گۆڕان

از کتاب:
لە غوربەتا
اثر:
محمد عمر عثمان (1957-2019)
 2 دقیقه  1214 مشاهده
ئەوێک ساڵانێک «سیزیف» ئاسا بوو..
تاشەبەردەکەی گەیاندە لوتکە و
لەناو پێدەشتی ئۆقرە و ئومێددا..
برینانەکانی قەتماغەیان بەست
جێگەتنۆکی فرمێسک و خوێنی بوونە گوڵزار و
کراسی بەری کە هەورێک بوو ڕەش پەڵەی سپی دا..
پەلکەزێڕینەی کرد بە دوو بازن بۆ مەچەکی دەست
***
ڕدێنی خەفەت ناهێڵێتەوە..
شووشەی مەیەکەی بۆ دوور تووڕ داوە
ئێستا هاودەمی نەغمەی هوزارە و
لە ژوورەکەیا.. تا دە هێلانەی شەمشەمەکوێرەی تێک و پێک داوە
دڵی پۆڵایە..
پەپولەی خەندە، گوڵی لێوی ئەو بەجێ ناهێڵێ و
دنیای ڕوانینی هەردەم شۆخ و شەنگ
ئاوازە زەردە پاییزیەکانی لە یاد کردووە..
گەرووی کەیلی لە هەزاران هەزار بەستەی ڕەنگاوڕەنگ
***
ڕەنگە بپرسن.. چۆن وا گۆڕاوە؟.. نەمامی حەزی تازەی ناشتووە
با پێتان بڵێم.. چونکە باڵاکەی وا لەژێر خاکا و..
یەک دوو ڕۆژێکە کە خۆی کوشتوە