دایک و کوڕ

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 3 دقیقه  1451 مشاهده
بە ڕۆژێکی گەلێک باران و سەرما
نە هەر سەرما، سەرم لەو ڕۆژە سووڕ ما
لە گوندێک هەڵکەوت ڕێم کەوتە ماڵێک
چ ماڵێک هەر وەکوو خەون و خەیاڵێک
گەلێک ماڵێکی گەرم و پاک و خاوێن
کوڕ و کیژێک لەوێ وەک توڵی لاوێن
کوڕ و کچ پێکەوە خوشک و برا بوون
دەگەڵ دایکێک لەناو ئەو ماڵەدا بوون
هەموو هێندە دڵ ئاوا بوون و ڕووخۆش
کە ماندووبوونی ڕێگەم کرد فەرامۆش
لەپاش ماوێکی کەم دیتم «گەلاوێژ»
لەگەڵ «سمکۆ»ی برای کەوتە وتووێژ:
***
براکەم گەرچی تۆ تاقە برامی
هومێدی ڕۆژی ڕەش پشت و پەنامی
بە تۆ ڕوونە گلێنەی چاوەکانم
لە تۆڕایە هەموو خۆشیی ژیانم
گوڵی هیوای لە باغی ژینی مندا
لقی سەروی لەناو پەرژینی مندا
هەتا ئەو ڕۆژە دەمنێژن لە گڵدا
برای و خۆشەویستیت هەر لە دڵدا
بەڵام ئەو داخە دەمکوژێ نهێنی
برای دیم وا لە سەنگەر تۆ لەوێ نی
گەلاوێژ لەو وتەی خۆی کەوتە گریان
دەگریا و دەیگوت و فرمێسکی دەڕژان:
لەوێ نی تاکوو تۆش چاوت لەوی بێ
لە پارێزبردن و هات و هەوی بێ
لەوێ نی تۆ لە کاتی شەونخوندا
لەنێو ئاگر و بڵێسەی ڕۆژی ڕووندا
لەوێ نی تۆ هەتا هاوار بکا لێت
برا پێشمەرگەکەی دڵسۆزی هاوڕێت
لە دوژمن ڕاخوڕێ وەک شێری سەرمەست
لە ڕێی گەلدا ڕوحی باوێتە سەر دەست
تەماشای تۆ بکا و دڵ خۆش بکا پێت
سەری دوژمن بە گەپ باوێتە بەرپێت
حەیف سمکۆ کە لاوێکی وەکوو تۆ
بەجێ ماوی لە ئاواڵ و برای خۆ
سەرم هەڵنایە ئیتر من لە شەرمان
هجومی تانە هێند ئەکرێتە سەرمان
لەناو گوندا ئەگەر ڕۆژە ئەگەر شەو
لەگەڵ مندا هەموو گاڵتەی ئەم و ئەو
ئەگەر تۆ حەز ئەکەی لێرە بمێنی
لەلای دایکم بە تۆ بۆ خەمڕەوێنی
لەجێی تۆش من بچم بەو شەرتە سمکۆ
لە ڕێی گەلدا چییە فەڕقی من و تۆ؟
***
وەڵامی داوە سمکۆی دڵ بریندار
برا قوربانی تۆ خوشکی وەفادار
ئەوەی وا تۆ منت پێ گرتە لۆمە
ئەوە ئەرکی گرینگی شانی خۆمە
دە هێزمدا هەیە بەو ئەرکە هەستم
لە ڕێی ڕزگاری تا دەمرم نەوەستم
بەڵام من هەر پەژارەی تۆمە یەکجار
دەگەڵ ئەو پیرە دایکە بێ کەس و کار
***
هەتا ئەو کاتە هەر بێدەنگ بوو «ڕووناک»
کە وای بیست هاتە پێش ئەو دایکی دڵپاک
سەر و پرچی سپی وەک بەفری بێگەرد
وتەی کاری دەکردە سەر دڵی بەرد
بە زەردە و پێکەنین ڕووی کردە سمکۆ
گوتی: من تێگەییم ڕۆڵە قسەی تۆ
کوڕێک بۆ نیشتمان خوێنی نەڕێژێ
لە ڕێی ڕزگارییا مەینەت نەچێژێ
لە دوژمن خوێنی بابی خۆی نەسێنێ
نەبوونی باشترە با هەر نەمێنێ
ئەوانەی بۆ وەتەن چوونە کەژ و کۆ
هەموو دایکیان هەیە سمکۆ وەکوو تۆ
لە شاخان شین نەبوون بەردی چیا نین
کەس و کاری مەن و لێمان جیا نین
گرانە دەردی ژێردەستی و زەلیلی
بڕۆ بمرە و مەژی ساتێ بە دیلی
***
هەتاو تازەی گزینگ دابوو لە ئاسۆ
کوڕ و دایک کە دەستیان کردە ئەستۆ
خەیاڵ بوو، دیدە بوو، من بووم سەری گێژ
نزای دایک دەگەڵ زەردەی گەلاوێژ
سەری کێشابوو ڕۆژ و تا توانی
ئەویش دەو دیمەنە جوانەی ڕوانی
بڕۆ تێکۆشە بۆ ئەو ئاو و خاکە
حەڵاڵت بێ کوڕم، ئەو شیرە پاکە