سروودی تێکۆشان
از کتاب:
سروەی بەربەیان
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
788 مشاهده
بەیانە کوردە هەستە، عالەم بە خۆشی مەستە
هەرچی کە بڵح و سستە، داماوە مات و حەیران
هەر بە جووڵانە خۆشیی ژیان
تێکۆشان تێکۆشان
سروەی نەسیم و نەغمەی تەیری بەری بەیانی
تێکەڵ ئەبن وەکوو نەی، ئەڵێن ژیانە جووڵان
هەر بە جووڵانە خۆشیی ژیان
تێکۆشان تێکۆشان
حەیوانی کێو و ماڵی، ماسی و مێروو، وەباڵی
هەریەک بە گوێرەی حاڵی، ئەڵێن ژیانە جووڵان
هەر بە جووڵانە خۆشیی ژیان
تێکۆشان تێکۆشان
کاروانی کەوتنە خۆ، شوان ڕووی کردە دەشت و کۆ
جووتیاریش کەوتە هۆهۆ، قاسپەی کەوان لە کێوان
هەر بە جووڵانە خۆشیی ژیان
تێکۆشان تێکۆشان
جووڵە نیشانەی ژینە، کار و پیشە شیرینە
تێئەکۆشن یەکبینە، ناژمێردرێن بە ئینسان
هەر بە جووڵانە خۆشیی ژیان
تێکۆشان تێکۆشان