بۆ تاجری شەڕ

از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  854 مشاهده
ئەی دوژمنی گەل، تاجری شەڕ، جەبری ستەمکار
ئەی مێردەزمەی شانی هەموو ڕەنجبەر و جووتیار
ئەی بێ بەزەیی، چەشمەیی ئەفساد و خیانەت
ناپاکی بەبێ ڕەحم و جەفاکردە و خوێنخوار
لایەنگری ئەم جورئەتی تۆ، حوکمی وڵاتە
دوژمن بە هەموو فیکری گەلی، نۆکەری دۆلار
بێ شەرم و بەبێ پەردەیە ئەسراری حوکمڕان
خوێناوییە نینۆکت سەرەک دەوڵەتی سەگسار
تۆ نۆکەری واڵ ستریت، گەلیش خاوەنی بازوو
حەمباڵی دەری عەرشی لەقی فیتنەیی بێ بار
بۆچی ئەکوژی، خوێن ئەمژی؟ بۆ مەبەسی خۆت
ئەدزی و ئەبڕی ماڵ و سەرم، ناحەزی بەدکار!
چاوت کەرەوە! خاکت بە سەر، سەیری جیهان کە
سەیری کە چ شۆرێکە لە ناو چینی کرێکار!
ئاگا بەرەوە! شۆڕشی گەل وا لە مەچەکدا
ئاڵۆزە سەری حوکمت، چ دێهات و چ ناوشار
ئیسلاحی وڵات نابێ بە زیندان و بە کوشتن
ئیسلاحی وڵات بەندە لەسەر بەندی زەویوزار
حەددی چییە پەیمانی حەرب چاری نەخۆش کا
تیماری نەخۆش بەندە لەگەڵ چارەیی بێکار
هێزی نییە باروود، کە دەرم کا لە نەزانین
تەسبیتی جەهل بەندە لەسەر سێبەری ئەغیار
بەم جۆرە ئەبەد تێروتەسەل نابێ وڵاتت
هەرزانیی نرخ بەندە لەسەر سەربەسیی بازاڕ
میراتگری ئەو حوکمە ئەبێ چاوی لە کورد بێ
تا ڕۆڵەیی کورد تەختی نەپێچێتۆ سەرەو خوار