تەم و مژ

از کتاب:
لە غوربەتا
اثر:
محمد عمر عثمان (1957-2019)
 3 دقیقه  1732 مشاهده
من هاواری ملیۆن داری..
بەر ڕەشەبای لە پەل کەوتوو.. و هەڵوەریوم
من زایەڵەی ملیۆن مەلی..
لانە ڕووخاو.. و تەریوم
لە پەنجەرەی پاییزێکی ئەبەدییەوە
ئەڕوانمە دنیای تەم و
خوێنی ڕژاوی گەڵاکان
ئەڕوانمە چرای کوژاوەی ماڵەکان
***
ئیسماعیلێکم ئێستاکە.. نەک چەقۆی ئیبراهیمی باوک..
چەقۆی دەستی دێوی غوربەت سەرم ئەبڕێ
چ فریشتەیەک ئەگاتە هانای زریکەی بەر لە مەرگ و سەربڕینم؟
چ فریشتەیەک گیاندارێ ئەکاتە قۆچی قوربانیی ئەم غوربەتە؟
ئەی خوای گەورە نایەتە دەنگ؟
لە گەرووی کەنیسەکانا..
خنکاوە پەیامی عیسا و زایەڵەی زەنگ
مەسیح هەر بەخاچەوەیە..
ئێسک و گۆشتی لەگەڵ تەختە و بزماری خاچ تێکەڵ بووە..
خوێنی هەڵمی لێ هەڵئەسێ..
ئەی نایبینن هەڵمی خوێنی..
چیا و دەشتی سوور کردووە؟
هەوا بۆنی مەرگی لێ دێ..
مەرگ ڕەشەبای هەڵکردووە
***
بۆ جارێ خوا نایەتەدەنگ؟! بۆ جارێ خوا نابێ بە ڕەنگ؟!
***
ئابڕوی مرێمیان برد و
وێنەکەی وا بە دیواری باڕ و مەیخانەکانەوە
نوقمی ژەهری حەشیشە و توتن و تلیاکە..
گوڵێکی هەڵپڕوکاوە بە دەست لیکی شەرمەزاریی و
نیگای بەدمەستەکانەوە
***
لەو ڕۆژەوە.. قابیل هابیلی برای کوشت
لەو ڕۆژەوە.. دەرگای شەهوەت کرایەوە..
دەرگا لە خوێن کەوتە سەر پشت
لەو ڕۆژەوە.. زەمین خوێنی..
بەرد و درەختی بەربووە
لەو ڕۆژەوە.. خاک بۆ پەیامێکی عیسا..
ئاگر لە جەرگی بەربووە
عیسا تەمە..
عیسا تەمە گەرچی گەڕانەوەی خەونی هەزارەها ڕەش و ڕووت و
دڵی ڕوخاوی ژێر خەمە
کە قابیل تەرمی هابیلی لە کۆڵا بوو..
بۆ خوا قەلەڕەشی بۆ نارد؟
تا فێری کا چۆن بیکا بە ژێر خۆڵەوە
چی ئەبوو گەر قابیل هەر تەرمی هابیلی بگرتایە بە کۆڵەوە؟
***
ئەی سەردەمی قەلەڕەش و کونەبەبوو
من ئەمرم و لەناو دەریای دوودڵییا..
شەپۆلێکی دڵنیایی بۆچی مێشکم ناپژێنێ..
بەسەر تاشەبەردێکەوە؟
شەپۆلێکم ئەسووتێم و نابمە هەڵم
لە دارستانێ تاشەبەرد..
هەڵئەنوتێم و سۆز ئەکەم بە عەزرەت کەنارێکەوە
گشت گیانم لەت و پەت بووە
لە هەر چایخانە و شەقام و بن دارێکا..
پارچەیەک لە دڵم ون بووە
من یوسفم.. یەعقوبیشم..نیوەم لە بنی بیرایە و نیوەم ئەگری
کوانێ ئۆقرە؟.. کوانێ ئارام؟
کراسی یوسف بۆ یەعقوب..
یەعقوبێکی ژێر هەرەس و ملیۆنێ زام