گەزوربە

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 6 دقیقه  697 مشاهده
ئەڵێم ئەوجار ناوت بێنم
ئەوجار ئەڵێم بتناسێنم
پەردە لە چڕ و چاوت لادەم
بەڵکوو ئاوا بەنت بادەم
کەوڵت ئاواژوو کەمەوە
سەری بەڕەی هەڵدەمەوە
لە ڕابردووت لە ئاکارت
لە سوێندی پار و پێرارت
لە پەژارە و تێگیراویت
لە دامان و سەر سووڕماویت
لە فێڵت لە لایی لاییت
لە شوێنە ونکە و دوولاییت
لەو زەبرە کە پێی ئەتاسای
مەرگی لە تەنیشت دائەنای
دیسان ئەو بەنازەوە
بە خۆت و دۆستی!! تازەوە
بەرانبەرم خۆت ئەدوێنی
منی «هێدیتخلص»ش ئەبزوێنی
خۆ من نە خەوتووم نە کاسم
من تۆش و ئەویش ئەناسم
ئەو دڵڕەشە دەس چڵکنە
چیرۆکی وی لەلای منە
ساڵانیش کەوا خۆت ئەنواند
وەڕەزی خۆمان پێک دەشکاند
بە نیوەڕۆو نیوەشەوێ
کوێ حەستەم بوو دەچووینە وێ
سەر هەندرێن، زۆزک، سەفین
سەر گۆیژە و پیرس و مەتین
وابوو تۆ بڕت نەدەکرد
لەگەڵ من دەرت نەدەبرد
لەبەر ئەوە بە ئەسپایی
دەکشایەوە بۆ دەشتایی
گۆڵمەزمان دەبردە دەشتێ
لەوێش دەستم دەتگەیشتێ
دەشێوای و پەستا پەستا
هاوارت لەدوو هەڵدەستا
کوێرەڕێیەکت دەدییەوە
بەوێدا خۆت دەدزییەوە
هەر لە چەنگم ڕزگار ئەبووی
دەربەست سەرما و گەرما نەبووی
دڕکی ڕێ بە پێتدا دەچوو
بەڵام تۆ لەلات هیچ نەبوو
ئەگەر لەناو ئاگری سوور بای
پێت خۆش بوو، هەر لەمن دوربای
ڕێگەت ئەبڕی بە شپڕێوی
شەو ڕەویت ئەکرد وەک ڕێوی
خۆت داویشتەوە ناو تەلار
ناو کۆشکی هەزار بە هەزار
دەستت ئەکرد بە قسەی زل زل
تاوانت نەدەگرتە مل
دەست و پێوەند و موچەخۆر
لە ڕەنگ و شکڵی جۆر بە جۆر
دەستیان ئەکرد بە هاتوچۆ
دڵسۆزییان دەرئەبڕی بۆ تۆ
دەستیان بۆ لە ئەستۆ دەدای
دیسان پاڵیان پێوە دەنای:
خەمێکی زلە ئەو خەمە
خوێنیان بخۆی هێشتا کەمە
قوربان ئەو لە کوێ تۆ لە کوێ
ئەو چۆن لەگەڵ تۆی پێ دەکرێ
سێ چوار کەسن بوونە چەتە!!
بچۆ بیانگرە فرسەتە
سەر لەنوێ شانۆت پێک دێنا
هەر چەکی هەتبوو دەتهێنا
هەر چەند خۆت تاقی کردەوە
هەر دۆڕای و نەتبردەوە
زۆرت یەخەی خۆت دادڕی
چەک بیر و باوەڕی نەبڕی
لە پاش ئەو هەموو چەوتییە
من هیچم لە دڵدا نییە
من کوڕێکی مەرد و ڕەندم
من بە بەڵێنم پابەندم
خۆم دەخوارەبا ناگرم
بۆ لێقەومانیش ئاگرم
من ئەڵێم باشی بپێوە
بەشداری تر بەشی پێوە
بەشی خۆت هەڵگرە بۆخۆت
هەتا تۆ ماوی بەسە بۆت
بەشی منیش با ئی من بێ
حەزناکەم بە خوێن ڕشتن بێ
چ زستان بێ چ بەهار بێ
ئیشی هەردووک لامان دیار بێ
لە دروێنە و وەرد و شێوێ
ئیتر سەرمان لێ ناشێوێ
یەکمان بۆ نیسک و نۆک چاندن
یەک بۆ وشتر لەوەڕاندن
ئێمە کە ئاوماڵ بین نابێ
شتی وامان لە ناودا بێ
من مارمێلکەم پێ خۆش نییە!!
با بۆ تۆ بێ قەیدی چییە؟
لەسەر ئەو دەشتە نەرمەڕا
لەسەر ئەو هەموو ڕەڵمەڕا
حەیفە تۆ بەو قاچە جوانە
بێیە ناو ئەو بەردەڵانە
من لێرە ئەیکەم بە هۆهۆ
تۆش لەو خوارە وەرە و بچۆ
تۆ دانەوێڵەش نەچێنی
خۆ باشە مەشکێک ئاو دێنی
دروێنە و پاراوی تووتن
بڕینەوەی خوری و بەرگن
گێرە و شەن و بێڵ وەشاندن
بەڵمی چەڵتوک هەڵتەکاندن
هەمووی خەمی من بە مەرجێ
تۆش فەرمانی خۆت بێنیە جێ
ئازا بی لە ڕاوی کولۆ
نەهێڵی بێنە ناو پەمۆ
ئێمە پێکەوە تەبا بین
چاو لەدەستی هیچ کەس نابین
لەو هەلە کەڵک وەرگرە
یەکیەتی شتێکی ترە
وا ئیتر قەت وێک ناکەوین
بۆ شایی و شین برا دەبین
لە کەری شەیتان وەرە خوار
با دەس لەناو دەس نێین ئەوجار
«لێ لێ»ی من و «یالەیل»ی تۆ
بابگرن جێگای «براڕۆ»
تۆش لەسەر پێ و دانی زووت
هەر مشت و ماڵ دەکەی گەروت
خۆت لە خواردنم هەڵ دەکەی
دیارە چاوەڕێی هەل دەکەی
هەر گوتم ئەوڕۆ نا سبەی
تۆش پەی بە کارەسات دەبەی
بەڵام ئەو ڕۆژە هەر نەهات
ئاوەز ئەڵێی زیزە لەلات
ئەوی گەل ویستی تۆ نەتویست
چەندی من گوتم تۆ نەتبیست
شیری چەورت هێند خواردەوە
خۆت زگە ڕۆ فێر کردووە
ئێستاش چی ئەکەم تێر نابی
بەڵام تاکەی ئەبێ وا بی؟
خۆ کاکە گەروت ئاش نییە
پاروی زل ئاخر باش نییە
بێتو دە قوڕگت بمێنێ
لەوانەیە بتخنکێنێ
من دڵسۆزی بوو کردم بۆت
لەوانەیە بتخنکێنێ
من دڵسۆزی بوو کردم بۆت
وەباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت
لەسەر ئەو بیروڕا کۆنە
کە من باش ئەزانم چۆنە
ئەزانم ڕۆژێک لە ڕۆژان
برینت لێ دێتەوە ژان
ژانێک کە بێتو بتگرێ
بە هیچ کەس چارەت ناکرێ
جا بۆیە گەر بە من ئەکەی
وا باشە خۆت فریو نەدەی
بە خۆت و قەمەی ژەنگاویی
خۆت مەخە سەختی و تەنگاوی
ئیتر پێ لە ئاگر مەنێ
بەو «گەزوربە» ت نادەنێ