سەودا
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
1 دقیقه
1330 مشاهده
ڕۆژگارێکە خەیاڵی من بەرەو سەودا دەچێ
مانگ و ڕۆژی من بە دووی خاڵێکەوە تێدا دەچێ
پەیکی دیدەم پەیت و چوستە و دەرفەتێکیش نایەنێ
چەندی بێ هەست و بە پەردە و نەرم و ناپەیدا دەچێ
هەرچی تۆماری ژیانی هێدی دەخوێنێتەوە
دێ سەری زولفی لە پێشدا دگرێ، جا پێدا دەچێ
سەد هەزار دیدەم هەبێ، پێی ناڕوانمە هیچی تر
ئەو دەمەی ئەو بێریە شۆخە دێ بەرەو سەحرا دەچێ
باسی لاجانگ و گوارەی تۆ بە هیچکەس ناکرێ
بۆیە ڕەنجی من لە نووسین و گوتن هەروا دەچێ
گەر مەم و زین بێنە مەیدانێ، ئەگەر لاس و خەزاڵ
هەر ئەڤین زاڵە، ئەڤیندار هەر لەبەر پێدا دەچێ
جارێ بۆی دەمرم بە خەندەی، جارێ زیندوو دەبمەوە
من کە سەد کفنم دڕی، ئازاری وا، زوو کوا دەچێ
چەند پەرێشانە دڵم، سەد هێندە شێواوە خەیاڵ
ئەی خوایە ئەو پەژارە کەی لە سەر من لادەچێ؟!
«هێدیتخلص» یاخوا کەس نەبینێ چۆن لەگەڵ دڵ پێوە بووم
کوێ بە ترس و لەرزە، ئەو دێوانە بێ پەروا دەچێ