نەخۆشیی ژنان

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 1 دقیقه  717 مشاهده
کابرایەک بۆ دەسنوێژ دەچوو
ئیشی زۆر بە پەلەی هەبوو
پیرێژنێکی دی لە ڕێدا
ئەویش ڕادەبرد بەوێدا
هەر چەند کە زۆریش تەنگاو بوو
چونکە پیرێژن ناسیاو بوو
ناچار هەروا کە ڕادەبرد
سەبرێک سڵاوێکی لێ کرد
ڕاش نەوەستا لەسەر وەڵام
پیرێژن یەخەی گرت بەڵام
هاتە پێش گوتی: ببوورە
براکەم، نەقڵی من دوورە:
دوکتور بە منی ئەسپاردووە
من تەرکی قسەم کردووە
پێی گوتووم کە کەس بدوێنم
بەرز ئەبێ پلەی خوێنم
کز دەبێ ڕووناکی چاوم
تێکدەچن دڵ و هەناوم
دوای ئەوە سوار دەبێ پشووم
دەکەونە ژان سینگ و گەرووم
ژان لەسەرم بڕواتە دەر
کۆخەڕەشەم دەگاتە سەر
جا مەبەستم دڵی تۆیە
من ئەو دەردەم لێیە بۆیە
ئەگەر کەسێک ڕووم تێدەکا
وەک تۆ سڵاوم لێدەکا
ناوێرم خۆلاسەی کەلام
بڵێم «وە عەلەیکەسەلام»