ماسیگرێک

از کتاب:
لە غوربەتا
اثر:
محمد عمر عثمان (1957-2019)
 1 دقیقه  800 مشاهده
لە پەنجەرەی ڕۆژانێکی بەفرینەوە..
پۆلەمراوی کێویلەی نیگای هەڵئەفڕین و
ئەنیشتنەوە بە سینەی پانی دەریای شینەوە
ئەو مرۆڤەی دەستی لە جەرگی شەپۆلا و
تۆڕی ڕەنجی لە کۆڵا بوو..
کەوتە بنی نائومێدیی و
گێژاوێکی دێرینەوە
***
شەپۆلەکان تابووتی بوون..
ناڵە و هاواریان هەڵمژی
کەنار ڕەشیی بۆ نەپۆشی..
ئاخ تەرمەکەی بۆ نەکەوتە سایەی درەختێکی سەوز و
مەزاری ئاو..
سەری هیوا و ئومێدی خستە ناو کۆشی!
***
لەسەر تاشەبەردی کەنار مێشکی پژاو
شەپۆلەکان لە خوێنی ئەو..
کراسێکی ئاڵیان پۆشی
لە چاوتروکانێکیشا.. ئارام و هێدی بوونەوە..
بوون بە چەپکێ گوڵی سپی
لەسەر لمی ڕۆخی گەرمیش
دوا شوێن پێی ئەو سڕایەوە
دەریاش سەری خستەوەژێر باڵی کپیی
***
لە کەنارا.. چەند جار گۆرانیی چڕیوە و
تۆڕی بۆ ماسی هەڵداوە!
پەنجەرەی ڕوانینی ئەمڕۆ ڕەش و تەڵخە..
ماسی دەوری تەرمیان داوە