و خەیاڵ
کەس ئیتر بەو ڕازە نازانێ کە من لەو چم دەوێ
گەر بەڵێنم لێی بوێ دووبارە بۆ ژوانێکی تر
پێم دەڵێ شەوگار درێژە کوێ بڵێی من دێمە وێ
من لە سایەی زولفی تۆوە ڕۆژی ڕووناکم نییە
شیوەنم جا تازە کەڵکی چی هەیە نیوەشەوێ
ئەو وڵاتە ئەو کوڕەی ناوێ بە سەربەرزی نەژی
باوەشی دوژمن نەبێ نایبێ ئەوی کوردی نەوێ
تۆ پەژارەی چیتە «هێدیتخلص» دڵنیابە چارەنووس
چاوەڕێتە، ڕۆژێ هەر دێ کوردەواری سەرکەوێ