هەڵە
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
1 دقیقه
1061 مشاهده
هەر چی کردم، خۆم لەگەڵ خۆم کرد و ئێستە دێتە ڕێم
کوشتمی گەردوونی گەردان، هێندی زەربەت داوە لێم
لێی گەڕێ وام لێ بێ، مافی خۆمە، دەستی تێ مەدە
لێی گەڕێ با تێک شکێم، چی تر نەڵێم من ناشکێم
چەند لە کردەی خۆم پەشیمانم، لە ناکردەش پتر
سەر چلۆن دەرکەم؟ لەدەس ئەو چارەنووسە چۆن هەڵێم؟
بیری سادەی خۆم سەری شێواندم و ڕێم هەتڵە کرد
خەڵکی لەو ئاژاوە هەڵدێ، من بەرەو ئاژاوە دێم
من کە بازی سەر چیا بووم و هەڵۆی کەوشەن بەزێن
ئەوڕۆ هەر وەک کوندێ هاتووم لەو کەلاوە نیشتەجێم
وای هیلاک و ماندوو کردووم باسی کورد و باسی گەل
ئێستە کاکۆڵ و کەزی و پەرچەم نەبێ لێی نادوێم
گەر لەنێو دەرد و خەماندا خاڵی تۆم لێ ون دەبێ
من دەچم پیرۆزەیەک دێنم لەجێی وی دادەنێم
حەز دەکەم دەردێکی بگرم کەس سەری لێ دەر نەکا
بەڵکوو ئەو ئاهۆیە هۆیەک بێ کە جارێ بێیە سوێم
شەرتە هێدی من ڕنووی بەفران بم و فرمێسکی چاو
لایە بۆت بتوێمەوە، لایەک لەبەر پێت هەڵوەرێم