پیتی «ف، ق»
از کتاب:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
اثر:
علی شارزوری (1930-1982)
4 دقیقه
1173 مشاهده
فەقیانە چەرموو فریشتەی شەوێ
شەوی وەک ئیمشەو قەد هەڵناکەوێ
***
قاپییەکەی ماڵتان ڕوو لە کۆ ئەکا
خۆزگەم بەو کەسە داوای تۆ ئەکا
***
قاڵیی ڕاخرا دوو گوڵ لە بانی
گەڕە دانیشتووە چاوجوان لە شانی
***
قاڵی و قاڵیچە دوو گوڵ لە بانی
دەردەداری تۆم ناشێ نەزانی؟
***
قاڵی و قاڵیچە مەغمەڵ لە بانی
زاوا دانیشتووە، بووکێ لە شانی
***
قاڵیم ڕاخستووە گوڵ تیکە تیکە
گەر مەیلت لێ بێ ماڵمان نزیکە
***
قاقای کەوان دێ وە لاپاڵەوە
قەتعەی خاڵ شیرین خەتوخاڵەوە
***
قژە زەردەکەت بکە وە شانە
با لێی نەنیشێ تۆزی ئەو بانە
***
قژە زەردەکەی پەخشانی شانی
هەرچی ناحەزە بێ بە قوربانی
***
قسەیەکیان کردووە وە من و تۆوە
غیرەت بکێشین بیخەین بەدرۆوە
***
قوتوو قوتووتە، جگەرە چاغ ئەکەی
بە بیانکەی جگەرە، سەیری باغ ئەکەی
***
قورحانێ بێنە بیخە داوێنم
لە تۆ زیاتر کەس نالاوێنم
***
قورحانێ بێنە دەس خەمە بانی
لەسەر ئەو قەولەم کە خۆت ئەیزانی!
***
قوڕی کوێ بە سەرا کەم
سەروماڵ و گێسکەکەم
ڕۆژی جارێ نەتبینم
وەختە دیقت بۆ بکەم!
***
قوو قووی کەڵەشێر، جقەی پاساری
ماڵی بێوەژن قنجە و دیاری
***
قەتارەی داوە لە دەوری سەرت
وە خۆت ئەکەوێ توێڵی دڵبەرت!
***
لە توێڵت ئەوخوار، دوو ئەبرۆی پەیوەست
لە ئەبرۆت ئەوخوار، چوارهەم دیدەی مەست
لە دیدەت ئەوخوار، لووتی بێ خەمت
لە لووتت ئەوخوار، مرواری و دەمت
لە دەمت ئەوخوار، چەنەی شاخی زەڕ
لە چەنەت ئەوخوار، گەردن مینای تەڕ
لە گەردن ئەخوار، سینەی سڵتانی
پێوەی بەن بووە، دوو «بەی» نیهانی
لە سینەت ئەوخوار، ئەو قەد و باڵا
یەژی «مەی تووڵە» پێچیا لە واڵا
لە قەد ئەوخوار، چەم و خەزانە!
کلیل دراوە فەرەنگیانە
***
قەتارەی داوە لە دەوری سەری
بەخۆی ئەگەڕێ لە شوێن مشتەری!
***
قەت خەفەت نەخۆی بێژی من کوڵم
شەوقی باڵاکەت داویە لە دڵم
***
«قەجە» و «کونەقاژ»، «مێڕەش»، غمارەکا
«باشۆرتی» ئەگری: عێلگەل بار ئەکا
***
قەدم بەستووە بە تەنیا شاڵێ
تۆ بوویتە ڕەییس گەڕەکەماڵێ
***
قەزات لە ماڵم خێڵەکەی سەیی
کەلەکە باریک تازەپێگەیی
***
قەزات لە ماڵم کول ڕۆژێ جارێ
نەمکەی وە تانەی کول هەرزەکارێ!
***
قەزات لە ماڵم ناو لیرە بە یاد
خۆزگەم بەو کەسە بە تۆ ئەبێ شاد!
***
قەزای خۆم لە خۆت، لە تاقە گاکەت
لە وێڵی شاران تاقە براکەت!
***
قەسر و خانەقی بوو بە یەخبەنان
بوو بە قەتڵوعام تویلە نەمامان
***
قەسەم بە زڵفی چین چینت
بە ئەگریجەی ژێر پووشینت
کافر بووم، هاتمە سەر دینت!
***
قەسەمت ئەدەم وە خوداکەی وێت
ئەیە بۆی زڵفە یان گوڵاوە پێت؟
***
قەسەمم خواردووە، قەسەمخوار بووگم
وە چاوەکانی گرفتار بووگم!
***
قەسەمم خواردووە: بە تەغارێ جۆ
پشتێنێ بکەم لە کراسەکەی تۆ!
***
قەسەمم خواردووە وە سینەی تەیرت
مەر لە ڕاوگوزەر تێر بکەم سەیرت
***
قەسەم وە قورحان سیی جزمەی بەرات
مەگەر گڵ بیوڕێ مەیلەکەم لە لات
***
قەن و چایی خۆر، سیگار ئارکێشە
لە فەقیریی خۆم، بووم بەم دەروێشە!
***
قەیس قەیاسە، پۆستەکەی جەستەم
ئەڵقەی چەڵەمەی لەشی شکستەم!