ڤان کوخ

از کتاب:
لە غوربەتا
اثر:
محمد عمر عثمان (1957-2019)
 2 دقیقه  1980 مشاهده
گەرچی تەمێکی ڕەش وەکوو شوورا
ئاسۆی ژیانمی خستبووە نێو مشت
بە گیانێکەوە وەک گیانی مەسیح
ئەمویست دەرگای نوور بخەمە سەر پشت
«ئەرسۆڵا»ش دەرگای لە ڕوو داخستم
تا کڵپەی دڵم.. دڵی سیس نەکات
قەشەش پێی وتم.. مەیە کەنیسە
پێڵاوەکانت جێ و ڕێ پیس ئەکات
پێڵاوکەشم وەک خۆم بریندار
ڕەش بوو لە تۆزا و بە گەرمای تەمووز
بەفری مزگێنیم ئەباراندە سەر
کرێکارانی ناو کانەخەڵووز
کەناری سۆزی هەژاران بووم و
لە «سییۆ» زیاتر کەسێ نەبوو کەس
باوەشی هیوای هەمیشەیی بێ
چرای ئومێدم بخاتەسەر دەس
خۆ «کای»یش جار جار مەلی ئەدامێ
خۆم نەدایەدەست شەهۆەت و گڕی
گڕی لە دڵما نێڵەنێڵی بوو
بە بەفری خەڵوەت گونایم سڕی
فڵچەم لە خوێنی خۆم هەڵئەکێشا و
دەریایەک بووم شێت شەپۆلم زەبەنگ
خۆراکی لەشم قاوە و دووکەڵ بوو
خۆراکی گیانیش بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ
لە تابلۆکانما خۆرم ڕاو ئەکرد
کە شەو دائەهات خۆر ئاوا بوو
لەو تابلۆیەدا ئەمبردەوە
تازە لە کۆشی کازیوەدا بوو
کە پشکۆی هاوین بە پێستما ئەچزا
خۆم نەئەخستە ژێر باڵی بەفر
کە زستان نوقمی بەفر و ئاور بووم
هانام نەئەبرد بۆ کولبە و چەتر
کە پاییز داری ڕووت ئەکردەوە
حەزم ئەکرد پێستم بکەمە بەری
پاڵتۆ سەوزەکەم بدەم بە شانیا و
شەپقەشڕەکەم بکەمە سەری
لە تابلۆی شەودا هێشووی ئەستێرەم
بەخشی بە چڵی شەوی بێدوایی
کەچی ژوانی یار نەیزەکێ بوو
کشا و مامەوە لەگەڵ تەنیایی
ئاخ «کریستین»یش لێک جیابووینەوە
سۆزانی نەبوو لەلای من خوا بوو
وەکوو من پاییز چەقۆ زەردەکەی
لە داری سەوزی گەردنی نابوو
پاییزی ڕنگ زەرد مایەی دڵتەنگی
کردم بە ڕەمزی ئومێد من ڕەنگی
خۆم ڕاهیب ڕەنگی زەردیش پەرسگا
قەت خامۆش نەبووە لە گوێما زەنگی
داخی «گۆگان» بوو من گوێی خۆم بڕی
یاخود بە تەنیای خواستی «ڕاشیل» بوو؟
دەرگایی شێتخانە خۆم نەمکردەوە
بەردەبارانی خەڵکی کلیل بوو
کە خوێنی خۆمم ڕشتە تابلۆوە
کە زانیم ئیتر خۆر لێم هەڵنایەت
من گولەی مەرگم نا بەخۆمەوە
چونکە «بەدبەختی کۆتایی نایەت»