قانع و شەماڵ

از کتاب:
سروەی بەربەیان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  1046 مشاهده
ئەم پێنجخشتەکییە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٦٨ ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٩٤٦ کە لە مەهابادی خوێناوی دەردەچوو وەرگیراوە، قانع لەم هەڵبەستەدا باسی هەر چوار جەنەڕاڵەکەی کۆماری کوردستان دەکات.
بای شەماڵ! مەردی خوا بە، هەڵکە سروەی بەربەیان
بێرە سەر نرکە و گوڕە، گرمەت وەکوو شێری ژیان
مژدە بێ بۆ شار و لادێ و خێڵ و هۆبەی کوردەکان
جێژنی سەربەستیی وڵاتە و ڕۆژی بەرزیی نیشتمان
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
جاڕ بدە بۆ کوردەواری، بێژە ڕۆژت کەوتە دەر
مژدە بێت دەوری نەما دەردی دڵ [و] زامی جگەر
مژدە بێت ڕۆژی نەما ترسی شەرەف، بیمی خەتەر
لابرا سێدارەکان و لابرا قەسری قەجەر
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
موددەعی خۆی پێ نەگیرا ڕووبەڕووی مەیدانی کورد
چونکی زووتر چێشتبووی نووکی ڕمی شێرانی کورد
مڵکی سەربەستی بە تاپۆ وا لە دەس لاوانی کورد
جا لەمەولا بێرە سەیری مەعرەکەی مەیدانی کورد
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
لێدە تەپڵی بەزم و شادی؛ بانگە، بانگی ئەلفەرار
ڕاپەڕە و خۆت هاوە کۆڕ [و] ناوەڕاستی کارزار
شێر لە بێشە بێتە دەر، عەیبە نەکا مەیلی شکار
کاکی کوردم! نیشتمانت چاوەنواڕە، ئینتیزار
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
هیممەتی قازی محەممەد، پێشەوا و فەرهادی کورد
ڕۆشنی کردۆ لە نۆ، بنچینە و بنیادی کورد
خاکی ئازادی بە جارێک خستە دەست ئەولادی کورد
لاپەڕەی مێژوو دەنووسێ ڕۆڵە و ئیجادی کورد
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
خانی بانە، حەزرەتی سەردار ڕەشیدی دارۆخان
«فیلحەقیقەت» بۆ نەجاتی هۆزی خۆی، سەعیی نوان
نایە لاوە مڵک و ماڵ و عائیلە و ڕۆح و ژیان
ڕۆستەمانە موکریانی کرد بە دەشت مازەندەران
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
شێخی کوردی، حەزرەتی شێخ مستەفا، وەک نەڕڕەشێر
خۆی و فەوجی بارزانی، یەک لە یەکتر دەنگ دلێر
کۆچی خێری بۆ وڵاتی کوردەواری بوو بە خێر
تاقمی بەرزان و دوژمن هەر وەکوو کارد و پەنێر
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
هەر کەسێک ئیرسێکی هەس، خوێنڕشتنە ئیرسی شکاک
شاهیدم سالاری سمکۆ، چۆن موشەڕڕەف بوو بە خاک!
دوژمنی عێلی شکاک هەر سەرشکاوە و سینەچاک
عوممەر و تاهیر بژین بۆ گیانفیدایی ئاو و خاک
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان
قانعاتخلص! خۆزگەم بە خۆت بۆ کۆمەڵ و پشت و پەنات
یەک لە یەکتر چاکترن خان و بەگ و شێخ و مەلات
سەیری کە، چۆن تێئەچن بۆ گرتنی ڕێگەی نەجات
شادی مەرگی چاکە بۆ تۆ، هاتە جێ گشت ئیددیعات
پێشەوامان هەر بژی بۆ خزمەتی کوردی زمان