پیتی «چ»

از کتاب:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
اثر:
علی شارزوری (1930-1982)
 6 دقیقه  1408 مشاهده
چارەکە چەرموو، بەریەقە کەتان
وادەی من و تۆ، حەوشەکەی خۆتان
***
چارەکە چەرموو خۆت و ویژدانت
چەن پەنجەی حەرام داویە لە ڕانت؟!
***
چارەکە چەرموو، فریشتەی شەوێ
شەوی وەک ئیمشەو قەت هەڵناکەوێ!
***
چارەکە چەرموو، وە گوێ بانەوە
دینی لێ سەندم وە ئیمانەوە
***
چاوان مەڕێژە هێشتان مناڵی
سێوی نەگەییو هەڵووژەی کاڵی
***
چاوت چرای نمرە بیس
شەو دایدەنێن لە مەجلیس
مەلا ئەخوێنێ حەدیس
ناوی جوانییەکەت ڕۆیگە
بۆ ئەڵمان و بۆ ئینگلیس
***
چاوت چون چەتر، چاو لە کل ڕەشتر
پەروەردەت کردن لە گوڵاو بەتر
***
چاوت ڕەشتووە وە کلی کێوی توور
مێزەر لارەپێچ گەڵباخی دەستوور
***
چاوت «قەدەم خەیر» دووربینی ئەڵمان
لە قەسر ئەیخەی ئەڕای «کرماشانمکان»
***
چاو و ڕوومەت جوان، برۆ قەیتانی
من ئەچم بۆ جووت، تۆیش بێ بۆ کانی!
***
چاوم چاوەڕای دڵم وە دواوە
دۆستی دووروڵات کەی بێ لە ڕاوە؟
***
چاوم چاوەڕێی ئەو کلکەوبەردە
بەڵکوو دەرکەوێ ئەو گەردن زەردە
***
چاوم کەو بە تۆ دڵەکەم بوو تازە
ئەسرین جە دیدە بی ئەشقەوازە
***
چاوم چاوەڕێی ڕێکەی بەر ماڵتان
بۆ تەنیا ماچێ خوا بیوڕێ حاڵتان!
***
چاوت ئەستێرەی شەوێ
کوڵمت دەنووکی کەوێ
لە من و لە گولەکەی مێردت
کاممانت زۆر خۆش ئەوێ؟
***
چاوت ئەستێرەی شەوێ
هەڵیاندێنی جاروبار
تۆ بووی بە شێخی سەنعان
منیش بووم بە تۆبەکار!
***
چاوت هەسێرەی گەشە
لە منی دەکەی هەڕەشە
کفرێکم لێ واقیع بوو
بە جوانییەکەت بمبەخشە
***
چاوت هەڵهێنا وەک ژێرسک ماسی
تا دوێ دۆسم بووی، ئیمڕۆ نامناسی!
***
چاوە ڕەشەکەت پڕ کە لە دەرمان
بێرە ماڵەکەم وە بیانکەی هەرمان
***
چاو وە کۆڵ کێشام زۆر خجل دەردم
ئەوە بوو خزمەت وە ناکەس کەردم
***
چاوی ڕشەت بێ غایەتە
کەلیمە دەمت ئایەتە
ماچی دەمت کیفایەتە
***
چاوی ڕەشە، ڕەش کەیفیە
یەژی ترێی تایەفیە
ماچی نەکەی کەیفی نییە!
***
چاوێکت ڕەشە، یەکێکت کاڵە!
هەر تۆم بەدڵە لەو بڕە ماڵە
***
چاوێکت لە خۆم یەکێکت لە عام
کەم چاو دابگرە ناحەز ها لە لام!
***
چاوێکم دێشێ بۆی نییە دەرمان
یەژن حەکیمێ ها لە هەورامان!
***
چاییی چاخانە قۆری کاری ڕووس
پیاڵەگەردانە لە دەر یانەی دووس
***
چایییەکەت لێنا شەککرەکەی کەمە
ئەویشە بۆ بۆزەی کەوشەکۆن دەمە!
***
چرا بسووتێ «نوقرە» بگرێ تاو
لەنجەولارەکەت کوڕ ئەکا وە ئاو
***
چراتۆڕەکەت بکە وە دارا
با شوعلەی بڕوا وەسەر حەسارا
***
چریکەی «پۆڕ» لە چەم، «کەو» لە نزاران
«بولبول» لە چیمەن، «تووتی» لە شاران
هەر چوار ئەزانم لە عشقی یاران
***
چنار بماڕۆ با باڵای دیار بۆ
یاخوا بای شەماڵ هەر لارەلار بۆ
***
چنارە بەرزە، بەرزی سەرکانی
هەواڵی «لەیل»م ناشێ نەزانی؟
بەرزەن، یاریکەن، تویلە نەمامەن
بێخی دانەکەی مەڵهەمی زامەن!
گفتوگۆی زوانی خەتمی کەلامەن!
وڵامی چنار:
لە من مەپرسە، خەمم لەبەرە
لە ڕا بپرسە دایمە گوزەرە
***
چنوور لە شاهۆ پەلی دایەڵێ
عەشقی باڵاتم، بەدکار نایەڵێ
***
چوومە ئەو کەژە، بەفرێ لێم باری
دای وە شانما ڕێزەی مرواری
***
چونکە پیر بووگم پێم یەژن: خاڵۆ
بەرتیلیش ئەدەم نامبەنە ماڵۆ!
***
چەپڵەی چۆپانان لە پێی گۆلاوان
خوڵکی ئاو ئەکەن پەرەی گۆسفەنان
***
چەترێ ئەسێنم بۆ بانی سەری
با خۆر نەیگەزێ سەڵتەکەی بەری!
***
چەمەکەی «چەقان» پردەکەی «کەوڵۆس»
گشتی وەقوروان خاڵەکەی «پیرۆز»!
***
چەمەکەی چەقان وردە تەریوە
فەقیانەی چەرموو حەمەغەریوە
***
چەمەکەی سیروان بەرەو خوار ئەڕوا
سێوێکی تێ خەین بۆ لای یار ئەڕوا
***
چەن شاران گەڕیام چەن دووکان بەستم
بۆ سورمەی چاوت نەکەوتە دەستم
***
چەن شاران گەڕیام چەن خاکەساری
بووم بە شوانەکەی هەق نادیاری
***
چەنم پێخۆشە ماچی کچی کوڵ
هەڵیبمژی وەک ئاوی نقوڵ
***
چەنم پێ وتی شوو مەکە وە پیر
وەک ورچی لۆتی ئەتخاتە زنجیر!
***
چەنم پێ وتی: مەچۆ ئەو بانە
خەڵکی ئەو بانە هەموو «شەیتانە»!
بۆت هەڵئەبەستن درۆ و بەهانە!
***
چەنم پێ وتی: لە «زەڵم»ۆ مەڕۆ
بریقەی کڵاوزەڕ دای لە «تانجەرۆ»
***
چەنم پێ وتی: وە گەرما مەڕۆ
بریقەی دووقرانی دای لە تانجەرۆ!
***
چەنم پێ وتی: وە گەرما مەڕۆ
با شەماڵ هەڵکا لە دوای نیوەڕۆ
***
چەنم پێ وتی: وەم گارما مەڕۆ
شەوقی ڕوومەتت دای لە تانجەرۆ!
***
چی بکەم بۆ سەتڵێ بۆ سەر ئەو بیرە
ئاوی پێ بێرێ خاتوو نەزیرە!
***
چیی بکەم، چیی نەکەم، چیم دەسەڵاتە
لە دوای باڵاکەت خەمم خەڵاتە
***
چیی بکەم لە داخی مەلای زمانلووس
مارە ئەبڕن بەبێ چارەنووس؟!