باز و کەو

از کتاب:
کاروانی خەیاڵ
اثر:
هیدی (1927-2016)
 3 دقیقه  1103 مشاهده
لە مەڵبەندێکی خۆشی کوردەواری
سەرەوژوور بوونەوە خێڵ بۆ هەواری
لە داخی بەفر و زستان و کڕێوە
چیای ڕازاندبۆوە خاکەلێوە
لەبەر دەشتا کراسی مەخمەری شین
لە ئامێزی هەڵاڵە و یاس و نەسرین
تەماشای چت دەکرد خوار و سەر و ژوور
سەری لێک دابوو شللێر و گوڵی سوور
وڵات خەمڵیبوو بەو چەشنە سەراسەر
بە خاشخاش و گوڵی بەیبوون و شەستپەڕ
لەناو ئەو دیمەنە سەوز و جوانە
کە جێی درکاندنی هەستی دڵانە
لە زەردێکا کەوێکی قۆز و نەخشین
سکاڵای بوو لەگەڵ بازێکی تێبین
سەرەڕای ئەو سرووشتە دڵڕفێنە
وەکوو زامدارێ کەو دەیکرد وڕێنە:
***
دەغیلت بم مەلی پسپۆڕ و چازان
مەلی تەڕدەست و وریا و ژیر و تەڕلان
دە ژیندا بۆچی وا چارەڕەشم من؟
لە خۆشی و کامەرانی بێبەشم من؟
ئەمن ڕوح دادەنێم بۆ خاوەنی خۆم
لەبەر چی ئەو وەفایێکی نییە بۆم؟
وەرە تۆخوا سەیر کە خاڵ و میلم
لەسەر ئەو دیمەنەشڕا وا زەلیلم
هەموو ڕۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت
دەچم بۆ ڕاوی مێڕۆژ و سیاسوت
لە قاسپەی من هەزار باڕ و کەوی پیر
لە داوی خاوەنمدا بوونە نێچیر
سەعاتێک ناسرەوم بێ خواردن و خەو
کە ئەو تێر بێ لە گۆشتی ناسکی کەو
نەبوو جارێک لە سیپەیدا بخوێنم
لە گرمەی تاپڕی دەنگ دانوێنم
لە ماڵێ ساز و سەمتوورە غوڕەی من 
نشەی ڕاوچی دەبزوێنێ گوڕەی من
لەسەر ئەو حاڵەڕا بێ قەدر و حورمەت
قەفەز جێگای منە بێ دان و خزمەت
ئەگەر ڕۆژێکی کەو نەکرێن قەڵاچۆ
ئەبێ لێم داڕنن باڵ و پەڕ و پۆ
***
وڵامی داوە «باز»ی کۆنە ڕاوکەر
کە تاوان هەر لەتۆڕایە سەرانسەر
ئەتۆ خۆت بوویە گورگی مێگەڵی خۆت
ئیتر کێ بێت و دڵسۆزی بکا بۆت
دە خوێندا سوور بووە دندوکی ئاڵت
ئەبێ بیگریە ئەستۆی خۆت وەباڵت
براکەت بانگ ئەکەی بیخەیتە  نێو داو
بەڵام دوا ڕۆژی خۆت ناخەیتە بەرچاو
دەڕێژی خوێنی خزمی خۆت و بۆخۆت
دەدەی دەستی پەشیمانی لە ئەژنۆت
کە بۆ فەوتانی هۆزت تێ دەکۆشی
دە ژیندا چۆن ئەبینی خێر و خۆشی؟
کەسێک بۆخۆی ئەوە شەرت و بەقای بێ
ئەبێ چۆن دوژمنی بۆ ئەو وەفای بێ
دڵت ناسووتێ بۆ جوجکی برای خۆت
ئەتۆش پێویستە بیبینی سەزای خۆت
لەبەر ئەو ڕاوە دەگرێ حورمەتی تۆ
دەنا ئەو نایەوێ خاڵ و خەتی تۆ
هەموو دەشت و چیا پاوانی تۆیە
ئەگەر تێیدا نەژی تاوانی تۆیە
بە سەربەرزی لەناو هێلانە مردن
نە وەک تۆ خزمەتی بێگانە کردن