پێشمەرگەیەک

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 8 دقیقه  739 مشاهده
نێوەڕاست مانگی هاوینە
هەتاو تا بڵێی بەتینە
خۆر بە ڕوودا لێی کەوتووە
زەوی لە باوەش گرتووە
خیزی ڕێ وەک پۆلووی ئاگر
داغ بووە، بگرە لەو چاتر
ڕۆژ لە ئاسمان بەربۆتەوە
لەو ناوچە خۆی گرتۆتەوە
لەبەر گەرما، تۆز و غوبار
ڕێی نییە چی تر بێنە خوار
هەرچی گەلیی لەو ناوەیە
وەک دیزەی سەر نراوەیە
جەبهەی ئێمەش وا ویشکەڕۆ
ئیتر لێی هەڵدەستێ بۆسۆ
بێجگە لە گەرمای سووتێنەر
ئاگریش دەڕژێتە سەر سەنگەر
نوزەی گوللەی تۆپ و تفەنگ
هەردوو بۆی هێناوەتە دەنگ
لەو پێشمەرگەی لەو جەبهەیە
تەنیا دوو ئاواتی هەیە
یەک دوژمن لەناوبردنە
ئەوی تر لێو تەڕکردنە
مستێ ئاو خوێنی سەد کەسە
تەنیا ئاوت هەبێ و بەسە
هەیە و نییە یەک کانییە
ئەویش لە ڕووکار گەڵییە
لەوبەر جاش و عەسکەر زۆرن
جاشک تۆرن، عەسکەر بۆرن
تیرەی تریشیان لەگەڵە
بۆ پارە کەوتوونە تەڵە
شوێنی کانییەکە پەسیوە
لە هەردووک لامان نەدیوە
مایەی ژینی هەردووک لایە
بۆ هەردوولا وەک یەک وایە
ڕێگاشی دوور و هەڵدێرە
زۆر لاپاڵ و سەرەوژێرە
ئەو ڕۆژەش هەر وا گەرما بوو
تەقەش تاوێک بوو وەستابوو
دوو سەعات لەدوای نیوەشەو
تۆپچییەکانیان هەستاند لە خەو
پێشمەرگە خزانە ناو سەنگەر
جاش و عەسکەریان دانە بەر
ئاگری تۆپی ماڵوێرانکەر
نە جاشی دەهێشت نە عەسکەر
ئاگر دە خێوەت بەردەبوو
کڵاو خود بۆ حەوا دەچوو
ڕۆژ سەری دەرکرد لە ئاسۆ
تۆپی دوژمنیش کەوتە خۆ
هەردووک حەزیای ئاگر پڕژێن
جەبهەیان کردە گۆمی خوێن
چەند تۆپ دەهات هێندەش دەچوو
دووکەڵیان تێکەڵ یەک دەبوو
بەدوای ئەودا زۆر پێ نەچوو
فڕۆکەی دوژمن پەیدا بوو
ئیتر هەر خوێن و تەرم بوو
شەڕ هێندەی تریش گەرم بوو
بۆمبا و تۆپ لە عەرز و حەوا
زەوییان ئاگر تێبەر دەدا
هەر لەش بوو گۆشتی برژاو بوو
مەنجەنیقێکی تەواو بوو
پێشمەرگە بەرەوپێش دەچوون
دەناو تۆزێدا ون دەبوون
ڕەشاش وەک کەوی سەربەردان
دەیخوێند بۆ جاشی سەرگەردان
٭٭٭
نیوەڕۆ دەهات کل دەبوو
تەقەش خەریک بوو شل دەبوو
شەڕ و ئەویش ڕۆژی ئاوا
گشت ئەگەڕان بەدووی ئاوا
تۆپچی لێوی خۆی هەڵ دەمیست
هەرچی دەتدی ئاوی دەویست
قومقوموکە کەوتن لەوێ
کێ مەتارەی ویشکی دەوێ
٭٭٭
تینوو بوون یەک لە یەک پتر
مەتار لەوان دەم ویشکتر
هەموو لایەک کردیان بە قاو
کێ ئەتوانێ بچێ بۆ ئاو؟
یەکێ مێردمنداڵی چڵکن
هاتە پێشێ گوتی: ئەمن
گورجێ ئێستریان دایە دەست
تەنەکە و تێڕیان لێ هەڵبەست
غەدارەکەی کردە شانی
ڕێگەی داگرت بۆ سەر کانی
٭٭٭
شل بوون هەنگاوی هاتوچۆ
کات دەڕۆیی بەکاوەخۆ
شەکەت و سەخڵەت و تینوو
گەرماش سەرباری هەمووان بوو
چرکەی کاتژمێر هێدی بوو
ئەویش ڕۆژی وای نەدیبوو
چاومان بڕیوە ڕێی کانی
هەر نەبڕاوە چاوەڕوانی
هەرچەند سەرمان دێنا و دەبرد
دڵمان هەر بەوە خۆش دەکرد
فەرهاد دێتەوە ئاو دێنێ
هەر کەس مەتارێک دڕفێنێ
لەپڕ ئێسترێک هات بەغار
بەڵام بێ کورتان و بێ بار
فەرهادیشی لەگەڵ نییە
ئەو خوایە ئەمە چییە؟
ئەبێ فەرهاد هەڵدێرابێ
ئەبێ جێیەکی شکابێ؟
بەسەر بۆسەدا کەوتووە؟
تووشی جاش و عەسکەر بووە؟
هیوایەک هەبوو ئەویش مرد
پرتە و بۆڵەیان دەست پێ کرد
کاکل لە تینوان چڕژابوو
لە گەرمان ڕەش هەڵگەڕابوو
لەبن بەردێ پاڵی داوە
وتی: چی لێ نەقەوماوە
لەوێ خەوی لێ کەوتووە
ئێستریش بەرهەڵدا بووە
کاری فەرهاد خۆ بواردنە
ئەو کەی کوڕی ئیشکردنە
خەمێک تەواو نابێ ئەگەر
خەمێکی تری دێتە سەر
کوڕم دەوێ پێ هەڵێنێ
هەواڵێکی فەرهاد بێنێ
هەر ئەو سەیری ئەوی دەکرد
تێکەڵ دەبوون سەرنجی ورد
کێ هێندەی هێز تێدا ماوە
بەو بێ ئاوی و سوورەتاوە
سەعات و نیوێک ڕێ ببڕێ
هێندەی تریش عارەق بسڕێ
بەڵام ڕۆژی لێ قەومانێ
پێشمەرگە وەستان نازانێ
دوو کەس لەولا هەستانە پێ
سرتێکیان کرد و کەوتنە ڕێ
گشت ئاوڕیان لێ دانەوە
ئەی خۆزگە زوو هاتبانەوە
ئێستریان هێنا سەر لە نوێ
ئەوانیش چوون لەدووی چوێ
تازە چەند هەنگاویان نابوو
ڕەشاییەک لەدوور پەیدا بوو
تێکڕا گوتیان ئەمە چییە؟
ئەرێ ئەوە فەرهاد نییە؟
یەک دەیگوت فەرهاد خۆیەتی
ئەوێ ڕێی هاتوچۆیەتی
ئەو دەیگوت: فەرهاد هەر نییە
ڕێبوارێکە داخوا چییە
یەک دەیگوت: فەرهادی کوێیە
ئەو لە کوێ ئێستری پێیە؟
ئاخر چیمان کرد و کراند
هیچمان لەوە هەڵنەکڕاند
دوو چاروێ زەلامێک لەدوو
زەلامیش وەک فەرهاد دەچوو
کەم کەم دەهات ماندوو بن چاو
ڕەشایی هاتە پێش تەواو
ئیتر لە ڕاست و چەپەوە
هاواریان کرد: هەوە هەوە
ڕەوین گنجی نێوان برۆ
پشوو هاتنەوە سەرەخۆ
یەک جێ بۆ لای فەرهاد خزین
هەموو هاتن لێی داوەرین
قڵپەی ئاو ئەویش ڕۆژی وا
مۆسیقایه کە دڵ دەبا
کێ لەپی دەستی تەڕ دەبوو
دە سەر و چاوی هەڵدەسوو
بەڵام لەو دەمەدا کوڕگەل
لەبەر تەنگاوی و پەلەپەل
نەپەرژان فەرهاد بدوێنن
سەرێ لەو کارە دەربێنن
خۆی لەدوای ئاو دابەشکردن
وچانێکی هێنا کن من
کە دانیشت بڕێک حەساوە
نەقڵەکەی ئاوا گێڕاوە
***
کاتێ کە بۆ سەر کانی چووم
ڕۆییم لە بستو ئاوا بووم
هێشتە مابووم بۆ سەر کانی
دەور و بەری خۆمم ڕوانی
لەولای گەڵی دوو ئێستر سوار
بۆ سەر کانی دەهاتنە خوار
زانیم جاشن، یان عەسکەرن
ئەوانیش هاتوون ئاو بەرن
لێک دوور بووین بەڵام دەمزانی
تێک هەڵدەنگوین لەسەر کانی
ڕووی تێ کردم فکر و خەیاڵ
هەر ئەو جێی بەو دەکرد بەتاڵ
چ بکەم؟ بڵێی دەرفەت بێنم؟
دەستێکیان لێ بوەشێنم
چ بکەم نەهێڵم بێنە دەست؟
چۆن خۆم دامەزرێنم بێ هەست؟
نێچیر هاتۆتە بەر دەستم
هەڵ دەفرێ ئەگەر ڕاوەستم
لەولاش چاوەڕوانی منن
بە هیوای دەم تەڕکردنن
وا هات و لە بەختی چەوتم
لەو کارەدا سەر نەکەوتم
سەرشۆڕ ئەبم لەلای ئەوان
گاڵتەم پێ دەکەن بە هەمووان
گەل، ناسکە ماوە کەمە
ئەو دوو دڵیە، چییە هەمە؟
نابێ ڕەقەی ڕێ داگرم
ڕێی ڕاست بگرم و ڕابرم
نەوەک ئەوانیش بخەفتێن
ئەوان بەر لە من وەدەست بێن
ئێسترم دەنگ دا بەرەو ماڵ
ئەوم ناردەوە بە چوار ناڵ
خۆشم داگەڕام بەرەو خوار
خزیمە ناو تەڕاش و دار
من بەر لەوان بە هاسانی
خۆم گەیاندە نیزیک کانی
لەناو تەڕاشێ دامەزرام
گەڵا تەنیبووی هەر چوار لام
پەلەم زۆر کرد کەچی زوو بوو
من ماندووییشم دەرچووبوو
تازە لەولاوە جووتەسوار
گەوە و گەوە دەهاتنە خوار
لێم نزیک بوونەوە کەم کەم
کردم ئەوەی دەبوو بیکەم
غەدارەکەم هێنا سەر پێ
ناشزانم چۆنم بۆ دەلوێ
هاتن هەتا گەیشتنە جێ
بێ وەی ئاگایان لە هیچ بێ
یەکیان جاش بوو، یەک عەسکەر بوو
کڵاو خودێکی لەسەر بوو
هەر گەیشتنە سەر ئاوی سارد
تفەنگیان لەوێ هەڵ پەسارد
ئێستریان لە دار گرێ دا
ڕەخت و پشتێنیان فڕێ دا
بەرانبەری یەک دانیشتن
بەربوونە دەست و پێ شووشتن
بەڵام ئیتر نۆبەی من بوو
ئەوجار جێی خۆ دەرخستن بوو
دەس ڕێژێکم کردنە سەرێ
هەردووکیانم دانە بەرێ
عەسکەر پێوەبوو بەتەنێ
هەر پێی نەکرا ڕاش بچەنێ
جاشیش بۆ لای تفەنگ هەڵات
دەهات بگۆڕێ کارەسات
بەڵام ماوەی ویشم نەدا
خستم دە نیوەی ڕێگەدا
بە پەلەپەل و چاوەچاو
دەفرەکانم پڕ کرد لە ئاو
بەو گەرمایە ماندوو و مجرۆ
هەردووک ئێسترم دا پێش خۆ
لەوێ مان کەلاکی بێ گیان
ئەوەش تفەنگی هەردووکیان
بەڵام ئەگەر ڕاستت دەوێ
دڵم باش لێی دەدا لەوێ
چونکە ئەو خۆ داگرتنە
هەوەڵ تێکەوتنی منە
کە هاتم مانگێ لەمەو بەر
ڕێیان نەدام بچمە سەنگەر
وتیان ئەبێ شارەزا بی
جارێ تۆ بۆ ئەوە نابی
کاتێ حوکمی بەعسی زاڵم
زانکۆیان دا بەر ناپاڵم
هەواڵەکانی منیان کوشت
خوێنی «شوان» و «سەروەر»یان ڕشت
مزگەوت و زانکۆیان ڕوخاند
هێلانەیان لێمان شێواند
قەڵادزێیان کرد خاپوور
شەقام پڕ بوو لە خوێنی سوور
هەر ئەو ڕۆژە بە برینداری
منیش دەرکەوتم لە شاری
شەرتم کرد لەگەڵ خوای خۆم
ئەو ڕێیەی بگرم و بڕۆم
هەتا پشووم دێتە وەستان
چەک هەڵگرم بۆ کوردستان
هەر ناکەسێ دژی مەیە
قەت بەزەییم پێدا نەیە
پێشمەرگێکی گوێ لە مست بم
تا هەم کوردستان پەرست بم
ئێستەش گوێم دەزرینگێتەوە
ئەو وتەم وەبیر دێتەوە
«سەروەر» دە گیان ئەڵڵا دابوو
دەستم دەناو دەستی نابوو
دەگەڵی دەدوام جاروبار
فرمێسکیشم دەهاتە خوار
چاوی هەڵێنا منی دی
بە ئارامی وتی «هێدیتخلص»
نە بگری نە خۆت ڕاژێنە
برا بە و تۆڵەم بستێنە