قەسەی قانع لەگەڵ ڕۆژ
از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
715 مشاهده
ئەی بای بەربەیان ئەی بای بەربەیان
نەسیمی شەوسو، ئەی بای بەربەیان
شکوفندەی گوڵ لە باخچەی گوڵان
زاخاو دەری دەرد تاریکی دڵان
سوراودەر لەڕووی، نازک نەوهاڵان
هەڵسێنەر لە خەو نیمچە غەزاڵان
خۆ، خۆت ئەزانی چەندە هیلاکم
وەک مەلی بێ پەڕ غەڵتانی خاکم
خۆ خۆت ئەزانی چەندە زامارم
خۆ خۆت ئەزانی کە کوشتەی یارم
خۆ خۆت ئەزانی چەن پرێشانم
سەر حەڵقەی دەستەی درون ڕێشانم
هەر لەئێوارە هەتا بەیانی
ئارامم نییە وێنەی زیندانی
چونکە نابینم باڵاکەی دوڵبەر
کوژراوی شەووم، هەی خاکم بەسەر
خوا، خوامە بۆ دیداری تۆ
بۆ بەری بەیان، سەر کۆساری تۆ
بۆ خەتی سپی پۆپەی شاخانت
بۆ جریوەی بلبل، گۆشەی باخانت
بەڵکو ڕۆشن بێ ساراو سەرزەمین
ببینم باڵای، یاری نازەنین
درونم لە خەم، تۆزێ ئازاد بێ
دڵەی زامارم با تۆزێ شاد بێ
من کە هات یارم نزیک نەکەوێ
لە دوور بیبینم دڵم ئەسرەوێ
بەڵکو خواوەند، بنێتە دڵی
دڵی نازکی، وەک پەڕەی گوڵی
جاڕێ لاکاتۆ، بۆ لای کوژراوی
منیش ببیینم، ئەگریجەی خاوی
منیش ببینم، دو لیموی کاڵی
منیش ببینیم، یەکدانەی خاڵی
منیش ببینم دو دیدەی ڕەشی
منیش ببینم دو گوڵی گەشی