پەسنی خوا
بِسْمِ ٱللّٰهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيم
از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
4 دقیقه
1646 مشاهده
سەری نامەم بە ناوی تۆ خوایە
کە بێ ناوی تۆ نامە بێ نەوایە
خوای بەرز و نەوی و هەوراز و لێژان
خوای ڕۆژیدەری پیتۆڵ و گێژان
خوای تەنیای دیار و نادیاران
خوای میر و بەلەنگاز و هەژاران
خوای من، ئەی خوای دڵشاد و دڵتەنگ
خوای بێ یار و بێ هاڤاڵ و بێ ڕەنگ
خوای بینا، خوای زانا بە حاڵان
خوای بێ یاوەر و ڕووت و ڕەجاڵان
بە چاو لێکنانێ لێک هەڵدێنی چاوێ
بەهێزە دەستی تۆ، هەوکاری ناوێ
ئەگەرچی حازر و نازر لە گشت جێی
خەیاڵ ناگاتە ئەو جێیە کە تۆی لێی
وجوودی تۆ ئەگەرچی ڕوون و سوورە
لە ڕادەی دەرکی زانستیش بە دوورە
خوای هەست و وتە و بیر و خەیاڵان
خوای کوێر و کەڕ و گێڕ و گەواڵان
بە جیرەی بێ منەت تێر و بە ئێرو
لەسەر خوانی خواییت مار و مێروو
بە تێربوون و نەبوونی موچەخۆران
لە دەرکی تۆ نییە تاران و تۆران
بە تۆ دەکرێ بنێری تیشکی تاوێ
کە بێ گیانی وەبەر، بێ گیانی باوێ
لە تۆڕایە تریفەی مانگ لە شەودا
ئەتۆی بێدار و باقی تر لە خەودا
تەڕ و پاراوی تۆن ئەزمان لە زاران
لە دەس تۆدا دڵی یار و نەیاران
بە ئەمری تۆ هەور بارانی دێنێ
بەسەر چۆل و چیادا دەیڕژێنێ
بە ویستی تۆیە خێریان لێ دەبارێ
کەشی هاوین و پاییز و بەهارێ
ئەتۆ وات کرد کە زستانان بەسەبرن
ئەگەر زستان لەژێر بارستی بەفرن
خوایە ئەی خوای جوان و دزێوان
خوای ئەگریجە زەرد و کولمە زێوان
خوای سینە سپی و نەرم و دڵی سەنگ
خوای بسک و کەزیی شۆڕ و قەدی تەنگ
من ئەوڕۆ چم ئەوێ لێت هەر زمانێ
زمانێ بێ کە پەسنی تۆ بزانێ
زمانێک بێ کە زانی زارە کارم
بە هاسانی وشە باوێتە زارم
زمانێک بێ لەگەڵ ئەو واتە ئۆگر
کە «تەنیا تۆ خوای ئیتر کەسێ تر»
خەیاڵی من مناڵێ بێ زمانە
دەنا یادی تۆ ئاوێتەی دڵانە
وتاری زۆرە بیڵێ و چەشنی منداڵ
قسەی بۆ نایە دەیکاتە گڕوگاڵ
لە جێیەک پەسنی تۆ زانا نەزانێ
چ دێ ئیتر لە دەستی بێ زمانێ
دڵێکم پێ بدە دەریای ئەوین بێ
بەرین بێ، بێ برین بێ، ئاگرین بێ
دڵێک بێ خوێن نەبێ، دڵ بێ لە سینە
دڵێ بێ ژەنگ و گەرد و بوغز و کینە
بە جارێ زۆری هێنا دەردەداری
دەس و هەنگاوی شل کرد لەش بە باری
ئیتر با تەم لەبەر چاو ناڕەوێنێ
ڕوانگەی دیدە هەر دێ و کورتی دێنێ
لە ئاڵۆزیی وتارمڕا دیارە
کە چی پێم کردووە دەرد و پەژارە
بنێرە خوایە هەتوانی برینم
کە ژانی دڵ بڕی خۆشی لە ژینم
ئیتر ئەوجار من و ژینێکی بێ وەی
ئیتر جێی ئاخ و داخان بگرێ ئۆخەی
خەمێکم پێ مەدە زێدەی توانام
خەمت خوایە لە توانا زێدە پێدام
لەبەر بێ چارەییم هەنگاو بە هەنگاو
بە سەرشێواوی دەڕوانن سەر و چاو
دوا قۆناغی ڕێگەم دەرکی تۆیە
خوا بگرە دەسم لەو هاتوچۆیە
بەزەت پێمدا بێ ڕووناکی بخە ڕێم
کە بەو ڕێ ڕاستەدا ڕزگار بم و بێم
ئەگەر کار کەوتە بەخشینی خوایی
بە گشت پاڕانەوێک دێنی دوایی
بەڵام کەی تامی مەرگم پێ دەچێژن
لە کوردستانی ڕزگارم بنێژن
لە فیردەوسا و لە کوردستانی زەنوێر
لەش و گیان بەش بن و سەیران بکەن تێر
بە ئەسپایی دێ دەنگێ نادیارێ
دەچرپێنێ بە گوێما جار بە جارێ
کە ڕۆیی کاروان و پای تۆ لەنگە
لەشت پێ ناچێ گیان دەرکە درەنگە
تەمەن هەر چی هەبوو ڕۆیی لە خەودا
ئەبینم ئێستە زۆر کەم ماوە مەودا
لە ئەستۆم هێند گرانە باری تاوان
چەماون پشتم و ئەژنۆم لە تاوان
بە تەنیایی لە ڕێگەی دوور و بێ بن
تەمام تەنیا بە لوتفی تۆ هەیە من
نییە تۆشەم لە ڕوحمی تۆ زیاتر
کە لەو ڕوحمە نییە هیچ تۆشە چاتر
نە چارێکم هەیە ئیتر نە ڕێی دی
بەرەو قاپیت ئەوە دێم هێدی هێدی