قانع و عهبباسی برایم دهروێشی ئوتومبیلچی
از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
3 دقیقه
625 مشاهده
مەرحبا کاکە وەسای ئوتومبیل
بۆ بێ پارەکان دل نەرم و دەلیل
من ئیقرار ئەکەم کە کوڕی چاکن
لەگەڵ هەژاران زۆر زۆر دڵپاکن
چاوتان ناترسێ لە باری گران
لۆری لێ ئەخوڕن بۆ سەر شاخەکان
خۆیشتان هەر گەنجن کوڕێکی چاکن
بەینی بەینەڵڵا تەواو چالاکن
بەڵام برا گیان بو گرانجانن؟
بۆچی بەحاڵی هەژار نازانن؟
کاتێ لە لادێ هەژار دێتە دەر
گۆچان هەڵ ئەگرێ بە عەزمی سەفەر
پارەی باخەڵی ناگاتە دینار
چی بدا بە تۆ؟ چی ببا بۆ شار؟
ئەوا کچەکەی تەواوی ڕووتە
ژنێ پێ خاوس وەک مەلکەمووتە
ئەچێ بۆ لاسیک بۆ سلێمانی
پێنج شەش جووت بێنێ بۆ بەچکەکانی
ئەگەر پارەکەی لێ سێنێ تەواو
چی با بە لاسیک؟ چی بە نان و ئاو؟
وەڵامی عەبباس برایم دەروێش
مامۆسای مەشوور شاعیری کوردان
جێماوی دواکۆچ پۆلی هاو فەردان
لەمن مەپرسە خەتای زەمانە
ئەسپابەکانم گشتی گرانە
ئەچم بۆ بەغداد بە چار و ناچار
تایە ئەسێنم بە پەنجا دینار
نرخی مەکەینە هێندە گرانە
شەریکە دەمی چەشنی قەپانە
بڵێ بە هەزار من هەر ناچارم
لە لای شەریکە زەلیل و زارم
ویڵ و هاندبریک، گێڕ لەگەڵ کلاچ
ئەبێ گشت بکڕم زۆر بە ناعلاج
بڕۆ بپرسە نرخیان چییە؟
ئەوسا ئەزانی سووچی من چییە
مامۆسا سەیری جادەکان بکە
ئەوسا کە تانە لە سایەق بدە
لە پێنجوێنەوە تا سلێمانی
کرێم هەر چەند بێ تۆ خۆت ئەیزانی
بەرودوا کرێم پێنج شەش دینارە
نایشارمەوە لە عام دیارە
بەڵام هەر ڕۆژێ کە بۆ پێنجوێن بێم
شتێکم ئەشکێ دە دینار بێ جێم
یەک و دوو زەرەر دێتە گەردنم
نەجاتم نابێ مەر بە مردنم
چونکوو ڕێی پێنجوێن هەمووی ڕووخاوە
لە میزانیەش ناوی نەبراوە
خۆزگە بە سەفەر وەزیری ئەشغاڵ
ئەهات بۆ پێنجوێن بۆ کەشفی ئەحواڵ
ئەو وەختە بە حاڵ ئێمەی ئەزانی
جادەی چاک ئەکرد بە مێهرەبانی
مامۆستا ئەڵێن لە زمانی زوو
لە شارێکی کورد لۆتیەک هەبوو
عەنتەرێکی بوو عەنتەرێکی پیر
کاتی هەڵپەڕین زور مات و زویر
بە چنگ ئەشیشا سەر و گوێلاکی
یەخەی دائەدڕی تا وەکوو چاکی
ساڵێ دە دینار پارەی وەرئەگرت
قیمەت بیست دینار زەرەری ئەکرد
منیش سەفەری بایی شەش دینار
ئەخەمە لۆری لە فەردە و ڕێبوار
بایی دە دینار زەرەر ئەکێشم
دەک ڕاستۆ نەبم بۆ کار و ئیشم
تۆخوا مامۆسا ئەمە ژیانە؟
ئەمە ڕەفتار و شێوەی ئینسانە
یاخوا هەر خاکێ ڕەفتاری وابێ
گەردی بە با چێ و بە کاو و با بێ
بۆچی خەمخۆرێ لە دنیا نەبوو؟
تیماری زام کا هەروا زوو بە زوو